دەنگدان وەک گرێبەستی کۆیلایەتی و بندەستی
Friday, 08/10/2021, 16:19
کاتێک ئینگلیزەکان دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیان لە (23/08/1921)دا راگەیاند و باشووری کوردستانیان خستە سەر ئەو دەوڵەتە نوێێە،، کە ئەوسا پێیان دەگوت ولایەتی موسڵ. بۆ ئەمە راپرسییەکیان ئەنجام دا، بۆ ئەوەی بزانن تا چەند کوردەکان رازیین و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدان. ئەمە لەو کاتەشدا بوو، کە شێخ مەحمود لە سلێمانی راپەڕینی کرد و دەوڵەت و حکومەتی کوردی راگەیاند.
ئەو راپرسییە هەرچەندە کاریگەری بە سەر بڕیارەکەی ئینگلیزەوە نەدەبوو، ئەگەر لە سلێمانیش ئەنجام بدرایە هیچی لە مەسەلەکە نەدەگۆڕی، تەنیا پرسە گورگانەیەک بوو، بەڵام وەکو بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ دوارۆژ کاریگەریی خۆی هەبوو.
لەوساوە و تا هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق و نەمانی حیزبی بەعس، ئیتر هیچ راپرسییەکی لەو شێوەیە نەکرا تا رەوا و شەرعیەت بە پێوەلکاندنی ئەو بەشەی کوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە بدات.
ئەوەی لێرەدا لەم باسە کورتەدا مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم، ئەوەیانە، کە دوای راپەڕین و لە ماوەی ئەم 30 ساڵەدا، مەسعود و جەلال توانیان پێچەوانەکەی ئەنجام بدەن، ئەوەی ئینگلیز لەو سەردەمەدا ویستی ئەمان بە کردار پیادەی بکەن، کە هیچ خائینێک لە مێژووی مرۆڤایەتییدا بەرامبەر بە گەلی خۆی کاری وای نەکردووە. فریودان و فێل لە گەلی خۆیان بکەن بۆ بەرژەوەندی دوژمن و داگیرکەرەکەی. گەیاندنی دەنگی کورد بە رازیبوون، کە باشووری کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە نیشتیمانی عەرەبی، ئەوان ئەو کارەیان لەسەر ئەوە کرد. دەنگدان و ریفراندۆمیان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە برد. لەو هەموو ئەو دەنگدان و راپرسییانە و دوو ریفراندۆمەی کە ئەنجامیان دا، ئەو بڕیارە کۆنەی ئینگلیزیان چەسپاند کە باشووری کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە نیشتیمانی عەرەب.
شۆڕش و رزگاری کوردستانیش کە گوایا ئەمان بۆ رزگاری کوردستان و ئازادی گەلی کورد کردوویانە، لەگەڵ ئەو دروشمانەی رایان دەگەیاند، هەمووی پێچەوانەکەیان پیادەکرد، بە بەڵگەی ئەوەی تا ئیستاش بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە بە پێچەوانە رەفتار دەکەن و دژ بە مێژووی رابردووی خۆیان ئەنجامی دەدەن، هەمووی ساختە و گەمەکردن بوو لەگەڵ عەقڵی ساویلکەی کورددا، تا بازاڕی خیانەتی خۆیانی پێ گەرم بکەن. بەمەی ئیستاشەوە، کە لە 10/10/ 2021 دیسان خەڵکی دەنێرنە بەردەم سندوقی دەنگدان، کە تەنیا بەردەوامییدانە بە دەسەڵاتی خۆیان، رەوادانە بەو پەیمان و گەرەنتی پێوەلکانی ئەو بەشەی خاکی کورد وەک بەشێک لە عێراق و نیشتیمانی عەرەب، گەوجاندنی خەڵک بۆ بەردەم سندوقی دەنگدانەکان، دەنگدانە بەم خائینانە تا جارێکی تر بەردەوامی بە خیانەتی ژێردەستەبوونی کورد بدەن.
لەسەر مەسەلەی دەنگدانیش لەو بارەیەوە چەند نووسینم هەیە، جارێکیی تریش ئەم بۆچوونە تازەیەشی بۆ زیاد دەکەم، کە جگە لەوەی بڕوام بە هیچ جۆرە دەنگدانێک نییە، لە پرۆسەی دیموکراتییەتی دەنگداندا کە ساختە و فرت و فێلیشی تێدا ئەنجام دەدرێت، خائینێک و نیشتیمانپەروەرێک، جاشێک و باشێک، عاقڵێک و شێتێک، کاتێک دەچنە بەردەم سندوقی دەنگدان وەکو یەک مافیان پێدراوە، دوو خائین دەتوانن گرەو لە نیشتیمانپەروەرێک بباتەوە، دوو شێت دەتوانن عقاڵێک وەکو خۆیان شێت بکەن. دوو جاش لەبەرامبەر پێشمەرگەیەکدا مێژوو بۆ خۆیان بنووسنەوە. بەلای منەوە بۆ ئەمڕۆی کورد، کە نیشتیمانەکەی پڕە لە کەسانی نەزان و نەفسنزم، لە جاش و خۆفرۆش، تەنیا دیموکراتییەکە بە بەرژەوەندی ئەوان دەشکێشتەوە، بۆیە تا ئیستا خائین و وڵاتفرۆش و تاڵانچیەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، بە ناوی پرۆسەی دەنگدانەوە دەسەڵاتی خۆیان سەپاندووە و دەمێننەوە.
لە کۆتاییدا ئەوانەی کە لە دەنگداندا خۆیان بۆ هەر پلە و پۆستێکی دەسەڵات هەڵدەبژێرن، لە بری ئەوەی دەنگیان پێ بدرێت، وەکو خائین دەبێت حسابیان بۆ بکرێت و شایستەی دادگاییکردنن.
تێبینی:
هەمان نووسین لە فەیسبوکی خۆمدا کە تازە کردوومەتەوە دەتوانن بخوێننەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست