پارتی و یەکیەتی و گەمەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان (کوردستانی باشور)
Tuesday, 18/08/2009, 12:00
پارتی و یەکیەتی و گەمەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان (کوردستانی باشور)گەمە سیاسیەکان ئەوەندە ئاڵۆزن کە شیکردنەوەو تێگەیشتن لە تەوەرە سەرەکیەکانی ئاسان نین، بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد کە دەوڵەتمان نەبووە.
نەبوونی دەوڵەت تێنەگەیشتنە لە هەموو ئەو هەڵە و فێڵە سیاسیانەی کە بەلانی کەمەوە هەموو دەوڵەتێک لەماوەی کەمتر لە سەدەیەک پێیدا تێدەپەڕێت و ئەزموونێک تۆمار دەکات، لەبەر ئەوە ئێمەی کورد لە زۆرینەی گوتار و بڕیارە سیاسیەکانماندا هەڵخەڵەتاوین (یان بڵێم ئەزموونمان نەبووە) کە بنەمای کردەوە سیاسیەکانمان بێت.
بۆچی نەبوونی دەوڵەت و کیانێکی سیاسی جیهانی مانای ئەو کەمی ئەزموونە دەگەیەنێت؟
١- تائێستا ئەمنی قەومیمان نەبووەو وابزانم ناشمانبێت.
ئەمنی قەومی (ئاسایشی نەتەوەیی) گرنگترین فاکتەری مانەوەو بەرەوپێشچوونی دەوڵەتە، کە هەموو دەزگا فەرمی و نا فەرمیەکانی حکومەت لەژێر سێبەری ئەودا کاردەکەن، یانی هەموو گەردێکی نیشتیمان پێویستە پابەندی ئەو ئاسایشەبێت کە کاکڵەی بوونی ئەو نەتەوەیە دەپارێزێت، هەر لە داینگەی منداڵانەوە تاکوو سەرۆکایەتی دەبێت لەژێر کایەی ئاسایشی نەتەوەیی دابمەزرێت و ئاراستەو پێکهاتەکانی دەبێ لەو ئاسایشەوە هەڵقوڵابن.
دەرەنجام:
ئێمە کە ئاسایشی نەتەوەییمان نیە، یانی هەموو دەزگاکانی حکومەتەکەمان لەسەر بنەمایەکی پووچ دامەزراوون، ئەگەرچی لەوانەیە بڵێین هێزی سەربازی و دەزگای ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆمان هەیە، بەڵام تاکو ئێستا لەسەر ئاستێکی جیهانی و گڵۆباڵ نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە توندو تیژیان ڕووبەڕووی میللەتەکەی خۆمان بۆتەوە، ئەمەش وادەکات کە هەموو ئەزموونی سەربازی کوردستان لەمڕۆدا لەبەرامبەر لاوازترین هێزی دەرەوە کە گڵۆباڵ بێت خۆڕاگر نێەو لەماوەیەکی زۆر کورتدا تێکدەشکێت!
زۆر کارێکی بەدیهی و ساکارانایەو، مرۆڤ تا بە کردار کارێک نەکات ئەزموونی کرداری نابێت ئەگەرچی بەشەفەیی دکتۆراشی هەبێت، یانی هەموو تووانا شەفەییەکان بەرامبەر یەک توانای پراکتیکی سەنگیان نیە لە مەیدانی شەڕدا، کەواتە ئێمە ئەگەر لەدەرەوەی بازنەیەکی تەندروست دابین بۆ ڕەفتارو گووتاری سیاسی بە چ ئەرگومنتێک بڕیاڕو گووتاری تەندرست بدەین؟
٢- نەبوونی ئاسایشی نەتەوەیی پێکهاتە سیاسیەکانی حکومەت دەگۆڕێت، کاریگەری لەسەر ئامانج و ڕێڕەوی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت!
ئاسایشی نێودەوڵەتی (واتە ئاسایشێک لەسەر ئاستی دەوڵەتەکانی جیهان یان ئاسایشی جیهانی بۆ دەوڵەتەکان)، هەر لە پێناسەکەیەوە دیارە کە ئێمەی کورد ئەندامی ئەو ئاسایشە نێودەوڵەتیە نین، کەوابوو ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت لەدەرەوەی ئەم بازنەیە کاردەکات، ئەمە میکانیزمێکە ئەرگومێنتی نیە بۆ پاساوی بڕیارێک کە لەسەر ئاستی جیهان بێت چونکە ئەگەر بڕیارو گوفتارەکەش هەبێت لەدەرەوەی سنوری هەرێم زیاتر ناڕوات، هەر بەنمونە کە کوردستان ناوی لە ئایسۆی جیهانیدا نیە تەنانەت (کۆدی نێودەوڵەتیشی نیە، پاشگری دۆمەینی ئینتەرنێتیشی نیە) ئیتر لەدەرەوەی ئەم بازنەیە با سەدان گوتاری سیاسیمان هەبێت! سودی نیە!
لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە ئۆپۆزسیۆن دەوری نیە، بەڵکو دەورێکی باڵای هەیە لە گۆڕینی ڕێڕەوی سیاسەت، بەڵام بۆ ئێمەی کورد تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم.
ئێستا تاکی کورد چاوی بڕیوەتە پەرلەمان و چاوەڕێی ئەو گۆڕانانە دەکات کە لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە هەوڵیان بۆدەدرێت! بەڵام من لێرەوە دەڵێم: دەگونجێت ئەگەر بڕیارەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم بن ئەگەری گۆڕانیان هەبێت...
ئەی ئەگەر لەسەر ئاستێکی جیهانی بن، بۆنمونە بڕیاری ناردنە دەرەوەی نەوت و گازی سروستی؟ تاچەند پەرلەمان و حکومەتی نوێی هەرێم دەتوانن کاریگەریان لەسەر ئەم بابەتە هەبێت؟
لەڕاستیدا نوسینی ئەم ووتارە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسەیە، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەهەردوو ووڵاتی (ئەمریکا) و (ڕووسیا) هەیە بۆ دابینکردنی گازی سروستی بۆ ووڵاتانی ئەوروپی!
ئاشکرایە کە ڕووسیا گازی سروشتی بۆ زۆرێک لە ووڵاتانی ئەوروپی دابین دەکات، وەک تاکە سەرچاوەیەکی گەورەشە بۆیان، بەمەش ڕوسیا کاریگەریەکی گەورەی لەسەر بڕیارە سیاسیەکانی ووڵاتانی ئەوروپیەوە هەیە، ئەمەش بێگوومان جێگەی نیگەرانی ئەمریکایە!
هەر لەکۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە کە سەرەتای جەنگی ساردی ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەتی ئەوکاتەبوو بۆ ئیستا بابڵێن (ڕووسیا)، ئەو دوو دەوڵەتە زلهێزە کەوتنە دژایەتی کردنی یەکتری لەسەر هەموو ئاستەکان (سەربازی، ئابووری، سیاسی، ...)، بۆ ئەم مەبەستەش هەر لایەو کەوتە پەیداکردنی هاوپەیمانی سیاسی بۆخۆی.
ئێستا ئاشکرایە کە یەکیەتی ئەوروپی هاوپەیمانی ئەمریکان، ڕووسیاش بۆ تێکدانی ئەو هاوپەیمانیەتە گەمەی سیاسی زۆری کردووەو تا ڕادەییەک لەڕووی ئابووریەوە پەیوەندیەکانیاینی شلۆق کردووە، هەروەک دەزانین ئەزمەی ئابووری ئەمساڵ چ زەرەرو زیانێکی خستەوەو چەندین بڕیاری سیاسی جیهانیشی خستە کایەوە.
لەم نێوانەدا کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ناسراوون بەوەی کە دۆستی ڕووسیابوون لە کۆندا (بە چوونی مەلا مستافا بۆ ڕوسیا) و دروستکردنی پەیوەندیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەی ڕووسیا، تەنانەت چەند پیاوێکی بارزانی ئەوکات ژنیان لە ڕووسیا هێناوەو ئێستا وەچەی (دووڕەگەزیان خستۆتەوە)، لە باوکەوە کورد و لە دایکەوە ڕووسی، بێگوومانم کە منداڵەکان کەم یان زۆر هۆگری خاڵ و خزمانی دایکیانن و هاتووچۆیان دەکەن و هەندێ کەس دەناسم زۆر باش زمانی ڕووسی دەزانن!
ئەمە بە یەکەم هەنگاوی پەیوەندی ناڕاستەوخۆی نێوان بنەماڵەی بارزانی و ڕووسیا دادەنرێت، کە گوومانی هەبوونی پەیوەندی سیخوڕی لێدەکەوێتەوە! لە ڕابردووشدا چەند باسێک ووروژێنراوون لەسەر ئەم پەیوەندیە من لێرەدا باسیان ناکەمەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە بنەماڵەی بارزانی بەڕێوەی دەبات (مەسعود وەک سەرۆکی پارتی و، کوڕی مەسعود: مەسرور وەک سەرۆکی دەزگای پاراستن) ئەم حیزبە بەڕێوەدەبەن. دڵنیام کە هەموو بڕیارە سیاسیەکانیش هەر لەنێوان ئەم دوو باب و کوڕە دەردەچن بە هەبوونی گوومان لەلایەنی سێیەم کە ڕووسیابێت!
لێرەوە بڕیارەکانی پارتی دەبنە جێگەی سەرنجی ئەمریکاو هەروا بە ئاسانی پارتی ناتوانێت خۆی وەک ئەو پارتە سیاسیە نیشانبدات کە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە، لە کاتێکدا کە چەندین هاووڵاتی ڕووسی لە بارزان و دەورو بەری ژیان بەسەر دەبەن.
یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی، کوڕەکەی باڤێڵ وەک سەرۆکی دەزگای زانیاری یەکیەتی، تا ئێستا کە هیچ گوتەو باسێکی لەوجۆرەیان لەسەر نیە، تەنیا بوونی چەند تەمێکی گووماناوی نەبێت لەنێوان جەلال تاڵەبانی و ئێراندا، کە زۆر کاریگەر نەبووە لەلایەن بیری سیاسی ئەمریکاوە! بەڵکو بەم دوواییانە بە پاڵپشتی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕووی تەکنیکەوە گروپێکی هاوبەش پێکهات بۆ نەهێشتنی تیرۆر بەناوی (دژە تیرۆر) لەلایەن هەردوو باڤێڵ و هێزەکانی ئەمریکا. کە گوایە بۆ دژە تیرۆرە!
ئەم هاوبەشی کردنەی باڤێڵی کوڕەکەی جەلال لەگەل ئەمریکا مانای پتەوی پەیوەندیەکانی ئەمریکا نیە لەگەڵ یەکیەتی نیشتیمانی، بەڵكو لەناو مەیداندا دەزگایەکی تری ئاسایش نەبوو کە جێگای متمانەی هێزەکانی ئەمریکا بێت، بە واتایەکی تر دەزگاکەی مەسرور هیچ متمانەیەکی نیە لەلای یەکیەتی ئەوروپا و ئەمریکا کە وەکو هێزێکی ئاسایشی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە چەند حاڵەتێکی تۆمارکراو هەن کە ڕاستی ئەم مەسەلەیە دەسەلمێنن.
یەکەم: لەهەولێر هێزەکانی ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر بەشە ناوخۆییەکی کوڕان بەمەستی دەستگیرکردنی چەند گوومان لێکراوێک بەبێ ئەوەی هەر پرس بە دەزگاکانی ئاسایشی پارتی بکەن!.
دووەم: حاڵەتێکی تری تەقەکردن لە هاوڵاتیەک تۆمارکراوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لەهەولێر.
هەردوو نمونەکەی سەرەوە بێ متمانەیی هێزەکانی ئەمریکایە بەرامبەر بە پارتی! ئەمەش تەنیاوتەنیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەمە گوماناویەی ڕووسیا کەبەسەر دەزگای پاراستنەوە هەیەتی، لێرەدا گەمە سیاسی و ئاسایشیەکان قوڵتردەبنەوە.
- ناردنی گازی سروشتی بۆ ووڵاتانی ئەوروپی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، لێدانە لە بەرژەوەندیەکانی ڕووسیاو شلۆقکردنی پەیوەندیەکانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و ڕووسیایە.
- لەهەمان کاتدا بەرزکردنەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە بۆ نەهێشتنی بیانووی ووڵاتە ئەوروپیەکان کە چیتر گوێڕایەڵی ڕووسیا نەبن بە بیانووی بڕینی گاز و سوتەمەنی لەلایەن ڕووسیاوە.
- بەڵام ئایا دەسەڵاتی کوردی تووانیویەتی ئەم وەرەقەی جۆکەرە لەجێی خۆیدا بەکاربهێنێت و لانی کەم کەرکووکی پێ وەربگرێتەوە!
- ئایا کورد لەم هاوکێشە سیاسیانەدا چ سودێک دەکات؟
ئەوەی من لەم بارودۆخە حاڵی ببم، کورد نە لەلایەن ئەمریکاوە هیچی بۆدەکرێت، نەلەلایەن ڕووسیاو نە ئەوروپا! ئەگەر شتێکیان بکردایە ئێستا بەرهەمەکەی دیاردەبوو، بە پێچەوانەوە، نزمی ئاستی تێگەیشتنی دەسەڵاتی کوردی لەم بابەتە وایکردووە کە کوڵاومان بخەنە سەر، لاوازی و سەنگی سەرکردەکانیشمان لەسەر ئاستێکی جیهانی ئەو هاوکێشە دروست دەکات کەئەگەر ئیتر لەم گەمە سیاسیانەش تێبگەن کاریگەریان نابێت.
بارودۆخەکانی کوردستانی باشور (ئەو هەرێمەی بەناو ئازادە) و لەژێر سێبەری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دایە، تەواو بۆتە جێگای گەمەی سیاسی، ئاخر پارتی و یەکێتی ناتوانن تەزویراتی لەوجۆرە بکەن کە باسدەکرێت ئەگەر کارتێکی سەوزیان پێنەدرابێت! لەوەش سەیرتر، تەقەکردنەکەی شەوی دوای هەڵبژاردنەکان لە هەولێر، تەنیا هەر هەڕەشەکردن نەبوو لە لیستە جیاوازەکان، بەڵکو شێواندنی ئارامی شاری هەولێر وەکو پایتەخت، لەگەڵ هەبوونی هەزاران خەڵکی بێگانە بەتایبەت ڕێکخراوە مەدەنیەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، مانایەکی تری هەیە کە دەبێتە جێگای لێکۆڵینەوەو تەم و مژی دیکە دەخاتە سەر دەسەڵات!
دڵنیابن! هاوڵاتیەکی ئەمریکی کە ئەگەر بەناویش بێت بۆ خزمەتی کوردستان هاتبێتە هەولێر، قبوڵی ئەو هەموو تەقەی خۆشیەی نیە! من دڵنیام هەموو نوێنەرانی ووڵاتان هەر ئەوشەوە ڕاپۆرتی خۆیان گەیاندۆتە سەرۆکایەتی ووڵاتەکانی خۆیان... با چاوەڕێ ی ئەنجامەکانی ئەو گەمە خۆشانە بین، کە دڵنیام وەک جاران هەر دۆڕان بەشمانە.
بۆچوونی من بۆ ڕووداوەکانی ئەم دواییە:
- ئەگەر گازی سروشتی لەکوردستان بنێردرێتە دەرەوە، بێگوومان دەبێت دەسەڵاتێکی لەپشت بێت، ئەو دەسەڵاتەش کە پارتی و یەکیەتیە، گرنگ لێرە ئەوەیە پڕۆژەکە سەربکەوێت ئیتر هەرکێ حوکمی کوردستان دەکات یان نا ئەوە کێشەی ئەمریکا نیە! ئەوە کێشەی خۆمانە کە دەنگمان بەکێ داوە، هەرگیز چاوەڕێی ئەوە مەبن لە دەرەوەی کوردستان بڕیاری لابردنی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارە بدرێت، بەڵکوو دەبێت لەناوەوە بگۆڕدرێت.
- ملکەچبوونی ئەو دوو دەسەڵاتە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بێگوومان دەبێت ترسێکی لەپشت بێت، ئەوەتا هەر لە ئێستاوە ئۆپۆزسیۆنێک لە کوردستان سەری هەڵداو پشتگیری تەواوی ئەمریکاشی لەگەڵە! دکتۆر کەمال میراودەلیش ترسێکی وای خستۆتە دڵی مەسعودەوە کە ئیتر بڵێت بەڵێ گەورەم!
- ئەوەی گرنگە لەلای من: دەسەڵاتی کوردی تا ڕاددەیەک گەمە سیاسیەکان دەکات، بەڵام تا ئێستا لەبەرژەوەندی مانەوەی خۆیان بووە وەک دەسەڵات نەک بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەگەرنا پێداگرتن لەسەر کەرکووک بەشەر بێت یان بە ئاشتی قوربانی وای ناوێت ئەگەر بابەتەکە لەناو مێشکی بێمێشکی ئەو دەسەڵاتەدا هەبێت.
- هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و ئەنجامەکانیشی ڕاگەیەندراوون، تەنیا ئەگەرێک ئەگەر هەبێت بۆ لەناوبردنی دەسەڵات فشارخستنە سەر یەکیەتیە کە پەیوەندیە ستراتیژیەکەی نێوان خۆی و پارتی هەڵبوەشێنێتەوەو بڕواتە پاڵ لیستی گۆڕان و لیستی چاکسازی و خزمەتگوزاری ئەوکات ئەگەر (٢٥ کورسی بدرێتە یەکیەتی و ٢٣ کەی گۆڕان و ١٣ کورسیەکەی چاکسازی) دەکاتە ٦١ کورسی کە بێ منەتانە حکومەت دادەمەزرێنێت و پارتیش هەڵدەدەنە ئەودیوی حکومەت، ئەوەی لێرەدا خۆشدەبێت: ئەوکات پارتی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و عەزیز وەیسیش بە سمێڵ تاشراوی گۆرانی دەڵێت!
[email protected]London
1/8/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست