قێز لە سوقرات و ئەفلاتون دەکەمەوە .!
Saturday, 30/05/2009, 12:00
قێز لە سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ دەکەمەوە ،ڕقم لە تۆڵستۆ و نێچەش دەبێتەوە ، حەز ناکەم ناوی مارکس و ماو و غاندی و مارتن و ئەنتۆنی و جۆنیەکانش بۆ یەک سات بێن بەلامەوە ، پێم خۆش نیە گوێبیستی بیردۆزە نیسبیەکانی ئەنیشتاینیش بم ، بەڕاستی جیڤاراشم بۆ ئەبەد لەبەر چاو کەوتوە.
خۆ دەزانم ! ئەمانە چەندە بڵندو نەمر و گەورەن . چەندیش چەرخەلەی مرۆڤایەتیان لە کەندڕو نشێوی و نابینای یەوە بەرەو لوتکەی ڕەها بردوە . بەڵام هەر ڕقم لێیان دەبێتەوە و قێزیشیان لێدەکەمەوە.
چونکە ئەمانە قەیرانن ، هەڵەن بۆ واقیعی ئێمە ، دەبیەم لە سایەی ئەمانەوەیە ووڵات و نەتەوەی خۆمان ڕەق و تەق و ووشک و برینگ پیشان ئەدەین ، گەورە پیاوانی خۆمان کە زۆر لە مان گەورەترن ووردە ووردە بچوک و کەم و وونبویان دەکەین .. من بەتاوانی دەزانم ! هەرچی دەپەیڤێ دەڵێ ! سوقرات یا ئەفلاتون وەیا ئەرستۆ و وە یاخود تۆلستۆ و نێچە و غاندی و ئەمانە... وادەڵێن وە یاخود وایان ووت . کەچی پیاوانی گەورەو بڵندگۆی نەتەوەکەی خۆمان لە ئەنگوستە چاوێکی بزردا بە زیندویەتی بزر دەکەن ، قوتابخانەی ئاخافتن وحیکایەت خوان و هزری پاکژی و ژینگەی بەرائەتی کۆمەڵگەی خۆمان توشی هەرەس و داڕمان دەکەن ، ڕوخساری شوناسی بەهای میللەتەکەمان پۆخڵ و ژەنگەڵ دەکەن .. بۆیە من قێز لەو ئەستێرە جیهانیانەش دەکەمەوە . ئاخــــــر! .
سالم و نالی و کوردی ووڵاتەکەی ئێمە زۆر لەسوقرات مەزن تر بوون.
فەلسفاتی مەولەوی و مەحوێ زۆر لەفەلسەفاتی ئەفلاتون گەورە تر بوون.
وەلی دێوانەو پیرەمێردو قانع ومفتی نەتەوەکەی ئێمە زۆر لە ئەرستۆ بۆ ئێمە ڕەها تر بوون.
تیۆریەکانی حاجی قادر و مەلا محمەدی کۆیە و عەلامە مەلای نۆدێ ، زۆر لە تیۆریەکانی مارکس و ماو بۆ ئێمە زمانحاڵی تر بوون.
بیرۆکەی حەکیم و پیاوە ژیرەکانی بەر فتیلەی حوجرە تاریکەکانی ئێمە زۆر لە بیردۆزە نیسبیەکانی ئەنیشتاین تیرۆژ تر بوون . ڕقم لە جیڤارا دەبێتەوە چونکە هەر ناوی ئەو وەک هێمایەک لە ئاسمانی ئێمەدا هەیە ، کەچی دەیان شۆڕشگێڕی وونبوی زۆر لە جیڤارا جاویدانی ترمان هەیە.
هەتا ڕۆشنبیری ئەو پیاوە ڕەوەزە ڕەهایانەی خۆمان لە ئاسمانی ووڵاتماندا وورد شەپۆلی گزنگی پڕ لە هیوای بۆ دەخەمڵانین ئێمە شت بووین، نەتەوەبووین . ئاوا داڕماوو فاسد و نائومێد نەبووین . ئەمە چیرۆکی واقیع ئێمە بوو.
سەردەمانێ سەربانی گەڕەک و کۆڵانەکانی شار هەمووی وەک ڕاستە ڕێ یەک یەک سەربان بوو ، ئێوارانی هاوینان هەموو ماڵەکان لەسەربان پێخەفیان ڕاخستبوو کەس چاوی لە کەس نەبوو هێندە داوێن پاکی هەبوو . وەک ئەم زەمەنە دروست کراوە قێزەوەنیەی ئێستا نەبوو. خۆ ئەگەر بەڕۆژ یەکێک بۆ شوێنێ بچوایە ، بەدراوسێکەی دەوت چاوێکت لەماڵەکەم بێ، هێندە متمانە هەبوو . بەڵام ئێستا یەکەم کەس دراوسێکەت چاوی خیانەتی لێتە ئەگەر بۆی بکرێ ماڵەکەت دەبڕێ . دوکاندارەکانی شار کاتی وادەی نوێژکردن کەس دوکانی دانەدەخست تەنها خامێکی سپیان دەدا بە سەر شت و مەکەکانیدا ئەویش لەبەر تەپ و تۆز بوو . کەس ترسی لەکەس نەبوو . مناڵی گەڕەک هەمووی وەک خوشک و برا وابوو ، ئەم ژن شیری بەمنداڵی ئەو دەدا ئەویش شیری بەمنداڵی ئەم دەدا ، ئیتر هەمووی وەک خوشک و برا وا بوون . ئای کە داوێن پاکی هەبوو .... ئەگەر کەسێ کۆچی دوایی بکردایە ، ئەوە کۆچکردوی هەموو گەڕەک بوو ، هێندە دڵسۆزی و بەتەنگەوە چونەوە هەبوو . ئای کە جوان بوو ، بچوک گەورەی دەفامی ، گەورەش حورمەتی بچوکی لابوو ، هیچ دەسەڵاتێ نەبوو بتوانێ تەنها کوردێک بە جاسوسی لەسەر یەکێکی تر دابنێ ... چونکە ئەوە گەورەترین عەیبە بوو .. ئەو زەمانە عەیبە هەبوو ... وەک ئێستا نەبوو . دەتوانم بڵێم : ئێمە خاوەنی کۆمەڵگەیەک بووین لەسەرانسەری ئەم دنیایە هیچ کۆمەڵگەیەک بەقەد ئێمە پاک نەبوو ، بەقەد ئێمە سادە و ساکار و دڵسۆز بەیەکتر نەبوون ، بەقەد ئێمە کارامەو چاک نەبوون ، بەقەد ئێمە قوتابخانەی ئەدەب و ڕەوشت بەرزی تیا نەبوو... بەدرێژایی مێژوو یەک ئافرەت کوژرا . ئەویش مارگرێت بوو کەپێشمەرگە بوو ، ئەوەش تاوانی کۆمەڵگە نەبوو لە خانەی تاوانەکانی ئەو دەمەی پارتایەتی بوو، پارتی کوشتی ، بەبێتاوانیش کوشتی .کوشتنی ئافرەت لای کورد قەت کەلتوور نەبوو . ئەوە کۆمەڵگەی ئێمە بوو کە کۆمەڵگەیەکی نمونەیی بوو, چونکە تێکەڵ و ئاوێتە بە فەرهەنگی ڕۆشنایی ئەو پیاوە نەمرانەی خۆمان بوین.
ئێستاش مل ملانێ و کێبڕکێ ی خیانەت و یەکتر شکاندن دەکرێت ، میللەتێ بەجەڵەب و بەگۆترە بازرگانی پێوە دەکرێت .هتد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست