کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌و نامانه‌ی، که ‌هه‌موو مێژووی تاڵه‌بانی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ره‌ ! (3)

Sunday, 26/09/2010, 12:00


له‌م نامه‌یه‌دا تاڵه‌بانی، وه‌ڵامی خاڵه‌ حاجی ده‌داته‌وه‌، که‌ زۆر قسه‌ هه‌ڵده‌گرێت له ‌سه‌ری بکرێت، له‌ نامه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت پاسداره‌کانی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان زۆر به‌سوکی سه‌یری که‌سایه‌تی تاڵه‌بانیان کردووه‌ . وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌، ئاغاکانی قه‌ره‌رگا بێ سڵاو و ڕێزگرتن، ته‌نانه‌ت له‌ نامه‌شدا ئه‌وه‌ ره‌چاوده‌کرێت، هه‌ر که‌سێک بۆ یه‌کێکی ساده‌ و ساکاریش بنووسێت به‌ وشه‌ی (برای خۆم، یان به‌ڕێز، دوای ئه‌وه‌ سڵاو و چاک و چۆنی) ده‌ست پێده‌کات، به‌ڵام وه‌ک کۆیله‌یه‌ و که‌سێکی سووک ته‌ماشای تاڵه‌بانی کردووه‌ و بانگی ده‌کات بۆ شاری سه‌رده‌شت. نامه‌که‌ به‌ جۆرێکه‌ که‌ تاڵه‌بانی نیگه‌ران کردووه‌. حاجی ئاغا ڕێک به ‌تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: (اقای جه‌لال وه‌ره‌ سه‌رده‌شت... والسلام علی من اتبع الهدی).
تاڵه‌بانی له‌ شێوازی داواکاری و نووسینی نامه‌که‌ی به‌رپرسی قه‌رارگه‌ی ره‌مه‌زان بێتاقه‌ته‌، که‌ نیوه‌ی زیاتری ئه‌م نامه‌یه‌ ده‌ربڕینی ناره‌زاییه‌ له‌سه‌ر شێوازی بانگکردنه‌که‌، بۆیه‌ ده‌ڵێ له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ من نایه‌م، به‌ڵام گه‌ر ده‌یانه‌وێت من نوێنه‌ری باڵای (ی ن ک) بۆ کوێی بوێت، ده‌نێرم. به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و ڕاز و گله‌ییه‌ له‌ ئاغا پاسداره‌کانی بکات، هێرشێک ده‌کاته‌ سه‌ر سه‌رکردایه‌تی حشع و ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ قه‌ت یه‌کڕیزیی کورد و عێراقیان پێ باش نییه‌.

تاڵه‌بانی له‌ سه‌ر ئه‌م ململانێ ناشه‌ریفانه‌یه‌ ژیانی سیاسیی خۆی و یه‌کێتی داڕشتووه‌، که‌م نامه‌ی تاڵه‌بانی هه‌ن، که‌ باس یان‌ زه‌می لایه‌ن و که‌سێکی تێدا نه‌کردبێت، هه‌ر که‌سیش نه‌بێت، ئه‌وا هاوڕێ و هاوخه‌باته‌کانی خۆی داوه‌ته‌ به‌ر تانه، به‌سه‌ر که‌لله‌سه‌ریاندا هه‌نگاوی ناوه‌. ئه‌و نامه‌یه‌ی پێشوو که‌ باس له‌ جه‌لالی حه‌مه‌ی‌ محه‌ ده‌کات و بووختانی بۆ ده‌کات، که‌ هه‌رچی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ و جه‌لالی حه‌مه‌ محه‌ ده‌ناسن به‌ڕێزه‌وه‌ ناوی ده‌هێنن و به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و قاره‌مان ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام تاڵه‌بانی له‌و کاته‌دا چونکه‌ ئه‌و لێی یاخیی بووه‌و به‌ سیاسه‌ته‌که‌ی رازی نه‌بووه‌، ئیتر هاتووه‌ بووختانی بۆی کردووه‌ و پیسترین ناووناتۆره‌ی لێناوه‌، که‌ دووره‌ له‌ راستیی.
له‌و نامه‌یه‌دا بۆ یه‌که‌مین جار باس له‌ رێککه‌وتنی یه‌کێتیی نیشتیمانی و حکومه‌تی ئێران ده‌کات، که‌ له‌ ورمێ په‌یمانێکیان له‌ نێوان خۆیاندا مۆر کردووه‌، تا ئیستا باس له‌ ناوه‌رۆکی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ نه‌کراوه‌ و نهێنییه‌کانی ئه‌و په‌یمانه‌ شاراوه‌یه‌.

له‌م نامه‌یه‌دا دیسان هه‌ر دوو ڕووی تاڵه‌بانی ده‌بینین، که‌ له ‌لایه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حاجیاغا به‌رپرسی قه‌رارگای ره‌مه‌زان ده‌کات، که‌ حسابیان بۆ نه‌کردوه‌، وه‌ک کوێخاکه‌ی یاخسه‌مه‌ر ته‌ماشای کردووه‌، به‌ڵام له‌ پڕ با ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: من ئاماده‌م گه‌ر حاجی ئاغا بمکاته‌ وه‌کیلی خۆی زانیاریی ته‌واو ده‌ده‌م به‌پاسداران، وه‌ک جاسوسێک هه‌رچی زانیارییه‌ له‌ سه‌ر سوپای عێراق و جوڵانه‌وه‌یان بۆیان ده‌نێرم.

تاڵه‌بانی که‌سایه‌تییه‌که‌ مێژووییه‌کی هێنده‌ ئاڵۆزی هه‌یه‌، له‌ مێژووی هیچ سه‌رکرده‌ و که‌سایه‌تییه‌کی تێکشکاو و ناشریندا بوونی نییه‌. له‌جێگه‌یه‌کی تردا باس له‌ قاره‌مانێتی خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ مه‌لامسته‌فا له‌ جه‌ربه‌زه‌ییدا ناوی ناوم (جه‌لاله‌ شێت)، چونکه‌ به‌ نوکی کڵاشه‌که‌م له ‌دارگای وه‌زیری ناوخۆم داوه‌ له ‌به‌غداد. من هیچ ئازایه‌تی له‌مه‌دا نابینم جگه‌ له‌ ‌بێ ڕێزی زیاتر. چوونی تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد، به‌زه‌نگێکی ته‌له‌فۆن یان نامه‌یه‌ک، که‌ تاڵه‌بانی خۆی له ‌به‌ر ده‌رکی دوژمناندا دیوه‌ته‌وه‌، کردنه‌وه‌ی ده‌رگا به‌ده‌ست یان به‌نوکی کڵاش هیچ نییه،‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌، تاڵه‌بانیی چ ده‌روازه‌یه‌کی کردۆته‌وه‌ و به‌رهه‌می چیی بووه‌؟ له‌و ده‌رگایه‌وه‌ چی برده‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی حکومه‌تی عێراق؟ ئه‌و پرۆتۆکۆله‌‌ چیی بووه‌ که‌ خستووته‌ به‌رده‌م حکومه‌تی عێراق، که‌ تۆ‌ واژۆت له‌سه‌ر کردووه؟‌ ئه‌مانه‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیین، نه‌ک شتی تر.
به‌ڵێ ده‌مه‌وێت بڵێم، ئه‌م نامانه‌ مێژووی که‌سایه‌تی تاڵه‌بانی له ‌به‌رده‌م پرسیاردا ڕاده‌گرێت، مافی پاراستنی ئه‌م نامانه ‌و ئه‌وانی تر، که‌ به‌دوای ئه‌مانه‌دا دێت بۆ کوردستانپۆست پارێزراون، سوپاسی ئه‌و به‌ڕێزه‌ش ده‌که‌ین که‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی خستۆته‌ به‌رده‌ستمان و له‌ هه‌ستیی به‌رپرسیارێتیی به‌رامبه‌ر به‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ی رێز و پێزانیینمان هه‌یه‌. بۆیه‌ هه‌رکه‌سێک له ‌کوێدا ئاماژه‌ی پێبات ده‌بێ ناوی کوردستانپۆست ره‌نگه‌ هه‌ندێک که‌س پێێ وابێت ئه‌م نامانه‌ بڵاونه‌کرێنه‌وه‌ باشه‌، چونکه‌ خزمه‌ت به ‌دوژمنانی گه‌له‌که‌مان ده‌کات، ئێمه‌ش ده‌ڵێین نا نه‌خێر ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین شتێکه‌،‌ هه‌م داگیرکه‌ران، هه‌م سه‌رانی به‌ زۆر سه‌پێنراوی کورد ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

************************* نامه‌که‌ی تاڵه‌بانی *************************



یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان
24 / 6 / 1986
برای خۆشه‌ویستم خاڵه‌ حاجی                 سڵاوێکی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌رم

شادی و خۆشیتانم داوایه‌ و سڵاوم هه‌یه‌ بۆ گشت هه‌ڤاڵانی سۆشیالیست و زۆر سڵاوم هه‌یه‌ بۆ کاک حاجی ئاغا.
نامه‌کانت گه‌یشت ئه‌مه‌ش وه‌ڵامه‌کان به‌ سوپاس و پێ زانیانه‌وه‌:
1 سه‌رکردایه‌تی حشع درۆ ده‌که‌ن! فێڵ ده‌که‌ن! به‌ راستیان نیه‌! پێیان خۆش نیه‌ نه‌ ریزه‌کانی هێزه‌کانی کورد یه‌ک بگرێته‌وه‌! نه‌ هی هه‌مو معارضه‌ی عێراقی. ئه‌مه‌ش یه‌که‌م په‌شیمان بوونه‌وه‌ نیه‌. به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئه‌مه‌شیان چواره‌مین و پێنجه‌مین په‌شیمان بوونه‌وه‌ی حشعه‌!!
راسته‌ له‌ناو خۆیاندا ناڕێکن و زۆر کیتله‌ن و چه‌ندین تاقمو بیروباوه‌ڕن! به‌ڵام ئه‌مه‌ش "رێبازی" دێرینه‌یانه‌! ئێمه‌ ئه‌وانه‌مان باش ناسیوه‌! ئێوه‌ش و برایانی تریش وا ورده‌ ورده‌ باشتر ده‌یان ناسن.
2 له‌گه‌ڵ پارتیش ئێمه‌ زۆر به‌ راستمانه‌ و زۆرمان پێ خۆش ده‌بێ گه‌ر رێککه‌وتن ببێت، ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ قسه‌ی خۆشی رووت باوه‌ڕناکه‌ین به‌ڵام خۆمان به‌ جیددی و به‌ توندی ملی رێگه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ و پێکهاتنه‌وه‌مان گرتووه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ به‌ ورد و درێژی له‌ الشراره‌دا روونمان کردۆته‌وه‌. به‌ڵام هه‌قه‌ برایانی پارتی له‌و ماوه‌ی گفتوگۆیه‌دا تاکو رێککه‌وتن ده‌بێت، چیکه‌ هێزه‌کانیان نه‌نێرنه‌وه‌ سه‌رمان! چونکه‌ ئه‌وه‌ جۆرێکه‌ له‌ شه‌ڕفرۆشتن.
زۆر سڵاوم هه‌یه‌ بۆ کاک مه‌سعود و کاک ئیدریس و کاک عه‌لی و برایانی تر. به‌کاک ئیدریس بڵێ هه‌ر وه‌ختێ ته‌شریف ده‌هێنێت به‌ سه‌رچاو دێت. ئێمه‌ " بالاحضان و القبل"ی پێشوازی لێ ده‌که‌ین! من خۆشم رێگه‌مان هه‌با ده‌چووم بۆ لایان، چونکه‌ پێکهاتنه‌وه‌ پیرۆزه‌، هه‌ر که‌سێک پێ هه‌ڵسێ شه‌ره‌فو سه‌روه‌ریه‌کی گه‌وره‌ بۆ خۆی وه‌ده‌ست ده‌هێنێ. جگه‌ له‌مه‌ بۆچی بچینه‌ به‌رده‌رگای ئه‌مو ئه‌و، که‌چی پێمان شه‌رم بێ بچینه‌ ماڵی یه‌کتر! لای یه‌کتر! ئێمه‌ پێمان نه‌ک شه‌رم نیه‌ به‌ڵکو سه‌ربه‌رزیه‌.
برا گیان: به‌ کاک حاجیاغاش بڵێ که‌ من پێم وایه‌ هه‌ندێ که‌س له‌ قه‌رارگای رمضان ته‌شقه‌ڵه‌مان پێ ده‌که‌ن! جارێ زۆر به‌ توندی نامه‌ ده‌نووسن! ده‌ڵێی بۆ پیاوی خۆیان ده‌نووسن! یان ده‌ڵێی "استدعای پۆلیسه‌" بۆ متهم! هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه‌ش به‌ لهجه‌ی موناسب وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌! بۆ نمونه‌ که‌ له‌ داوێنی نامه‌یه‌کیاندا نوسراوه‌! والسلام علی من اتبع الهدی، ئێمه‌ش بۆیان ده‌نوسینه‌وه‌ "والسلام علی من اتبع الهدی" یه‌ک به‌ یه‌کو و البادی اظلم.
من خۆم "متفائیل" نیم له‌و جۆره‌ هه‌ڵسو خوسته‌یان به‌ڵام وا هه‌ر درێژه‌ی پێ ده‌ده‌ین! یان داوا ده‌که‌ی من بچم بۆ سه‌رده‌شت! ئه‌ویش به‌ نامه‌یه‌کی زۆر دوور له‌ "ئه‌ده‌ب"! ده‌نووسێ! "اقای جلال" بێ سلام و بێ کلام "وه‌ره‌ بۆ سه‌رده‌شت!" هه‌روه‌ک ئه‌و (مامور مرکزی ماوه‌ت) و منیش کوێخای یاخسه‌مه‌ر بم!!
خۆت من باش ده‌ناسی! مه‌لا مسته‌فای ره‌حمه‌تی ده‌ی گوت" جه‌لاله‌ شێت" بۆیه‌ ده‌نێرم بۆ گفتوگۆ له‌ به‌غدا، چونکه‌ به‌ نوکی کلاشه‌که‌ی ده‌رگای ژووری وه‌زیری داخلیه‌ ده‌کاته‌وه‌!! تازه‌ پاش (25) ساڵی تر ئاماده‌ نیم! بچمه‌ به‌ر ده‌ستی اغای علم الهدی افندی قسه‌ی هه‌له‌قو مه‌له‌ق بکات!!.
هه‌ڵوێستی ئێمه‌ش بریتییه‌ له‌:
گه‌ر "من"یان گه‌ره‌که‌- با ته‌شریف بهێنن بۆ لامان.
گه‌ر وه‌فدی ی.ن.ک یان گه‌ره‌که‌ بۆیان ده‌نێرین.
که‌ی وه‌ختیشی هات: ایت الله‌ منتظری یان سه‌رۆک خامینه‌ئی یان حجه‌ الاسلام ره‌فسه‌نجانی منیان ویست ئه‌وا ده‌چم بۆ لایان! ئه‌مه‌ مه‌غروری نیه‌! ئه‌مه‌ ئیحترامی خۆ، ئیحترامی شۆڕش و ی.ن.ک گرتنه‌! جا گه‌ر قرارگاه رمضان فێرنه‌بووه‌ وا ره‌فتار بکات وا باشتره‌ هه‌ر له‌ دوره‌وه‌ دۆست بین!
خۆ گه‌ر به‌راستیشیانه‌، گفتوگۆیان ده‌وێ بۆ پێکهاتن، نه‌ک چاوپێکه‌وتن بۆ تێکچوون و بیانوناردن بۆ سه‌ره‌وه‌ی خۆیان بۆ پچڕاندن له‌گه‌ڵمان، ئه‌وا وا پێویسته‌ که‌: 1 به‌دۆستانه‌ گوفتار و ره‌فتار بکه‌ن. 2- گه‌ر ده‌یانه‌وێ هه‌ر الا من ببینن با بفه‌رموون بۆ لامان. 3- گه‌ر وه‌فدی ده‌سه‌ڵاتداری (ی.ن.ک)یان ده‌وێ ئه‌وا ئاماده‌ین بینێرین بۆ لایان بۆ هه‌ر شوێنێک خۆیان ده‌یانه‌وێ. 4- پێویسته‌ دڵنیابن که‌ ئێمه‌ هه‌ر ته‌نها مولته‌زیمین به‌ رێککه‌وتنه‌که‌ی ئورمیه‌ و به‌س! هه‌ر به‌و پێیه‌ش هاوکاری ده‌که‌ین و به‌س.
خاله‌ حاجی من پێم وایه‌ گه‌ر وا نه‌بێت یه‌کتر نه‌بینین باشتره‌! چونکه‌ قسه‌یه‌کی هه‌له‌قو مه‌له‌ق له‌وان وه‌ڵامێکی ئه‌وها له‌ ئێمه‌وه‌، ره‌نگه‌ بمان کات به‌ گژ یه‌کتریدا که‌ ئێمه‌ش زۆر خۆمان له‌وه‌ ده‌پارێزین. هه‌ر ئه‌و "موتاره‌که‌یه‌" باشتره‌ له‌ به‌گژیه‌کتردا هاتنه‌وه‌!
سڵاوم هه‌یه‌ بۆ کاک حاجیاغا وه‌ڵامی داواکه‌م بریتییه‌ له‌مه‌ی خواره‌وه‌:
من ناسیاو و دۆستم هه‌یه‌ له‌ ناویاندا، ده‌توانم داوایان لێ بکه‌م به‌ڵام پێویسته‌ -جگه‌ له‌ پاره‌- شوێن بۆ خانه‌واده‌کانیان دابین بکرێ ئینجا باوه‌ڕی " ثقة" و " اطمئنان" هه‌بێ که‌ ده‌ستی یه‌کتر نابڕین، گه‌ر حاجیاغا ده‌ستمان له‌گه‌ڵ بداتێ به‌ جیدیی وه‌ بتوانێ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو له‌ مه‌رکه‌ز وه‌رگرێت، ئه‌وا زۆر شتمان پێ ده‌کرێ و زۆریش هه‌زاران جاش- له‌ دوژمن ده‌که‌ینه‌وه‌.

خاله‌ حاجی
بۆ مه‌سه‌له‌که‌ی قه‌لادزه‌ش: ئێمه‌ ده‌زانین میری نیازی هه‌یه‌ هێرش بکات بۆ به‌ری ئاڵایی و سه‌رده‌شت و بیگرێت تاکو قوه‌تی لێ دانێت و رێگه‌ی ئێمه‌ و ئێوه‌ش بگرێت. هه‌روه‌ک نیازی هه‌یه‌. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ هێرش بکات و لای پاوه‌ و هه‌ورامان.
له‌م رۆژانه‌دا داوا ده‌که‌م که‌ تفصیلاتی ته‌واوم بۆ بێت و بۆی ده‌نیرم.
خاله‌ حاجی گه‌ر حاجی اغا بمکاته‌ وه‌کیل - من باوه‌ڕی پێ ده‌که‌م ئه‌وا زۆرم پێ ده‌کرێت له‌گه‌ڵ جاشه‌کان به‌ڵام تکایه‌ با به‌ نامه‌یه‌کی خۆی ئاگادارم بکاته‌وه‌.
تکایه‌ کاره‌کانی (الهادی) و برایانی تر جێ به‌جێ بکه‌ن به‌ ناوی منیشه‌وه‌ تکا له‌‌ حاجیاغا بکه‌ن. زۆریش تکام له‌ هه‌ردووکتان هه‌یه‌ که‌ کاره‌که‌ی (سۆران شیهاب) و (کمال محمود)م بۆ جێ به‌ جێ بکه‌ن هه‌ردووکیان له‌ (کرج) ده‌بن.
تکایه‌ به‌ کاکه‌ حه‌مه‌ی حاجی محمود بڵێ، که‌:
کوڕێک هه‌یه‌ لای ئه‌وه‌ ناوی (ئاراسه‌) ئه‌وه‌ له‌ دائیره‌ی ئه‌منی سلێمانی بینراوه‌ له‌ مانگی (4)ی ئیمساڵدا گوایه‌ کوشتنی سه‌رکرده‌یه‌کی ئێوه‌ی پێ سپێردراوه‌.
دووباره‌ سڵاوم هه‌یه‌ بۆتان که‌ی ده‌شتنێری وه‌ره‌، دوو نیشان به‌و تیره‌ ده‌شکێنیت!
ئیتر هه‌ر بژی بۆ
برای دڵسۆزتان
مام جه‌لال

کوردستانپۆست:
1) ئه‌و وشه‌یه‌ی که‌ تاڵه‌بانی له‌م نامه‌یه‌دا به‌کاری هێناوه‌ (موتاره‌که)‌ که‌ به‌ فارسیی به‌ (متارک) ده‌نووسرێت، له‌ فه‌رهه‌نگی فارسییدا وا لێکدراوه‌ته‌وه‌، به‌ واتای ترک کردن . دست برداشتن از یکدیگر، ترک گفتگو و مناقشه و منازعه و مجادله بطور موقت.
2) سۆران شیهاب، برای سۆزانی خاڵه‌ شه‌هابه‌ که‌ تاڵه‌بانی هه‌میشه‌ به‌ شیهاب ناوی بردووه‌.
3) کاک مه‌سعود و کاک ئیدریس و کاک عه‌لی: کاک عه‌لیی واته‌ علی عه‌بدوڵڵا سکرتێری پارتیی بووه‌.
4) اغای علم الهدی افندی، حاجیاغا به‌رپرسی قه‌رارگای ره‌مه‌زان بووه‌، که‌ نامه‌ی بۆ تاڵه‌بانی نووسیوه‌: ته‌نها وتوویه‌تی (اقای جلال ... ئه‌مه‌ بکه‌ و ئه‌وه‌ مه‌که‌) به‌ بێ سڵاوکردن و ماڵئاوایی.. که‌ کۆتایی به‌ نامه‌که‌شی هێناوه‌ به‌و ئایه‌ته‌ هێناوه (... والسلام علی من اتبع الهدی).‌ (قرآن کریم، سوره طه، آیة 47) که‌ لێره‌دا داوای به‌جێهێنانی فه‌رمانی گه‌وره‌یه‌ که‌ له‌ بچوک داواده‌کرێت و لانه‌دانه‌ له‌و فه‌رمایشته‌، له‌و نامه‌یه‌دا بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌کردن.
************************* ده‌قی نامه‌که‌ی تاڵه‌بانیی*************************
کلیکی ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/Talebani

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە