کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رکرده‌کانی ئێمه ‌له‌ دۆبرمان ده‌چن ! ئێمه‌ش له‌ به‌رده‌میاندا هه‌ڵده‌له‌رزێین و هیچ نیین

Tuesday, 25/09/2012, 12:00


ئێمه‌ نه‌حه‌ساوه‌ین! ناشحه‌سێینه‌وه‌. ماندوین به‌ڕابوردو، ئه‌و ڕابوردوه‌ی که ‌له‌ هه‌ر کونجێکیدا عه‌یبه‌یه‌کمان چاندووه‌، به‌ردوه‌وام به‌ری تاڵی ئه‌و عه‌یبانه ‌به‌گه‌روماندا ده‌چنه‌خوارێ‌، بۆ موفه‌رکیش که‌مێك چێژی شیرینی له‌و ڕابوردوه‌مان ناکه‌ین.!
ئێمه‌ له ‌بونه‌وه‌رێکی خشۆك ده‌چین..! زمانێکی درێژ .. دو چنگی په‌لاماردان.. گه‌ده‌یه‌ك.
ناتوانین ڕابوردومان بژار بکه‌ین، نازانین چی بژار بکه‌ین ؟ ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی ته‌ته‌ڵه‌کردن و شه‌رمه‌نده‌یی ببینه‌وه ‌هه‌ڵبه‌ت گوناهبار نابین، گوناهباری سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌بۆ ئه‌زه‌ل، له‌وێوه ‌نه‌کێڵانی کێڵگه‌ی عه‌قڵییمان و به‌قه‌تاره‌ی ته‌وایی ڕابوردوه‌کانی تریشمان، هیچی بۆ به‌رهه‌م نه‌هێناوین.
له‌مێژینه‌وه ‌هه‌نوکه ‌ئازار دراوین. له‌ئێستاشدا ئێمه ‌ئازار ده‌د‌رێین. له‌دوای ئێمه‌شه‌وه‌ ئازار ده‌درێینه‌وه‌.!
ناپلیۆن ده‌ڵێ: (هێنده ‌دۆڕام، هێنده ‌دۆڕام تا فێری بردنه‌وه‌بووم)، لێ ئێمه‌ی کورد تا ئیستا هیچ فێرنه‌بووین. ئێمه‌ش هێنده ‌ئازار دراین، هێنده‌ئازار دراین، تا فێری ئازاردان بووین، ئازاردان فێربوون نییه‌ بۆ مه‌عریفه‌ و عه‌قڵی خۆمان، هه‌ر ئه‌و مه‌عریفه‌ی ئازاردانه‌ش ده‌گه‌یه‌نین. ئه‌مه ‌سروشتی هێڵی گه‌یاندنی بوونیاتنانمان . له ‌ئێستادا ئێمه‌ ستراکته‌رێکی باشی ئازاردانین. له‌دوای ئێمه‌شه‌وه‌ مه‌شقی ئازارده‌ری باشتر ده‌ستپێده‌کات، له‌و جۆرانه ‌‌ده‌تروکێنین. له ‌ڕابوردودا داڕمێنه‌ربوین، دامان ڕماندوه‌، ئێمه‌ش داده‌ڕمێنینه‌وه‌، له‌پاش هاتیشمانه‌وه‌ دامانده‌ڕمێننه‌وه‌. ئه‌مه‌یه ‌بنه‌مای هه‌ڵکشانی پێکهاته‌ی توخماتی بوونه‌وه‌ریمان. هه‌ر ئه‌م سروشته‌ش درێژ ده‌کرێته‌وه ‌بۆ دواهاته‌کانمان. له‌به‌رده‌می گفتوگۆداا ناتوانین خۆمان ڕاگرین یا هه‌ڵدێین یان په‌لامار ده‌ده‌ین. ئازانین له ‌ده‌ربڕینی تێگه‌یشتن له‌ خۆمان..! ده‌نا ئێمه ‌دووجار داماوین .. جارێ خۆمان هه‌ر له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ داماوین، دوه‌میشمان داماوین به‌وه‌ی که ‌نازانین داماوین. له‌و ده‌مه‌وه‌ی ئێمه‌هه‌ین له‌ داماویماندا کارمان له‌سه‌ر پوکاندنه‌وه‌ی خۆمان کردوه‌، ئێستاش هه‌ر ئه‌وه ‌ده‌که‌ین، که‌ خۆمان ده‌پوکێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌شی لێمان ده‌مێنێته‌وه ‌به‌وانه‌ی دوای خۆمانی ده‌سپێرین. زۆرجار دوژمنه‌کانمان له‌پێناو ڕاگرتنی پارسه‌نگی هێزه‌کانی خۆیان به‌هانا‌مانه‌وه ‌هاتوون هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌یان داوین، ده‌نا هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ خۆمان خۆمان بڕاندۆته‌وه‌، که‌واته‌ مانه‌وه‌مان به‌م شێوه ‌که‌مئه‌ندامیه‌وه‌ زرنگی و بازوی خۆمان نییه‌.
قسه‌ی من ئالێره‌وه‌یه‌.! لێ به ‌دورکه‌وتنه‌وه ‌له‌خه‌یاڵه‌ دوورهاوێژه‌کان، ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی که‌ پێی ئالوده‌ کراوین وه‌ك سه‌بوریه‌ك ده‌یبێژین خۆمان ده‌لکێنین به‌ نه‌وه‌کانی چاخی (گۆتیه‌کان و میده‌کان و به‌شێك له‌ئاشور یان له‌پاڵه‌کانی بابلی.. هتد) لێ له‌حه‌قیقه‌تدا من ده‌ڵێم ئێمه ‌هیچ نه‌بوین. ئه‌گه‌ر وا نا به ‌به‌ڵگه‌وه‌ کوا؟ .
هه‌ر وه‌ك وتم ئه‌مه ‌تێڕوانینی منه‌! ئێمه ‌هیچ نه‌بوین، لێ له‌و ده‌مه‌ی له ‌هیچێکدا دۆزراینه‌وه‌! بارگاوی کراوین ... بارگاوی کردنمان به ‌دین، بارگاوی به‌مه‌زهه‌ب .. ئه‌و دین و مه‌زهه‌به‌ی که‌ عه‌قڵ و جه‌سته‌ی لێك جیا کردوینه‌ته‌وه‌، کۆچیان به‌عه‌قڵمان کردووه‌، له ‌داهێنان دورخراوینه‌ته‌وه‌ عه‌قڵیان تێکه‌ڵ به‌دنیای ڕوحیانه‌ته‌کان کردوین، جه‌سته‌مان بێ په‌ل و پۆ. له‌ فه‌زای سۆفیگه‌رێتی و خه‌ڵوه‌تگه‌ری و ئه‌سحابه‌ و ژیان بۆ دنیای ئاخیره‌ و گۆڕه‌وشاردان په‌ستراوبوین..! چیرۆکی گوڕنه‌ته‌ڵه ‌و دێوه ‌یه‌كچاوه‌که‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی ئێمه ‌بووه‌... له‌ ته‌کانێکی تری جوڵاندن و چه‌که‌ره‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی ئایدیای نوێی مرۆڤه‌کان به‌ بێ پشودان جارێکی تر به‌رکه‌وتینه‌وه‌ به‌ بارگاویه‌کی تر که ‌ئه‌ویش بارگاوی کردن به‌خێڵ و‌ عه‌قڵی دروشمه ‌حزبییه‌کان واته ‌فریودان له‌به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند که‌سه‌یه‌تیدا .. واته ‌له‌ چاخی مه‌زهه‌ب و دینه‌وه‌ بۆ چاخی خێڵ و حزب، ئه‌مه‌ش تێکه‌ڵبونێکی تر به ‌ڕوحه‌ نادیاره‌کان، دووفاقکردنێکی تاکی کورد جارێکی تر به‌ڵام مۆدرێن تر..!
هه‌رچه‌نده‌ دین و مه‌زهه‌ب لای من زۆر جوانه، ڕه‌هایه، پیرۆزه‌‌. لێ له‌وکاته‌ی ڕوح له‌ جه‌سته‌ جیا ده‌کاته‌وه، له‌بونی مرۆڤایه‌تی که‌مده‌کاته‌وه‌‌ من پێچه‌وانه ‌ده‌بمه‌وه‌. چونکه‌ کاتێ مافی مرۆڤ که‌م ده‌کرێته‌وه ‌ئیدی ژیان هیچ مانایه‌کی نامێنێ، گه‌شه‌سه‌ندن ده‌وه‌ستێ . لای ئێمه‌ گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆییمان وه‌ستاوه‌.

(سه‌رکرده‌کانمان له‌سه‌گی دۆبرمان ده‌چن .. ئێمه‌ش هیچ نین)، ئه‌مه‌ به‌ سووکایه‌تیی تێمه‌گه‌ن. هه‌رچه‌نده ‌به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌له‌ڕوی ده‌ربڕینه‌وه‌نه‌شیاوه‌، له‌ناو فه‌رهه‌نگی داڕشتندا لاسه‌نگه‌... منیش خۆ له‌نه‌شیاوی و لاسه‌نگی ده‌پارێزم ..! لێ ده‌مه‌وێت له‌وێوه‌حه‌قیقه‌تێکی زانستی له‌ پێناسه‌ و کردار و ڕه‌نگدانه‌وه‌دا به‌ سریاله‌تێك نیشان بده‌م .! نه‌ك شوبهاندنێکی کۆنکرێتی مرۆڤ به‌بونه‌وه‌رێکی تر.
سه‌گی دۆبرمان جۆرێك له‌ چه‌شنه‌ جیاوازه‌کانی سه‌گه‌، له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌ ساڵی هه‌زار و هه‌شت سه‌ده‌کاندا له‌توخماتی دوو جۆره‌ سه‌گ پیتێنراوه‌، توخماتێکیان له‌جۆره‌ سه‌گێکی دڕی وڵاتی چینه‌وه ‌هاورده‌کراوه‌. ئه‌م جۆره‌ سه‌گه‌ سروشتێکی جیاوازی هه‌یه ‌به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ جۆره‌کانی تری سه‌گدا. پاسه‌وانێکی زۆر دڕه‌. زوو توڕه‌ ده‌بێت . کاتێك پیرتر ده‌بێت ئیتر زۆرتر توڕه‌ده‌بێت، جومجومه‌ی سه‌ریان گه‌شه‌کردنی ئێسکیان له‌ئاستێکدا ده‌وه‌ستێت. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خانه‌کانی مێشکیان له‌ئه‌نجامی توڕه‌بوندا توشی هه‌ڵاوسان ده‌بێت له‌ناو جومجومه‌ی سه‌ریاندا جێیان نابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش کارده‌کاته ‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کاردانه‌وه‌ی توڕه‌بوون وفێلێهاتنێکی سامناکیان لێ به‌دی بکرێت، بێئۆقره ‌ده‌بن له‌ هێرشبردندا، زۆرجار ده‌گه‌نه ‌ئاستی ئه‌وه‌ی په‌لاماری خاوه‌نه‌کانی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپادا ئه‌م جۆره سه‌گه ‌قه‌ده‌غه‌کراوه‌. سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ش زوو توڕه‌ده‌بن، زۆر جار ده‌ماغی بیرکردنه‌وه‌یان له‌‌ جومجومه‌ی سه‌ریان زیاتر هه‌ڵده‌ئاوسێ، ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ی په‌لاماردان و هێرشبردنه سه‌رخه‌ڵکی لێده‌که‌وێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌کو شه‌خسی کاردانه‌وه‌کانیان نابینرێ لێ له‌ڕێی بڕیاره‌کانیانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت. له‌ئاستی حیکمه‌تی مرۆڤایه‌تی و به‌رپرسیارێتی خۆیان دور ده‌که‌ونه‌وه‌. به ‌ڕه‌خنه‌یه‌ك توڕه‌ده‌بن، زۆرجار له‌سه‌ر نووسینێك ده‌ماغی بیرکردنه‌وه‌یان زیاد له‌ قه‌باره‌ی خۆی ده‌کشێ . له‌سه‌ره‌تادا وتم ئێمه‌ش هیچ نین، ئه‌گه‌ر هیچێکیش بدۆزرێینه‌وه ‌ته‌نیا له ‌دۆبرمانیدا ده‌بینرێینه‌وه‌.! ئه‌م نووسینه‌م ده‌که‌مه‌ به‌یسی ڕیپۆرتاژێکی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ‌کورده‌کانی به‌ریتانیا و ڕوماڵکردنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته ‌سامناکه‌ی که‌ کوردانی به‌ریتانیا بونیاتنانی خۆیانی له‌سه‌ر دیاری ده‌که‌ن، ئه‌وجا هه‌مو تاکێکی کورد ده‌زانێ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی چۆن جه‌راعه‌تێکی لێده‌چۆڕێ..! چاوه‌ڕێ بن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە