من دەڵێم وەزارەتى تەندروستى گەندەڵترین وەزارەتە 1
Saturday, 26/12/2009, 12:00
بێ گومان لە سەرجەم وەزارەتەكانى حكومەتە ساواكەمان بە درێژایی وجودیان گەندەڵی و دزی بەدی كراوە ودەكرێت. بەڵام من وەكو دكتۆرێك كە كاردەكەم لە یەكێك لە پێكهاتەكانى وەزارەتى تەندروستى ئاگام لە بەشێك لە گەندەڵیەكانى ئەم وەزارەتەیە وبە واجبی سەر شانمی دەزانم كە بێدەنگ نەبم لێیان. بۆیە دەڵێم گەندەڵترین وەزارەتە، بەهۆى زۆرى دزەكان وزۆرى كردەوە نابەجێكانیان لە لایەك ولە لایەكی تر بەهۆى ئەوەى دزی كردن لە وەزارەتى تەندروستى راستەوخۆ پەیوەندى بە ژیان وتەندروستى خەڵكەوە هەیە بۆیە جیاوازى هەیە لە نێوان ئەوەى بۆ نموونە كە ئەندازیارێك لە وەزارەتى شارەوانی 1 دەفتەر دۆلار بەرتیل وەرگرێت لە پرۆژەیەكی دروست كردنی پاركێك دزی كردنە لە موڵكی گشتی بەڵام وەكو ئەوە نیە كە بەڕێوەبەری هێنانی دەرمان بۆ نموونە دیسان 1 دەفتەر دۆلار بەرتیل وەرگرێت بەرامبەر ساغ كردنەوەى دەرمانی خراپ یان/و ئێكسپایەر بەسەر خەڵكی بێ تاوان.
لەم وتارە پەردە لا دەبەم لەسەر دوو گەندەڵ كە بە دوو قۆڵی وەكو ژن ومێردێك بازرگانی بە ماڵ وگیانی خەڵكی دەكەن. دكتۆر رەمزی بەرێوەبەرى بەشی كوالیتی كۆنترۆڵە لە وەزارەتى تەندروستى پاش دەستبەكاربوونى لە پۆستەكەى هەستا بە دامەزراندنى دوو كۆمپانیاى بازرگانى گشتى وهێنانی دەرمان بۆ خۆى وبۆ خیزانەكەى دكتۆرە أبتهال كە بەرپرسی یان بەرێوەبەری موئەسەسە وكۆگاكانى دەرمان وپێداویستى پزیشكى سەر بە وەزارەتى تەندروستیە. بۆ ئەوەى بتوانن بە هەردووكیان ولە رێگاى ئەم دوو كۆمپانیایە (كۆمپانیاى فارما ترەست) و(كۆمپانیاى دەروێش) زۆرترین سوود لە پۆستەكانیان وەربگرن بە كرینی دەرمان وپێداویستى پزیشكی لە كۆمپانیاكانى خۆیان وكارئاسان كردن بۆیان سەرەراى زۆر كەم وكوڕى وبێ ئەوەى نە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانى دەرمانەكانیان ونە بەرهەمەكانیان تۆمار نەكراون لە وەزارەتى تەندروستى كە مەرجی سەرەكین بۆ رێگا پێدان بۆ هێنانى دەرمان لە دەرەوە وفرۆشتنى بە وەزارەتى تەندروستى. دكتۆر سیروان سەرۆكی لێژنەى كرینە (لجنە مشتریات) تووشی چەندین فشار بووە لە لایەن د. رمزى ود.ابتهال بۆ ئەوەى ناچارى بكەن دەرمان وپێداویستى پزیشكی لە كۆمپانیاكانى ئەوان بكرێت سەرەراى ئەوەى دەرمانەكان باش نین ونرخیان لە بازاریش گرانترە وتۆماریش نەكراون نە لە بەغدا ونە لە هەولێر بە هۆى ئەوەى هەڵ ومەرجی تەواویان نیە بە پێی ستانداردی وەزارتى تەندروستى بەڵام ئەوان تەرتیبی دەكەن بە دوو قۆڵی لە لایەك لە كوالیتی كۆنترۆل دەیڕوێنن ولە لایەكی تریش هەرەشە لە دكتۆر سیروان دەكەن كە تەنها لە كۆمپانیاكانى ئەوان بكرێت ئەگینا وەزیفەكەى لەدەست دەدات.
بێ گومان چەند كەسێكی تریش تێوەگلاون لەم مەسەلەیە یەكێك لەوانە ئازاد هادی كە بەرێوەبەری كارگێری یە لە بەرێوەبەرایەتی كۆگاكانى دەرمان كە دەبێتە براى نەوزاد هادى پارێزگاری هەولێر. گوایە ئەویش رێژەى لە سەدا بیست وەردەگرێـت لەهەر سەفقەیەك كە ئەو ئیمزاى دەكات وتێی دەپەرێنێت. جگە لەوەى چەندین كارمەندى تر لە هەمان فەرمانگە بەیانیان لەوێ دەوام دەكەن وئێوارانیش لە كۆمپانیاكانى د.ابتهال ود.رمزى كاردەكەن.
جا داوا لە وەزیری تەندروستى وبەرێوەبەری گشتى فەرمانگەى تەندروستى هەولێر وهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم لێكۆڵینەوە وبەدواداچوون بكەن لەم مەسەلەیە وبا سەیرى فاتوورە وقائیمەكانی كرینی دەرمانەكان بكەن لە لایەن فەرمانگەى ناوبراو. منیش ئامادەم هاوكارى هەر لایەنێك بكەم بە دابین كردنی بەڵگە ودۆكیومێنت وئەوراقی سەفقەكانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست