کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەر بەتەنیا هەڤاڵ ئەبوبەکر بەعسی بوو !

Monday, 28/04/2014, 12:00










کوردی باشوور لە نێو دوو بەعسیی بووندا دەژی! بەعسیەتێکی مردوو و بەعسییەکی زیندوو..
زۆربەی کورد نانی بەعسی دەخوارد کەچی ئەوانە ئێستا هیچیان بەعسی نین..
زۆربەی کورد ئاوی بەعسی دەخواردەوە کەچی ئەوانە ئێستا بەعسی نین ..
کارەبا تەلەفۆن، تەلەفیزۆن، شەقام، و شۆستەکان و پردی پەڕینەوەکان هی بەعس بوون  هەموو کورد بەکاریان دەهێنا ... ئێستا ئەوانە هیچیان بەعسی نین .. .
مریشکی بەستو لە بەرازیلەوە. شەکر لە کوباوە، برنج لە تایلاندەوە، ڕۆنی ڕاعی لە ڕومادی و حلەوە دەهێنرا....
لەو دەمەدا هەمووی ڕازی بەشکور و نیعمەتیان دەزانی! دەیانوت خوا نەیبڕێ..... کەچی ئێستا کەس لەوانەی نەخواردوە خوا هەڵناگرێ هیچ کەسێ بەعسی نییە و نەبووە ... ئەوەی ئەلف و بێیەکی لە قوتابخانە خوێندبێ ئەو قوتابخانانە تەواوی قوتابخانەکانی بەعس بوون ... زۆر مامۆستا و بەڕێوەبەر و کارمەندەکان تەسلیم بوون و ببوون بە بەعسی، ئێستا ئەوانە هیچیان بەعسی نین..
 زانکۆکان، پەیمانگاکان و مامۆستاکانی، خەستەخانە بە پزیشک و کارمەندەکانیەوە ، فەرمانگە بە فەرمانبەرەکانەوە ، دادگاکان بە دادوەرو پارێزەرو یاساناسەکانەوە ، گۆڕەپانی یاریگاو یانە وەرزشیەکان، باخچەکانی شار هەمووی هی بەعس بون. هەموشی جمەیان دەهات لە کورد.. کەچی ئێستا ئەو کوردانە هیچیان بەعسی نین و هەر نەبوون.
مزگەتەکان، شوێنی پەرستگەکان مەلا و فەقێ و مجەور هەموی هی بەعس بوو .. ئێستا کەس خۆی ناکات بەخاوەنی .. ناچار دەبێ بڵێین وانیە ئەوانە هیچی هی بەعس و بەعسی نەبوون!

وێنەی سەرۆکی وەحدە حوڕیە ئیشتراکیەکەی عێراق لە باخەڵ و لەگیرفاندا بە رێز و قەدرو حورمەتەوە دادەنران و لای زۆر کەس بوو، کەس نەبوو بهێڵێت لەکەیەکی بەرکەوێ ، نەیان دەهێشت لێیان بکەوێ، خۆ ئەگەر لێیان بکەوتایە ئەوا بەکوڕنوشەوە هەڵیان دەگرتەوە ... ئەو وێنەیە لە پارە و دراوەکانی بەعسدا بوو ... ئەو دراوە موچەی مەعیشەت بوو ، واتە مەعیشەتی هەموو خەڵک لەسەر بەعس بوو، بەڵام ئێستا ئەوانەی بەعسیی بوون، ئەمڕۆ هیچیان بەعسی نین و نەبوون ئێستا هەمووی نەتەوەیین ....
بەسەدان هەزار سەرباز و ئەفسەرو پۆلیس، پاسەوان...... پارێزەری حکومەتەکەی ئومە عەرەبیە واحیدەی عێراقە مەزنەکە و جەنگاوەری چەك بەشانی حکومەتەکەی بەعس بوون .. خوا هەڵناگرێ ئێستا ئەوانە هیچیان بەعسی نین . دەفتەر، قەڵەم، لاستیك، قەڵەمدادان، قوتابخانە و فێرگەکان هەتا حەیزەرانی دەستی مامۆستاکان هی بەعس بوو...! بەناشکوری نەبێت ئێستا بۆمان دەردەکەوێت کەس ئەوانەی بەکار نەهێناوە ئەوانە هیچیان بەعسی نین و نەبون هەموویان نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی عەیاری چل و هەشت بوون......
ڕۆژنامەی هاوکاری هی بەعس بوو! لێوان لێو شانامە و پیاهەڵدان و گوتاری قەڵەمی کوردی بوو ... (شێرکۆ بێکەس، عزەدین مستەفا ڕەسوڵ، فەرەیدون عەلی ئەمین، مستەفا ساڵح کەریم، مەدهۆشی شاعیر، عەبدوڵا پەشێو، دڵشاد مەریوانی، ڕەوف بێگەرد، جەمال شارباژێری، حەسیب قەرەداغی و کاکەی فەلاح ، بورهان قانع، عەبدوڵا ئاگرین، فەرەیدون دارتاش، حەمەساڵح دیلان، شاکر فەتاح، جەمال غەمبار، فوادی مەجید میسری، هەڤاڵ ئەبوو بەکر .. ئەم و ئەو و ئەوی تر کورە دابا بڵیین تەواوی زاخۆ و دهۆك و هەولێر) ئەمانە هەمویان لەو ڕۆژنامەیەدا دەیان نووسی کەچی تەنیا هەڤاڵ ئەبوبەکر نەبێت ئیدی کەسی تر بەعسی نەبووە .. (فەقیرە هەر ئەو بەعسی بوو) .

بەسەدان هەزار جاشی قورس و سوك ، بە دەیان موستەشاری دیار و شاراوە لای بەعس بوون .. کەچی ئێستا نازانین زەوی هەڵی لوشین یان ئاسمان بۆ خۆی کێشی کردن.. ئێستا حەتمەن ئەوانیش هیچیان بەعسی نەبون .

ئازادی، کەرامەت، شەرەف.... خاك و نیشتمانی کورد هەمووی لە دەست بەعسدا بوو ... ئەو دەمە هەموی قبوڵی بوو کەس جورئەت و شەهامەتی نەبوو ... کەچی ئێستا هەر ئەوانەن هێرقلی ڕۆم و ئەسکەندەری مەکەدۆنین..... سەدو هەشتا و دوو هەزار سڤیلی کورد ئەنفال کرا... کەس ورتەی لێوەنەهات، پێنج هەزار ڕۆڵەی هەڵەبجە، هەشت هەزار بارزانی ... ئەرێ ئەو ڕۆژە بۆ کەسێ نەبوو فرمێسکێک یا خەمێک یان هەر هیچ نەبێت دەنگێکی ناڕازی بێت.. ئەوە بۆ لەو دەمەدا ئەو هەموە ملهوڕ بوو؟

هەمووی ڕەگەزنامەو پێناسەو دەفتەر نفوسی بەعسی لەباخەڵدا بوو .. ئاخر ئەگەر ئەمە بەعسیەت نەبێت! ئەی چی بەعسیەتە ؟ کەچی ئێستا کەس بەعس نەبووە.. کەچی ئێستا ئەم هەموو تێكەڵاوی و لکاندنە بە بەعسەوە وون بووە ..! ئای لەم بەدبەختیە ئەم نەفامیە ئەم باڵۆنە دڵسۆزیە و مەهزەلە ڕۆشنبیریە سیاسیانەی کورد.
کورد بوون تەنیا تفەنگە شڕە و فیشەکە ژەنگاوی و تاقمە چەرمە چەتەیی گونداو گوند (ئیتر ئەمە خەبات بووە ماندو بوون بووە شۆڕش بوە سەرەوەری، نە سرەوتن بووە ... سەرکەوتن بووە) .. ئیتر کەسی تر نەبووە، کە لە راستییداا هەر خودی ئەمانە زۆربەیان بە سەرکردە و بەرپرسیانەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان بەعسی بوون بەڵام بەعسیەتێکی شاراوە، چونکە هاو شێوەو لێکچویەکی تەواوی بەعسیەت بوون ... !

ئازیزانم:
دەکرێت ئێستا ئێمە سەردەمی دەبەنگی و سەخافەتی بێمەعریفیە تێپەڕێنین با هێندە ئەم ژەهرە شیرین و شیرین تری نەکەین ... دەبا سەرمەست و جەمبوشانە بەناو بەردەڵانی ئەم زەمەنەدا نەگوزەرێین .

ئازیزان...
بەعسیەت ئەو هەمو هێماو گفتە توڕەیە بۆ پیاکێشان و بەدناوکردن نییە.. بەعسیەت ئەو پەڵە بەردە گەورەیە نیە کە بیگیرێتە ناوجەوانی خودەکان وەیان پەتی سێدارەکانی عەلی حەسەن مەجیدەکان نیە لەگەردنی ئەم و ئەو بنرێ ..

بەعسیەت کەلتورە، فەرهەنگە .. کارە، کردەوەیە ... ڕەفتارە ... ڕەنگدانەوەیە : هەر کەسێك لەگەڵ ڕق، تۆڵە و ڕەفزی موتڵەقی بێ بنەما بێت ئەوا ئەو کەسە بەعسیە.. هەرکەسێك حەزی بە کوشتنی ئەم و ئەو بێت ئەوا ئەو کەسە بەعسیە.
هەر کەسێك سەروەت و سامانی ئەم و ئەو زەوت بکات ئەوا ئەو کەسە بەعسیە
هەر کەسێك ئیرادەی میللەت لاواز بکات ئەوە حەتمەن ئەو کەسە بەعسیە
هەر کەسێك سازش لەسەر نیشتمان و نەتەوە بکات ئەوا ئەو کەسە بەعسیە
ئەوەی سامانی ووڵات بەهەدەر ببات ئەوا ئەو کەسە بەعسیە .. !
نەوت دزەکانی وڵات ئەوانە بەعسین ..
ئەوانەی لەسەر ژانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە دەبنە پلەدار، کارمەندو وەزیر ئەوانە بەعسین..
هەر تێوەگلاوێکی حزبیی بۆ شکۆی حزبەکەی باسی ئەنفال و هەڵەبجە بکات ئەوا ئەو کەسە بەعسیە..
ئەوەی منداڵ لەباوەشی دایکیا دەکوژێت ئەوە ئەو کەسە نەك تەنها بەعسیە بەڵکو ئەوە ڕوحانیەکی بەعسیە ...
ئەوەی بژێوی خەڵك ئەشێوێنێ ئەوا ئەو کەسە بە مەزهەبەوە بەعسیە ..
 ئەوەی دەستی زوڵمی هەبێت ئەوا ئەو کەسە بەعسیە و ئەندامی باڵای ڕوحی زیندوکەرەوەی بەعس و بەعسیەتە .. !
بەعسیەت ئەمانەیە نەك ئەو بەعسیەتەی کە بەخواستی ڕق دەبەخشرێتەوە.

تێبینی/
ئازیزانم لەم نوسینەدا کە دەڵێم زۆربەی، کورد مەبەستم تەنیا زۆربەی زۆری کوردانی کوردستانی باشوورە. حورمەتم بۆ کوردانی پارچەکانی تر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە