کۆنگرەی سیانزە و نەیاران و ناحەزانی پارتیمان .....!
Friday, 24/12/2010, 12:00
لە روانگەی پارتی سوپەر دیموکراتی کوردستانەوە ، نەیاران و ناحەزانی پارتی هەموو ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە ئەندامی پارتی بە ناو دیموکراتی کوردستان نەبن ، یاخود رۆژێک لە رۆژان رەخنەیەکیان لە و پارتە گرت بێت. لە هەموو گووتارەکانی پارتییەکاندا هێرش دەکرێتە سەریان و قسەی سووک و ناشیرینیان پێدەگووترێت . ئەمە هەمووی لەو روانگە سیاسییە ناسراوەوە دێت کە دەڵێ : ئەوەی لەگەڵمدا نەبێت دوژمنمە.
گەلۆ ئەرێ بەڕاست پارتی کۆنگرەی بەست یان کۆنسێرتی گێڕا..؟؟؟ ئەوە پرسیارێک بوو هونەرمەدێکی ناسراو لە منی کرد ..! ئەمنیش لەوەڵامدا گۆتم وەڵابابم ئەوە لۆ زۆربەی کورد بۆتە پرسیار. ئیتر ئەوە پارتییە چ دەرێی .. ! دەیان گۆرانیبێژیان بەکرێگرت بوو بۆ کۆنگرەکەیان .. شڤان ، نەجمەدین غوڵامی، چۆپی ، نازدار ، تەنیا عارەب عوسمان، خدر خۆشناو، خەیرۆ عەباس ، رۆژهات ،عەزیزی وەیسی ،گوڵستان ، فاتێ ، رۆژین ،کچێکی هەولێری وەک خۆی گووتی ..هتد
شایانی باسە هۆنەرمەندێکی ئافرەتیش هەیە کە دەستی بە گریان کرد بوو چونکە پارتی سوپەر دیموکراتی بانگیان نەکرد بوو تا سەما یان بۆ بکاتن لە کۆنسێرتەکەیاندا ، ئەگەرچی ئەو بە قەولی خۆی بووکە سەماکەرەی پارتەکەیشیان بووە و لە هەموو بۆنەکانیاندا بەشدار بووە ، پشتیشی کردۆتە خەڵکی شارەکەی خۆی و ئاوارەی هەولیر بووە بۆ خاتری پارتییە سوپەر دیموکراتییەکەی کەچی بە قەولی خۆی پارتەکەی بێوەفا دەرچوو.
هەرچۆنێک بێت هەرکەسەکی ئەو بەنێو کۆنگرەیەی دیتبێت یان بەشدار بووبێت و کەمێک ئاوەزی بخاتە کار گەلێک خاڵی دیارو ئاشکرای هاوبەش دەبینێتەوە لە نێوان کۆنگرەو رەفتاری بەعسییەکان و پارتییەکانی لەمەڕ خۆماندا . بەڕاستی هەردوولایان جێگەی بەزەیی پیاداهاتنەوەن..
ئەمانەی خوارەوە هەندێکن لە گرنگترین خاڵە هاوبەشەکان
# گەورە کردنی سەرۆکی فەرماندە مسعود (حەفیزە هوڵاوە رەعاهوو) تا ئاستی خوایەتی و لەوێنە نەبوونی نەک تەنها لەنێو ئەندامانی کۆنگرەو پارتی و کورددا بەڵکوو لە سەرانسەری جیهاندا بێوێنەیان کرد .
# سەرۆکی فەرماندە مەسعود تەنها کەس بوو چەپڵەی لێنەدا کاتێک گۆتیان ئێستا سەرۆک هەڵدەبژێرینەوە . چونکە دەیزانی شانۆگەرییەکە کوو دەچتە ڕێوە کوو بڕیاردرایە ، هەر جەنابی بەبەیعەت و چەپڵە دادەنرێتەوە.
# تەنها یەک ئیختیار درابوو بە ئەندامان ئەویش پارچە کاغەزێک لەسەری نووسرابوو (بەڵێ) بۆ بەیعەت دانەوە بە سەرۆکی فەرماندە ، ئەوە هەموو هەڵبژاردنەکەی پارتی سوپەر بە دیموکراتی کوردستان / عێراق بوو.
# بەخشینەوەی ( نۆتە شوجاعە ) بەسەر نۆکەرو دەستوپێوەندەکانی سەرۆکی فەرماندەدا لە لایەن جەنابی سەرۆکەوە(حەفیزە هوڵا وە رەعاهوو) .
# خڕبوونەوەی ماڵباتی بارزانی فەرمەنڕەوا لە نزیک یەکتری و چپە چپە و سەربەیەکەوە نانیان بۆ باسکردنی خەڵکانی دەرەوەی بنەماڵەکەیان .
# ڕێکخستنی سیناریۆیەکی موخابەراتی دەزگای پاراستن بۆ هاوار کردن و دروشمدان بە دەنگێکی ئەو تۆ کە خەڵکان و ئەندامانی ناو هۆڵەکە ئەوەی کە ئاگاداری سیناریۆکە نەبوون زۆر ترسان و زۆرتر بە کودەتا دەچوو وەک لە هەڵبژاردن و کۆنگرەو شتی وا. لەو کۆنگرەیەی سەدام حوسەین دەچوو کە تیایدا هاوڕێ حیزبییەکانی خۆی بە سزای لەسێدارەدان حوکمدا.
مەسرور ئەو سیناریۆی هاوار و نەڕە نەڕەی رێکخست بوو خۆیشی هەرلە پشتەوە بۆ بەڕێوەبردنی سیناریۆکە لەگەڵیان دانیشت بوو . سیناریۆکە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکانێکی دیاریکراو بوو .. بەڵام هەیهات هەیهات مەسرور خۆ جەنابت لە عودەی سەدام حوسەین شەریف تر و قارەمان تر نابیت .. چاوەڕێ بکە ئەمڕۆ بێت یان بەیانی چۆن دەکەویتە ژێر پێی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانەوە.
# رێکخستنی ئاهەنگی گۆرانی بەسەر باڵای سەرۆکی فەرماندەدا و بەسەر نێچیردا کە ئەویش پێشتر ڕێکخرا بوو وە هەر دووبارە بۆ ریسواکردنی ئەندامانی کۆنگرەبوو تا پێیان بڵێن کەس بیر لەسەرکردایەتی ئەم حیزبە نەکاتەوە. پانابردن بۆ گۆرانیبێژ بۆ فریودانی خەڵکە و هیچی تر چونکە حیزبی ناوبراو بەخۆی پردێکی دیالۆگی نییە لەگەڵ جەماوەردا ناجار پەنا بۆ بەکرێگرتنی سترانبێژ و بووکەسەماکەرە دەبات تا لەڕێگای ئەوانەوە پردێک بنیات بنێ .
# پارتییەکان بەشێکی زۆر باش لە جەماوەر بە دوژمن و نەیار و ناحەزی خۆیان دەزانن و لە هەموو بۆنەیەک و گووتارێکیاندا هێرشیان دەکەنەسەر و ئەم دیاردەیە لە کۆنگرەدا بە زەقی دیار بوو .
# دووجار وە دوو کەس داوایان لە سەرۆکی فەرماندە کرد کە ببێتەوە بەسەرۆک ، سیناریۆکە وا ڕێکخرابوو کە هەردووکیان ئافرەتێک و پیاوێکی سەر بە دەزگای پاراستن بە ناوی خەڵکی سلێمانییەوە داوا لە جەنابی سەرۆک بکەن و بپاڕێنەوە بەڵکوو ئەوە خوایە سەرۆکایەتی حیزب وەربگرێتەوە تا پەزەکان گوورگ نەیانخوات ... چونکە ئەندامانی پارتی لە هەمبەر سەرۆکدا خۆیان پێ لە پەز و مەڕوماڵات کەمترە . هەرجەندە ئاشکرایە کە پەیوەندی سەدام چۆن بوو لە گەڵ خەڵکی سلێمانی هینی بارزانیەکانیش هەروایە و سەدام زۆرتر لە مەسعود بارزانی سلێمانی دیتووە و سەردانی ماڵەکانی کردووە ئەگەرچی بە دوژمنی سەرسەختی خۆیشی دەزانین ئەم بۆچوونە بۆ خەڵکی سەربەرزی گەرمیانیش راستەو ئەوانیش هەرهەمان شێوەی سلێمانی رەفتاریان لەگەڵدا کراوەو دەکرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست