مەسعود بارزانی لە لەندەن خۆی دەست بەسەر کردووە!
Wednesday, 11/03/2009, 12:00
چەند ساڵێک بەر لە ئێستا(پێنوشەی) سەرۆکی چیلی ناسراو بە دیکتاتۆرەکەی چیلی بەسەردانیک گەیشتبووە لەندەن بۆ بە مەبەستی چارەسەرکردنی باری تەندروستی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا. پاشان کۆمەڵێ کەس یاداشت نامەیەکیان پێشکەش بەحکومەتی بەریتانی کرد دەربارەی ئەو تاوانانەی کە پێنوشێ لەسەردەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکەیدا ئەنجامی داوە .. ، ئەوەبوو حکومەتی بەریتانی لە ژێر فشاری ئەو یاداشت نامانە پێنوشەی دەست بەسەر کرد بەمەبەستی دادگایی کردن و بڕیاری دادگایشیان بۆ دەرکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کە تەمەنی زۆر و باری تەندروستیەکەشی زۆر خراپ بوو . ڕاپۆرتی پزیشکەکانیش شانسێکیان پێ بەخشی و لەو دادگاییە قوتاری بوو بەڵام بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرکرد لە خاکی بەریتانیا پاش ڕسوا بوونێکی تەواو لە نێوەند جیهانی ڕاگەیاندنەکاندا ... وە هەر لە هەمان کاتدا سەرۆکی چیک . نووسەر و ڕۆمان نووس (ڤاتسلاڤ هاڤل) لە لەندەن بوو بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەیەکی تر لە یەکێک لە زانکۆ باوەڕ پێکراوەکانی بەریتانیا . بەڵام لەو کاتەی کە پێنوشێ دەست بەسەر بوو .. ڤاتسلاڤ هاڤل لە ناو پارکی بەناوبانگی لەندەن (هاید پارک) بە تەنیا پیاسەی دەکرد و لە گەڵ گوڵ و سمۆرە و سروشتی جوانی ناو ئەو پارکەدا ئەدوا . ئەمیان سەرکردە و ئەوی تریش سەرکردە بوو.
یەکەم: پێنوشی بەو شێوە ڕسوایە ئەنجامی دیکتاتۆریەکەی خۆی بەچاوی خۆی دی.. دووهەمیش: ڤاتسلاڤ هاڤلی سەرکردەیەکی ڕۆشنبیریش ئەو ڕەوشت بەرزی و خۆشەویستیە پڕ لە جوانیە بەو شێوە پر قەدرو حورمەتە دەبینرا .. وە هەر لە هەمان کاتیشدا کوڕەکەی مەلیکی برۆنایش لە شەقامەکانی ئۆکسفۆردی لەندەن بەتەنها لە گەڵ هاوەڵێکیدا پیاسەی دەکرد ، چونکە لەو کاتەدا قوتابی بوو لە یەکێ لە زانکۆ بەناو بانگەکانی بەریتانیا .. وەئێستاش لەکاتی نووسینی ئەم بابەتەمدا .. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) لە لەندەنە ... بە بەراورد کردن لەگەڵ ئەوسێ کەسەی کە ئاماژەم پێداون .. تەنیا پێناسەکەی پێنوشی ی دیکتاتۆرەکەی چێلی تیا دەخوێنرێتەوە .. بەڵام کەمێ جودا .. پێنوشی کۆمەڵێ کەس یاداشتی تاوانانەکانی پێشکەش بە حکومەتی بەریتانی کرد .. بەڵام بۆ ئەم لەبەر ئەوەی خەڵکەکە ڕێز لە حورمەتی نەتەوایەتی و واقیع دەگرێت ، کەس بەو کارە هەڵنەستاوە کە یاداشتی تاوانەکانی بدات بە حکومەتی بەریتانیا کە لە پێنوشێ زیاتر تاوانبار ترە ، وە ئەنجام دانی کارێکی واش زۆر ئاسانە ... جیاوازیەکی تریش پێنوشێ حکومەتی بەریتانی دەست بەسەری کرد و لە شوێنێکی تایبەت داینا .. تەنها چەند کەسێکی تایبەت بەخۆی دەیتوانی بیبنێ .. بەڵام ئەمیان لە شوێنێکی تایبەتدا خۆ خۆی دەست بەسەر کردوە تەنها ئەندامەکانی خۆی نەبێ کەسی تر نایبینێ . ئەمەش هەر وەک دەست بەسەر کردنەکەی پێنوشێ وایە هیچ جیاوازیەکی نیە ..
چەند دەنگێکی کزۆڵەش دەڵێن سەرۆک بارزانی پێشوازی لێ کراوە .. بەڵام نازانین دەبێ ئەوانە چۆن لە پێشوازی کردن تێبگەن ..؟ ئاخر ئەگەر سەرۆک بوایە و سەرۆکی حکومەتێ بوایە .. دەبوایە وەک سەرۆک حکومەت پێشوازی لێ بکرایە نەک وەک سەرۆکی ژوری بازرگانی ... چونکە ئەو پێشوازی یە تەنها لەشێوەی میوانداری کەسێکی بزنس مانی سادە خوێندنەوەی بۆ دە کرێت .. دوای ئەوەش میر ئەندرۆ ی کوڕی شاژنی بەریتانیا پێشوازی لێبکات هیچ گرنگی و بایەخێکی ئەو تۆی نیە چونکە وەک حکومەتی بەریتانی ناتوانێ پێشوازی بکات لەبەر ئەوەی یاسای ووڵات ڕێ ی پێنادات .. خاڵێکی گرنگ تر ئەوەیە کە بریارە هەندێ بەر پرسێ حکومی ببینێ .. ئەوە شتێکی سادەو ساکارە لەم ووڵاتانە بەتایبەتی بەریتانیا کە ووڵاتێکە سستەمی دیموکراسیەت لە چوار چێوەی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت . ئەمانە ناچێتە خانەی پێشوازی کردنی ڕەسمی حکومی یەوە . بەڵکو تەنها چاو پێکەوتنە وەکو هەموو کەسێکی سادەو هیچی تر .. بگرە تاکی کوردی واهەیە لە بەریتانیا زۆر لە مەسعود بارزانی زیاتر بە بایەخەوە پێشوازی گەرمی لێ دەکرێت و گوێ لە داخوازیەکانی دەگیرێت و لەوانەشە زۆر بێ ئیمکانیاتیش بێت ..نەک وەک ئەو بەملێون دۆلارات بۆ چاو پێکەوتنێکی بێ بایەخ سەرف بکات .. چونکە سستەمەکە بەو چەشنە خوازیارە. بەڵام بەهەر حاڵ با کاتی خوێنەر بەمە زۆر نەگرم بۆ ئەوەی ئەم کورتە ڕوونکردنەوەیە بدەم ... لە هەمان ڕۆژدا دەستەیەک لە کوڕە هەژاران و خەمخۆرانی ووڵات. بە بەرگە شڕۆڵەکانی خۆیان و گیرفانە دڕاوەنیان لە ناو پەڕلەمانی بەریتانیدا پێشوازیان لێکرا بە ئامادە بونی زیاتر لە 15 ئەندام پەڕلەمان و کەسانی ناودارو سیاسەت مەدارانی جیهانی تەنانەت هەندێکیشیان لە چەند ووڵاتێکەوە هاتبون وەک (ئیسپانیا . ئەڵمانیا . پورتوگال و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان .) وە ئ پێشوازیەکەش زۆر لە پێشوازیە ملێونیەکەی مەسعود بارزانی پر بایەختر و کاریگەر تر بوو وە بەدەنگەوە چونی داخوازیەکانیشیان هەبوو ..
لەبەر ئەوەی ئەمە شتێکمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئەویش ئەوەیە کە دەرەنجامی لووت بەرزی و دیکتاتۆریەت و سەروەت و سامان زەوتکردنی خەڵکی و تیرۆرکردن و قەڵەم و ئازادی کوشتن .. ئەگەر دەسەڵاتێکی تریش دەست بەسەری نەکات .. ئاوا دەبێ خۆی خۆی دەست بەسەر بکات ..
ڕۆشار 2009-03-10
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست