هەیاسە لە بانكى بازرگانى سلێمانی چ باسه؟
Tuesday, 31/03/2009, 12:00
لاى هەمووان ئاشكرایە كە پێشكەوتنى بارى ئابوورى و لایەنى دارایی هەر دەوڵەتێك یا قەوارەیەك بە پێشكەوتوویی سیستمى بانكى و دارایی پێوانە دەكرێ، تا ئەم سیستمە ڕێكو پێكو جێی متمانەى ئەو كەسانە بێ كە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن ئەوا بێگومان ڕووى گەشی شارستانى و پێشكەوتوویی ئەو دەوڵەت و قەوارەیە نیشان دەدەن.
سەدمخابن لاى خۆمان و لە ئەنجامى سیاسەتى چەوتى بەرپرسانى دارایی، بانكەكانی كوردستان لە مێژەوە (عشرە) یان بۆ خوێندراوەو ڕەنگە بتوانین بڵێین مەحاڵە بتوانن ئەو متمانەیەى لەدەستیان داوە وەریبگرنەوە، ئەمە بۆ ؟ چونكە بەرپرسەكانى ئیمڕۆ ئەوانەى داڕێژەرى سیاسەتى دارایی وبانكی و ئابوورین بەدەردى كوردوتەنى سەرەواو لەسكیاندا نیەو تەنها بۆ ڕازیكردنى دڵى لەخۆیان بەرزتر ئامادەن ئەوەى تەنانەت بۆ وەرگرتنى چەكێكى پارەش ڕێی نەكەوتۆتە بانك بیكەن بە بەڕێوەبەرى بانك كە ئەمەش ڕویداوەو بەداخەوە وردە وردە چەند كادرێكى باش لە بانكەكانى شارى سلێمانیدا هەبوون ئێستا بەرەو بانكە ئەهلیەكان دەرۆن بانكە حكوومیەكان لەكەسانی لاواز زیاترى تیانەماوەتەوە.
بانكى بازرگانى هەرێم لەسلێمانى كەهەموو ئیشى كۆمپانیاكان زیاتر لەلاى ئەوانە لەبەرئەوەى بەڕێوەبەرەكەیان كەسێكى ناشارەزاى كارى بانكیەو خواوەكیلى ئیمزا لەسەر مامەڵكان دەكات ماوەیەك لەمەوبەر كڵاوێكى باشیان كراوەتە سەر كەسێك لەڕێی فەرمانبەرێكى بانكەكەوە بڕی (247) ملیۆن دینـــارى چاپی نوێی بەناوى قەرزى (تسهیلات) ەوە بردووە ئەم كارەش بەسەر فەرمانبەرو بەرپرسەكانى بانكەكەدا تێپەڕیوە و كابراش تائێستا دیارنیەوئاسایش هاتۆتە ناو موچوعەكەوەو ئەوانیش لەبەرئەوەى بەقەدەر بەڕێوەبەرى بانكەكە شارەزان و لەگەڵ چەند فەرمانبەرێك لێكۆلینەوەیان كردووە تا ئیستا هیچیان دیارنیە، بانك لەبەرئەوەى شوێنێكى زۆر هەستیارو گرنگەو پارەو سەرمایەى خەڵكى تیایە دەبوو دەسبەجێ لێكۆڵینەوەى زۆر ورد لەم كارە بكرایە و هەموو ئەوانەى بەشداربوون لەم كارە بەمەبەست یا بێمەبەست سزاى توند بدرانایە و لایەنە شاردراوەكانى ئەم كارە دەست نیشان بكرایەو ئەوانەى كە بۆ هەرمەبەستێك تیایدا بەشداربوون لەكارى بانكى دووربخرانایەوە چونكە ئەگەر لەبەر هەر بەرپرسێك كە لەپشت ئەمكارەوەیە بێدەنگى لێبكرێ ئەوا دەبێ چاوەڕوانى زۆر خراپتر بین، دواى ئەوە دەركەوت كە هەمان كەس بڕی (450) ملیۆن دینارى ترى بردووە بەبێ ئەوەى رێیدى هەبووبێ تائێستاش لێكۆڵینەوەى بێ ئەنجام لەكارەكە بەردەوامە و نەتوانراوە پارەكان بگەڕێندرێنەوە چونكە بەرپرسە گەورەكان خاوەنى كێشەكەن و بە سزادانى چەند فەرمانبەرێكی بچووكى بانكەكە جارێ دیزە بەدەرخونەیان كردووە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست