ئیبراهیم ئەحمەد کێ بوو؟
Thursday, 14/12/2023, 21:19
(بەشی یەکەم)
دەربارەی رەچەڵەکی ئیبرایم ئەحمەد و ئەوەی شاردراوەتەوە، کە زۆر کەس نەیزانیوە، لێرە بەدواوە باسی دەکەین:
• باوکی برایم ئەحمەد بە ئەحە رەش ناسراوە! لە سلێمانی کۆپاندروو بووە، (ناوهێنانی ئەم پیشەیە بۆ سوکایەتیی نییە)، ئیستا زۆربەی کوڕ و کچەکانی برایم ئەحمەد لە دەرەوەی وڵات ناوی (رەش)یان هەڵگرتووە و کردوویانە بە پاشناوی خۆیان، دایکی برایم ئەحمەد کە ناوی (عیسمەت) دەبێت، کچی ئاغایەکی ناوداری پێنجوێن دەبێت، حەز لە ئەحەرەش دەکات بە بێ رەزامەندی دایک و باوک و کەسوکاری شووی پێ دەکات! پێکەوە رادەکەنە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ دەبن. لەسەر ئەمە کەسوکارەکەی حاشای لێدەکەن و هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ کچەکەیاندا دەبڕن، تا دایکی برایم ئەحمەدیش دەمرێت هیچ کام لە کەسوکارەکەی لە پێنجوین وەک خوشک و برا و خاڵۆزا و پورزا بە لایدا ناچن. پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر نزیکەی پەنجا ساڵێک کەمتر و لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا، باپیری برایم ئەحمەد کە تەمەنی زیاتر لە هەشتا و نەوەد ساڵێک دەبێت، بە نەخۆشییەکی قورس دەبرێتە خەستەخانەی سلێمانی، چەند رۆژێک لە خەستەخانە دەمێنێتەوە و لە گیانداندا دەبێت، کەسێک بە دەمامکەوە دەچێتە سەری و لە سەر قەرەوێڵەکەی خەستەخانە دەیکوژێت! کەس نازانێت ئەم پیاوە پیرە نەخۆشە باپیری برایم ئەحمەدە و لەسەر چی وا کوژراوە! د. جەمال رەشید کە دکتۆرێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمەی سلێمانی دەبێت. ئەو نهێنییە دەزانێت، وەک دەڵێن نەخۆشەکە پێش کوشتنی بۆی گێڕاوەتەوە، د. جەمالیش لای چەند کەسێکی نزیکی خۆی باسی دەکات، بۆیە دوایی هەڕەشەی کوشتن لە د. جەمال رەشید دەکەن، لە ترساندا و بە بێدەنگی خۆی نەقڵی بەغدا دەکات! گومان زۆرە برایم ئەحمەد دەستی لە کوشتی باپیریی خۆیدا هەبووبێت!.
ساڵی ٢٠١٦ کاتێک ئەم زانیارییەم بڵاوکردەوە، نیمچە هەڕەشەیەکیان لێکردم و کە ئەو نووسینە لابەرم، بەڵام من گوێم نەدایە. پاش ماوەیەک وێنەیەکی گۆڕستانەکەی برایم ئەحمەدیشم بڵاوکردەوە کە لە شەودا بە گڵۆپێکی زۆر گۆڕەکەی دەدرەوشایەوە، سلیمانیش تارک و نوتەک کارەبای لێبرابوو، وەک تەشەرێک بۆ ئەوە لەسەر وێنەکەم نووسیبوو:
ئیستا شەوە، خەڵکی نووستوون، پێویستییان بە کارەبا نییە، بەڵام برایم ئەحمەد خەریکی خوێندنەوەیە. هەڵۆی برایم ئەحمەد لەسەر ئەمە گەڕایەوە سوید و لە رێگای پارێزەرێکەوە لە دادگا شکاتی لەسەرم تۆمار کرد، خۆشبەختانە داواکەی دۆڕان، چونکە لە دوو جار ئامادەی دادگا نەبوو. تا ئیستا پارەی دادگا قەرزارە، نزیکەی هەزار دۆلاری پارەی پارێزەرەکەی منیش قەرزارە، کە من خۆم دابووم بە پارێزەرەکە، تا ئەمڕۆ هەرچی ماڵ و موڵکێکی کە لە سویددا هەیە، خستوویەتە سەر ژن و منداڵەکانی.
(بەشی دووەم)
• مامی ئیبراهیم ئەحمەد ناوی رەمزی فەتاحە و بە (رەمزی ئەفەندی) ناسراوە، رەمزی ئەفەندی ماسۆنیی و ئەفسەرێکی سەردەمی عوسمانییەکان دەبێت! پاش رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، یەکەم کەس دەبێت، کە دەبێتە جاسوسی ئینگلیزەکان، عەلی وەردی لە یاداشتەکانی خۆیدا باس دەکات، کە چۆن رەمزی فەتاح پەیوەندیی پێوە کردووە، داوای کردووە کار بۆ ئینگلیزەکان بکات!
• رەمزی فەتاحی مامی ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی ئەو سەردەمەدا، دەستی لە دروستکردنی سوپا و دەوڵەتی عێراقدا هەبووە، دژی شێخ مەحمود و حکومەتی کوردیش کاری کردووە، کاریگەریی رەمزی فەتاح بە سەر ئیبراهیم ئەحمەدی برازایەوە زۆر دیار بووە، سەرەنجام توانیوێتی کار بکاتە سەر برایمیش لە ژێرەوە بۆ ئینگلیزەکان کار بکات، ببێت بە جاسوس و لە سەریشەوە وەک خەمخۆرێک بۆ کێشەی نەتەوەکەی خۆی دەربخات، کاری سیاسیی و گرتنەکەی لە ساڵی ١٩٤٧، شیعر و رۆماننووسین، دەرکردنی گۆڤار، لە سەردەمی مەلکییدا ئاسان نەبووە، مۆڵەت نەدراوە بە هەموو کەسێک گۆڤار و رۆژنامە دەربکات تا دۆست و دڵسۆزی پادشا و دەوڵەتی عێراق نەبووبێت، ئەمە بۆ برایم ئەحمەد ئاسانتر بووە، رێگای پێدراوە هەموو شتێک بڵێت، گۆڤار دەربکات، سیاسەت بکات، بە گاڵتەوە بیگرن، تا متمانەی لای خەڵکی کوردستان پێ پەیدا بکات. کەسی جاسوس سەری وەک مار دوو ئەرکی هەیە، سەرێک بۆ گەستن، ئەویتریان بۆ سەماکردن لە کاتێکدا شمشاڵی بۆ لێبدەن. بە دانپێدانانی نەوشیروان مستەفا، تا ئەو رۆژەی برایم ئەحمەد ماڵئاوایی لە ژیان کردووە، لە سەفارەتی عێراق لە لەندەن موچەی خانەنشینی وەرگرتووە.
• وەک وتمان ئیبراهیم ئەحمەد زۆر لە مامییەوە نزیک بووە و لە ژێر دەستی ئەودا پەروەردە کراوە، هانی داوە بچێت لە کۆلێژی یاسا بخوێنێت، ببێت بە پارێزەر، هەوڵیشی بۆ داوە لە بەغدا لە کۆلێژی حقوق وەربگیرێت! برایم ئەحمەد وەکو هەموو نیشتیمانپەروەرێکیش لە ساڵی ١٩٤٧ دەگیرێت، وەکو شاعیر، نووسەر، روناکبیر، رۆژنامەنووس و سیاسیی ناوبانگ دەردەکات. ئەو دەزانێت لە ناو گەلێکی نەخوێنەوار و ناوشیاردا، نرخی کەسەکان بەو قەوارەیە دەخوێنرێتەوە و کێشانی ژمارەی شیعر و نووسینەکانی کەسایەتیی دەخەمڵێنێت، لەوێوە کەسەکان بەرز دەبنەوە، بەتایبەتی ئەگەر شیعرەکانی حەماسی و نیشتیمانیی بن، خەم و ئازاری لێبچۆڕێت، زۆربەی شاعیر و نووسەرانی ئەمڕۆی باشوور هۆنراوەی زۆر و رۆمانی دوور و درێژ و قەبە دادەنێن، دیدار و چاوپێکەوتنی زۆر دەکەن، لە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان چەنەی زۆر دەدەن، نمونەمان تەنیا برایم ئەحمەد نییە، بەڵکو دەیان کەسی دیکەشە، کە پێیان وایە پاش نەمانی خۆیان بەرهەم و نووسینەکانیان فریایان دەکەون بە جوانی دەچنە نێو قوڵایی لاپەڕەکانی مێژووەوە، هەڵبەت بنەماڵەی برایم ئەحمەد لە رێگای پێدانی خەلاتی بلە، کردنی چیرۆکەی بە فلیم و کۆمەڵێک کاری دیکە، وا دەزانن دەتوانن رابردووی رەشی بۆ بسڕنەوە، بەو مەبەستە خۆشیان دەخەنە پاڵ مێژوویەکی درۆ، تا ئەوەی رابردووی پێداپۆشن، برایم ئەحمەد لای خەڵکی کوردستان و ئەم نەوە نوێیەی، کە هیچ ناخوێننەوە و ئاگاداری رابردووی نەتەوەکەیان نیین، کچەکانی دەیانەوێت باوکیان لای نەوەی نوێ ئاشنا بکەن بە کەسێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەر، لاپەڕە ڕەشەکانی بشارنەوە، بەڵام کەسێک کە خۆی رەش بوو، ئیتر چۆن دەکرێت هەروا بە ئاسانی سپی بکرێتەوە لە کاتێکدا کچ و کوڕ و نەوەکانی رۆژانە دزیی و خیانەت بۆ خۆیان تۆمار دەکەن؟!
• دەزگا سیخوڕییەکان بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر بۆ جاسوسەکانی خۆیان پەیدا بکەن، وەک خەمخۆری گەل ئەمانە تێکەڵ بە خەڵک دەکەن، دەیانگرن و لێشیان دەدەن، نانیان دەبڕن لە ژێریشەوە کولێرەی چەوریان پێدەدەن، بەرهەم ساڵح نمونەیەکی دیکەی ئەو سیاسەتەیە کە کرابوو بە بەعسی و بە گاڵتەشەوە گرتیان و دوایی بۆ خوێندنی باڵا و سیخوڕی رەوانەی ئینگلتەرایان کرد، هەموو مانگێک لە سەفارەتی عێراقی موچەی وەردەگرت. ئەمیش وەکو برایم ئەحمەد لەسەر ئەو رێڕەوە خەباتی خۆی دەکات.
هەموو کارێک سەرەتا و کۆتاییشی هەیە، کاری سیخوری برایم ئەحمەد دوای ساڵی ١٩٧٠ کۆتایی پێدەهێنرێت و ئەو رۆڵە دەدرێت بە جەلال تالەبانی زاوای، وا ئیستا پاش تالەبانی کوڕەکانی خۆشە دەکرێن بۆ ئەوەی شوێنی باوک و باپیریان بگرنەوە.
با لێرەدا بگەڕێینەوە بۆ ساڵی سییەکانی سەدەی رابردوو باسەکەمان تەواو بکەین:
• ساڵی ١٩٣٠ بە پلانی ئینگلیز بۆ ئەوەی بیانووەیەک لە شێخ مەحمودی حەفید بگرن، بە شەڕی بەردەرکی سەرا ئاژاوە و خوێنڕشتن دەخەنە ناو شاری سلێمانییەوە. کە بەشەڕی بەردەرکی سەرا بەناوبانگە، ئینگلیزەکان ئەم ئەرکە بە رەمزی ئەفەندی مامی برایم ئەحمەد و چەند پیاوێکی جاسوس هاوشانی خۆی دەسپێرن، تا بچن خەڵکی هان بدەن بۆ راپەڕین، پەلاماری دامودەزگاکانی حکومەت بدەن. لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی بەردەرکی سەرا، رەمزی فەتاح دەزانی بە دوایدا چ لافاوی خوێنێک دەڕێژرێت و چی دەقەومێت، خۆی دەچێتە ماڵەوە! دوایی دەبیستێت، کە برایم ئەحمەدی برازای لە ناو خەڵکەکەدا ماوەتەوە، زوو دەنێرێت بە شوێنیدا و بە بیانوی ئەوەی چەکی پێ نییە دووری دەخاتەوە.
• چەند ساڵ پێش ئیستا کەناڵی تەلەفیزیۆنی کوردسات، بە بۆنەی رۆژی شەڕی بەردەرکی سەراوە، بەڵگەنامەیەکی برایم ئەحمەدی پیشاندا، باسی لەوە کرد، چۆن لە ٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ خەڵکی سلێمانی رژانە بەردەرکی سەرا، ئەمیش لەگەڵ رەشۆلی هونەرمەندا پێکەوە دەبن، ئاشکرای دەکات، کە رەمزی فەتاحی مامی دەنێرێت بە دوایدا، تا دەمانچە هەڵبگرێت و ئەوسا بگەڕێتەوە بۆ ناو خەڵکەکە، وەک برایم ئەحمەد دەیگێڕێتەوە، کە دێتەوە لای مامی، ئیتر ناهێڵێت بچێتەوە دەرێ، پێی دەڵێت: مەڕۆ ئیستا دەبێت بە تەقە! قسەکەی رەمزی فەتاح راست دەردەچێت، رەشۆل یەکێک دەبێت لەوانەی لە بەردەرکی سەرا بریندار دەبێت! ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە مامی برایم ئەحمەد پیاوی ئینگلیز بووە، زانیوێتی ئینگلیزەکان تەقە لە خۆپیشەندەران دەکەن، کە بۆ خۆی هانی خەڵکی سلێمانی داوە، بەزمەکەشی هەڵگیرساند، هەر خۆشی دوورکەوتۆتەوە، دوایی بلەی ئەحە ڕەشی برازاشی بانگ کردۆتەوە تا هیچی لێنەیەت
ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی 93 ساڵ بە سەر شەڕی بەردەرکی سەرادا لە سلێمانی، جاسوس و خائینەکان بە زمانی خۆیان راستییەکانمان بۆ دەدرکێنن و ئاشکرای دەکەن. خەڵکێکی زۆری ساویلکەش کە مێژوو ناخوێننەوە بڕوا بەمانە دەکەن و دەیانەوێت بە جوانی ئەمانە وەکو سەرکردە و رابەر بچنە ناوی مێژووی خوێناویی کوردەوە.
(بەشی سێیەم و کۆتایی)
• هەمزە عەبدوڵلا، کە مێردی (نەعیمە)ی خوشکی برایم ئەحمەد و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، لە سەرێکی دیکەوە گەلاوێژخانی ژنی برایم ئەحمەدیش خوشکەزای هەمزە عەبدوڵڵا بوو، لە ساڵی ١٩٥٨پۆستەکەی بۆ برایم ئەحمەد جێ دەهێڵێت، گومان زۆرە، کە ناچارکرابێت، تا وازبهێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی هەر لەو ساڵەدا کاتێک مەلا مستەفا لە سۆڤییەت دەگەڕێتەوە، برایم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتیی دەچێتە لای و لێی دەپاڕێتەوە تا ببێت بە سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدا ئیبراهیم ئەحمەد دەیزانی مەلا مستەفا، کابرایەکی نەخوێندەوارە، تەنیا شڕە خوێندەوارییەکی مەلایانەی هەبوو، زیاتر بڕواشی بە بنەماڵە و عەشرەتەکەی خۆی هەبوو، نەک بە کورد. بۆیە بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک عەشایرانە بیری لە چارەسەر دەکردەوە، نەک سیاسیی و یاساییانە. ئەو چەند ساڵەی لە سۆڤیەتیش بوو، کاتێک گەڕایەوە دەتگوت تازە لە گوندی بارزان دابەزیوە، ئیتر دەبێت ئێمە لەمەوە لەو نهێنییە بگەین، کە بۆچی ئیبراهیم ئەحمەد داوا لە کەسێکی ئاوا دەکات ببێتە سەرۆکی پارتێکی سیاسیی و چارەنووسی گەلێکی بدرێتە دەست، ئەمە لە کاتێکدابوو، دەیان کەسی خوێنەوار و تێگەیشتوو هەبوون، داوایان لێنەکرا ئەو بەرپرسیاێتییە هەڵبگرن. بە عادەت و عورفی حیزبایەتیش بوایە دەبوو لە کۆنگرەیەکدا سەرۆکیان هەڵبژاردایە، نەک بەم شێوەیە.
• مەلا مستەفا رقی لە هەر کەسێک بوایە، یان بابەتێکی بە دڵ نەبوایە جنێوی سێکسی مزری پێ دەدا، رقی لە خوێندەوار و خوێندەواریی بوو، رقی لە مامۆستا و قوتابیی بوو، حەزی دەکرد منداڵەکانی لە حوجرەدا فیری خوێندن بن. نەک لە قوتابخانە، هیچ کام لە کچەکانی نەناردۆتە بەر خوێندن.
کاتێک ئیبراهیم ئەحمەد داوای لێدەکات و لێی دەپاڕێتەوە ببێتە سەرۆکی پارتیی، مەلا مستەفا بە زمانێکی بازاڕیانە بە ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: (ئەز ببمە سەرۆکی قەحبەکان نابمە سەرۆکی پارتیی). مەلا مستەفا لەمەدا زۆر راستگۆ بووە، چونکە نەیزانیوە سیاسەت و حیزبایەتیی چییە وای زانیوە حیزبایەتی هاوشانی مەلها و شوێنی رابواردنە، بەڵام ئیبراهیم ئەحمەد بە پێچەوانەوە ئەرکی ئەوەبووە و راسپێردراوە، کە ئەم کەسە نەزان و جاهیلە دەبێت ببێتە سیمبوڵ و رابەری گەڵیکی ژێردەستە. ئەگەر ئەمەی ئیبراهیم ئەحمەد خیانەتی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەبێت، دەبێت چی بێت؟ ئەوەتا خوێنەوار و روناکبیرەکان لە بری ئەوەی ئەم خیانەتەی بە وردی بخوێننەوە و شیکاریی بۆ بکەن، دەچن (شیرین بەهارە) و (هەر کوردین و کوردیش دەبین)ــەکەی بەسەر لاشەی نەمانی کورددا دەخوێننەوە. هەڵبەت دوژمن و داگیرکەرانی کوردستانیش بە ئاگاییەوە، پێش ئەوەی کورد بۆ خۆی حیزب و رێکخراو دروست بکات، لە رێگای برایم ئەحمەد و ئەم خائین و سیخوڕانەشەوە، کەسێکی نەزانی بۆ دەدۆزنەوە، دەیکەنە سەرۆکی ئەو حیزبەی کە خۆیان بۆ کوردیان دروست کردووە. کۆتاییەکەشی بەئاشبەتاڵ پێ دەسکێننەوە، ئەوەی ئەمڕۆش دەیبینین، درێژەدانە بۆ قڕتێخستن و نەمانی کورد لە رێگای نەوەکانی ئیبراهیم ئەحمەد و تالەبانی و بارزانییەوە، کە خاڵی دەستپێکی لە دانانی مەلا مستەفاوە بوو، ئەم سیاسەتباز و خەباتگێڕ و نووسەرانەی ئەمڕۆش، تەواوکەر و بەرهەمی عەقڵی داگیرکەرانە. کە لە ناو فیکر و هزری کورددا چێندراون، ئەو پلانەیە کە نایانەوێت کورد لە باشووردا گۆڕانکاری بە سەر خۆیدا بهێنێت، ئەوانەی ئیستا سیاسەت دەکەن و کۆمەڵگای کوردی بەڕێوە دەبەن، درێژکراوەی ئەو مێژووەیە، کە نەهێڵن کورد بچێتە سەر هێڵی راستەقینەی خۆی و بەرەو رزگاریی هەنگاو نەنێت! ئەوانەی ئەم سیخوڕ و خائینانە وەک قارەمان و خەباتگێر ناو دەبەن و نەوەکانی ئەو خائینانەیان کردۆتە رابەر و پێشەوای خۆیان، گەرەنتی نووسینەوەی مێژوویەکی ساختە بە خائینەکان دەدەن، بۆ دوای نەمانی کورد مێژوو بە درۆ دەنووسنەوە، تا نەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوو و دادگایی نەکرێن، ئێمەش تەنیا ئەوەندەمان لە دەست دێت کە لە بێهیوایی و نائاگاییدا لە داهاتووی خۆمان نائومێد بین.
• دوای ئەوەی مەلا مستەفا رازی بوو ببێتە سەرۆکی پارتیی، وەک (عیسا پژمان) بە دوور و درێژی باسی ئەو سەردەمە دەکات، کە چۆن مەلا مستەفا و ئیبراهیم ئەحمەد و بەرپرسەکانی دیکەیان رازی کرد، لە عەبدولکەریم قاسم هەڵبگەڕێنەوە و بچنە شاخ، ئیتر لە ساڵی ١٩٦١ ئاژاوەیان نایەوە و ناویان نا شۆڕشی ئەیلول، لێرەدا بە باشی دەزانم کە هاوشێوەی کەسایەتی سووکی فرانسۆ حەریریی لەسەر ئیبراهیم ئەحمەدیش ئەوە بگێڕمەوە:
لە شاخ پێشمەرگەکان چادرێک بۆ مەلا مستەفا هەڵدەدەن، دوایی دەیانەوێت چادرێکیش بۆ برایم ئەحمەد لە ریزی چادرەکەی مەلا مستەفاوە دابنێن، ئیبرایم ئەحمەد زوو فریا دەکەوێت و بەمە رازی نابێت داوا دەکات چادرەکەی ئەم لە خوار چادرەکەی مەلا مستەفاوە بێت، کە لێی دەپرسن بۆچی؟ لە وەڵامدا دەڵێت: جەنابی مەلا مستەفا سەرۆکە، نابێت کەس لەسەروو، یان لە ریزی سەرۆک بێت!؟ رەفیق چالاک لەو سەردەمەدا، کە لە ئیستگەی شۆڕش کار دەکات و ئاگاداری ئەم رووداوە دەبێت، خۆی ئەمەی بۆ گێڕامەوە، ئەویش ئەو کاتەی کە لە بەغدا لە رۆژنامەی برایەتی لە لای کارم دەکرد.
• ساڵی 1974 کە زۆربەمان روومان کردبووە شاخ، منیش لە خوار حاجی هۆمەران (لە ناوچەی ئازادی) گیرسابوومەوە، زۆر جار دەچوومە چۆمان لەوێ بۆ کڕینی هەندێک پێویستی سەردانی دوکانی کاک (سدیق)م دەکرد، سدیق برای محمد عەزیز بەرپرسی دەزگای پاراستن بوو، چەند جارێک ئیبراهیم ئەحمەدم لەو دوکانە دەبینی، ئیبراهیم ئەحمەد وەکو جەلال تالەبانی کوردستانی جێنەهێشتبوو، هاتبووە دەرەوە، هەرچەندە هیچ رۆڵ و پۆستێکی نەبوو، مەلا مستەفا رقی لێی بوو، بەردەوام پاراستن چاودێری دەکرد، دوای ماوەیەک، بە چەند هەفتەیەک پێش ئاشبەتالەکە ئیبراهیم ئەحمەد لەو ناوەدا نەما و کوردستانی جێ هێشت.
• برایم ئەحمەد لەو دواییەدا ، کە پیربووبوو، پێش کۆچی دوایی، فریای ئەوە کەوت، چەند جارێک لە شام سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات، یەک دوو جاریان محەمەد رەسوڵ هاواری مێژوونووسیشی لەگەڵدا بوو، ئەویش بۆ پەیداکردنی متمانە لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان. زۆر لەو نهێنییە رێگاپیدراوانەی سەردەمی خۆی کە لەگەڵ مەلا مستەفادا بووە، بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس دەکات، بۆ ئەمە دەتوانن کتێبی (دادگای مێژوو) بخوێنیتەوە. کە لە یەکێک لە باسەکانیدا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان باسی گەمژەیی مەلای مستەفا دەکات و دەڵێت: کاتی زۆری خایاند تا تێمگەیاند، کە ئۆتۆنۆمی چییە.
پاش ئەوەی ئۆجەلان سوریا جێدەهێڵێت و دوایی گیرا و برایەوە بۆ تورکیا، پاش سێ رۆژ، برایم ئەحمەد بانگ کرا بۆ کۆنگرەی (ئۆپۆزیسیۆن)ی عێراقی لە ئەمەریکا، ئەو کۆنگرەیەش بە سپۆنسەری ئەو وڵاتانە بوو، کە زۆربەیان هاریکاریی گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کردبوو، هەروەها تورکیاش دەستی لە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی ئەو کۆنگرەیە هەبوو. ئیتر با خوێنەر لێکدانەوە و بیرکردنەوەی خۆی بۆ ئەم هەموو تەونی جاڵجۆڵۆکەیەی خیانەتی کورد لە کورد بکات و من هیچ قسەی تێدا ناکەم.
لە کۆتاییدا هەر شتێکی دیکەم بە پێویست زانی، یان خوێنەر زانیاری زیاتری لەلا بوو، بە بەڵگەوە بۆم بنێرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک لە یادەوریی دیکەی ناو (گەشتکردن بە ژیاندا) دەیپارێزین.
تێبینی:
بە داخەوە راگەیاندنەکانی سەر بە پەکەکە، بەتایبەتی لە نمونەی (رۆژ نیوز) و (خەبەر ٢٤ ) و ،،،،هتد بایەخی زۆریان بە کەسایەتیی ئیبراهیم ئەحمەد و کچ و بنەماڵەکەی داوە، بەو بۆنەیەوە چەند وتار و نووسینان بڵاوکردۆتەوە، برایم ئەحمەد وەک تێکۆشەرێکی کورد ناودەهێنن، هۆکاری ئەمەش رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە زۆربەی میدیاکارەکانیان (بەشە سۆرانییەکەی)، کە خەڵکی باشوورن، باکگراوندی پارتیی و جەلالیان هەیە، یان لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی ئەو حیزبانەی باشووردا بوون، لەگەڵ ریزم وەک هەستیش دەکەم هەندێکیان وشیارییەکی وایان نییە و شارەزای مێژوو نیین، بۆیە هەر وەک راگەیاندەکانی یەکێتی و دەسەڵاتی دزەکانی باشوور ئەم بنەماڵە خائین و بەرپرسانەی کوردی باشوور بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنن.
بۆ خوێندنەوەی هەندێک لەو سەرچاوانە، لینکی چەند کتێبێک دادەنێم:
ئۆجەلان ، هاوار، بلە: دادگای مێژوو
عیسا پژمان: نهێنییهکانی بهستنی پهیمانی الجهزائیر
ئەحمەد حەمە ئەمین: کوردهکانی ئهنجومهنی عێراقی له رۆژگاری پاشایهتییدا
سەرچاوەی دیکەش زۆرن، تەنیا ئەم سێ دانەیەم بە پیویست زانی دایانبنێم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست