لە کوشتنی کاکە سەردەشتدا گومان لە کێیە ! و بۆچی دەبێت گومانی لێبکرێت ؟
Sunday, 23/05/2010, 12:00
گومان لە و لایەنەیە کە هەڕەشەی لێکردووە . بۆچی هەڕەشەی لێکردووە ؟ چونکە لە میانی نوسینەکانییەوە هێڵی سووری بەزاندووە .. کەواتە گومان لەو کەس و لایەنەیە کە هێڵە سوورەکەی کێشاوە .. گوللەکانیان ناوە بەدەمییەوە کە دیارە ئەویش مانای بەزاندنی هێڵی سوورە..
گومان لە و لایەنەیە کە بەناو هێنانی سەردەشت عوسمان ڕەنگیان دەپەڕێت و دەشڵەژێن . زمانیان لە گۆ دەکەوێت .. بڕواننە پرۆگرامەکانیان لە کەناڵە ئاسمانیەکانیانەوە....
گومان لە و لایەنەیە کە لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانی یەکێتی قوتابیانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆو دەلەسەیە لە ناو زانکۆدا سەبارەت بە کاکە سەردەشت وەک ئەوەی کە هاوڕێکانی نەزانن کە کاکە سەردەشت کێ بووە..
گومان لەو سەرۆکەیە کە لەم کاتەدا کۆبونەوەیەکی گەورەی سازدا بۆ ئەو ڕێکخراوانەی قوتابیان و لاوان کە سەر بە خۆیانن .. خۆش سەرۆکی هەرێم .. ئەو قوتابی و لاوانە بەجیا خڕ دەکاتەوە کە سەر بە حیزبەکەی خۆیین و داوایان لێدەکات لاوان هێور بکەنەوە و باسی سەردەشت نەکرێت ئیتر..
گومان لە و دەسەڵاتەیە کە هەموو لێکۆڵینەوەکانی دواخستووە لە چاوەڕوانی داڕشتنی سیناریۆیەکدا ، کە بەدڵنیاییەوە شکستێکی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.. لە دوای نزیکەی دوو هەفتە ئینجا داوای زانیاری دەکات لەسەر مۆبایلی کاکە سەردەشت .. زیاترلە دوو هەفتەیش دوای ئەم ڕووداوە هێشتایش کەسێک لە و بەرپرسیارانەی نێو ئەم تاوانە بانگ نەکراون بۆ لێپێچیینەوە..
گومان لە و لایەنەیە کە دەتوانێت بە ڕۆژی ڕووناک لە ناو زانکۆدا لە هەولێر بە بەرچاوی پاسەوان و خوێندکارانەوە سەردەشت بە شەق و لێدان دەکاتە نێو ئوتومبێلە ژمارە داپۆشراوەکانەوە..
گومان لەو لایەنەیە کە بەیاننامەیەکی کۆمۆتراژێدیای ئەو تۆی بڵاو کردەوە کە بەلای هەموو شتێکدا دەچوو بێجگەلە تاوانی کوشتنی ئەو کوڕە جوانە..کاکە بەكر عوسمانی برای کاکە سەردەشت و برای هەموو کوردێکی بەڕاستی خەمخۆری کاکە سەردەشت زۆر بەسانایی ئەم بە یاننامە کۆمۆتراژیدیایەی لەبەریەک هەڵوەشاندۆتەوە کاتێک لە لڤین دا دەڵێت : تێكەڵكردنی تیرۆری سەردەشت بە تاوانە مێژوووییەكان بۆ ونكردنی كەیسەكەیەتی..
گومان لە و لایەنەیە کە ڕێگای نەدا بکوژانی سۆرانی مامە حەمە بەسزای خۆیان بگەن ، ئەگەرچی ناسراویشن لای خەڵکێکی زۆر .. و ئەوانەیش کە هەڕەشەی مەرگیان لە میرەی سەرنووسەری لڤین کرد شارد نییەوە و ناوی نە هێنان .
گومان لەو لایەنەیە کە هەوڵ دەدات لە گەورەیی سەردەشت کەم بکاتەوە ، دەڵێ سەردەشت تەنها قوتابییەک بوو بۆ ئەوەی تاوانەکە لەسەر خۆی سووک بکات.
گومان لەو لایەنەیە کە ڕێگای نەدا هاوڕێ خوێندکارەکانی کاکە سەردەشت لە سێ ڕۆژەکەیدا بچنە سەرگۆڕەکەی و ڕێگیری لێکردن و هەڕەشەی مەرگی لەوانیش دەکرد
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست