کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌و سێ ژنه‌ به‌ بڕیاری خودی تاڵه‌بانی گیراون !

Wednesday, 03/02/2010, 12:00


ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵ زۆرترین ئیدعای عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات، هه‌ر خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، وه‌ک خه‌نجه‌رێکی ژه‌هراوی عه‌داله‌ت ڕیشه‌کێش و په‌رت په‌رت ده‌کات له‌جێ ی خۆی ناعه‌داله‌تیه‌کی موتڵه‌ق، میلیشیایه‌کی بێڕه‌حم به‌رهه‌م ده‌هێنێ، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خه‌ساو دروست ده‌کات.
ئه‌و سێ خانمه‌ی به‌ناوی (په‌خشان خان، شنۆخان، هێرۆخان) له‌ به‌رواری 17 / 5 / 2009 خرانه‌ ژووره‌ تاریکه‌کانی زیندانی ئاسایشی سلێمانی به‌ تومه‌تی دیارنه‌مانی پاره‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌ناو نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی که‌ بڕی پاره‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ له‌سه‌ریان کراوه‌ به‌ماڵ بڕی (50 په‌نجا ده‌فته‌ر و 18 ده‌فته‌ر) به‌ بڕیاری تایبه‌تی خودی به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی زیندانی کراون (ئه‌مه‌ له‌زاری هه‌ندێ له‌ به‌رپرسه‌ باڵاکانی نێو یه‌کێتی یه‌ هاتۆته‌ ده‌رێ) دور له‌ تێفکرینێکی عه‌قڵانی .
حه‌قیقه‌ت له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دایه‌ !
ئه‌نجام دانی ئه‌و کاره‌ له‌ڕێ ی ئه‌و پیاوه‌ ئابڕوچوانه‌ی که‌ له‌ناو کون و قوژبنی ده‌سه‌ڵات و حزبه‌‌کاندا خۆیان حه‌شار داوه‌ و ده‌یانه‌وێت بێ ئابڕوویی خۆیان بکڕنه‌وه‌ مه‌کانه‌یه‌کی ناشه‌رعی به‌ شه‌رعی بناسینن به‌ بیری سیاسی قه‌زه‌میان وای بۆ ده‌چن که‌ ده‌توانن له‌ڕێ ی ئه‌تک کردن و ناوزڕاندنی ئافره‌تان و ژنانه‌وه‌ مه‌رامه‌ گڵاوه‌کانیان جێ به‌جێ بکه‌ن چونکه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌کانیانا وای بۆ ده‌چن که‌ ئه‌وان لاوازن و توانای به‌رگری کردنیان نیه‌. ئه‌و سێ خانمه‌ بێتاوانن له‌ چه‌ند لایه‌نێکیشه‌وه‌ به‌ بۆسه‌نانه‌وه‌ له‌م تۆڕه‌ گڵاوه‌ گلاون، ئه‌و کاره‌ به‌ پلانی پێش وه‌خت به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت داڕێژراوه‌ . ئه‌م قه‌زه‌مانه‌ تۆڕێکن جا ئه‌م کارانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و حزب ئه‌نجام بده‌ن وه‌یان ته‌نها بۆ خۆیان گرنگ نیه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێ چڵ و چێوی سوکن هه‌ندێ جار له‌ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بینرێنه‌وه‌ .
ئالێره‌دا ده‌مه‌وێت له‌ لایه‌نه‌کانی بدوێم : یه‌که‌م ... ئه‌و خانمانه‌ ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجام نه‌داوه‌، به‌ڵکو چه‌ند که‌سانێک له‌ پشت ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌وه‌ن، به‌ دڵنیایه‌وه‌ ده‌ستێکی ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆکه‌خانه‌که‌ی تێدایه‌ که‌ناوی (کامه‌ران ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا)یه‌ و ده‌ستی دوه‌میش به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشه‌که‌یه‌ که‌ ناوی (کاروان)ه‌و زاوای جه‌بارفرمانه‌ هه‌ندێ زانیاری تریش وا نیشان ده‌دات که‌ هاوکاریه‌کی ته‌واوی له‌لایه‌ن هه‌ندێ که‌سانی ناو کۆمپانیای نۆکانی تێدا بێت چونکه‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ چه‌ند که‌سانێکی شاراوه‌ی تیایه‌ که‌ ته‌واوی شاره‌زاییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی دزیکردن و کاری نابه‌جێ، هه‌تا ئێستا نازانرێت هۆکار چیه‌و کێن . وه‌کو پاشکۆیه‌کی زانیاری زیاتر دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ سه‌رجه‌م فایل و پسۆڵه‌کان گۆڕاون و ده‌ستکاری کراون، واته‌ ته‌زویرکراوه‌، لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌مریکاییه‌کان له‌پسۆڵه‌ی ساخته‌ که‌ له‌ هه‌ولێر بنکه‌یان هه‌یه‌ شاهیدی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ ئه‌و پسۆڵه‌ و فایلانه‌ ده‌ست کاری کراون . لێره‌دا گومانێکی سه‌یر به‌رچاو ده‌که‌وێت، پرسیارێک له‌خۆ ده‌گرێت بۆچی ؟ دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌ (کامه‌ران) له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆکه‌خانه‌که‌ گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ پله‌ی وه‌زیری له‌ کابینه‌که‌ی به‌ڕێز دکتۆر به‌رهه‌م، وه‌یان کێ له‌پشت ئه‌م کاندید کردنه‌وه‌یه‌ ؟. بۆیه‌ ئه‌م کاندید کردنه‌ له‌لایه‌ن هه‌رکه‌سێکه‌وه‌ بێت به‌ده‌ست شاراوه‌ ده‌ست نیشان ده‌کرێت وه‌من ئاگادارم به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی بێئاگا بوه‌ له‌ کاندیدی کامه‌ران ته‌نها ناوه‌که‌ی بینیوه‌، گومانێکی تردواجاریش هۆکار چیه‌ ؟ به‌ په‌له‌ کارزانیان ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا کرد و ئێستا له‌ ئه‌ڵمانیایه‌ . زانیاریه‌کی تریش وانیشانی ده‌دات که‌ خانمێکیش هاوبه‌شه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ ئه‌وه‌ی جێ ی گومان و سه‌رسامیه‌ لام نازانم هۆکاری چی یه‌ ؟ ئه‌وخانمه‌ به‌ڕێزه‌ ئه‌و کاره‌ی ئه‌نجام داوه. له‌ دیوێکی تریشه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م خانمانه‌ له‌و تومه‌ته‌ هه‌ڵبه‌سراوانه‌وه‌ گلاون زیاتر له‌ حه‌وت مانگه‌ له‌ ده‌زگای ئاسایشی سلێمانی توند کراون که‌ ئه‌مه‌ کارێکی نایاساییه‌، چونکه‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ کێشانه‌ کاری ده‌زگای ئاسایش نیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیه‌کانه‌وه‌ نیه‌، وه‌یان به‌ڕوونتر یاسای سزادانی عێراقی له‌خانه‌ی (تاوانی دیار نه‌مانی پاره‌ی ده‌وڵه‌ت) ده‌ست نیشان ده‌کرێت، ماده‌ی 315 هه‌تا ماده‌ی 321 ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ، که‌واته‌ ئه‌مه‌ کاری پۆلیس و دادگایه‌ نه‌ک ئاسایش . له‌هه‌ر حاڵه‌تێکیشدا به‌ پێ ی یاسا درێژ ترین ماوه‌ی مانه‌وه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ نابێت ماوه‌ی مانه‌وه‌ له‌ شه‌ش مانگ زیاتر درێژه‌ بخاێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماوه‌ی مانگێک به‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌ یاساییه‌دا تێپه‌ڕیوه‌، که‌واته‌ ده‌بێت بپرسین درێژه‌ پێدانی ئه‌و ماوه‌ نا یاساییه‌ له‌ ئه‌ستۆی کێ دایه‌ ؟ له‌سه‌رچاوه‌یه‌کی تایبه‌تیشه‌وه‌ زانیاری یه‌کی تر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ له‌لایه‌ن دادوه‌ری ئاسایشه‌وه‌ که‌ناوی (حاکم مه‌هدیه‌) به‌ ناشارستانی ترین شێوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کردون وه‌کو له‌ڕێ ی هه‌ندێ پرسیارکردنیشه‌وه‌ ده‌رکه‌وتوه‌، ئه‌م حاکم مه‌هدیه‌ که‌سێکی نه‌شیاوه‌ له‌و شوێنه‌، له‌سه‌رده‌مانێکیشا له‌ دادگای سلێمانی کاتبی عه‌دل بووه‌ به‌رده‌وام ناڕه‌زایی و نیگه‌رانی له‌سه‌رهه‌ڵسوکه‌وته‌کانی هه‌بوه‌ له‌ لایه‌ن هاوڵاتی و کۆی کارمه‌ندانی ناو دادگاوه‌ . سه‌رچاوه‌ زانیاریه‌کی تریش نیشانی ده‌دات که‌ به‌ڕێز کاک کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ویستویه‌تی هاوکاری و یارمه‌تیه‌کی ته‌واوی ئه‌وکێشه‌یه‌ بکات، به‌ڵام پێ ی ڕاگه‌یاندراوه‌ که‌ ئه‌م خانمانه‌ به‌ بڕیاری خودی به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی گیراون، هه‌ر خودی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی که‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یان بڵاو کردۆته‌وه‌ که‌ گوایا گرتنی ئه‌م خانمانه‌ به‌ بڕیاری تایبه‌تی به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانیه‌ که‌ من پێم وانیه‌ وابێت، بێئاگان له‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆر سلبی له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ دروست ده‌کات، له‌هه‌مان کاتیشدا پێده‌چێت هه‌ر خودی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ له‌ پشت ئه‌نجام دانی ئه‌و کاره‌وه‌ بن، به‌و هیوایه‌ی به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی بتوانێت به‌دواچوونێکی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌ بکات له‌ڕێ ی هه‌ندێ که‌سایه‌تی بێلایه‌نه‌وه‌ چونکه‌ من دڵنیام ئه‌م کاره‌ له‌داهاتویه‌کی که‌مدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌کیدا.
لێره‌وه‌ داواکارم له‌سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ناعه‌داله‌تی و بێڕێزی کردنه‌ که‌ به‌مێ ینه‌ی ووڵاته‌که‌مان ده‌کرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە