کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیلانەکە چییە؟

Sunday, 20/08/2017, 21:24


رەنگە لە بیرتان بێت لە ٢٠١١دا  بارزانی پروپاگەندەی ئەوەی بڵاودەکردەوە نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریەوە بۆ دەرەوەی وڵات دەنێرێت و بەو هۆیەشەوە ئابووری کوردستان رزگار دەکات و دەبوژێنێتەوەو مەلەفی نەوت لەژێر دەسەڵاتی حوکمەتی ناوەند دەردەکات.. زۆرێك لە گەوجێنراوانیش چەپڵەیان بۆ ئەم هەنگاوە لێدەدا، هەر وا بوو.. دەستیان کرد بە دروستکردن و راکێشانی ڕێگای بۆری نەوت بۆ تورکیاو لەوێشەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی، کە رۆژانە نزیکەی ملیۆنێك بەرمیل بەس لەو ڕێگایەوە بەڕێدەکەن و خۆیان ژمارە راستەقینەکە ئاشکرا ناکەن و دەڵێن   ٦٠٠ هەزار بەرمیلە، بەم جۆرە خەڵکی ئەو ناوچانەش کە چاڵە نەوتەکانی تێدابوو و ئەو شوێنانەش بۆریەکەی پێدا تێپەڕ دەبوو لە شوێنی خۆیان دەرکران و یەك فلسی سووریش قەرەبوویان پێنەدرا، لەولاشەوە دەستکرا بە فرۆشتنی نەوت بۆ بنەماڵەی بەرزانی و بەهێزکردنی پێگەی ئابووریان و هەروەها بوونیان بە ملیاردێری بەناوبانگی جیهانی، بەم هۆیەوەش حوکمەتی ناوەندی موچەی هەموو فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی..
سەیرو سەمەرە لەوەدایە خەڵکێکی زۆر ئەم راستیە تاڵەی زوو لە بیرچووەوەو  ئێستاش دەستیان کردووە بە چەپڵەلێدان بۆ ئەو راگەیاندنەی کە گوایە بارزانی دڵسۆزتانەو دەوڵەتی کوردیتان بۆ دادەمەزرێنێت، ئەوانەی بەڵێ بۆ ئەم پلانە دەکەن یان ئەوەتا زۆر ناحاڵین ، یان بەکرێگیراون و زوڕنایەکن بۆ تێپەڕاندنی ئەو نەخشە ژەهراویەی دژی هاوڵاتی کورد داڕێژراوە.
نەخشەکەو بانگەوازی ریفراندۆم  لەو سەردانەوە سەرچاوەی گرت کە چەند مانگێك پێش ئێستا مەسعود بارزانی چوو بۆ ئیمارات (خۆ هات و چوونەکان و هۆی سەفەرەکانیشی کەس پێی نازانێت چیەو بۆ کوێیەو چۆنە....؟) جا کەسێك لەو کاتەدا نەیپرسی بۆچی ئیمارات؟ هەبوو دەیگوت هوشیار زێباری پارەی لێبڕاوە و پارەی بۆ بردووە، هەبوو دەیگوت بۆ سپی کردنەوەی پارە دزراوەکانی خەڵکی کوردستانە... هەریەکەو شتێکی دەگوت، بەس کەس ئەو قسەیەی نەکرد کە بۆ پێدانی ئەو پیلانەیە بە مەسعوود تا  بڕیاری راگەیاندنی دەوڵەت بدات، بەمەش لە لایەك خەڵكی کورد چەواشە بکات کە دەوڵەتیان بۆ دروست دەکات و هەموو قەیرانە دروستکراوەکانی خۆی دژی خەڵك لە بیر هاوڵاتی بەرێتەوە. دووەمیش: سیاسەتی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەراست وا داڕێژراوە کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆری بە ناوی کوردستان دابمەزرێت (گەر ٢ یان ٣ شاریش بێت) بۆ بەکارهێنانی لە سیاسەتی ناوچەکەدا وەك وەرەقەیەکی سوتاو و لەمەشدا هەر خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی، لە بەرامبەر ئەمەشدا هیچ دەوڵەتێك بۆی نییە لە مەسعود بپرسێت چی لە خەڵکەکەی دەکات و چۆن دەیانچەوسێنێتەوەو ئازادیەکانیان پێشێل دەکات. هەر لە بڕگەکانی تری ئەم نەخشەیەش بڕیاری بایکۆتکردن و داخستنی کەناڵی (جەزیرە)بوو، کە وەك دەنگێکی ئازاد لە ناوچەکەدا پێشێلکاریەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەو رووداوەکانی بە پیشەیی روماڵ دەکرد، چونکە راگەیاندن رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە هوشیارکردنەوەی خەڵك و پوچەڵکردنەوەی نەخشەکان. بەم جۆرە ئیمارات دەستی بەسەر زۆربەی چاڵە نەوتەکانی یەمەن و بەندەرەکان و فڕگەکانی یەمەندا گرت ، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییەکان ئیمارات تا ئێستا ٩ زیندانی نهێنی لە یەمەن دروستکردووەو خەڵکی سڤیلی تێدا ئەشکەنجە دەدات و رۆژانە لە ژێر ئەشکەنجەدا زیندانیەکان گیان لەدەست دەدەن.
(ترامپ)یش هەر زوو ئەو نهێنیەی بۆ سەفیری ئیمارات لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەربڕیبوو کە لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەمەریکا گرنگی نادات بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تر و پشتیوانیکردن لێیان و بودجەیان زۆر کەمدەکاتەوە.. ئەمەش لێکەوتەی زۆر مەترسیداری لێ چاوەڕوان دەکرێت بەوەی ئازادییە تاکەکەسییەکان و دەربڕین و مافەکانی مرۆڤ لە شکستییەکی زۆر گەورەدا دەبێت، هەر بێدەنگی وڵاتەکانی ناوچەکەو زلهێزەکان لە پێشێلکاریە یەك لەدوای یەکەکانی بارزانی بۆ هاوڵاتیانی کورد ئەم راستییە دەسەلمێنێت، کەواتە ئەرکی تاکی کوردی وشیار ئەوەیە نەهێڵێت ئەو نەخشە گڵاوەی بە دیکتاتۆریی بوونی بارزانی سەربگرێت بۆ لێدانی پارچەکانی تری کوردستان و چەوساندنەوەی زیاتری خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان، ئێ باشە خۆ لە واقیعدا ٢٦ ساڵە هەرێمی کوردستان هەرچەندە بە ناو دەوڵەت نەبووە خۆ بە فیعلی و لە زەمینی واقیعدا هەموو کۆڵەکەکانی دەوڵەتی هەبووە، ئایا لەو ماوەیەدا چییان کردووە بۆ خەڵکی کورد، هەم لە باشوورو هەم لە ٣ بەشەکەی تری باکوورو رۆژئاواو رۆژهەڵات؟ بێجگە لە ماڵوێرانی و کلک لەقاندن بۆ دوژمنانی کوردو دروستکردنی قەیران لە دوای قەیران بۆ هاونیشتمانیان؟
لە لایەکی تریش دروستکردنی داعش بۆ نانەوەی شەڕی تایەفی و ئاژاوە نانەوەو ناسەقامگیریی و لێدانی شۆڕشی میللەتان و ترساندنی خەڵك تا لە فەرمانی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە دەرنەچن بەشێك بوو لەو ئەجندایەی زۆر بە وردی لە لایەن ئەو هێزانەوە نەخشەی بۆ کێشرا، چۆڵکردنی شەنگالیش بۆیان لە لایەن پارتیەوە بەشێك بوو لە جێبەجێکردنی ئەو نەخشەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە