ئەمە ئەو خائینەیە، کە تا ئیستا لێپپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە
Friday, 25/09/2020, 22:52
ئێمە گەلێکن، کە لە پەروەردەی خێزانیی و کۆمەڵایتیی و سیاسییدا هەر لە منداڵیمانەوە فێرنەکراوین، ئەگەر هەڵەیەکمان کرد داوای لێبورن بکەین کەلتوری (داوای لێبوردن دەکەم، یان من هەڵەم کرد)مان نییە و ئەو وشانە لە زمانمان نایەنە دەرێ، پێمان وایە ئەگەر ئەوەمان کرد، ئیتر لە کەسایەتیمان دەدات و لە ئاست بەرامبەردا بچوک دەبینەوە، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی، کە کەسانی دروزن و بێشەرم لە ناوماندا بەرەو هەڵکشان دەچن. لەگەڵ مێژووەکەماندا رێدەکات و دەڕوات، دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەرکەسێک هەڵە، یان تاوان، لەوە گەورەتر خیانەت و جاشایەتیی کرد، دڵنیادەبێت کە لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکرێت بۆیە پێویست ناکات ددان بە هەڵکانیدا بنێت و پەشیمان بێتەوە دواجار داوای لێبوردن بکات، چونکە دەزانێت تا ئیستا هیچ کەسێک لەسەر تاوان و خیانەت و ناپاکی دادگایی و لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە، بەتایبەت ئەمەش لەناو سیاسیی و روناکبیرەکاندا. کەسانی بچوک دەسەڵاتداری زاڵم و دیکتاتۆر و خوێنمژ دروست دەکەن. کە سەرەتاکەی بۆ ئەو خێزانە دەگەڕێتەوە کە هەموومان تێیدا پەروەردە کراوین، باوک لە ناو ماڵی خۆیدا باڵادەست و لوتبەرزە، لە بەرامبەر ئەندامانی ناو خێزانەکەی خۆی ئەگەر هەڵەیەک بکات، داوای لێبوردن ناکات. بۆیە منداڵەکانی فێرنابن ئەگەر هەڵەیەکییان کرد داوای لێبوردن بکەن، ئەگەر ناچاریش کران بە ترسەوە داوای لێبوردن دەکەن، نەک بە بڕوا و بە ویستی خۆی.
ئەرکی دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، شێوازی پەروەردەکردنە، ئەوەیە کە هەوڵی بنبڕکردنی ئەو نەخۆشیی و گرێدەرونییەی تاک بە تاکی ناو کۆمەڵگا بدات. کە دەبێت سەرکردە و رابەرە سیاسییەکان لە خۆیانەوە دەست پێبکەن، هەر هەڵە و تاوانێک کردوویانە، داوای لێبوردن لە گەلی خۆیان بکەن، پەیامی دووبارەنەکردنەوەی نەدەن، واز لە پۆست و کاروباری ئیداریی و سیاسیی خۆیان بهێنن، لەو ئەرکە نیشتیمانیی و نەتەوەییەی پێیان سپێردراوە، دووربکەونەوە. ئەمەش وەک دەبینین لە یادەوەریی و یاداشت و بیرەوەرییەکانی ئەم بەرپرسانەی کورددا هیچیان تێدا نابینرێت، کە بە یەک وشە داوای لێبوردنیان لە مێژووی خۆیان کردبێت، کە ئەو نەهامەتیی و کارەساتانەیان بەسەر گەلی خۆیاندا هێناوە، بەڵکو هەموو ئەوانە کاتێک بیرەوەرییەکانی خۆیان دەنووسنەوە، خۆیان دەکەنە پاڵەوان و چاودێر بەسەر رووداوەکانەوە، خۆیان بە راستگۆ و قارەمان و ئازا پیشان دەدەن.
کاتێک سەرکردە و بەرپرسەکانی کورد، لەگەڵ ئەوەی نیشتیمان و نەتەوەی خۆیان بەرەو نەهامەتی و کارەسات بردووە، رووناکی و تروسکاییان لە دڵ و دەروونی خەڵکدا نەهێشتووە، هەموو خۆشییەکی ژیانیان لێسەندوونەتەوە، موچەیان بڕیوە و گیرفانی هاوڵاتیانیان تاڵانکردووە، نیشتیمانیان تەسلیم بە دوژمن کردووە، لەگەڵ ئەو هەموو تاوانانەی کردوویانە، هێشتا خۆیان بە براوە دەزانن، یەکێکی وەکو مەسعود بارزانی قیت دەبێتەوە، دوای ریفراندۆمەکە خۆی بە سەرکەوتوو پیشان دەدات و دەڵێت: (خۆ ناچەمێنین).
مەسعود بارزانی، کە هەمیشە بەرامبەر بە داگیرکەر و دوژمانی کورد بە ئەژنۆکانی رۆیشتووە، هێشتا دوای ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتییە، خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت، دەڵێت ئێمە (خۆ ناچەمێنین!)
ئەوەی ئەو هەموو خیانەت و کەتنانەی کردبێت و هەست بە چەمینەوە نەکات، تەنیا یەک پێناسە دەیگرێتەوە، ئەویش ئەو ریسواییەیە کە بە ناوچەوانی خۆی و مێژووەکەیەوە بنێیت، پێی بڵێیت: ئەمە ئەو خائینە بێشەرمەیە، کە هێشتا گەل لێی نەپرسیوەتەوە، مێژووش دادگایی نەکردووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست