کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەدواى پڕبوون ...هێشتاش كڕبوون؟!

Thursday, 03/02/2011, 12:00


((هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە پڕبوون لە بەڵێن و پەیمانى درۆ ...ئێوەش كڕبوون ...ئێوە بەسامان و خوێنى گەل پڕبوون لەمەشدا خەڵكى بێدەنگبوون..خەڵك ئازارێكى زۆرى چەشتوە لە ماوەى 19 ساڵى رابردوو، بە تایبەتیش ئەم چەند ساڵەى دوایى ئازارى دەروونیشى هاتووەتە سەر چونكە خەڵك زۆر بە زەقى شتەكان دەبینێت .. با بڕۆن و كۆچ بكەن چونكە ئەمە بۆ ئەوان جوانترە)) .ئەمە قسەى یەكێك لە هاوڕێیانم بوو كە لە پەیوەندیەكى تەلەفۆنى لە باسكردنى بارودۆخى كوردستان پێووتم .
ئەرێ بەراست ئێستا زوو نیە بۆ راپەڕین ؟ ئایا دەكرێت لە بەرامبەر دەستەڵاتى خۆت راببپەڕیت ،كە خۆت خەباتت بۆ كردووە ؟ ئایا خەڵكى حەز لە گۆرانكارى دەكات ؟ ئایا دەیانەوێت بارودۆخى كوردستان بگۆرێت ؟
من بەش بە حاڵى خۆم دەڵێم :هێشتا زووە بۆ نارەزایى شەقامى كوردى ،هێشتا كاتى ئەوە نەهاتووە داواى چاكسازى لە حكومەت و پەرلەمان بكرێت ،چونكە ئەم حكومەت و پەرلەمانە هێشتا ساوایە و بۆنى شیرى لە دەم دێت .
هێشتا ژمارەى ئەو چراو فانۆس و مۆمانەى لە ماڵەكانمان دادەگیرسێن كەمن و هەموو ماڵەكانى شارى نەگرتووەتەوە .لە بەر بێ كارەبایش تەنها سێ چوار رۆژ بێبەش دەبین لە بینینى تەلەفزیۆن و هەڵكردنى كۆمپیوتەر .
هەوڵمەدەن نارەزایى دەرببڕن لە حكومەتى حزبى چونكە هێشتا نەیاتوانیوە (%50)ى مامۆستایان و خوێندكارانى زانكۆ و پەیمانگاكان دەستەمۆ بكەن ،كەواتە هێشتا زووە بۆ راپەورین .
هێشتا سامان و داهاتى ژێر زەوى ئەم هەرێمە ماوە كە بەهاوبەشى لە گەڵ كۆمپانیاكان دەربهێندرێت زۆریشى ماوە بیخۆن ، بۆیە هێشتا سەروەت و سامانێكى زۆر ماوە كە بەرپرسە بازرگانە سیاسیەكانى دەوڵەمەند بە سامانى مللیەت ،دەوڵەمەنتر بكات .
هێشتا زووە ..خۆ هێشتا هەزاران دۆنم زەوى ماوە كە بەسەر خۆیانى دابەش بكەن ،یاخود بیدەن بە كوڕ و خزم و كەسە نزیكەكانیان .لە حاڵى ئێستادا زەویەكى فراوان ماوە كە هیواى بۆ بخوازن و بەڵام بە بێ ئەوەى ببێتە بەشى ئێمە .
بۆیە دەڵێم :هێشتا زووە ..هێشتا زووە ..تاكو خەڵكى هەموو لە خەم و خەفەتى گەندەڵى دەمرن و ژیان جێدێلن ،ئەوكات چاكسازیەكان دەستپێدەكەن ...ناەزایى و پەلەقاژێ مەكەن.
من دەڵێم هەر بە كارى خواى گەورە دواى 100 ساڵى دیكە بارودۆخەكە چاك دەبێت ، كەچى هاوڕێكەم ووتى :نا...نا لەوانەیە 200 ساڵى دیكە چاكبێت ،ئەویش بەبێ هیچ هەوڵدانێك چونكە (بەرەكەت لە حەرەكەت نیە !!!!!) .
منیش پێكەنیم و زمانى خۆم گەست ،ووتم ئەى بەرەكەت لە چیدایە ؟!!!!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە