لە ناو ئەو پرسیارانەدا، کۆمەڵێک پرسی زۆر گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ورژێنراون، کە لە (لێکۆڵینەوە زانستی و فەلسەفییەکان)دا هەر یەک لەو پرسانە (گرنگیی و تایبەتمەندیی) خۆی هەیە. بۆ ئەوەی لەو پرسە فەلسەفییە گرنگەش بەباشی تێیبگەین و تێگەیشتنمان بۆ بەهاکانی موڕڵ هەبێت. بە پێویستی دەزانم کە سەرەتا و بە کورتی پێناسەیەکی موڕاڵ بکەین، لەوێوە بچینە سەر وەڵامی پرسیارەکە.
موڕاڵ بریتییە لە مانای هەڵسوکەوتی باش لە هەموو کردار و هەڵوێست و بەرەوڕووبوونەوەکانمان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ شتەکانی دەوروبەرماندا، بەڵام دەبێت ئاگاداربین، کە لە سەردەم و لە شوێنە جیاوازەکاندا، چەمکی (باش) و واتای باش، جیاوازییان هەیە. (باش)یش هەیە، کە لە هەموو کات و سەردەم و هەموو شوێنێکدا هەر باشە، بەڵام لەسەر تێگەیشتن لەسەر دیاردەکانی موراڵ ئەمەیان بەردەوام مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت و لێکۆڵینەوەکان تا ئەم سەردەمەش بەردەوامن. لەو لیکۆڵینەوانەشدا، داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو واقیعەی کۆمەڵگای پێدا دەڕوات، دەبنە بەشێک لە دیاردەکانی هەڵسوکەوت و پەرەسەندنی ئەرێنی و نەرێنی موڕاڵ. ئەگەر ئێمە هەموو ئەمانە باس بکەین، ئەوا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسانەش، پێویستمان بە نمونەی زۆر دەبێت، تا بتوانین وەڵامی دروستیان بدەینەوە، باسەکەش لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە، لەمەوە ناچار دەبین قسەش لەسەر (ئەتیک) واتا فەلسەفەی موراڵیش بکەین، چونکە (ئەتیک) بە وردی رۆشنایی دەدات بە تێڕوانینی خۆمان لەسەر موڕاڵ و چۆنێتی هەڵبژاردەکانی نێوەندی موڕاڵ، رێگاکانمان پیشان دەدات، بەوەی کام بیرکردنەوە و بڕیاڕ لەسەر هەڵبژاردەیکە راستە؟ بە داخەوە ئەو وشە و تێرمە فەلسەفیی و زانستیانەش ناتوانرێن وەربگێردرێنە سەر زمانی کوردیی، ئەگەر کراش تام و مانا رەسەنەکەی خۆی لەدەست دەدات، بۆیە کاری شیکردنەوە و لێدوان لەسەریان زەحمەت دەبێت، لەبەر ئەوە باشترە لێگەڕێین بە کوردی هەروەک هەموو زمانە زیندووکانی دیکە بیهێڵینەوە.
- جگە لەو پێناسەیەی سەرەوە جارێکی دیکە بۆ تێگەیشتن و پێناسەکردنی(ئەتیک و موڕاڵ) بە شێوەیەکی ئاسانتر ئەوەش دەخەینە بەر چاو کە لە بەرنامەکانی خوێندنی فەلسەفە لە قوتابخانەکانی ئامادەیی ئەوروپادا بەتایبەتی لە سوید، بەم شێوەی خوارەوەش پێناسەیەکی ئاسانی بۆ کراوە، منیش بە گونجاوم زانی ئاماژە بەوەش بدەم، کە دەڵێت:
1- (موڕاڵ، واتا ئەو کار و بیرکردارانەی خۆمان کە لەسەرەنجامی (داب و نەریت و خووپێوەگرتن)ەوە وەرمان گرتووە و لەسەری راهاتووین، ئەمەش دەبێتە تێڕوانینی کەسێتی خۆمان، لەسەر بڕیاڕدان و هەڵبژاردن. دیسان موڕاڵ بە واتای کرداریش دێت).
2- (ئەتیک)یش، کە فەلسەفەی موڕاڵە، واتای بیرکردنەوە دەگەیەنێت پێش بڕیاردان و هەنگاونان بۆ کارەکە، تاوەک هەڵبژاردەیەک لە نێوان باشە و خراپەدا بکەین.
لەم دوو نمونەیەی خوارەوەدا زیاتر روونکاری دەکەین:
1- کاتی تاقیکردنەوەیە، ماوەیەکە قوتابییەک زۆر خۆی ماندوو کردووە و خەریکی خوێندنەوە و سەعیکردنە. رۆژی تاقیکردنەوە، پرسیارەکان زۆر قورس دەبن، ئەم ناتوانێت وەڵامی راستیی پرسیارەکان بداتەوە، سەیر دەکات یەکێک لەولاوە خەریکی قۆپیکردنە و دڵی خۆشە، کە هەموو وەڵامەکانی بە راستی نووسیوە، دوایی بە دزییەوە بەم دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت وەڵامەکانت بدەمێ؟!
ئەو کەسە چی بکات؟
- ئایا وەلامەکانی لێوەربگرێت، تا وەکو ئەو قۆپی بکات و دەربچێت؟
- یان بڵێت: سوپاس، نامەوێت بە قۆپیکردن دەربچم؟ ! ویژدانیشم قبوڵ ناکات، کە بە فێل و ساختە دەربچم،
- بە چاودێرەکە بڵێیت کەوا ئەو کەسە بە ساختە و فێڵ وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە؟
- بێدەنگ بێت و هیچ نەکات؟!
2- کوڕێک جاشێک و پیاوخراپێک دەکوژێت، کە کاتی خۆی باوکی ئەمی کوشتووە. پۆلیس و پیاوەکانی دەسەڵات بە دوایدا دەگەڕێن، ئەویش رادەکات، تا خۆی دەکات بە ماڵێکدا و دەپاڕێتەوە و داوا دەکات، رێگای بدەن خۆی بیشارنەوە. خاوەن ماڵ دەبێت چی بکات و هەڵوێستی چۆن بێت؟
- لە ترسی گیانی خۆی، بە کوڕەکە بڵێت ناتوانم بتهێنمە ژوورێ و داڵدەدت بدەم؟
- بیهێنێتە ژوورێ، بەڵام کاتێک سەرباز و چەکدارەکان دێن، یەکسەر تەسلیمیان بکات؟
- بیهێنێتە ژوورێ و نەترسێت، هەموو مەترسییەک بخاتە ئەستۆی خۆی؟
نمونەی دیکە زۆرن، کە وەڵامەکان وەک ئەو دوو نمونەیەی سەرەوە بە (ئەتیک) رێگاکان دەخاتە بەردەممان، تا هەڵبژاردەی موڕاڵی یان بێموراڵی خۆمانی لەسەر بکەین.
ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارانی پارتەکان لە باشوور هەرچەندە دوو ئاڕاستەی جیاوازن، بەڵام دژی یەکتر نیین، بۆ دوژمنان و نەمانی کورد کار دەکەن |
ئەو بەشەی وەک لە پرسیارەکەدا هاتووە، کە پەیوەستە بە دیاردەی خاکفرۆشیی و لەشفرۆشی و دیاردەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگای کوردیی، بە لای منەوە پێویست بە هەڵبژاردەی (ئەتیکی موڕاڵی) ناکات، تا پرسیار بۆ پێشهات و لێکدانەوەکان بکەین، چونکە دیاردەکان وەکو بەڵگە ئەو راستییانە دەسەلمێنن، خراونەتە بەردەممان بە ئاسانی دەتوانین بڕیاری لەسەر بدەین، کەسێکی خاوەن موراڵ و خاوەن ویژدان کە خاک و گەلی خۆی خۆش بوێت، دەزانێت لە کوێدا بە ئەرکی موڕاڵی خۆی هەڵدەسێت، بە تایبەتی ئەگەر پەروەردەی موراڵییمان ئاستی ویژدانی بەرزکردبینەوە، جیاوازیی لە نێوان خیانەت و نیشتیمانپەروەرییدا بە ئاسانی دەکەین، لە وشیاری خۆماندا هەڵبژاردەیەکی دروستمان دەبێت و دەتوانین کام هەڵبژاردە بەجێهێنانی ئەرکی موڕاڵییە، لەگەڵ ئەوەشدا و بۆ وەڵامی ئەو بەشەی پرسیارەکە، ئەوا سەرەتا دەبێت ئاگاداری مێژووەکە بین، زانیاریی تەواومان هەبێت و بەتایبەتی هەڵسوکەوتی ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارانی پارتەکان، وەکو یەک بەراوردیان نەکەین، هەرچەندە ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارانی پارتەکان وەک دوو ئاڕاستەی جیاواز لە ناو کۆمەڵگای کوردییدا کار دەکەن، من پێم وایە ئەو دوو ئاڕاستەیەش هەرچەندە دوو ئاڕاستەی جیاوازن، بەڵام دژ بە یەکتر نیین، چونکە مەبەستێکی سیاسیی و خراپ لە پشتیانەوە هاندەرە و کاریان پێدەکات، ئەویش تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای کوردییە، مەبەستەکەش ترسناکە! چونکە زۆربەی کەسایەتیی سیاسیی و پیاوە ئاینییەکانی ئەمڕۆی باشووری کوردستان یەک رۆڵیان هەیە، ئەویش پەیامی خراپەکارییە و کارەکانیان سیخوڕیی و خیانەتکردنە لە کورد و نیشتیمانەکەی. ئەم قسەیەی من وەک بڕیاری دادگا ئاماژەی پێنادەم، نامەوێت رۆڵی دادوەرێک ببینم، بەڵکو وەک شایەتحاڵیک قسە لەسەر مێژووەکەیان دەکەم، ئەویش ئاشکرایە ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن تەنیا لە خزمەتی داگیرکەران و دوژمنانی کوردایە، هەر یەکەیان رۆڵی دیارییکراوی خۆیان پێسپێردراوە، کە لە ناو کۆمەڵگایەکی وشیاردا دەچێتە خانەی خیانەتی گەورەی نیشتیمانیی و نەتەوەییەوە.
ئەم هەڵسوکەوت و دیاردانەش لە رووی موڕاڵیی و لە رووی یاساییەوە جیاوازی زۆریان هەیە، بە نمونە لەشفرۆشیی، ئەگەر مەبەست لە (سێکس فرۆشتن)بێت، ئەوە باری جیاوازی خۆی هەیە، چونکە لە بارێکدا تەنیا پەیوەندی بە فرۆشیار و کڕیارەوە هەیە، بەڵام ئەگەر بکەوێتە باری (خراپ بەکارهێنان) وەک ئەوەی کەسەکان و گرووپی تری مافیایی و هاوشێوەکانیان، بۆ دەستکەوتی مادیی و ئابوریی هاتبنە ناو کاری سێکسفرۆشییەوە و کۆنتڕۆڵیان کردبێت، ئەوە دەچێتە خانەی ئەوپەڕی ناموڕاڵیی.
بۆ پرسی (خیانەت)یش دەتوانین بڵێین، ئاستی خیانەت پلەی زۆر جیاوازی هەیە، وەک خیانەتکردن لە نێوان دوو کەسدا، تا دەگاتە ئاستی خیانەت لە نیشتیمان و لە نەتەوە، بە گشتی بۆ هەموو جۆرە خیانەتێک دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ بکەرەکەیدا بکرێت، بەتایبەتی ئەوەیان کە دەکەوێتە ئاستی بەرزترین پلەی خیانەت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتن لەسەر دیاردەی (ناموڕاڵی)یش دەبێت راستەوخۆش دەست بۆ بکەرانی هەڵسوکەوتی ناموڕاڵیی رابکێشین و نمونەکان بخەینە پێش چاو، زیاتر قسە لەسەر دەسەڵاتدارانی سیاسیی و پیاوە ئاینییەکانی کورد بکەین، بەتایبەتی لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، چونکە ئەمانە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا هەبووە، بەم چەند نمونەیەی خوارەوە دەست پێدەکەین، کە ئەو بەرپرسە حیزبی و دەسەڵاتدارانە هەرچییەکیان کردووە و ئەنجامیان داوە، وەکو بەڵگەی مێژوویی دەنووسرێنەوە و لەو پەڕی تۆپکی ناموڕاڵی و خیانەتی گەورەی نیشتیمانیی و نەتەوەییدا کردویانە:
1- پارتی و یەکێتیی هاتنەوە ناو شارەکان، دەرفەتیان بە ئیسلامی سیاسیی دا، ئەوەی لێکەوتەوە، کە ئەمڕۆ دەیبینین.
2- شەڕی ناوخۆیان لەگەڵ یەکتردا هەڵگیرساند، باشووریان کرد بە دۆزەخ و بە هەزاران قوربانی لێکەوتەوە.
3- دزیی و کوشتن و ئاودیوکردنی سامان و فرۆشتنی نەوتی کوردستان کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، توانییان کۆمەڵگای کوردی لەوە خراپتر لێبکەن کە حکومەتی بەعس بیری لێنەکردبووەوە، ئەمان لە بری دوژمن هەرچی خراپ بوو بە کورد و نیشتیماکەیان کردوویانە.
4- لە بواری خوێندندا لە بری زمانێکی یەکگرتوو، خوێندنی قوتابخانەکانیان کردە چەند زاراوەی جیاواز، وەکو سۆرانی و بادینانی، ئیستا وەک دوو زمانی جیاواز لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت، ئەمە گەورەترین خیانەتی نەتەوەییە کە ئەو دوو بنەماڵەیە لە باشوور کردیان.
5- فیربوونی زمانی دووەم وەکو زمانی عەرەبی، ئینگلیزی و هەر زمانێکی دیکە لە هەموو روویەکەوە هەنگاوێکی باشە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی و زانستیی و تێگەیشتن و کرانەوە، بەڵام نابێت زمانی دایک فەرامۆش بکرێت و لە پێش هەموو زمانەکانی دیکەوە بایەخی پێ بدرێت. زمانی دایک دەبێت زمانی سەرەکی خوێندن بێت. دەسەلاتی پارتەکانی باشوور، زمانی کوردیان فەرامۆش کردووە، ئەمڕۆ نەوەیەکیان بەرهەم هێناوە، نووسین و خوێندەوەی زمانی کوردییان زۆر لاوازە، بە پێچەوانەوە زۆربەی قوتابیان باشتر دەتوانن بە زمانی تورکی و ئینگلیزی قسە بکەن و بنووسن.
6- بەشێکی زۆری قوتابخانەکان ناوەکانیان کوردی نییە هەروەک ناوی دوکان و بازاڕەکان، کە لە هەستیی سوکایەتیی و کەمزانینی خۆیان، ئەوانەیان کردۆتە کردۆتە زمانی عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی نزمدایە، زۆربەی قوتابخانەکان داڕوخاو و نوێژەن ناکرێنەوە، لە زستاندا سارد و لە هاوێندا گەرمن.
7- قوتابخانەی ئەهلی و حکومی لە یەکتر جیاکراوەنەتەوە، قوتابخانە ئەهلییەکان کە زۆربەی بەرپرسەکان خاوەندارێتی دەکەن و پارەی پێوەردەگرن، بایەخی باشتریان پێ دەدرێت و شوێنی خوێندن و ئیمتیازاتی باشتریان هەیە، منداڵی بەرپرسەکان زۆربەیان لەو شوێنانە دەخوێنن، کە دەریشچوون منداڵەکانی خۆیان دادەمەزرێنن و ئەوانی دیکە بێکار دەمێننەوە.
8- ئاستی خوێندن هاتۆتە خوارێ و دەرچووی قوتابخانەکان و زانکۆکان ئاستێکی زۆر نزمیان هەیە.
9- دەرچووی زانکۆکان دوای تەواوبوونیان هیچ کارێکیان پێ نادرێت و دەکەونە سەرجادە و کۆڵان و شەقامەکان، فێری دەرمانخواردن و خواردنەوە دەبن، یان کەسوکاریان یارمەتیان دەدەن، ئەویش کە هاتە دەرێ شوێنی رابواردن و قومارخانەی بەرپرسەکانیان پێ نیشان دەدرێت، تا لەوێدا پارەکانیان بە یاریی و قومارکردن و مادی هۆشبەر بدەن و بدۆڕێنن.
10- زۆر لە دەرچووی زانکۆ و قوتابخانەکان، دەبنە عەڕەبانەگێڕ و فرۆشیاری سەرجادەکان، یان دەبنە پیاوکوژی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات وەکو دژە تیرۆر و پاراستن و ئاسایش.
11- زۆرێک لەوانەی خوێندنیان تەواو کردووە و بێکارن فێری دەرمانخواردن بوون، ئەوانەی فیری ئەو کارەش دەبن، کەسێتی خۆیان لەدەست دەدەن و موراڵیان نامێنێت کە پارێزگاری لە شەرەف و ناموسی خۆیان بکەن، بۆیە دەستدەدەنە کاری لەشفرۆشی، بە تایبەتی ژمارەیەکی زۆر لە کچان، هەروەها دەسەڵاتی پارتەکان بوونەتە هاندەر بۆ دیاردەی لەشفرۆشی کوڕانیش، دیاردەی لەشفرۆشی کوڕانیش سەرچاوەی ئەو بێکاریی و بەرەڵاییەی دەسەڵاتی پارتەکانە، جگە لەو کچانەش کە بە ناوی مۆدێل و هونەرەوە دەسەڵاتداران و پارەدارەکان بۆ لای خۆیانیان دەبەن، نیشتیمانیان کردۆتە زۆرترین خانەی لەشفرۆشی و خۆفرۆشی.
12- لە باشووری کوردستان بە پلان هێندەی قوتابخانە و زانکۆ هەیە، لەبەرامبەرەوە زیاتر قوتابخانەی ئیسلامی و حوجرە و زانکۆی ئیسلامی و تورکیی کراونەتەوە و برەوی پێدەدەن، بڕوانە ئەم ئامارانەی خوارەوە کە راگەیاندنەکانی دەسەڵات خۆیان ئاماژەیان پێداون:
- بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای دهۆک دەڵێ: لە دهۆک هەزار و 100 مزگەوتمان هەیە.
- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، کە لە ساڵێکدا 100 مزگەوتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستکراون. هەروەها ئاشکرای دەکات، لە 10ـی تەممووزی 2019 و تائێستا زیاتر لە 400 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان دروستکراون. بەمەش ژمارەی مزگەوتەکان دەبێتە 5820 مزگەوت. واتا ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، کە وەک دەسەڵاتی هەرێم خەمڵاندوویەتی ژمارەیان دەگاتە پێنج ملیۆن، کەسی موسوڵمان و ئاینە جیاوازەکانی تر بێ بڕواکان و هەموویان هەر مزگەوتێک 859 کەس مزگەوتێکیان بەردەکەوێت لە (بە منداڵی ساوا و کوڕ و کچ و ژن و پیاو و کەسی بەساڵاچوو و پیرونەخۆش). لە بەرامبەر ئەم هەموو مزگەوتە زۆرەدا، تەنیا 6758 قوتابخانە و پەیمانگە هەن. کە ژمارەیەکی زۆر لەو قوتابخانانە قوتابخانە و پەیمانگەی ئاینییەکانیشن. (لە خوارەوە لینکەکان دانراون.).
دروستکردنی شوقەی زۆری بەرپرسەکان، کە هانی خەڵکی ئەدەن خانووەکانیان بفرۆشن و بچنە ناو ئەو شوقانەوە، عەرەبیش دێن و خانووەکان دەکڕن، سەرەنجامەکەی بەوە دەشکێتەوە، کە کورد دەبێتە کرێچی ناو وڵاتی خۆی و نیشتیمانی نامێنێت |
13- ترسناکترین و سامناکترین کار، داگیرکەرانی کوردستان لە رێگای پارتیی و یەکێتییەوە لە باشوودار دەیکەن و تا ئیستا باسی لێوەنەکراوە، ئەمەشیانە، کە دەستیان گرتووە بەسەر زۆربەی موڵک و خاک و زەوی کوردستاندا، کردوویانە بە بینا و شوقەی گەورە و بازاڕ و مۆڵ، هەرچی خزمەتگوزاریی وەکو غاز و ئاو و کارەبا بۆیان راکێشاوە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی خانووی ئاساییان هەیە، بە زەحمەت ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی تریان بۆ دەچێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵکیی بیر لە فرۆشتنی خانووەکانیان بکەن و دەستبەرداری ماڵەکانیان ببن، ناچاربن بیر لەوە بکەنەوە بچن شوقەکانی ئەمانی بکڕن، هەندێک لەو خانووانە و شوقەکانیش عەرەبی تیا نیشتەجێ دەبێت، چونکە ئیستا عەرەبەکان موچە و پارەی دوو قاتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. سەرەنجامی ئەم دیاردەیە لە دەستدانی ماڵ و مورکی کورد لە باشوور و چۆڵکردن و کەمبوونەوەی کوردە. ئەو شوقانەش کۆمپانیا تورکییەکان دروستیان دەکەن، ئەو شوقانەش، کە ئەندازیارە تورکییەکان نەخشە و شوێنەکەی دەستنیشان دەکەن، ئەو شوقانەش هەر لەو شێوەیانەی تورکیان کە بەرگەی بومەلەرزەکەی نەکرد و بە هەزاران کەس بوونە قوربانی.
14- نمونەی دیکەش زۆرن کە لە خزمەتگوزاری تەندروستیی و داودەرمان و خواردنی ئێکسپایەر کۆمەڵێک شتی دیکە، وای کردووە باشووری کوردستان بەرەو رووی کارەساتی خراپ بۆتەوە، زیاتر لە کتێبەکەدا باسیان دەکەین.