پەرلەمانى كوردستان 1500دەفتەر دەداتە خانوو بۆ 55 ئەندام. پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن بەگۆڕانیشەوە خانووى 40 دەفتەریان وەرگرت
Saturday, 11/12/2010, 12:00
ئەم بەدواداچونە لە ژمارە (146)ى گۆڤزارى لڤین بڵاوكراوەتەوە
بە بڕی ٢٢٠،٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر خانووێک، پارلەمانی کوردستان بڕیاری کڕینی ٥٥ خانوی تایبەتی بۆ پارلەمانتاران داوە. ئەمە جگە لە کڕینی شەش ڤێلا بۆ دەستەی سەرۆکایەتیى پەرلەمان بە بڕی ٣،٦٠٠،٠٠٠ دۆلار. هاوکات، چوار ملیۆن و نیو دۆلار بۆ کەلوپەلی ناوماڵی پەرلەمانتارانی کوردستان تەرخانکراوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەندەرەکەی داوەتە کۆمپانیای مازیی نزیک لە نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکڕاتیی کوردستان.
هێشتا ساڵێک بەسەرکڕینى ئۆتۆمبێلى تایبەت بۆ پەرلەمانتارانى کوردستان تێنەپەڕیووە کە هەریەکەیان بە نرخى 40،000$،لە ئێستادا سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بڕى٢٢٠،٠٠٠ دۆلار داوە بۆ کڕینى خانووى تایبەت بۆ پەرلەمانتارانى کوردستان.
شارى ئیتاڵى لە هەولێر پێکهاتووە لە 662 خانوی 320م٢ی و چەند مۆتێلێک و 43 خانوى تایبەت بۆ کۆمپانیا. سەرۆکایەتیی پەرلەمانى کوردستان بە پێى گرێبەستێک لە سەرەتاى ئەمساڵەوە، 55 خانووى بۆ پەرلەمانتارانى کوردستان لەو کۆمپانیایە و هەر خانوی بە نرخى ٢٢٠،٠٠٠ دۆلار کڕیووە.
لە خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان سەرۆکایەتیی پارلەمان هەستا بە دابینکردنى شوێنى نیشتەجێبون بۆ ئەو پەرلەمانتارانەى ماڵیان لەدەرەوەى پارێزگاى هەولێرە لەشارى نازسیتى (کە ناسراوە بە شوقەکانى زەکەریا). لەم خولەشدا تەنها 52 پەرلەمانتار لە کۆى 111ئەندامەکەى پەرلەمانى کوردستان شوێنى نیشتەجێ بونیان پێدرا لە یەکە نیشتەجێبونەکانى نازسیتى. ئەو ژمارەیەشى مایەوە و یەکەى نیشتەجێبونیان وەرنەدەگرت، مانگانە جگە لە هەشت ملیۆن دینارەکەى موچەى خۆیان، بڕى یەک ملیۆن و دوسەد هەزاریان وەک خەرجکردنى کرێى میوانخانەکان بۆ هەژماردەکرا لە لایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستانەوە.
"
٣،٦٠٠،٠٠٠ دۆلار بۆ کڕینى شەش ڤێلاى سەرۆکایەتیى پەرلەمان
دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان لە (کەمال کەرکوکیی سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، ئەرسەلان بایزی جێگرى سەرۆک و-فرسەت ئەحمەدی سکرتێر) پێکدێت.
بەڕێوەبەرى کارگێڕیى شارى ئیتاڵى، فەلاح نەجمەدین زێڕۆ بە لڤینی راگەیاند "سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان جیاواز لەو خانووانەى کە بۆ پەرلەمانتارەکانى کڕیووە، شەش ڤێلاى بۆ خۆى کڕیووە. نرخى هەریەک لەو ڤێلایانەش بەتەنها دەکاتە ٣،٦٠٠،٠٠٠ دۆلار -کۆى شەش ڤێللاکە دەکاتە ٣،٦٠٠،٠٠٠ دۆلار-.
زێڕۆ رونیشیکردەوە "ئەو ڤێلایانەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بۆ خۆى کڕیوون، روبەرى هەریەکەیان 600مەتر دوجایە و جیاوازن لەوانەى ئەندامانى پەرلەمان چونکە ئەوانەى پەرلەمانتاران خانون نەک ڤێلا و روبەریشیان 320م٢ و نرخیشان تەنها ٢٢٠،٠٠٠ دۆلارە."
پەیمان عیزەدین پەرلەمانتاری فراکسیۆنى گۆڕان جیاوازیى شوێنى نیشتەجێبوونى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان و ئەندامەکان بەوە وەسفکرد کە سەرۆکایەتیى پەرلەمان "لە ئەرکى خۆى باش تێنەگەیشتووە".
ئەو بە لڤینی گوت "من پێم وایە سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان لەئەرکەکانى خۆى تێنەگەیشتووە کە پێى وایە خۆى رابەرە و ئەوانى تر شوێنکەوتە و لەدواى ئەون."
پەیمان رەخنەى توند ئاڕاستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان کرد بەوەى کە خۆیان جیاکردۆتەوە لە پەرلەمانتاران "راستە ئەوان دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانن، بەڵام بەپێى یاسا هیچ جیاواز نین لە ئەندام پەرلەمانتارانی دی، تەنها ئەوەندە نەبێت ئەوان (سەرۆکایەتى پەرلەمان) دانیشتنەکانى پەرلەمان بەڕێوەدەبات."
ئەو پرسى "من تێناگەم سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان بۆ لە دابینکردنى شوێنى نیشتەجێوون خۆیان لە ئێمە جیاکردەوە، لەکاتێکدا ئەوان وەک ئێمە پەرلەمانتارن!"
سەمیر سەلیم ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى کوردستان لەبارەى نرخى ئەو خانووانەوە بەلڤینى راگەیاند "تا ئێستا هیچ راپۆرت و زانیارییەکمان لەبارەى کڕینى ئەو خانووانەوە و نرخەکانیان پێنەگەیشتووە."
لڤین بۆ دەستخستنى زانیاریى زیاتر پەیوەندىکرد بە (سەڵاحەدین حەمە ئەمین)بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى پەرلەمانى کوردستان بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە لە دەستەڵاتی ئەو نییە لێدووان لەو بارەوە بدات.
٤،٥٠٠،٠٠٠ بۆ کڕینی کەلوپەلى ٥٥ خانووەکەى پەرلەمانتاران
کۆمپانیای مازیی نزیک نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆکی پارتیی، لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستانەوە تەندەرەکەى پێدراوە. بەپێى ئەو زانیارییانەى بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکان بە لڤین دراوون، کۆى گشتیى ئەو بڕە پارەیەى کە بە تەنها بۆ کڕینى کەلوپەلى 55 خانووەکەى شارى ئیتاڵى تەرخانکراوە ٤،٥٠٠،٠٠٠ چوار ملیۆن و نیو دۆلارە. بەم پێیەش کەلوپەلى هەریەک لەو خانوانە بەتەنها ٥٠،٠٠٠ پەنجا هەزار دۆلاری تێچووە.
بەپێى وتەى پەرلەمانتارێکی کوردستان، چەند مانگێک لەمەوبەر چەند کۆمپانیایەک بەشداری پێشبڕكێی وەرگرتنی تەندەریان کردووە تا ئەو کەلوپەلانە لەڕێگەى ئەوانەوە دابین بکرێت، هەرچەندە دووای ئەوان کۆمپانیای مازیی هات، بەڵام تەندەرەکە بۆ ئەو دەرچو.
پەرلەمانتارەکەى کوردستان بەگومانەوە لە پێدانى تەندەرەکە بە کۆمپانیاى مازى لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە دەیڕوانى و گوتى "سەرۆکایەتیى پەرلەمان هەر خاوەخاوى کرد تا کۆمپانیاى مازى هات و تەندەرەکەى دا بەو کۆمپانیایە تا کەلوپەلى خانووەکانى شارى ئیتاڵى دابینبکات."
لە بوجەى 2011 بوجەى تایبەت بۆ کڕینى خانوى تر بۆ 52 پەرلەمانتارەکەى نازسیتى دابیندەکرێتەوە
لەپڕۆژە یاساى بوجەى ئەمساڵ کە هێشتا لەئەنجومەنى وەزیرانەوە نەنێردراوەتە پەرلەمانى کوردستان، بوجەى تایبەت بۆ کڕینى خانو لەشارى ئیتاڵى بۆ سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەى کە لەوێ نیشتەجێنین و ئێستا لە یەکەى نیشتەجێبونەکانى نازسیتى (شوقەکانى زەکەریا) نیشتەجێبوون تەرخاندەکرێت و خانووى هاوشێوەى 55خانووەکە لە شارى ئیتاڵیى پێدەکڕدرێت لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستانەوە.
پەرلەمانتارێکی دیکە کە بەهەمان شێوە نەیویست ناوى بهێنرێت ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجى سەرۆکایەتیى پەرلەمان لە کڕینى خانو لە شارى ئیتاڵى بۆ ئەوانەى ئێستا لە یەکەى نیشتەجێبونەکانى نازسیتین، ئەوەیە تا هەمو پەرلەمانتاران لەیەک کۆمەڵگا و لەنزیک یەک کۆببنەوە
سەمیر سەلیم ئەندامی لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى کوردستان ئەوەی راگەیاند کە باسێکى لەو جۆرە لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستانەوە کراوە.
ئەو کوردستان ئاشکرایکرد "وەکو پلان قسە لەسەر ئەوە کراوە کە هەمو پەرلەمانتاران لە خانودا نیشتەجێبکرێن نەک شوقە."
گوتیشی "بەڵام لەبەرئەوەى تائێستا پڕۆژەیاساى بوجە نەهاتۆتە پەرلەمان، ئاگادارى ئەوە نین بوجەى تایبەت تەرخانکراوە بۆ کڕیبنى خانوى نوێ بۆ پەرلەمانتارانى کوردستان."
ئەیوب سماقەیى پسپۆڕی ئابوریی پێیوایە ئەمساڵ بوجە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە نابێتە جێی مشتومڕ "ئێستا بە نەفەقێکدا دەڕوات کە ئۆپۆزسیۆن لەگەڵى دەڕوات!"
سماقەیى مامۆستاى کۆلێژى کارگێڕیى و ئابوریى لە زانکۆى سەڵاحەدین رونیکردەوە "پێم وایە ئەگەر ئەمساڵ گفتوگۆى بوجە بکرێت زۆر بەهێمنى دەبێت و دەڕوات چونکە بوجەى تایبەتى بۆ کڕینى خانووى پەرلەمانتاران تەرخانکراوە!"
ئەو هێماى بۆ ئەوەشکرد "پێشتر کە دەیانوت بوجە لە تاریکییدا دەڕوات، ئێستا بوجە لە نەفەقێکدا دەڕوات کە خۆشیان لەگەڵیدان."
ئەوانەى ماڵیان لە تەنیشت پەرلەمانە خانوویان لەشارى ئیتاڵى بۆ کڕاوە
ئەو پەرلەمانتارانەى کە خانویان لە شارى ئیتاڵى بۆ کڕاوە لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە، بەتەنها ئەوانە نین کە ماڵیان لەدەرەوەى پارێزگاى هەولێرە؛ بەڵکو ئەوانەشن کە شوێنى نیشتەجێبونیان لەناو هەولێرە و خانوى تایبەت بەخۆیان هەیە.
پەرلەمانتارێک گوتی "ئەو ئەندام پەرلەمانانەى کە نەک بە تەنها ماڵیان لە هەولێرە، بەڵکو ئەوانەشیان ماڵیان لە تەنیشت پەرلەمانە سەرۆکایەتیى پەرلەمان خانوى بۆ کڕیون لە شارى ئیتاڵى."
د.عومەر نورەدینى پەرلەمانتارى لیستى کوردستانیی سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند "من ماڵم لەهەولێرە، بەڵام کڕینى خانو لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ئەو ئەندامانەى کە وەک من خانوى تایبەت بەخۆیان هەیە لەشارى هەولێر و نیشتەجێن پێوەندى بەوەوە نییە."
نورەدینى زیاتر دوا "راستە من نیشتەجێى هەولێرم، بەڵام نوێنەرایەتیى دەرەوەى پارێزگاى هەولێر دەکەم کە ناوچەکانى قەڵادزێیە."
ئەیوب سماقەیى کڕینى خانو بۆ ئەو پەرلەمانتارانەى لەناو هەولێر خانوى تایبەت بەخۆیان هەیە بە دەرهێنانى بەشێکى زۆرى بوجە بۆ بوارى بەکارهێنان لەقەڵەم دەدات "چ پێویست دەکات خانو بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانانە بکڕێت کە خۆیان نیشتەجێى هەولێرن و خانووى تایبەت بەخۆیان هەیە!؟"
ئەوەشى گوت :"ئەو بوجەیە لەبرى ئەوەى بۆ بوارەکانى وەبەرهێنان تەرخانبکرێت و کێشەى نیشتەجێبونى هاوڵاتییانى پێ چارەسەر بکرێت و رێگاوبانى پێ دروستبکرێت، کەچى دێن دەیدەن بەخانو بۆ پەرلەمانتارێک کە خانوى خۆى هەیە و لە هەولێر نیشتەجێیە!"
ئەو باسی لەوەکرد "راستە مافى خۆیەتى پەرلەمانتار لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە شوێنى نیشتەجێبونى بۆ دابینبکرێت بەڵام بەو مەرجەى خۆى خانوى نەبێت لەهەولێر و نرخەکەشى گونجاوبێت لەدەورى ٤٠،٠٠٠ دۆلار بێ نەک ئەو نرخە زۆرە."
هەروەها وتى :"کام ئەندام پەرلەمان هەیە کرێچى بێت ؟!یاخود بەپێ بڕوات بۆ پەرلەمان ؟؟
پارلەمان نرخی خانو بەرزدەکاتەوە
خانووەکانى شارى ئیتاڵى لەڕووى ڕووبەرەوە دەکرێت بەپێنج جۆرەوە
1-140م نرخى لەسەرەتادا 110،000$
2-200م نرخى لەپێشووتر 140،000$
3- روبەرى 240م نرخى پێشووى 150،$000
٤-ڕووبەرى 320م نرخى پێشووى 190،000$
٥-روبەرى 600م نرخى پێشووى 510،000$ بوو.
بەڵام لە ئێستادا نرخى ئەو خانووانە بە رێژەیەکى بەرچاو بەرزبۆتەوە نرخى هەریەک لەو خانوانە 30،000$-90،000$بەرزبۆتەوە. بەگووێرەی ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەدایە، هۆکارى بەرزبونەوەى نرخى ئەو خانووانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەرلەمان ئەو خانووانەى بۆ پەرلەمانتاران کڕیووە و بەرزبونەوەى نرخەکان راستەوخۆ لەدواى کڕینى ئەو خانوانەوە بووە.
بەڕێوەبەرى کارگێڕى شارى ئیتاڵی فەلاح نەجمەدین زێڕۆ جەختیکردەوە "بەهۆى زۆربونى خواست لەسەر ئەو خانووانە لەئێستادا نرخەکانیان جیاوازە لەچاو نرخى یەکەمجاریاندا و بە رێژەیەکى بەرچاو بەرز بۆتەوە."
ئۆپۆزسیۆن خانو وەردەگرێ؟
ئەیوب سماقەیى مامۆستا لەکۆلێژى کارگێڕیى و ئابوریى زانکۆى سەڵاحەدین بۆ لڤین ئەوە وەبیر خەڵک دەهێنێتەوە "لە ئەجێندا و پڕۆگرامى سەرجەم لیستەکان بەتایبەت هەرسێ لیستى (گۆڕان، یەکگرتو و کۆمەڵ) ئەوە هەبو کە هەوڵ دەدەن بۆ وەدیهێنانى دادپەروەریى کۆمەڵایەتیى لەڕوى دەسهات و موچە و دابەشکردنى کرێ. بەڵام ئەگەر بێت و پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەو خانووانە وەربگرن، ئەوا ماناى ئەوەیە ئەوانە نوێنەرى خۆیانن نەک چینى هەژاران."
سماقەیى بە نیگەرانیەوە گوتی "بەداخەوە خەڵک دەنگى دایە ئەو لیستانە هەرچەند دەیانوت گۆڕانکارى دەکەین بەڵام تەنها گۆڕانکارییان لە ژیان و گوزەرانى خۆیان کرد، نەک گۆڕانکارى لە ژیانى نانبڕاوان و هەمو ئەو کەسانەى دژایەتى دەکرێن لە دامودەزگاکاندا لەسەر ئەوەى سەر بەگۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵن، ئەو قسانەیان هەمووى بە پولێکى سوتاو دەرچوو."
ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کڕینى ئەو خانووانە بۆ پەرلەمانتار بەونرخە لەڕووى مرۆڤایەتییەوە شتێکى قێزەوەنە، لەڕووى ئابوریشەوە بریتیە لەدروستکردنى چینایەتى، لە روى کۆمەڵایەتیشەوە، خۆجیاکردنەوەیە لەخەڵکى کوردستان و لەهەموو ئەو کەسانەى کە دەنگیان پێداون. لە روی نەتەوایەتیشەوە، بریتییە لە کاڵکردنەوەى ماناى هاووڵاتیبون چونکە بەو جۆرە پەرلەمانتاران خۆیان دەکەنە هاووڵاتیى پلە یەک و میللەتیش پلە دو و پلە سێ."
ئۆپۆزسیۆن پاساو بۆ گەندەڵیی دێنێتەوە
ساڵى رابردوو سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بڕى 40،000$ى بۆ کڕینى ئۆتۆمبێلى تایبەت بۆ هەر ئەندام پەرلەمانێک تەرخانکرد، هەڵوێستى جیاواز لەنێوان فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان دروستبو لەبارەى وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیە.
یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانیش پارەى ئۆتۆمبێلەکانى وەرگرت بەو مەرجەى کە لە ڕونکردنەوەى فراکسیۆنى ناوبراو سەبارەت بەوەرگرتنى ئەو بڕە پارەیە بڵاویانکردەوە، کە دواى تەواوبونى خولى پەرلەمان ئەو ئۆتۆمبێلانە بدرێنەوە بەسەرۆکایەتیى پەرلەمان و لە زمەى مالى پەرلەماندا بمێننەوە.
کۆمەڵى ئیسلامییش، هاوشێوەى یەکگرتو ئەو بڕە پارەیەى وەرگرت و بەپێى وتەى خۆیان بڕێکى زۆرى بۆ یارمەتیدانى هەژاران و نەخۆشان خەرج دەکەن.
لەکۆى 25 پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى گۆڕان 22 ئەندام پەرلەمان ئەو بڕە پارەیەى وەرنەگرت و رایانگەیاند پەرلەمانتار موچەی باشى هەیە ئەو بڕە پارەیە بەفیڕۆدانى ماڵى میللەتە.
بەڵام لە ئێستادا وەک هەمو ئەندامەکانى سەر بە فراکسیۆنە جیاوازەکان ئەو خانووانەیان وەرگرتووە کە نرخەکەیان 22،000$ە.
ئەیوب سماقەیى پێى وایە هۆکارى وەرنەگرتنى پارەى ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن فراکسیۆنى گۆڕانەوە بۆ ئەوە بووە کە ئەو کات هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عیراق لەپێش بوون "بەو هۆیەوە فشارێکى زۆر لەسەر فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان بو تا ئەو پارەیە وەرنەگرن."
وتیشى "بەڵام ئێستا هەڵبژاردن لە ئارادا نییە و ئەوەى کەباسدەکرێت هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانە، ئەویش نازانرێت چ کاتێک دەکرێت بەو هۆیەوە فشارەکان لەسەر فراکسیۆنى گۆڕان کەم بونەتەوە هەر بۆیە ئەندامەکانى ئەو فراکسیۆنە ئەو خانووە گرانانە وەردەگرن."
سماقەیى لەو باوەڕەدایە کە ئێستا ژمارەیەک ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان هەیە کە پەشیمانە لەوەرنەگرتنى ئەو بڕە پارەیە.
ئەو پسپۆڕەى بوارى ئابورى ڕەخنەى توند ئاڕاستەى هەرسێ فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکە دەکات کە کەوتونەتە ژێر کاریگەریى یەکێتیی و پارتیى "لیستى گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ) خۆیان دۆڕاندیان کە لیستى یەکێتیى و پارتیى بیانخەنە ناو لەزەتى ژیان و کۆشک و ئۆتۆمبێل و پارە و خۆیان لەبیربکەن."
ئەیوب سماقەیى وەرنەگرتنى پارەى ئۆتۆمبێل و وەرگرتنى ئەو خانووانەى بە هەڵوێستى ئیزدواجى ناوبرد.
پەیمان عیزەدین پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان باس لەوە دەکات هۆکارى وەرنەگرتنى پارەى ئۆتۆمبێلەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەبووە موڵکى تاکەکەس، پارەى ئۆتۆمبێلەکان راستەوخۆ دەچووە سەر حسابى بانکى تاکەکەس، بەڵام ئەم خانووانە نابنە موڵکى کەس و بەپێى یاساش سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەبێت شوێنى نیشتەجێبون بۆ پەرلەمانتارەکانى ئامادە بکات."
پەیمان عیزەدین ئەوەشى وت "بەڵام مەرج نییە خانووەکان بەو قەبارە و بەو نرخە بێت کەسەرۆکایەتى پەرلەمان بۆ ئەندامەکانى دەکرێت "
گۆڕانیان تەنها لەژیان و گوزەرانى خۆیان پێکرا
ئەیوب سماقەیى خستەڕو "ئەو لیست و لایەنانەى کە بانگەشەى گۆڕانکارییان دەکرد، هیچیان پێنەکرا تەنها ئەوە نەبێت کە گۆڕانکاریى لە ژیان و گوزەرانى خۆیان لە خراپەوە بگۆڕن بۆ زۆرباش."
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست