عەلی قەرەداغی کوردێکی نیشتیمانپەرەوەرە یان نوێنەرێکی ناسیۆنالیزمی عەرەبی
Thursday, 05/08/2010, 12:00
من وەک چاودێرێک بەردەوام چاودێری دۆخی سیاسی و کاروباری بزووتنەوە ئیسلامییەکان ئەکەم و بایەخ بەو پرسە ئەدەم ، پاش ئەوە عەلی قەرەداغی و کۆنگرەکەی زانایان لە ئەستەنبول کۆمەڵێک لێدوانییان سەبارەت بە پرسی پەکەکە و کوردی باکوردا رەخنەگەلێکی زۆر ئاڕاستەی عەلی قەرەداغی کرا،بە چاوپۆشین لە ناوەڕۆک و جۆری ئەو رەخنانە راستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە رەخنەگرتن هەر ئاستێکی هەبێ سروشتێکی ژیانی دیموکراتییە، ئەبێت قەبوڵ بکرێت و ئاسایی وەربگیرێت،بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە نوسینگەی عەلی قەرەداغی وەڵامێکی توندی ئەم خەڵکانەی داوەتەوە و ئەم پیاوە میانڕەوە خێرخوازە جوێنبارانی نوسەران ئەکات و نوسران بە نەشارەزا، تێنەگەیشتوو، نابەجی، و نجیرەیەک تۆمەت و جوێنی تر، بۆیە من لێرەدا بەخێرایی شیکارێک بۆ عەلی قەرەداغی و نوسینەکەی ئەکەم
پێش هەموو شت پێویستە ئەوە روون بکەمەوە ئەو لاف و گەزافەی عەلی قەرەداغی بۆ هەڵبژاردنی بە ئەمینداری رێکخراوی یەکێتی زانایانی جیهانی مسوڵمان لە جێی خویدا نییە و موبالەغەیەکی بێ سنووری پێوە کراوە ، ئەم رێکخراوە رێکخراوێکی ئیخوانییە و تەنها نوێنەرایەتی زانایانی ئیخوان ئەکات لە جیهانی ئیسلامیدا، واتە ئەم رێکخراوە نوێنەری کۆی زانایانی جیهانی ئیسلامی ناکات بەڵکو تەنها نوێنەرایەتی رەوتی ئیخوانی ئەکات و تەعبیر لە بەرژەوەندی رەوتێکی سیاسی وەک ئیخوان موسلمین ئەکات، ئاشکراشە ئیخوان رێکخراوێکی پەراوێز کەوتوەو تەنها یەکێکە لە گرووپەکانی جیهانی ئیسلامی و هیجی تر ، ئێستا لە جیهانی ئیسلامیدا چەندەها رێکخرا و کەسایەتی دیکە هەن کە سەرچاوەی ئایین و فتوا ئەدەن، بۆ نموونە لە هەموو ئەوروپا فتوا لە پیاوێکی وەک تاریق رەمەزان و دۆستەکانی وەر ئەگیرێت نەک قەرزاوی و رێکخراوەکەی، ئەم رێکخراوە تەنها وەجهیچکی ئیخوانییە و رێکخراوێکی بچووکە و بایەخێکی ئەوتۆی نییە ، ئیدی شایەنی ئەو لاف و خۆبادانە نییە ، بەڵام بەداخەوە ئەیانەوێت فێل لە هۆشیاری مرۆڤی کورد بکەن و بڵێن ئەم رێکخراوە زۆر موهیمە و وەک نوێنەری هەموو زانایانی جیهانی ئیسلام بیخەنە بەرچاو
کاری خێرخوازی یان دروستکردنی پێگەیەک بۆ ئیسلامی سیاسی
لە وەڵامەکەی عەلی قەرەداغی و زۆر بۆنەی دیکەدا باس لە کاری خێرخوازی رابیتەی ئیسلامی ئەکەن و وەک شانازییەک ئەیخنە روو ، بەڵام ئایا بەراست رابیتە کاری خێرخوازی کرد؟ یان کاری خێرخوازی تەوزیفکرد بۆ کاری سیاسی ئیسلامی ؟ بە رای من ئیشەکانی رابیتە لەم مەیدانەدا فەزیحەیەکی ئەخلاقی و ئایینی بێ وێنەیە ، چونکە تەواوی کارە خێر خوازییەکانی رابیتە لە سەرەتای راپرینەوە هەتا ئێستا تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەی خەتی ئیخوان موسلمین بوە لە کوردستاندا ، هەر مناڵێکی هەتییو بێ باوک ، هەر پاشماوەیەکی ئەنفال رابیتە مانگانە دوو فلسی پێدا بێت ناچاری کردوە وانەی ئایینی عەقیدە و قورئان بخوێنێت و کچە هەشت نو ساڵانەکانیان لە چک بکەن، ئەم دەر خوێندنە کە پێ ئەوترا ئوسرە لەلایەن کادرێکی ئیخوانەوە بەرێوە ئەچوو و دواتر ئەو کادرە هەست و فکری هەموو ئەو مناڵانەی داگیر ئەکرد و ئەیکردن بە ئەندامی یەکگرتووی ئیسلامی ، یان باشتر وایە بڵێین ئەیکردن بە قوربانی تەماعی سیاسی سەرکردە ئیخوانییەکان، ئایا رابیتە ئەتوانیت ناوی یەک منالی هەتیوم پێ بڵێ کە ئەو موچوی پێدابێت و ناچاری نەکردبێت وانەی ئایینی بخوێنێت؟ یان ناوی یەک کچم پێ بلێ فلسێکی وەرگرتبێت و ناچار بە لەچککردن و موحەجەبە بوون نەکرابێت؟ من بە بەڵگەوە هەموو ئەوانەم لایە و خۆم لە واقیعەدا ژیاوم ، خۆم شایەدی ئەوەم کە چۆن رابیتەی ئیسلامی و ئیغاسەی ئیسلامی و رێکخراوی نەدوەی ئیسلامی بە هەمو توانایانەوە خەریکی ئیستیغلالی هەژاری خەڵکی کورد بوون و پێگەی ئیسلامی سیاسییان فراوان ئەکرد و خەتی ئیخوانیان بەهێز ئەکرد
دروستکردنی مزگەوت یەکێکی دیکە لە کاروبارە خێر خوازییەکانی رابیتە دروستکردنی مزگەوتە ، بۆ مزگەوت؟ چونکە مزگەوت لە سەردەمی نوێدا میحوەری چالاکییەکانی ئیسلامی سیاسییە، هەتا مزگەوت زۆرتر بێت پێگەیەکی زیاتر بۆ ئیسلامی سیاسی دروست ئەبێت ، هەر مەزگەوتێک رابیتە بە پارەی شێخەکانی کەنداو دروستی کردبیچت، ئەگەر لە کوێرە دێیەکیشدا بێت ئەوا بە کاری مزگەوتەکە بە کادرێکی ئیخوان سپێردراوە، لە سەرەتای راپەرینەوە کە پاشاگەردانی هەموو کوردستانی گرتبوو عەلی قەرەداغی لە رێگەی دروستکردنی مزگەوتەوە خەریکی فراوانکردنی چالاکی ئیخوان موسلمین و بنکۆڵکردنی بە ناو پارتە عەلمانییەکان بوو
ئەگەر جارێک ئەمە عەیبە بێت بە ناوی شتێکی دنیاییەوە خەڵک بخەڵەتێنیت ئەوا سەد جار عەیبە بە ناوی مزگەوت و خوا و قورئانەوە خەڵک تەوزیف بکەی بۆ کاری سیاسی، سیاسەت دنیایە و دین قیامەت ، سیاسەت بەرژەوەندی ئەیجولێنێت بەڵام دین ئەخلاق ، بۆیە وەک سەرەتا ووتم ئەو ئیشەی عەلی قەرەداغی کردی فەزیحە بوو، ئەگەر ئەو ر است ئەکا کاری خێرخوازی ئەکان هەقی چییە بەسەر بیروباوەری کەسەکانەوە، بە چ هەقێک لەچک ئەسەپێنێت و ناچار بە دەرس خوێندنی ئاینییان ئەکات
خاڵێکی دیکەش کە باسی ئەکات بریتییە لە کاری خێرخوازی تەندروستی ، ئەمەش شتێکە تەنها خەڵکی سادە و بێ ئاگا باوەڕی بێ ئەکا، ئەوەی ئەو ناوی ئەنێت عیادەی خیرخوازی مانگانە چەند ملیۆن دینارێک قازانج ئەکات، بۆنموونە تەنها لە عیادەی تەندروستی سلێمانی مانگانە نزیکەی 6 ملیۆن دینار قازانج ئەرواتەوە بۆ لقی سلێمانی رابیتە، جا توخوا لە کوێی دنیا بۆ کاری خێرخوازی قازانج بکات؟ عیادەکانی بە ناو خێرخوازی رابیتە نرخی چوونە ژوەرەوەکانی هەرزان نییە و رۆژنە ژماریەیکی زۆر بلیت ئەبرێت ، وە جۆری دەرمان و پێویستەییەکانیان هەرزانە بۆیە قازانج ئەکەن ئەوەش نەک خێرخوازی نییە بەڵکو بازرگانییە
ریکخراوی جیهانی زانایان و وڵاتانی خۆرئاوا
ئەو روونکردنەوەیەی نوسینگەی عەلی قەرەداغی بەراستی روونکردنەوەیەکی کۆمیدیە، بەڵام کۆمیدیایەک کە لەسەر بنچینەی فێلکردن لە هۆشیاری مرۆڤی سادە دامەزراوە ، گاڵتە بە عەقڵی خەڵک و ا ئەزانی ئەوەی ئەیڵێ لە کۆبوونەوەیەکی مەڵبەندی یەکگرتوودایە تا کەس موناقەشەی نەکات، ئەو روونکردنەویە بەگەشبینییەوە لە بارەی نەک پەویەندی رێکخراوەکە و جیهانی خۆرئاوا ئەدوێت، بەڵکو باس لە قەبوڵکردنی چەمک و بەها خۆرئاواییەکانیش ئەکات ئەڵێت(لەبەرئەوە یەکێتى جیهانى زانایانى موسڵمانیش کە لە زۆربەى وڵاتانى رۆژئاوادا بارەگاى هەیە، خاوەنى دیدو تێڕوانینێکى مەدەنىو کراوەیەو بڕواى بە پەیڤینو گفتوگۆى شارستانیەکان هەیە، هەرگیز ناکۆک نییە لەگەلڕ دیدو تێروانینى رۆژئاواییەکان کە باس لە دیموکراسىو مەدەنیەتو رێزگرتنى بەرامبەر دەکەن))
لە راستیدا ئەو رێکخراوە کە بەرجەستەی فیکر و تیروانینی ئیخوانی ئەکات کەمترین کرانەوەی نییە و بوونی بارەگاش هەرگیز هێمای کرانەوە نەبوە ، بەڵکو رابەرەکانی ئەم رێکخراوە بە مونزیری توندرەوەی جیهانی لەقەڵەم ئەدرێت ، بۆ نموونە یوسف قەرزاوی کە عەلی قەرەداغی بە هەموو کەفوکولێکەوە بەرگری لێ ئەکا چەند ساڵ پێ ئێستا فتوای بۆ کارە تەقینەوەو خۆکوژییەکانی فەلەستیندا، فتوای بۆ ئەوەدا گەنجێکی توندرەو لەناو پاسێکی منداڵانی ئیسرائیلدا خۆی بتەقێنێتەوە، فتوای بۆ هەموو کارە بەناو ئیستیشهادییەکانی فەلەستین دا ، هەر لەوێوە فەلەستین نوقمی خوێن بوو، پاش ئەوەش هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا ئەوەیان رەتکردەوە ڤیزا بدەنە قەرزاوی سەردانی وڵاتەکانیان بکات
پاشانیش هەر قەرزاوی و زانایانی رێکخراوەکەی عەلی قەرەداغی بوون پشتگیریان لە بەناو مقاوەمەی عیراقی کرد و لەوێوە شانسی توندوتیژییان زیاترکرد ، کاتێکیش راپەرینی ساڵی 1991 بەرپابوو ئیخوان موسلیمنی نێو دەوڵەتی بەیاننامەیەکی دژی راپەرینی گەلی کورد دەرکردوو رایگەیاند ئەوە هەوڵێکە بۆ پارچە پارچە کردنی جیهانی ئیسلامی، رێکخراوەکەی عەلی قەرەداغی جگە لە بەشێک لە پێداویستییەکانی بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی عەرەبی شتێکی دیکە نییە
پاشنایش ناکرێت نوسینکەی عەلی قەرەداغی ئەزییەت بکێشێت ئەوەمان بۆ روون بکاتەوە چۆن ئەوان دیموکراسی بەیەکەوە ئەگونجێن؟ ژمارەی ئەو کتیبانە چەندە کە زانایانی رێکخراوەکەی عەلی قەرەداغی بەرهەمهێناوە و تیۆریزەی گونجاندنی ئیسلام و دیموکراسی ئەکەن؟ لەوەش کۆمیدی تر باس لە مەدەنییەت ئەکەن ، دیار من لەسەر ئەوە هیچ ناڵێم ئەوەندە نەبێت کەسێک رێز لە خۆی بگرێت لە خۆیەوە وشە و دەستەواژە بەکار ناهێنێت ، کۆمەڵگای مەدەنی چەمکێکی خۆرئاواییە و ریشە و فەلسەفە و مێژووی خۆی هەیە و شەرمەزارییە ئەم پرۆفیسۆرە ئاوا بی باکانە بەکاری ئەهیچنێت، ئەلف و بای مەدەنییەت عەلمانییەتە، ئایا عەلی قەرەداغی عەلمانییەتی قەبولە ؟ ئایا ئەتوانی وەک تاریق رەمەزان جورئەت بکات و بڵێت پێویستە دەوڵەت بیلایەن بێت، یان وەک عەلی عەبدولرەزاق بە ئاشکرا بڵێت سیستمی دەوڵەتداری لە ئیسلامدا نییە ، یان وەک فەقیهی یاخی بڵیت ئیسلام و دەوڵەت لە یەکتر جیاوازن
عەلی قەرەداغی و مەسەلەی کورد
جارێ پێش هەمووشت بابەتی ئیسلامییەکان و مەسەلەی نەتەوەیی کورد لای من بابەتێکی گرنگی توێژینەوەیە ، هەڵبەتە نەک عەلی قەرەداغی بەڵکو ئەمە قەیرانی هەموو ئیسلامییەکانە و ئیسلامییەکان بە گشتی دیدێکی رۆشنیان بۆ مەسەلەی نەتەوەیی نییە و دیدی ئەوان لە وەعز و خوتبە دەرنەچوە ، بەڵام نەبوونی خیتاب و دیدی رۆشن بۆ کورد جیاوازە لە دژایەتی کورد و ناوبردنی بە تێکدەرە و ئاژاوە گێ، لێداوانەکانی قەرزاوی لەبارەی کوردەوە کاتێ ووتی ئەو کارە تێکدەرانەی دوای کەشتیگەلی ئازادی لە تورکیا رویاندا کاری تیرۆریستییە راستەوخۆ خەباتی کوردی بە تیرۆریست ناو برد، بەراستی نەک هەر شەرمێکی گەورەیە بۆ قەرزاوی بەڵکو بێ شەرەفییەکی گەورەیە، ئەگەر قەرزاوی شەرەفی هەبوایە چاوی ئەو هەموو زولمەی تورکیای ئەدی و ئەیبینی کورد چەند نەتەوەیەیکی مەزلوومە،ئەیبینی هەشتا ساڵە رێگە نادرێ کورد بە زمانە قسە بکات کە خوا پێیداوە ،بەڵام قەرزاوی زانای مسوڵمان ئەمە نابینێت ، وەرە ئەم هەڵویستەی قەرزاوی زانای مسوڵمان بەراورد بکە بە هەڵویستی نیلسۆن ماندێلا ی مەسیحی کاتێک تورکیا بانگهێشتی کرد و خەڵاتی گەورەی ئەتاتورکی پێبەخشی بەڵام ماندیلا نەک هەر خەڵاتەکەی رەتکردەوە بەڵکو ئەوەشی رەتکردەوە سەردانی تورکیا بکات چونکە تورکیا هەشتا ساڵە میلەتی کورد ئەچەوسێنێتەوە ، ئەم هەڵویستەی ماندێلا پڕە لە شەرەف ، هەڵویستەکەی قەرزاویش لوتکەی بێشەرەفییە، لە قەرزاویش بێ شەرەف تر ئەوانەن بوون کە لە چوار دەوری قەرزاوییان گرتبوو و نقەیان نەکرد و سەری رەزامەندییان بۆ قەرزاوی لەقاند
عەلی قەرەداغی لە کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکەدیا لە هەولیر وەڵامی پرسیاری لەبارەی پەکەکەوە نەدایەوە، باشە بۆ وەڵام ناداتەوە؟ هەموو دنیا ئەزانێت پەکەکە بەرهەمی هەڵەی تورکیا و چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردە، هەشتا ساڵە کورد وەک ئینسان حسابی بۆ ناکرێت ،ئەو ساروخ و ناپالمانەی تورکیا ئەینێت بە قەندیلەوە هیتلەر نەیناوە بە روسیاوە، بە پێی هەندێک راپۆرت کیمیاویش بەکار هاتوە ، تورکیا زیندانەکانی بە منالێ خوار هەژدە ساڵ پرکردۆتەوە، مناڵێکی هەشت ساڵ لەسەر وتنی سروودی ئەی رەقیب بە تیرۆریست لەقەڵەمدراوەو بە پێی یاسای تیرۆر سزادران، ئەوانەی تا دوێنی شۆفینی بوون ئەمڕۆ بۆ ئەو منالە بێ کەسانەی کورد ئەگرین و داوا ئەکەن ئیدی مناڵان سزا نەدرین بە پێ یاسای تیرۆریستی ، ئەمڕۆ جەنەرالە عەسکەرییەکانیش ئەڵێن هەڵەمان کرد کێشەی کوردمان چارەسەر نەکرد، ئێ باشە خێرە عەلی قەرەداغی رەخنەیەک لە تورکیا ناگرێت، خێرە ناڵێت پەکەکە بەرهەمی چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردە، دیارە عەلی قەرەداغی لە باشبوغ کەمالی ترە و لە بایکال تورکتر و لە ئەردوغان ئیسلامی ترە
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست