بۆ نوێ نوێبوونەوە، یان لێبوونەوە؟
Thursday, 04/06/2020, 21:03
لەیادکردنەوەی یادی دامەزراندنی یەکێتیدا دەڵێم: ((تاوانە و مایەی شەرمەزاریە لەدوای ٤٥ ساڵ لەخەبات و تێکۆشان، دوای سەدان داستانی پڕ شکۆ و قارەمانییەتی و بەخشینی ڕوبارێک لەخوێنی شەهیدان، یەکێتی لەم دۆخەدا ببینین، کەڕۆژ بەڕۆژ مێژووی سیاسی و خەبات و بەرخودانی خۆی بەرەو ئاوا بوون بردووە)).
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو ڕێکخراوە سیاسیە شۆڕشگێڕە بوو، کەگۆڕانکاری و فۆرم و شیوازی نوێی و فرەیی لەخەباتدا داهێنا و تاکە حزبی ڕەتکردەوە و پانتایی ئازادی و ڕێزگرتنی بەرامبەری کردە پرەنسیپی خەبات بەئاراستەی سەرکەوتن، لەسەردەمێکدا کەزۆربەی زۆری خەڵک و لایەنە سیاسیەکان و حیزبە سەرەکیەکەی ئێستای نێو حکومەتی هەرێم بێ ئومێد بووبوون لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کورد.
دەپێم بڵێن.... تاوان نیە ئێستا ئەو حیزبە سیاسیە شۆڕشگێڕە مەزنە، وەک پاشکۆ بەژدار بێت لەم حکومەتەدا، ئەو حکومەتەی کەکەس متمانەی پێ نەماوە؟ من نامەوێت یەکێتی بچوک بکەمەوە چونکە بچوککردنەوەی یەکێتی بچوککردنەوەی سەنگەری دیموکراسی وکوردایەتی و ئازادیە، بەڵام لەم کاتەدا لەبری ئاهەنگ گێڕان بۆ یادی یەکێتی پێم باشە ئەم گوتارە ئاڕاستەی خەمخۆرانی یەکێتی بکەم،
بەڕێزان من کەسێکی ڕۆشنفیکرم پێ شک نایەت لەم بارودۆخەی یەکێتی بێ گلەیی بێت لە دۆستان و لایەنگران و ئەندام و بەرپرسانی حکومی سەر بەیەکێتی، خۆ ئەگەر پێکێ (مەی)ش لەگەڵ سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیەکان بنۆشیت بێگومان دەبینیت ئەوانیش دڵیان پڕ لەڕەخنە و گلەیی و گازندەیە، وەک جەماوەرە داماوەکەی خوارەوەی یەکێتی.
بۆسەلماندنی ئەو پاشکۆ بوونەو لێبوونەوەی یەکێتی وەک نموونە یەکێک لەفەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم دەهێنمەوە کەڕێژەی بەژداربوونی یەکێتی تێدا سفرە و کەسیش لەبەرپرسانی یەکێتی نوزەی لێنایەت، وەچەندین فەرمانگەی دیکە و دەزگای دیکە هەن بەهەمان شێوە وەک فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم کە فەلاح مستەفا بکر سەرۆکایەتی ئەو فەرمانگەیە دەکات بەپلەی وەزیر و پارتیە، لەگەڵ چوار ڕاوێژکار و سێ بەڕێوەبەری گشتی کەهەر هەموویان پارتین و بودجەیەکی زەبەلاحی مانگانەیان بۆ تەرخانکراوە، لەگوتارەکانی داهاتوودا بەبەڵگەوە دەیانخەمە ڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا نەیارانی یەکێتی لەو حکومەتەدا بەو پاشکۆ بوونەش ڕازی نیین و دروشمی (بۆ چاک سازی) بەرز دەکەنەوە لەیادی یەکێتیدا کەلەڕاستیدا بۆ (گەندەڵ سازی)ە نەک چاک سازی، کەئەمەش بۆخۆی خوێندنەوەیەکی وردی دەوێت.
یەکێک لەفەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم (فەرمانگەی پڕۆتۆکۆڵ)ە ئەم فەرمانگەیە فەرمانبەرەکانی هەر هەموویان پارتین، بێگومان لەخزمەت بەرنامە و سیاسەتی ئەمنی و کارگێری و مادی پارتیدا هەرهەموویان کار دەکەن، لەڕێگای میوانداریکردنی هەموو ئەوو شاند و میوانە فەرمی و نافەرمیانەی دێنە هەرێم، ئەم فەرمانگەیە ڕۆڵی لەگواستنەوە و ڕێکخستنی دیدار و سەردانەکان هەیە بەمەش ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێ لەئاسانکاری و پەردەپۆشکردنی پەیوەندیە ژێر بەژێر و ئاشکراکانی پارتی، یەکێتی لەم فەرمانگەیە (یەک) کەسی نیە و بێبەشە لەهەموو جۆرە دەرفەتێکی فەرمی و نافەرمی لەبواری تەشریفات لەهەولێر لەم فەرمانگە هەستیارەدا.
بۆزانیاری بەڕێزتان سەرۆکی ئەم فەرمانگەیە پلەی ڕاوێژکارە و پارتیە، سەرجەم میلاکی هەمیشەییان (٤٤٩) فەمانبەرە هەر هەموویان پارتین، هەروەها(٥١)
فەرمانبەری گرێبەست و(٧٥) خزمەتگوزار گرێبەستیش لەهۆڵی (سەعد عبداللە) دامەزراندون، لەوانە هێندێکیان بیانیین، ئەوانی دیکە هەر هەموویان پارتین، موچەی مانگانەی فەرمانبەرە هەمیشەییەکان (...،٤٤٣،٣٨٨) دینارە و موچەی مانگانەی(٥١) فەرمانبەرە گرێبەستەکان(...، ..٨، ٣٢)دینارە، موچەی گرێبەستی خزمەتگوزارەکانی هۆڵی"سەعد عبداللە)ش (...،٩٠٤، .٦) دینارە.
من نامەوێت لەم یادەدا لەپێگە و گەورەیی یەکێتی کەم بکەمەوە، بەڵک و دەمەوێت یەکێتی بەئاگابێنمەوە لەم یادەدا دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە نەک ئاهەنگ بگێڕن لەبەر ئەوەی یەکێتی زۆر لەوە گەورەترە کەحکومەت وەک پاشکۆ مامەلەی لەگەڵدا بکات.
هیوادارم هاوڕێیان و دۆستانم لەسەرکردایەتی یەکێتی لێمان زویر نەبن، ئەوەی ئێمە ئاماژەمان پێداوە داخی دڵی هەموو یەکێتیەکانە، هیوادارم لایەنگرانی یەکێتی و سەرکردە خوێن گەرمە نوێکانی یەکێتی کاری لەسەر بکەن، چونکە دوا هیوای جەماوەری یەکێتی ئێستا ئەوانن، گەرئەوانیش ئەم دەرفەتە لەدەست بدەن و کاری جدی لەسەر نەکەن، ئەوا مێژووی بەرخودانی شۆڕشگێڕانی کورد پڕاو پڕ دەبێت لەئاشبەتاڵ.
سەرنج: لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی ئەم جۆرە گوتارانە بڵاو ناکەنەوە، گەر بڵاویشی بکەنەوە خوێنەریان نیە، لەبەر ئەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی ماوەیەکی زۆرە پەراوێز خراون، ئەمەش بۆخۆی خوێندنەوەیەکی تایبەتی دەوێت، لەبەر ئەوە لای خۆمەوە بڵاوم کردەوە، خۆزگەمان بەجاران یەک تەلەفزیۆن ویهك ڕادێۆی گەلی کوردستان هه بوو، هەموو کورد و هەموو حیزبەکان بەپارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، ئێواران چاوەڕوانی بێژەری بهتوانا "شێخ جەمالی موزیع" یان دەکرد تامژدە و هەواڵی خۆشی ئەو ڕۆژەیان پێ ڕابگەیەنێت، بەڵام هەمێستا ئەو تەلەفزیۆنە و ئەوانەی دیکە و ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی هەر یەکەیان هی کاکە و دادەیەکە و بینەریان نەماوە گەر بشمانەوێت گوێبیستی هەواڵێک بین دەبێت پەنا بۆ ڕاگەیاندنەکانی حیزبە نەیارەکان بەرین، ئەمەڕاستیەو پێویستە هەمووان ههڵوێسته و به خۆداچونهوهیهك بکهن لەم یادەدا ، له بری ئه وەی هه مووساڵێك قسهی بریقهدار و پیرۆزبایی بێزارکەرو تێپهڕاندنی تهقلیدیانهی یاده که بکهن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست