کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئابرووچونەكانى كارگەى دروستكردنى (كڵاو) لە هەرێمى كوردستان

Thursday, 13/01/2011, 12:00



بازرگانیەك تاكو ئێستا بەرپرسە سیاسیە بازرگانەكانى ئەم هەرێمە هەستیان پێنەكردووە و روویان لەم بازرگانیە نەكردووە ،لە هەمان كاتدا بەرهەمەكانى ئەم بازرگانیە داواكاریەكى زۆرى لە سەرە و خەڵكێكى زۆر رۆژانە داواى دەكەن و ئامادەن دەستبەردارى زۆر بەها و شتى بەنرخ بن بۆ كڕینى ئەم كاڵایە ئەم بازرگانیەش بریتی یە لە بازرگانى كردن بە (كڵاو) .
(كڵاو) ئەو كاڵا گرنگەیە سەبارەت بە ژمارەیەكى زۆرى تاكى كورد ،بەتایبەتى لە هەندێك ناوچەى دیاریكراو كە رەنگى پایزیان گرتووە .تاكەكانى ئەم هەرێمە تەنانەت ئەوانەى كە قوربانیەكى زۆریشیانداوە بەڵام داواكاریەكى زۆریان لەسەر كڕین و لەسەركردنى ((كڵاو)) هەیە ...
هەر كە دەتەوێت خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێیت یاخود دەتەوێت مانگى چواردە نیشانى خەڵى بدەیت یانیش ئەگەر بتەوێت هۆكارى سەختى ژیانى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە و كۆڵەمەرگى و ئەو ژیانە شێوە نامرۆڤانەیە بخەیتە روو كە تاكەكان تیایدا دەژین ،یانیش شیكردنەوەیان بۆ بكەیت ،ئەم خەڵكە یەكسەر پەنا بۆ ((كڵاو)) دەبەن و چەكى هەرە بەهێزیشیان ئەم ووتە كوردییەیە كە دەبێژێت (كڵاوت بگرە "با" نەیبات) .
ئەگەر هەندێك پەند و ووتەى كوردى جێگاى سەرنج و جوانیشبن و لەگەڵ رۆژگار رێك بن ،ئەوا لە هەمان كاتدا پەند و ووتەى دیكە هەیە جگە لە قسەیەكى بەتاڵ و بۆش هیچى دیكە نیە .لەسەرووى هەمووشیان (كڵاوت بگرە "با" نەیبات)ە .
من لەو خەڵكە دەپرسم :تاكو كەى ئەم پەندە دەكەن بە شوورە و قەڵاى خۆپارێزى كە شوورە و قەڵایەكى زۆر وەهمى و بێ توانایە لە بەرامبەر درندەیى وبێ بەزەیى (ئەوان) ،هەرووەك ئەو (كڵاو)ەى خەڵكى ترسیان هەیە "با"بیبات عەیامێكە سەرووەت وسامان و خۆشگوزەرانى و ئاسودەیى و (هەندێكى شتى دیكە) و تەنانەت ژیان و تەمەنى بردوون .
من چاك دەزانم گەرچى ئەم (كڵاو)انە تاكو ئێستا لە كارگەیەكى رەسمى دروست نەكراون ،بەڵام ئەگەر وابڕوات خەڵكى هەر بۆ خۆیان بۆ سەرى خۆیان دروستى دەكەن و پاشان سەریان بەم (كڵاوە) دەچێت و دەفەوتێت .
لە حاڵى ئێستادا خەمى ئەو خەڵكەم نیە كە دەستیانكردوە بە پۆشینى ئەم (كڵاوە) ،من لەوە دەترسێم ئەگەر بەرپرسە سیاسیە بازرگانەكانى ئەم هەرێمە بزانن ئەم خەڵكە هێندە شەیداى كڵاو لەسەركردنە ،بێگومان رێگا نادەن كە خەڵكى خۆیان بۆ خۆیان (كڵاو) دروست بكەن بەڵكو خۆیان كارگەیەكى گەورە بە راوێژكردن بە بازرگانە بیانیەكان دروست دەكەن و ئەم قازانجەش دەخەنە گیرفانى خۆیان ،چونكە داواكارى خەڵك بۆ (كڵاو) لە ئاستێكى زۆر بەرزدایە.
دڵنیاشم ئەگەر ئەوان ئەم كارگەیەى (كڵاو) دروستكردن بنیات بنێنن راستەوخۆ دەڵێن :خاوەنەكەى گۆرانیبێژێكى دوورە وڵاتە یاخود هونەرمەندێكى بیانی خاوەنى ئەم كارگەیەیە .لەوەش دڵنیام (كڵاوەكان)بە تایبەتمەندى و ئارەزووى خۆیان دروست دەكەن كە نەك تەنها (كڵاوێك)بێت بۆ سەرداپۆشین بەڵكو بەجۆرێك دروستى دەكەن كە عەقڵ و بیركردنەوەى تاكەكانى بەتەواوى بگۆڕێت و تەنانەت دووچارى (بازدانى جینیان) بكات واتا (كڵاوەكە) كار لە وەچە خستنەوەیان بكات و كوڕ و نەوەكانى ئەم (كڵاو) لەسەرانەش دووچارى هەمان پەتاى باوانیان ببنەوە و (كڵاوت بگرە "با" نەیبات) بكەنە درووشمى خۆیان و دووبارەى بكەنەوە . لەتایبەتمەندى دیكەى ئەم (كڵاوە) ئەوەیە كە چاوى خەڵك زیاتر دەبەستێت و گوێچكەشیان زیاتر كەڕ دەكات لە بیستنى راستى .
كار وابڕوات ئەم هەرێمە دەبێتە هەرێمى (كڵاو لەسەرەكان) و ئەوكاتیش (كڵاو)بە (كڵاو) دەلێت :مەرحەبا ..پیشەسازى و بازرگانیكردن بە (كڵاو) دەبێتە باشترین كارى سیاسیە بازرگانەكان و ووڵاتیش جممەى دێت لە كڵاو ..كڵاو ..كڵاو . لەكۆتایشدا بە هەمووان دەڵێم :
كڵاوەكانتان لەسەر سەرتان وەلانێن
بیرى ماف و حەقتان لە خەیاڵ نێن
ئەم كڵاوانە بە بەندەى كردوون
ئەى جورئەت وشەرەف و غیرەتتان كوانێ؟
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە