کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی نایەڵن خوشك و براكانمان بمانپارێزن

Monday, 25/08/2014, 12:00


لەدوای ئەوەی لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا داعش موسڵی داگیركرد، كۆما جڤاكێن كوردستان و هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ڕایانگەیاند كە ئەوان ئامادەن بێنە باشووری كوردستان و بەئەزمون و توانای خۆیان بەشداری لە پاراستنی گەلدا بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لەحكومەتی هەرێم كرد كە زەمینەیان بۆ بڕەخسێنێت هەتا بێن شانبەشانی پێشمەرگە رۆڵی خۆیان ببینن. ئەم هەڵوێستانەمان چەندین جار لەزاری بەرپرسانی كەجەكە و هەپەگەوە بیست، بەڵام لەڕووی كردارییەوە نەمانبینی كە حكومەتی هەرێم زەمینەسازی بۆ ئەم هەڵوێستە بكات. لەپێناوی ئەوەی جێگەی حكومەتی هەرێم هەست بەمەترسیداری بارودۆخەكە بكات، رێبەر عەبدوڵڵا ئۆج ئالان و بەرپرسانی كەجەكەش چەندین جار ئاماژەیان بۆ مەترسیداری بارودۆخەكە دەكرد و سەرنجیان رادەكێشایە سەر ئەوەی كە ڕەنگە لەهەر كاتێكدا داعش هێرش بكاتە سەر كوردستان، بەڵام لەوەڵامدا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم جەختیان لەوە دەكردەوە كە ئەوان بەهەموو شێوەیەك تەگبیری خۆیان وەرگرتووە و پێویستیان بەهاوكاری نیە.
ڕوداوەكانی زوومار و شەنگال لەسەرەتای ئەم مانگەدا سەلماندی كە حكومەتی هەرێم و دامەزراوەی پاراستن لەهەرێمدا خاوەنی خوێندنەوەیەكی واقعی و ڕاست نەبوون، هاوكات تەگبیریان وەرنەگرتبوو، یاخود توانای تەگبیر وەرگرتنیان نەبوو! هەر ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی گەلەكەمان لە شەنگال ڕووبەڕووی كۆكوژیەكی گەورە بویەوە، ئەگەر بەهانا هاتنی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە)و هەپەگە نەبوایە، ئەوا گومانی تێدا نیە كۆكوژیەكە دە هێندەی ئێستا دەبوو. هەروەها ژیان لەسەرتاپای هەرێمی كوردستاندا كەوتە ژێر مەترسیەوە و تاڕادەیەك ژیان ڕاوەستا. یار و نەیاری كورد هەمووی دان بەوەدا دەنێن كە هێزەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی ژن بۆ پاراستنی گەلی شەنگال كارێكیان كرد كە بەزۆر دەوڵەت ناكرێت!؛ چونكە توانیان لەماوەیەكی كورتدا خۆیان بگەیەننە چیای شەنگال و پەرژینی پاراستن و ڕێڕەوی رزگاركردن دروست بكەن و لەماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە 100 هەزار كەسیان گەیاندە رۆژئاوای كوردستان و لەوێشەوە بەشێكی زۆریان گەیاندنە باشوور یان باكوری كوردستان و بەشێكیشیان لە رۆژئاوا لەكامپدا جێگیركرد. لەم ماوەیەدا ئەوەی زلهێزە جیهانیەكان و حكومەتی ئێراق كردیان لەگەیاندنی چەند هێلیكۆپتەرێك خۆراك و رزگاركردنی ژمارەیەكی كەم بەهێلیكۆپتەرەكان تێپەڕی نەكرد!. هەر ئەمەش وای كرد كە زۆر ناوەندی جیهانی داوای ئەوە بكەن كە پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت، هاوكات هیچ كەس و لایەنێك ناڕازی نەبوو بەرامبەر ئەو هەنگاوەی هەپەگە و یەپەگە. هەر ئەمەش زەمینەی ڕەخساند بۆ ئەوەی كە هەپەگە چەند یەكینەیەكی خۆی بنێرێت بۆ پاراستنی مەخمور، كەركوك، شێخان و گەرمیان. ئەم هەنگاوەش لەلایەنی گەلەوە بەجۆش و خرۆشێكی زۆرەوە پێشوازی لێكرا. 
ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو، ئەوەبوو كە گەریلا رۆڵێكی كاریگەریان بینی لەشەڕەكان و بەرزكردنەوەی گیانی بەرەنگاریدا. ئەوەی جێگەی نێگەرانیشە ئەوەیە كە رێگە نەدرا گەریلاكان خۆیان بگەیەننە بەرەكانی شەڕ لە جەلەولا و خانەقین! لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە كە لەئێستادا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەندێك بەرپرس و نوسەر و ڕاگەیاندن، گەڕاندنەوەی هێزەكانی (هەپەگە و یەپەگە) بۆ دەرەوەی سنووری باشووری كوردستانیان كردۆتە خەمی سەرەكی خۆیان! ئەوەندەی لەسەر ئەوە قسە دەكەن كە پێویستە ئەو هێزانە بچنە دەرەوەی سنوور، ئەوەندە لەسەر هێرشەكانی داعش قسە ناكەن! ئەمجارەشیان باس لەوە دەكەن كە هێزە جیهانیەكان دەمانپارێزن و پشتیوانیمان دەكەن و ئیتر پێویستمان بەو هێزانە نەماوە! هەروەها دەڵێن ئێراق سنوورێكی نێودەوڵەتی هەیە و مانەوەی ئەو هێزانە لەناو سنووری ئێراقدا نایاساییە! ئەمە لەكاتێكدایە كە هەتا ئێستاش ڕۆژانە داوا لەهێزە جیهانیەكان دەكرێت كە بمانپارێزن! ئەمەش ئەو پرسیارە دروست دەكات، كە ئەگەر كێشەی پاراستنمان نەماوە! ئەوا بۆچی داوا لەهێزە نێودەوڵەتیەكان دەكەن بێن بۆ پاراستنمان! خۆ ئەگەر كێشەی پارستنمان ماوە، ئەوا بۆچی داوای ئەوە دەكەن هەپەگە و یەپەگە ئێرە بەجێ بهێڵن؟. 
دیارە ئەمەی باسم كرد هەڵوێستی فەرمی هەندێك لەبەرپرسان و نافەرمی بەشێكی زیاتری بەرپرسانە، بەڵام بەشێكی زۆری پێشمەرگە، گەل و چین و توێژە جیاوازەكانی پێچەوانەی ئەم هەڵوێستەیە و داوای ئەوە دەكەن كە هێزی زیاتری گەریلا بێن بۆ پاراستنی باشووری كوردستان. ئەمەش ئەوە نیشان دەدا كە ناكۆكیەك لەنێوان هەڵوێست و داخوازی گەل لەگەڵ هەڵوێست و داخوازی بەشێك لە بەرپرساندا هەیە. بێگومان ئەگەر هەڵوێستی بەرپرسان گۆڕانكاری بەسەردا نەهێت، ئەوا ڕەنگە كەجەكە و یەپەگە هێزەكانی خۆیان بكێشنەوە؛ چونكە بەبێ ڕازیبوونی بەرپرسانی هەرێم و رێكەوتنی سیاسی ئەوا ڕەنگە مانەوەی ئەو هێزانە كاردانەوەی خراپی لێ بكەوێتەوە. ئەمەش جارێكی تر گەلەكەمان دەخاتە بەردەم هەڕەشەی داعش و هێزە هاوشێوەكانیەوە. هەر بۆیە پێویستە بەرپرسانی هەرێم، مانەوەی ئەو هێزانە نەكەنە كێشە، ئێمە دەبینین هەتا وەكو ئێستا هیچ لایەنێكی ئێراقی و نائێراقی ئەم بابەتەیان باس نەكردووە؛ بەڵكو خۆشحاڵیشبوون بەرۆڵی ئەو هێزانە، ئیتر بۆچی ئێمەی كورد خۆمان ئەمە بكەینە جێگەی باس و گفتوگۆ. لەوە زیاتر پێویستە كار بكەن بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لەچوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی و یاساییدا بمێننەوە. هاوكات پێویستە هەموو ئەو كەس و لایەنانەی خەمی پاراستنی دەسكەوتەكانی گەل دەخۆن، هەوڵی ئەوە بدەن كە فشار بخەنە سەر بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەوەی زەمینە بۆ مانەوەی ئەو هێزانە دروست بكات. ئەگەر ئەو هێزانە بمێننەوە ئەوا زۆربەمان هەست بە ئارامی دەكەین، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو هێزانە بگەڕێنەوە بۆ جێگەكانی خۆیان ئەوا ڕەنگە لەئایندەدا ئەوانیش نەتوانن بەهانامانەوە وەرن. لەوەش زیاتر ئێمە دەبێت سنوور بۆ خوشك و براكانمان دروست نەكەین و ئەو مافەیان لێ وەرنەگرینەوە كە بەشداری لە پاراستنی خوشك و براكانیاندا بكەن!!. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە