کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چاره‌نووستان له‌ هى به‌عسییه‌كان باشتر نابێت

Tuesday, 26/04/2011, 12:00






ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌ناو سه‌ركرده‌ى ئه‌م دوو حیزبه‌ هاوپه‌یمانه‌ (هاوپه‌یمان له‌ كرده‌وه‌ مافیاییه‌كانیاندا) له‌ ماوه‌ى حوكمڕانییاندا ئه‌نجامیانداوه‌ و به‌ تایبه‌تیش ئه‌و پێشێلكارى و ملهوڕى و خۆسه‌پاندن و خۆ به‌ گه‌وره‌ زانینه‌ى له‌ پاش 17ى شوبات نواندیان پڕاوپڕ نیشانده‌رو بیرهێنه‌ره‌وه‌ى دوا ساته‌كانى ده‌سه‌ڵاتى به‌عسی سه‌ددامییه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى 3 ساڵى پێش ڕاپه‌رٍینه‌كه‌ى به‌هارى 1991 داو له‌ په‌له‌قاژ‌ه‌ى مه‌رگیاندا هه‌رچى جه‌ورو سته‌م هه‌بوو دژ‌ى گه‌لى عیراق به‌ گشتى و گه‌لى كورد به‌ تایبه‌تى ئه‌نجامیاندا.
هه‌رچه‌نده‌ ناكرێت له‌ بابه‌تێكى له‌م جۆره‌ و به‌ چه‌ند دێڕێك باس له‌و هه‌موو زوڵمه‌ى سه‌دام و سه‌ددامییه‌كان بكرێت، به‌ڵام له‌ بیرهێنانه‌وه‌یه‌كى خێرادا ده‌كرێت زۆر به‌ كورتى پێناسه‌ى زوڵمى سه‌ددامییه‌كان بكرێت كه‌ بریتى بوو له‌ (به‌ هه‌ده‌ر دانى سه‌روه‌تى نیشتمانى له‌بن نه‌هاتووى عیراق، كۆكردنه‌وه‌و نواندى هێز، به‌رپاكردنى چه‌ندین شه‌ڕ، جه‌نجاڵ كردنى زیندانه‌كان، ئه‌شكه‌نجه‌ى زیندانییان به‌ چه‌ندین شێوازى دڕندانه‌ وه‌كو تێبه‌ردانى سه‌گ له‌ زیندانییه‌كان و ده‌رخوارد دانیان به‌ زیندوویى، به‌كارهێنانى كاره‌با، هه‌ڵواسین، ئووتووى گه‌رم، له‌ ئاوى سارد و گه‌رم هه‌ڵكێشان، هێشتنه‌وه‌ له‌ ژ‌وورى تاریكدا، هێشتنه‌وه‌ له‌ ژ‌وورێكدا كه‌ ڕووناكییه‌كى سوورى به‌هێزى تێدابوو تا كه‌سه‌كه‌ تووشى شۆك ده‌بوو، به‌پێوه‌ ڕاوه‌ستاندنى زیندانى له‌ ژ‌وورێكدا كا تا بینه‌قاقاى زیندانییه‌كه‌ ئاو بوو بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر تا كه‌سه‌كه‌ چیتر خۆى بۆ ڕانه‌ئه‌گیراو ئه‌كه‌وتو ئۆتۆماتیكى ئه‌خنكا، خزاندنه‌ ناو ژ‌وورێك كه‌ بۆشاییه‌كه‌ى ته‌نها به‌قه‌ده‌ر له‌شى زیندانییه‌كه‌بوو كه‌ به‌ پێوه‌ تیایدا ڕابووه‌ستێ به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ دڕكاوى، ....... ئه‌مانه‌و چه‌ندان شێوازى تر كه‌ مه‌گه‌ر ته‌نها به‌ خه‌یاڵ و مێشكى ئه‌و بێ مێشكانه‌دا هاتبێت).
ئه‌وى لێره‌دا جێگاى سه‌رنج و تێڕامانه‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاتى به‌ ناو كوردى و خۆماڵییه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ هیچ پێى شه‌رم نییه‌ نزیكه‌ى نیو سه‌ده‌ خه‌باتى خۆى بخاته‌ ناو مێژ‌وویه‌كى ڕه‌شه‌وه‌ (له‌ ڕووانگه‌ى ڕێزو وه‌فام بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانى كوردستان به‌وانه‌ى شه‌ڕى براكوژ‌یشه‌وه‌ ناوى لێ ده‌نێم خه‌بات)، هه‌رچه‌نده‌ دڵنیاشم له‌وه‌ى زۆر له‌و سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینانه‌ى كه‌ تا ئێستا به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت له‌ ژ‌یاندا ماوون و ئه‌وانه‌ش كه‌ نه‌وه‌كانى دوا ترن و له‌به‌ر په‌یدا كردنى بژ‌ێوییان دواى ئه‌م دوو حیزبه‌ كه‌وتوون، زۆرینه‌یان هه‌ڵگرى خۆشه‌ویستى نیشتمانن له‌ ئان و ساتى خۆیاندا هه‌ڵوێستى مه‌ردانه‌ى خۆیان ده‌بێت) به‌ڵام سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ خاوه‌ن بڕیاره‌كانى ناو ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م دوو حیزبه‌ هیچ بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ مێژ‌ووى گه‌لاندا ده‌سه‌ڵاته‌ هاوشێوه‌كانیان له‌ لووتكه‌ى جه‌ورو سته‌مدا بوون كه‌ مێژ‌وو تێى هه‌ڵداون و بۆ هه‌تا هه‌تا ڕوو ڕه‌شى نه‌بێت هیچیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌. له‌مه‌ش عه‌جایه‌ب تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو خه‌ڵك شاهیدى ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ له‌ پاش 17ى شوباته‌وه‌ ده‌بینرێت سه‌رانى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ڕۆژ‌ به‌ ڕۆژ‌ بڕیاره‌كانیان هه‌ڵه‌و هه‌ڵه‌ تر ده‌بێ و له‌گه‌ڵیشیاندا لووت به‌رزى و ملهوڕى و توندو تیژ‌ییه‌كانیان به‌ره‌و لووتكه‌ هه‌ڵده‌كشێ، به‌م پێیه‌ بڕوات له‌ كورت ترین ماوه‌دا ژ‌ماره‌ى پێوانه‌یى ده‌شكێنن بۆ گه‌یشتن به‌ قه‌راراتى سه‌ددامى و بگره‌ له‌ هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌ به‌عسیشیان پێ ناگات، ئه‌گینا ئه‌و سووكایه‌تى و تیرۆر و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ى كه‌ له‌ گه‌ڵ كوڕو كچه‌ گه‌نج و قاره‌مانه‌كانى زانكۆدا نواندتان له‌ هه‌موو مێژ‌ووى مرۆڤایه‌تیدا به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مئامێزه‌كه‌ى به‌عسیشه‌وه‌ تا ئێستا له‌گه‌ڵ زانكۆدا ڕووى نه‌داوه‌، ئێوه‌ ده‌زانن زانكۆ ماناى چییه‌؟ زانكۆ واتا كۆى هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگ ئایین و چین و توێژ‌ و هه‌ڵوێست و خوێنگه‌رمى و لێهاتووییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌رى كوردستان، له‌مه‌ تێ ئه‌گه‌ن؟؟؟؟ لێره‌دا جێگاى خۆیه‌تى كه‌ بڵێین دڵى خۆتان خۆش نه‌كه‌ن به‌وه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا ناوتان ده‌هێنرێت چونكه‌ ئیوه‌ هه‌رگیز له‌و ئاسته‌دا نین جونكه‌ سه‌ددام لانى كه‌م به‌ناوى بووژ‌اندنه‌وه‌و پاراستنى ئوممه‌ى عه‌ره‌بییه‌وه‌ ئه‌و تراژ‌یدییایه‌ى نایه‌وه‌، به‌ڵام ئێوه‌ سه‌لماندتان كه‌ ته‌نها له‌ پێناوى مانه‌وه‌ى زیاترى خۆتان و زه‌مینه‌سازى بۆ به‌ سه‌رۆك كردنى كوڕ و كوڕه‌زاو تیتك زاكانتاندا پاش خۆتان ئاوها حوكمڕانییه‌كى سه‌قه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌گینا پێمان ناڵێن تا ئێستاو له‌و هه‌موو ماوه‌ زۆره‌ى ده‌سه‌ڵاتتاندا چیتان بۆ گه‌لى كوردستان كردووه‌؟ ئه‌وه‌ى كردووتانه‌ نه‌ك زۆر زۆر كه‌متره‌ له‌ حوكمه‌ زاتیه‌كه‌ى سه‌ددام، به‌ڵكو به‌ پله‌ى 180 گه‌ڕاندنه‌وه‌و په‌كخستنى ڕه‌ووتى ئازادیخوازی كورد بووه‌، به‌ ته‌واوى ئاوه‌ژ‌وو كردنه‌وه‌ى مێژ‌وو و بووه‌، پڕاو پڕ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنى پلانى دوژ‌منان و دواخستنى بزووتنه‌وه‌ى كوردستان بووه‌ بۆ ده‌یان ساڵ، به‌ كورتى گه‌وره‌ترین خیانه‌تى نیشتمانى له‌ مێژ‌ووى كورددا له‌ سه‌ر ده‌ستى ئێوه‌دا بوو.
كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌رم ناكه‌ن و ده‌تانه‌وێت ئه‌و ڕۆحه‌ كوردانه‌یه‌ى كه‌ ئێوه‌ له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتداندا له‌ بیرو جه‌سته‌ى تاك به‌ تاكى ئه‌م گه‌له‌دا سڕیبووتانه‌وه‌و خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ئه‌نجامى په‌نگخواردنه‌وه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا وه‌كوو بوركان ته‌قیوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ر شێوازێك بێت بیڕه‌وێننه‌وه‌و سه‌ركوتى بكه‌ن! كه‌ ده‌بوایه‌ جێگاى شانازیتان بووایه‌ كه‌ له‌ دوا دوایى ده‌سه‌ڵاتى ئێوه‌دابوو ئه‌م شۆڕشه‌ سپى و ئاشتیخوازه‌، ئه‌م شۆڕشه‌ چاكسازیخوازو یاسا ناس و مرۆڤدۆسته‌ سه‌رى هه‌ڵدا، ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن ده‌بووایه‌ ئه‌و هه‌له‌ زێڕین و مێژ‌وویه‌تان بۆ خۆتان و پاشانیش بۆ ئه‌م گه‌له‌ سته‌مدیده‌و ماندوو نه‌ناسه‌ بقۆستایه‌ته‌وه‌و هێنده‌ خۆ به‌ زل زان و مل هوڕ نه‌بوونایه‌و به‌ سنگێكى فراوانه‌وه‌، فراوان وه‌ك سنگى ئه‌و گه‌نجه‌ قاره‌مان و له‌ هه‌مان كاتدا خێر نه‌دیوو و له‌ هه‌مان كاتیشدا ڕۆشنبیرانه‌ بگرتایه‌ كه‌ بناغه‌ى وه‌رچه‌رخانێكى مێژ‌وویى گرنگیان بۆ ئێوه‌ش و سه‌رجه‌م گه‌لى كوردستانیش داڕشت به‌وه‌ى كه‌ گوێتان لێ بگرتنایه‌و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ و به‌ پێى خۆتان به‌ده‌نگ داوا ڕه‌واكانیانه‌وه‌ بهاتنایه‌.
به‌لام به‌ داخه‌وه‌ نه‌تانزانى یان نه‌تانویست ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ نه‌زان ده‌بینن و ته‌نها خۆتان به‌ زانا؟ ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وه‌ نیشانه‌ى ئه‌وپه‌ڕی نه‌زانیتانه‌! یان هى خۆ به‌ زل زانینتانه‌و نه‌تانتوانى و پێتان قبوڵ نه‌كرا خۆتان بخه‌نه‌ ئاستى گوێگرتن له‌و داوا ڕه‌وایانه‌؟ ئه‌مه‌ش دیسان نیشانه‌ى بچووكیتانه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ تۆزقاڵێك له‌ بوونى خۆتان له‌ ناو لاپه‌ڕه‌كانى مێژ‌وودا نه‌هێشته‌وه‌ ته‌نها به‌ دیوه‌ نێگه‌تیڤه‌كه‌دا نه‌بێت! یان له‌وانه‌یه‌ ڕۆحى غیره‌ وایلێكردن به‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر خۆتان چاكسازیتان نه‌كرد ناشهێڵن كه‌سى تر بیكات! هه‌یهات هه‌یهات له‌م بیركردنه‌وانه‌! به‌ڵام له‌ جیاتى ئه‌وه‌ ئێستا ئێوه‌ى خائین و كینه‌ له‌ دڵ و ده‌روون نه‌خۆش هه‌رچى ڕێگاى نا شایسته‌و نه‌گریس هه‌یه‌ گرتووتانه‌ته‌ به‌ر له‌ پێناوى سه‌ر له‌ نوێ ئاشبه‌تاڵ پێكردنى ئه‌م شۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌دا، به‌ڵام هه‌ڵه‌ن، زۆریش هه‌ڵه‌ن.
ئێوه‌ وا ده‌زانن میلله‌ت گوێره‌كه‌یه‌ سه‌رى ببڕن، چیتر مییله‌ت مه‌ڕ و مێگه‌ل نییه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆتان بیانكه‌ن به‌ قوربانى بۆ نیازه‌ گڵاوه‌كانى خۆتان، من تێناگه‌م ئه‌م هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌ له‌ پاى چى؟ من تێناگه‌م ئێوه‌ به‌نیازن چى له‌ شارێكى وه‌ك سلێمانه‌ بكه‌ن به‌ چه‌سپاندنى ئه‌و زیل و ئیڤاو میچایانه‌ى به‌ ڕووى شاردا، لێدانى ئه‌و خه‌نده‌ق و مه‌نده‌قه‌ ماناى چییه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌ى با هه‌ر لاى خۆتان بێت.... ئاى كه‌ ساویلكه‌و داماوو و ئه‌قڵ دوا كه‌وتوون، ئه‌م هه‌موو چه‌كداره‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى شاره‌كانه‌ هه‌رگیز له‌ مێژ‌ووى عێراق و كوردستاندا وه‌ها سوپایه‌ك له‌ ژ‌ماره‌دا بۆ هێوركردنه‌وه‌و ئارامكردنه‌وه‌ى شاره‌كان نه‌بینراوه‌، ئه‌گه‌ریش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى میلله‌تى داخ له‌ دڵ و ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشانده‌رانیشه‌ ئه‌وه‌ لانى كه‌م سه‌لمێنه‌رى یه‌كێك له‌م دوو ڕاستییه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیشیان نه‌بێت: یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێنده‌ تۆقیوون له‌و واقیعه‌ى كه‌ هه‌موو كوردستانتان كردووه‌ به‌ دوژ‌منى خۆتان و ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتریشتان هه‌بووایه‌ ده‌تانهێنان، با بیرمان نه‌چێت هێناویشتانه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ سوپاى (عاره‌ب) و له‌ لایه‌كه‌وه‌ سوپاى تورك و كه‌سیش نازانێت ئاخۆ سوپاى چه‌ند ووڵاتى ترى دژ‌ه‌ كوردى وه‌كو خۆتان دژ‌ه‌ كوردتان هێناوه‌، دووه‌میش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ته‌نانه‌ت خۆشتان بڕواو متمانه‌تان به‌ سوپاو هیزه‌كانتان نییه‌ كه‌ پارێزگارى له‌و هه‌موو ڕسوایى و گه‌نده‌ڵى و ....... بكات، نه‌خێر دڵنیا بن له‌وه‌ى كه‌ ژ‌ماره‌یه‌كى زۆر كه‌م نه‌بێت له‌و كاسه‌ لێس و ویژ‌دان فرۆشانه‌ى كه‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت واتان لێ كردوون ملكه‌چى بڕیارو ئیعازه‌كانتان بن كه‌ وه‌ك مانگى چوارده‌ له‌ به‌ر چاویانه‌و ده‌زانن كه‌ ئه‌و بڕیارانه‌تان هه‌ڵه‌ن، به‌لێ هه‌ڵه‌ن ، مه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌وانه‌ بن كه‌ پشتیان پێ ده‌به‌ستن كه‌ بێ گومانم ئه‌مانه‌ش هى پشت پێ به‌ستن نین چونكه‌ هه‌ر ئه‌مانه‌ن كه‌ ئاماده‌ نین نه‌ك ڕوح و دڵیان ته‌نانه‌ت گه‌ده‌شیان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئێوه‌ وه‌رن سه‌یركه‌ن بزانن چۆن ڕۆژ‌انه‌ ئه‌و سوپایه‌ى سه‌ر شه‌قامه‌كانى سلێمانى چۆن بوونه‌ته‌ گاڵته‌بازاڕ و نوكته‌ستانى گه‌نجانى سلێمانى ، ئه‌گه‌ر دڵیشتان به‌ چه‌كى قورس و ده‌بابه‌كانتان خۆشه‌، با بیرتان نه‌چێت سه‌ددام نه‌ك هه‌ر تۆپ و ده‌بابه‌ به‌ڵكو هیلیكۆپته‌رو فڕۆكه‌و شتى ترى له‌ بابه‌ته‌یان زۆر بوو، یه‌ك شت ماوه‌ بیرتان بخه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌بێت سۆزى ئه‌مریكاو ووڵاتانى ترتان به‌ به‌رتیل و درۆو قسه‌ى هه‌له‌ق و مه‌له‌قى وه‌ك ده‌ستى ئێران و شتى تر به‌لاى خۆتاندا ڕاكێشابیت، دڵنیابن تاسه‌ر ئه‌مه‌شتان بۆ ناچێته‌ سه‌ر. تا زووه‌ بڕۆن فریاى كه‌ركوكى زامدار بكه‌ون، ئه‌و كه‌ركوكه‌ى یه‌كێكتان به‌ دڵى كوردستان و یه‌كێكتان به‌ قودسى كوردستانتان ده‌شوبهاند، ئه‌و كه‌ركوكه‌ى كه‌ هه‌ر نزیكه‌ى مانگێك له‌مه‌و به‌ر خۆتان ئه‌تانووت له‌ مه‌ترسیدایه‌، وابزانم بۆ یه‌كه‌م جار بوو كه‌ ڕاست بكه‌ن، به‌ڵێ ئه‌وا كه‌ركوك به‌ ده‌ستى خۆتان خستتانه‌ ژ‌ێر مه‌ترسییه‌وه‌، جا ئیتر نازانم به‌ره‌و كوێ په‌له‌ قاژ‌ه‌ ئه‌كه‌ن؟ به‌ چ لایه‌كدا ده‌گوزه‌رێن؟؟ ئه‌و گۆمى خیانه‌ته‌ى كه‌ شڵه‌قاندووتانه‌ به‌ سه‌دانى وه‌ك ئێوه‌ ڕوون نابێته‌وه‌ ، له‌ هه‌موو شتێك باشتر كه‌ ئه‌مه‌ قسه‌ى هه‌موومانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌تا هه‌تا بڕۆن، له‌وه‌ زیاتر مه‌یقه‌ومێنن تكایه‌..... تازه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ش جۆش و خرۆشی سه‌ندووه‌، ئه‌م لافاوه‌ تین و تاوى سه‌ندووه‌، ئێوه‌ هه‌رچییه‌ك بكه‌ن جگه‌ له‌ ڕووڕه‌شی و شكست هیچى تر كۆناكه‌نه‌وه‌، بڕۆن ئه‌و پارانه‌ش كه‌ كۆتان كردوونه‌ته‌وه‌ با سه‌نت به‌ سه‌نت له‌ گه‌رووتان و له‌ گیرفانتان و له‌ قاسه‌و ماسه‌و بانك و مانكه‌كانتاندا لێتان ده‌رنه‌هێنرێته‌وه‌، نه‌ ئه‌و پارانه‌ له‌ كیس خۆتان بده‌ن و نه‌ به‌هاو خۆشه‌ویستى ئه‌م نیشتمانه‌ش له‌ كیس ئێمه‌ .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە