رسوابوونى موبارەك و ئیفلاسبوونى من
Sunday, 13/02/2011, 12:00
لەوكاتەى شۆڕش لە میسر هەڵگیرساو خەڵك ڕژانە سەر شەقام و داواى گۆڕانیان كرد، لەوكاتەوە بەردەوام چاودێرى بارودۆخى میسر دەكەم ،هەر دواى تێپەڕبوونى چەند ڕۆژێكیش بەسەر شۆڕشەكەدا وەك ئەوەى بەسەر ئاگرەوەبم ،هەر چاوەرێى رۆیشتنى جەنابى نا موبارەك بووم .هەر وەكئەوەى دواى رۆیشتنى موبارەك ئیدى دنیا ببێت بە بەهەشت ، خۆشم نازانم بۆ ئەوەندە پەلەم بووم . لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێ چونكە موبارەك یەكێك لەگەورەترین دیكتاتۆرەكانى ناوچەكە بوو ،دەمزانى بە رۆیشتنى ئەو گەلانى دیكەش دەرگا لەسەر دیكتاتۆرە فاسیدەكانى خۆیان دەكەنەوە و بەزۆر نەك بە خۆشى خۆیان دەریان دەپەرێنن . هەروەها بە رۆیشتنى موبارەك دیكتاتۆرێكى دیكە كەم دەكات و دیكتاتۆرەكانى دیكەش هاورێ گەورەو دڵسۆزەكەیان لەدەست دەدەن و پشت وپەنا بەهێزەكەیان رسوا دەبێت و گەلانى دیكەش بۆیان روون دەبێتەوە كە رسواكردنى سەرۆكەكان چەند ئاسانە ئەگەر بیانەوێ .ئەگەرچى هەندێ جار كەمێك نائومێد دەبووم بەتایبەت ئەو شەوەى كە جەنابى نا موبارەك هاتە سەر شاشەو هەندێ قسەى كرد من چاوەرێ بووم ماڵئاوایى بكا كەچى تازە باسى جێبەجێكردنى داخوازى گەل و ئەنجامدانى چاكسازى دەكرد لەراستیدا ئەو شەوە كەمێك نائومێد بووم بەڵام هاورێیەكم كە پێكەوە سەیرى جەزیرەمان دەكرد وتى نەك هەر نائومێد مەبە بەڵكو زۆریش دڵخۆشبە چونكە رقى جەماوەر زۆر زیاتر ئەبێ و موبارەكیش بە ڕوو زەردى دەسەڵات جێ دێڵێ. منیش لاى خۆمەوە بەلێنم پێدا ئەگەر تا چەند رۆژێكى دى موبارەك ناچار كرا كورسییە ژەنگاوییەكەى جێبێڵێ ئەوا دەعوەتێكى باشى دەكەم . هەر ئەو شەوە بە بەیانییەكەیدا رقى خەڵك وەكو تۆفان رژایە سەر دەسەڵاتە بەسەرچووەكەى جەنابى نا موبارەكدا .ئێوارەكەشى لەكاتێكدا سەیرى جەزیرەم دەكرد هەواڵى رۆیشتنى موبارەك راگەیەندرا ، هێشتا من حەپەسابووم و بەتەواوى دڵنیا نەبووبوومەوە هاورێكەم پەیوەنى پێوەكردم و دەعوەتەكەى بیرخستمەوە منیش بێ دودڵى ئامادەیم دەربڕى و پێم وت نانى ئێوارەت لەسەر من و لەهەركوێ پێت خۆشبێ ئامادەم. شەو كاتێك لەیەكێك لە خواردنگەكان خەریكى نانخواردن بووین هاورێكەم پێى وتم ئەبێ بەڵێن بدەى بۆ رۆیشتنى هەر دیكتاتۆرو زاڵمێكى تر دەعوەتێكى ئاوام بكەى منیش وتم جا ئەم رۆژهەڵاتە ئەوەندە دیكتاتۆرى تێدایە ئەگەر بۆ رۆیشتنى هەر یەكێكیان دەعوەتێكى ئاوات بكەم ئەوا ئیفلاس دەكەم ئەویش وتى خەمت نەبێ قەرەبووت بۆ دەكەمەوە منیش بۆ رسوابوون و سەرشۆربوونى هەر سەرۆك و بەرپرسێكى ئەم هەرێمەى خۆمان دەعوەتێكت دەكەم! منیش پێكەنیم و وتم ئەگەروابێ كەواتە من قازانج دەكەم چونكە لاى خۆمان ئەوەندە زاڵم و دیكتاتۆرى تێدایە زۆر زیاتر لە دیكتاتۆرو زاڵمەكانى هەموو رۆژهەڵات ، ئەویش وتى دڵنیابە ئەو رۆژە دێت و تۆش ئەو دەعوەتە دەخۆى..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست