بۆ : ئەو دەسەڵاتەى كە لەجیاتى چارەسەرى كێشەكان كوشتنى ڕەخنەگرانى هەڵبژاردووە

Thursday, 21/01/2010, 12:00


ئەرێ ئەندامانى داواكارى گشتى هەر یەكەو مانگانە پێنج ملیۆن دینار لە برى چى وەردەگرن؟؟؟.
ئەركەكانى ئەندامى داواكارى گشتى بە پێى یاسا ئەمانەن:
1 ـ بەرزكردنەوەى داوا بە مافى گشتى: واتە ئەگەر لە هەر جێگایەك تاوانێك بكرێت دژ بەمافى گشتى، ئیتر ئەوە ئەركى داواكارى گشتییە داوا لەبەردەم دادگا بەرز بكاتەوە.
2 ـ ئامادەبوون دەستەبەجێ لە جێگاى تاوان.
3 ـ جێگاى سكاڵاكار یان تاوانلێكراو دەگرێتەوە لە تاوانە گەورەكانداو خۆى دەبێت بە خاوەن كێشەكە.
4 ـ ئامادەبوون لە كاتى لێكۆڵینەوە یان دادگاییكردن.
5 ـ تانەكردن لە بڕیارەكانى دادوەر.
داواكارى گشتى لە هەرێمى كوردستان خۆى دەدزێتەوە لە هەر شتێك تۆزێ (بڤە) بێت، بۆیە هیچ ئەندامێكى داواكارى گشتى لە كوردستاندا خۆى نادات لە قەرەى خاڵى یەكەم و دووەم و سێیەم، تەنانەت هەندێكیان لە چوارەم خاڵیشدا بە پێى پێویست كار ناكەن، لە گەڵ ئەوەشدا تەنها دەرماڵەكەیان كە یەك ملیۆن و نیو دینارە دوو ئەوەندەى مامۆستایەكە كە لە هەشتى بەیانییەوە دەرس دەڵێتەوە تا دەوام تەواو دەبێت، هەر یەكەو مانگانە زیاتر لە پێنج ملیۆن دینار وەردەگرن، كە ئەوەندەى (10 ـ 12) كریكارى بیناسازییە لە مانگێكدا. هەروەها ئەوەندەى موچەى (10) یاریدەدەرى دادوەرییە كە هەمان بڕوانامەى یاساییان هەیە. ئیتر ئەوە دەسەڵاتى كوردستانە یان ئەبێت دەنگ نەكەى یان ئەگەر دەنگت كرد دەبێت دەمكوت بكرێیت و بكوژریێت، ئەو دەسەڵاتە لە جیاتى جارەسەرى كێشەكان كوشتنى دەنگى ناڕازى هەڵبژاردووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە