کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوەی پارتی کردی گەمەیەکی کارایە خوێندنەوەی وردی دەوێت

Tuesday, 22/02/2011, 12:00




ئەو دیالۆگەی پارتی لە گەڵمان دەیکات چەند ئامانجێکی هەیە. پلانێکی شەیتانانەیە. پێشتر باسمان کرد دیالۆگەکە یەک ئاراستەیە. پەیامێکەو دەینێرن و فریومان دەدەن. بەڵام خۆی لە خۆیدا موخاتەبەی ئەندامەکانی خۆیانە لەوەی موخاتەبەکردنی ئێمەبێت. بە کام بەڵگە؟
بۆئەوەی بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەبێت پەنجە بخەینە سەر ئەو پنتانەی پەیامەکەیان پێک دەهێنێت. ئەوانە بریتین لە کۆی هەمو ئەو هەڵسوکەوتەی لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا کردویانە لە پێش و لە کاتی شٶڕشەکەدا، کە خۆی لە تەقە لێکردن و شێوازی عەنتەریانەی تەقەلێکردنەکە، و وەڵامدانەوەی نێچیر و مەتنی و گلەییەکانیان، و خۆشاردنەوەی مەسە، و دواتر هاتنەناوەوەی بۆ ساحەکە لە ڕێگەی تەلەفونەکەیەوە و چەند حاڵەتێکی تر کە لە تاقە وجودیان ئەوەیە لەسەر پشتی هەوا دەلەرێنەوە.
پێش تەقینەوەی بورکانەکە:
خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەرەنگاربونەوەی شۆڕشگێرەکان و قۆستنەوەی ڕوداوەکان بە سودی خۆیان و بە ئاڕاستەیەک خۆیان بیخوازن. لەم پرۆسەیەدا لە دڵەڕاوکێدان، توانا و کاریگەریتی ڕاستەوخۆی روداوەکە نازانن، تەنیا مەزندەی دەکەن. خۆیان لە هەموو جەبهەکان ئامادە دەکەن. مەسە وڵات جێ دێڵێت و بۆشاییەکی دەستوری و یاسایی لە غیابی خۆی دروست دەکات. تارادەیەکی باش هەفتەی تەقینەوەکە دەزانن گەر سەعات و رۆژەکەی نەزانن. ئەمەش بە هۆی ئەو خۆئامادە گەرم و گوڕە ئاشکریەی خەڵکەکە لە ڕێگەی فەیبوک و ئینتەرنێتەوە. پارتی و پاراستن بە وردی ئاگاداری ئەمەن. جاسوسەکانیان خۆیان ترنجاندۆتە نێو ئەم چالاکیانەوە و سات بە سات راپۆرت دەنێرن بۆ شیکردنەوەیان. ئەمەش لەبەر بلیمەتی خودی پارت نیە بەڵکو بەهۆی سروشتی شۆڕشە ئینتەرنێتیەکەوەیە. پارتی زۆر بە وردی چاوی خۆی دەبڕێتە سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، چونکە هەموو دەلالەتەکان بە ئاڕاستەی ئەوەن کە چەقی پەنگخوارنەوەکە لەوێیە و خاڵی کوڵان و وەرچەرخانەکە ئەوێ دەبێت. بۆیە لقی چوار ئامدە دەکەن، پڕچەکی دەکەن، بە کەسە دڵڕەق و کینە لەدڵ و پیوکوژەکان دەیتەنن. دەتیان بەرەڵا دەکەن کە بەوجۆرەبکەن کە دیمان.
راکێشانی کۆبونەوە جەماوەریەکە بە ئاڕاستەی لقی چوار. ئەوانەی بەرەو ئەوێ دەچن زۆربەی هەرە زۆریان گەنج و دڵگەرم و کەم ئەزمونن. بەکەمترین توڕەکردن ڕادەکێشرێنە ناو ئەو گەمەیەی خۆیان بیانەوێت، و ئنجا بە دڵڕەقترین و بێشەرمانەترین شێوە بەبەرچاوی لایەنگران و ناحەزانی پارتیەوە گولەبارانیان دەکەن. ئەمە دوای ئەوەی لە ڕێی جاسوسەکانیانەوە لەناو خەڵکەکەدا، و لە ڕێی دیراسەکردنێکی وردی ئاپۆراکەوە لەلایەن کەسەکانی سەر سەربانەکەو ناو بیناکەوە دڵنیا دەبن کە خەڵکەکە نێچیرێکی ئاسانن چونکە چەکی بەرگری لەخۆکردنیان پێ نیە.
کاردانەوەی جەماوەرەکەو هەوڵدان بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو زیانانەی لێیان کەوتووە و دوبارە هەوڵدان بۆ هەسانەوەو دەست پێکردنەوە لە پاش ڕوداوەکەو لە ڕۆژەکانی دوایدا. نێچیر خۆی لە چاوپێکەوتنەکەیدا نەیشاردەوە کە بە وردی چاودێری فەیسبوک و روداوەکانیان کردووە.
هاتنەقسەکردنی نێچیر و مەتنی و گۆڕینی کەش و هەوای ئەو پرسیارانەی خەڵکی بە گشتی دەیانکات و چڕکردنەوەی دیدەکان لەسەر خودی ڕوداوەکە نەکو لەسەر پێشینەی هۆکارو داواکاریەکان. لەلایەک هەڕەشە دەکەن بەوەی کەس نیە تەعدایان لێبکات و بەوەی ئوان دەستوەشێنی بێ بەزەیین، بەمەش ئەهمیەت و مەغزای کوشتارەکە بە ئەنقەست و بەبەرنامە دەگۆڕن بە شتێکی تر. دواتر هێنانی نێچیر و دانانی خۆیان بە غەدرلێکراو. ئەمەش ڕاڤەکردنی زۆر هەڵدەگرێت. ئەمەیان زیاتر بەلاوەکی کردنی ئامانجەکانی ڕاپەڕینەکەیە و بچوککردنەوەیەتی لە حەدەسەکەدا. لە خودی پارتی خۆیاندا و لە فەرامۆشکردن و بە سانەوی کردنی بارامبەردا.
ئەمەیان زیاتر موخاتەبەکردنی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان لەوەی هی ڕاپەریوەکان بێت. هەوڵدانیشە بۆ تۆخکردنەوەی سنورە بەرجەستە دروستکراوەکانی نێوان ناوچەی سلێمانی و ژێر دەسەڵاتی خۆیانە. بۆ دوبارە دابڕینی سلێمانیە لە بەشەکانی تر و بەوجۆرە حەسرکردنی شٶڕشەکەیە تیایدا. بەمە ئەو کەشوهەوای هەست بەیەکبونەی لەنێوان هەموناوچەکاندا هەبوو تێکدرا و مەسەلەی سلێمانچێتیان دروست کردەوە. بۆ ئەوەی پەرتکەن و زاڵ بن. خۆیان دەیانزانی ئەو یەک پەرلەمانی و یەک حکومەتیەی دروست بووە گەر کارتۆنیش بن هیوایەکیان بە رکابەرەکان دەبەخشی


بۆ یەکبونی هەمو کوردستان و دواتر لە کاتی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتگرتنە دەستی، هەلی نەهێشتنی هەژمونی پارتی و یەکێتی یان کەمکردنەوەیان باشتر دەبوو. لەم کرداری پەرت کەو زاڵبەدا وەکو لە نوسینەکانی تردا ئاماژەم پێکردوە یەکێتیش بەشدارە.
پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بە بەزمێکی لەو جۆرە بەردەوامی بە ڕێکەوتنە ستراتیجیەکەیان بدەن بۆ دابەشکردنی داهات و نەهێشتنی موعارەزە و هێشتنەوەی دەسەڵات لە دەستیاندا و رێگرتن لە دەستاودەست کردنی.
پارتی لەم ریگەیەوە دەیەوێت ڕێگە لە هەڵگەرانەوەی ئەندامە بە ویژدانەکانی بگرێت و لە بەرامبەر ئەو بێ ویژدانیەی بەرامبەر گەنجەکان کرا بێدەنگ بن. بەوەی بڵێن ئەوە ئێمەیە غەدرمان لێکراوەو خەڵکی سلێمانی هەر رقیان لێمانەو ئێمە لەوێ دەسەڵاتداریش نین کەچی لە ئێمە دەدەن و ماڵمان لێ داگیر دەکەن. پارتی هەر پارتیەو باش و خراپی لە لایەن سلێمانیە کۆنە یەکێتیەکانەوە هەر بە یەک چاو سەیردەکرێت.
سلێمانی هەر سلێمانیەکەی جارانەو شەڕانین. ڕقیان لێمانە. بەم جۆرە دو حکومەتەکەی هەولێر/سلێمانی جاران بهێننەوە ئارا. لە روی جوگرافیەوە دوبارە دەسەڵاتەکان دابەش بکەنەوە.
لەم موخاتەبەیەدا پارتیش و یەکێتیش سودمەندن. گەر ئەمجارە لانەبران ئەوا لە ئایندەدا بەئاسانی هەژمونەکەی پێش ١٩٩٨ یان دەسەپێننەوە. بەڵام ئەمجارەیان بە هاوئاهەنگی. هەرکەسێکیش لە لایەک لە لاکان لە دژیان هەڵسایە سەرپێ بە هەردوکیان پەلاماری بدەن بەو شێوەیەی ئەمجارە کردیان.
میرانیش بەوەی وتی تەعدا لەکەس قبوڵناکەن شەرعیەتی دیفاع لە خۆکردن دەدات بە خۆیان و بە رکابەرەکانیش دەڵێت دەتان کوژین، بە لایەنگرانیش دەڵێت کە بەهێزن.
ئێستا مەتنی دەڵێت ئامادەن لە سلێمانی بکشێنەوە، دوایی بیانوشیان پێ دەبێت نەهێڵن گۆران یان موعارەزەکان بگەڕێنەوە هەولێر.
مەسعود لە رێگەی تەلەفونکردنەوە دەگەرێتەوە ناو ساحەکە. هەرچەندە کورەکەی ئەدهەمیش بێت تەلەفونەکەی کردبێت ئەوا بە ناوی مەسعود بوەو ئەو دێتەوە ناوناوان، گەر حاجی عەلیش بە هەڵە وایزانیبێت مەسعودە لەوە کەمناکاتەوە کە مەسعود ناوو وجودی هاتەوە. ئەگەرچی ئەم کردارەی مەسعود چەند دەلالەتێک هەڵدەگرێت: یەکەم کە مەسعود پیاوێکی نا تەوازونە و لە روی دەرونیەوە لە ریزی ئەو نەخٶشانەدایە کە پێیان دەوترێت سایکۆپات. ئەوانە قوربانیەکانی ژێر دەستیان بەتەواوی دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی نەفسی و جەستەییەوە. لێرەدا مەسعودی بەرپرس لە کوشتنی ڕێژوان بەناوی بەسەرکردنەوەوە، و بە بەکارهێنانی نەریتی کۆمەڵایەتی سوڵح و پەنا بۆ بردن و پاڕانەوە دڵی قوربانیەکە رادەگرێت، گەر قوربانیەکە رێگر بێت لەوە ئەوا زەربەی تر دەخوات. لاشەیی نا بەڵکو بەوەی لەناو خەڵکدا بڵاوبکرێتەوە کە کابرایەکە لە نەریتی کوردەواری لای داوە. هەروەها مەسعود بە خەڵکیش دەڵێت کە ئەو هەر باوکی میللەتە.
کە باوکی ڕێژوانیش دەکەوێتە ئەم تەڵەیەوە هۆکاری زۆرە، لەوانە ئەو هێشتا لە ژێر کاریگەری شۆکی لەدەستدانی کوڕەکەیدایە، لەبەر ترس و دەرەقەت نەهاتنی ئەو هەمو پیاوکوژانە و ترسان لەوەی لە ئایندەدا بە تەنیا بمێنێتەوە، هەروەها بەوەی ئەو وەکو قوربانی لە حاڵەتێکی دەرونیدایە کە پێی دەوترێت دیاردەی یان سیندرۆمی ستۆکهۆڵم. ئەمە دیاردەیەکە کە کاتێک یەکێک قوربانیەکەی وا عەزاب دەدات کە لە ڕوی سۆزەوە بەزەیی بە زاڵمەکەیدا بێتەوەو ئالودەی دەستی بێت.
ئەم مەسعودە سایکۆپاتە پلانی نمرە B شی داناوە بەوەی کورەکەی ئەدهەمی پیاوکوژە بە حاجی عەلی دەڵێت من بچوکیت دەکەم. گەر حاجی عەلی بەدەم داواکەیانەوە نەچو ئەوا دوایی بوترێت سەرۆک مەسعود لەوە گەورەترە پەیوەندی بە باوکی ئاژاوە گێڕێکەوە بکات، ئەوە کوڕەکەی ئەدهەم بوە ڕای بواردوە.
لە لاکەی تریشەوە هیوای جێبەچێکەری تاوانەکە بە بێ پرس دەبەنە ماڵی کوژراوەکەو ئەو نەریتە ئیستغلال دەکەن کە "گەر بکوژیش هاتە ماڵەکەم عەفوی دەکەم".
هەرچەندە حاجی عەلی ئەوەشی چاوەرێ نەکردبێت یان پێیشی ڕازینەبێت.
ئەمە خۆی لە خۆیدا کە هیوا چوەتە ئەوێ سەرپۆپکەی حاڵەتی سایکۆپاتیەکەیە جا بە هەر ناوێکەوە بێت. چونکە ئەوە یاسایە دەبێت بریار بدات هیوا بە چی حوکم بدرێت، بە ئازادکردن یان بە حوکم دان. باشە گەر حاجی عەلی لێیان بهاتایە دەست و بیکوشتنایە چی دەبوو؟
ئێمە وەکو میللەت دەبێت بە هەموو جۆرێک دەست بدەینە ژێر باڵی حاجی باوکی رێژوان و هاریکاری بکەین. لەم ساتە ناسکەی ژیانیدا و لەم بارە دەرونیەیدا نابێت مەحکومی بکەین و ئەویش روحی دەرچێت.لە وڵاتە پێشکەوتوەکان لیژنەی بەهاناچونی تایبەتی دەرونیی ئاگای لەو جۆرە قوربانیانە دەبێت. با وەفامان بۆ رێژوان هەبێت و حاجی لە بەرەی خۆمان دەرنەکەین. ئازادیی ئینسانی جەنگاوەر پلەیەکی بەرزە لە ئازادی هەموکەسێک بە ئاسانی نایگاتێ. ئێمە نابێت بە سەر حاجیا فەرزکەین ئەویش وەکو رێژوان ئامادەگی قوربانیدانی تیابێت. ئەو ئامادەگیە حاڵەتێکە لە فەناکردنی هەموبەربەستێکی دەرونی و ناخ کە ڕێگرە لەبەردەم ئەو هەڵچونو ئازادبونەدا. هەمو کەس ناتوانێت ببێتە پێشمەرگەو فیدایی. گەرحاجی نەیتوانی ئەو حاڵەتە لای خۆی بەرجەستە بکات مانای وا نیە خاینە یان خراپە.
بەرای من حاجی مرۆڤێکی زۆر باش و خاوەن ئەخلاق و پرنسیپی بەرزە، دڵپاکە و دڵپاکیش بە ئاسانی ئیستغلال دەکرێت. ئەوە ئەو نیە خراپە، ئەو قوربانیە، بکوژەکانن خراپن و بەدفەرن.
گەر لە حاڵێکدا حاجی سوڵحیشی کرد ئەوە بڕیاری خۆیەتی و هیچ لە قوربانیدانەکەی ڕێژوان بۆ میللەت کەم ناکاتەوە. ئەوکاتە لە بەهای خۆی وەکو باوکی شەهیدێک کەم دەکاتەوە نەک لە بەهای شەهادەتەکەی رێژوان. بۆیە تکام لە میللەت ئەوەیە یارمەتی بدەن و دژایەتی نەکەن، رێگەی راستی بەزمانی دۆستایەتی نیشان بدەن.
مەسعود، یان کورەکەی ئەدهەم، لە تەلەفۆنەکەدا دەڵێت رێژوان کوری خۆیەتی، ئەمە سێبارەو چەند بارە کوشتنەوەی رێژوانە چونکە ئەیخاتە ریزی تەحسین و سابیر و قالە فەرەجی برایەوە. رێژوان بەهیچ جۆرێک کوڕی مەسعود نیە، مەسعود روحکێشی ڕێژوانەو هیچی تر.
پلانی B کەی مەسعودیش لە مەسەلەی سوێندخواردنی ئەو حاجیە دەچێت کە کاڵایەک دەفرۆشێت و دەست بە پشتێنەکەیەوە دەگرێت و دەڵێت بەخوا هەر پێنج فلسیەکی تیایە کە خۆی پێشتر تیا داناوە، واتە هەر ٥ فلس خێر دەکات. قسەکەی مەسعودیش کە وتویەتی خۆی بە بچوکی حاجی دەزانێت لە ئایندەدا گەر پێویستی کرد دەڵێت "من نەبوم ئەوە کوری ئەدهەم بووە".
کورت و موختەسەر بڵێین پارتی موخاتەبەی سۆزی ئەندامەکانی کرد بەوەی وتی غەدری لێکراوە، بیانوی بۆ بەجێهێشتنی سلێمانی داوە بەدەستەوە، بە ئێمەش دەڵێت لێتاندەدەم و تەعدا قبوڵناکەم و لەگەڵ یەکێتیش بەرنامەی دابەشکردنی وڵات بە شێوازێكی نوێی کۆن دوبارەدەکەنەوە.
سەرنجەکانیشمان لە ئامانجە سەرەتاییەکانی شۆڕشەکەمان لادەبات و بە شتی ترەوە خەریکمان دەکات.
خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان کە دەڵێن بنەماڵەکان تاوانبارن لەو مەرجەعە یاساییەوەیە کە هەرکەسێک فرمانی دەرکرد جەریمە بکرێت، یان یارمەتی و داڵدەی موجریمی دا و بەرگری لێکرد ئەوا خۆشی تاوانبارە. ئەمە لەم مەسەلەی دەستدرێژیەدا، بەڵام لە مەسەلەکاندا کە هۆکاری هەڵگیرسانی شٶڕشەکەن ئەوا ئەوان تاوانبارن بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان.
پارتی پێویست ناکات لە سلێمانی دەرچێت، پارتی با بچێت بە پیری داواکانی خەڵکەوە. با داواکان جێبەجێ کات و لە هەمان کاتدا دەست لە دەسەڵات هەڵگرێت و توانبارەکانیش بداتە دەست دادگا. ئەوە چارەسەرە نەکو چۆڵکردنی سلێمانی گەر ئەو بەرنامەیەیان بەدەستەوە نیە کە باسمان کرد.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە