ئه‌و نامانه‌ی که هه‌موو مێژووی تاڵه‌بانی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه(1)
Monday, 20/09/2010, 12:00
ئه‌م نامه‌یه‌ی تاڵه‌بانی، نامه‌یه‌که بۆ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودی نووسیوه ، مێژووی نامه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1985. ئه‌و ساڵه‌یه که (ی.ن.ک) ته‌نها وه‌ک پارتییه‌ک له‌گه‌ڵ بهعسێکاندا به‌ر له ماوه‌یه‌ک له‌گفتوگۆدابوو، ده‌شیان ویست سیاسه‌تی نه شه‌ڕ و نه‌ئاشتی پیاده‌بکه‌ن، لێ به‌ڵێ به‌عسیه‌کان وایان نه‌کرد، ئه‌وان له‌شه‌ڕی خۆیان به‌رده‌وام بوون. بۆیه چه‌ندین پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید کرد ، به‌لێشاو سه‌ربازه راکردووهکانیان گولله باران ده‌کرد . بێ منه‌ت بوون له ڕه‌شکوژی.
نامه‌که‌ی تاڵه‌بانی پاڕانه‌وه‌یه‌کی تیدایه له حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود، که له‌گه‌ڵ ئێران ڕێکیان بخات. له‌نامه‌که‌دا تاڵه‌بانی نکۆڵێ له کۆمه‌ککردنی ئێران ناکات، ددان به‌وه‌دا ده‌نێ که سوریا و لیبیا به دۆست و پشت و په‌نا ده‌زانێت، بۆیه تاڵه‌به‌نی دوای چه‌ندین ساڵ هه‌ڤاڵ جومعه ده‌بینێ به سه‌رسوڕمانه‌وه لێی ده‌پرسێ چۆن ئێوه هیچ ووڵاتێک یارمه‌تیتان ناداون و په‌یوه‌ندیتان به ووڵاتانه‌وه نییه؟ (بڕوانه مێژووی پارتی کرێکاران).
پارانهوهکهی تاڵه‌بانی له حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود زۆر قسه هه‌ڵده‌گرێت ، بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێت که حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموود ده‌بێ خۆی چیی بووبێت وا تاله‌بانی لێی ده‌پاڕێته‌وه تا گه‌ڵ ئێران‌دا رێکیان بخاته‌وه؟ چۆن ده‌توانێت نامه‌یه‌کی تاڵه‌بانی بگه‌یه‌نێته ده‌ست ئایه‌توڵا مونته‌زه‌ری و په‌یوه‌ندییان بۆ چاک بکات له‌گه‌ڵ ئێران‌دا؟
ئێمه ئه‌و به‌شه هه‌ڵده‌گرین بۆ خوێنه‌ر و مێژوونوسه جه‌ربه‌زه گه‌نجه‌کان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین ناوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ی تاڵه‌بانییه، که چۆن هاوڕێ و هاوخه‌باته‌کانی خۆی نه‌شته‌رگه‌ری ده‌کات به‌جوێن و سوکایه‌تیی ، ئه‌و هه‌موو سوکایه‌تییه‌ی به که به جه‌عفه‌ر و مه‌لابه‌ختیاری ده‌کات مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وانه شایسته‌ی ئه‌وه‌بن که سوکایه‌تی وا قبوڵ بکه‌ن و بچنه‌وه لای مامی خۆیان و له هه‌ڵلوشینی سامانی خه‌ڵکدا به‌شدار بن ، بۆیه ئه‌م جه‌ربه‌زه چه‌پانه سه‌ری خۆیان کز کردووه ڕه‌نگه بڵێن ئه‌وه ئیتر مامه‌یه و ده‌بێ قبوڵمان بێت، شێخ عه‌لی و جه‌عفه‌ر و مه‌لابه‌ختیار ئیستاش که‌سانێکن که له به‌ر پاره هیچ هه‌ڵویستێکیان نییه، ئه‌وه‌ی وای له من کرد ئه‌م بابه‌ته بنووسم قسه‌کانی تاڵه‌بانییه، یان چاکتره بڵێم جوێنه‌کانی تاڵه‌بانییه، که به‌شه‌هیدان (شه‌هید فه‌ره‌یدوون و شه‌هید جه‌لالی حه‌مه‌ی محه) و جوێنه‌کانی به کاک جه‌مالی حه‌مه‌ی خواکه‌ره‌مه، له نامه‌که‌دا بوختان ده‌کات و به فه‌ره‌یدوون ده‌ڵێ: ئیستخباراته، که‌چی له ناو سه‌رکردایه‌تی ئیستای ئه‌مڕۆی یه‌کێتیدا ده‌یان نه‌ک ئیستخبارات بگره شتی تریشی تێدایه ، دیاره ئه‌و قسانه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یکات قسه‌گه‌لێکن ته‌نها له سۆسیال دیمکراته کورده‌کان ده‌وه‌شێته‌وه، که تاڵه‌بانییش سه‌رکرده‌یانه ، نامه‌که زۆر هه‌ڵده‌گرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت به‌ڵام ده‌بێ بزانرێت دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه داخۆ ئه‌و ناوانه‌ی له‌م نامه‌یه‌دا هاتووه و که‌سوکاری ئه‌و شه‌هیدانه چۆن هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر ئه‌م نامه‌یه و که‌سایه‌تی تاڵه‌بانی وه‌رده‌گرن ؟
له‌نامه‌که‌دا زۆر که‌س بریندار کراوه، تاڵه‌بانیش له پێناو په‌یوه‌ندی دروست کردن له‌گه‌ڵ ئێران هه‌موو بچوکبوونێکی قبووڵ کردووه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ی شێروان که دیاره سه‌رکردایه‌تییه‌کی حسکه ده‌ڵێ کامێرای بۆ ده‌کڕم تکایه حه‌مه گیان هه‌وڵبده ئاشتمان بکه‌ره‌وه ، ئێمه ده‌پرسین: ئه‌ی بۆ کامێرات بۆ ئێمه نه‌کڕی تاکو ئه‌و هه‌موو داستانانه، ئه‌و هه‌موو کوشتار و جینۆسایده تۆمار بکه‌ین؟ که له‌گه‌له‌که‌مان ده‌کرا؟ ئێمهجاران وامان ده‌زانی عه‌قڵتان پێ نه‌شکاوه، به‌ڵام نامه‌کانتان ده‌ری ده‌خه‌ن که ئێوه نه‌تان وویستوه هیچ دیکۆمێنتێک دروست بکه‌ن نه‌با به‌عسێکان و خۆشتان له‌گه‌ڵیاندا بکه‌ونه به‌ر نه‌فره‌تی مێژوو ، کاک نه‌وشیروان راستی ووت که ده‌ڵێ تاڵه‌بانی پێی ووتم: (ئاخ بۆ یه‌ک دوو هه‌ڵه‌بجه‌ی تر) به‌ڵێ ئه‌م نامه‌یه ئاگاداریهکیشه بۆ گۆران که چۆن له‌ناو ئاڵای شۆڕشدا تاڵه‌بانی خه‌ڵکی چاندووه، ئاواش له‌ناو گۆران‌دا زیاتر.
ئه‌و ده‌م تاڵه‌بانی خاوه‌نی هیچ نه‌بوو، ئێستا خاوه‌نی پاره‌یه ، داخۆ چۆن پلانی کردووه گۆڕان رووتکاتهوه؟
پرسیارێکی تریش ئه‌وه‌یه داخۆ ناوه‌ڕۆکی ئه‌و نامه‌یه چی بێت، که بۆ مونته‌زه‌ری ناردوه؟ داخۆ ئه‌و کاته‌ی ڕژێمی ئێران ده‌ڕوخێت نامه‌کانی ئه‌مانه چۆن هه‌موو مێژووی ئه‌م سه‌ره به زۆر سه‌پێنراوانه بخاته به‌ر ده‌م پرسیار؟
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی نامه‌که‌ی تاڵه‌بانییه بۆ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود:***********************************************
برای خۆشه‌ویستم کاکه حه‌مه‌ی به‌ڕێز سڵاوێکی شۆڕشگێڕانه
شادی خۆشی وبهختهوهریتم داوایه، ئێمه‌ش شوکر باشین.
نامه‌ی 1985.11.25تان گه‌یشت زۆرسوپاس بۆ هه‌ستی برانایهنهتان، بۆ هه‌وڵ و هاوکارێکانتان.ئێمه‌ش وه‌ک (سه‌رکردایه‌تی ی.ن.ک) هه‌موو هه‌نگاو هه‌ڵوێسته‌کانمان له‌سه‌ر سه‌ره‌تاکان ڕهوشتوخۆی شۆڕشگێرانه‌ی یه‌کێتی یه، بۆیه هه‌م لهپهرۆش و دڵسۆزێوه هه‌م جدێت و سه‌رڕاستی وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
براگیان ئێمه له‌گه‌ڵ تۆ بهڕاستمانهو ده‌مانه‌وێت به‌په‌رۆشه‌وه برایهتیت بکه‌ین و هه‌میشه‌ش سه‌ربه‌ستی هه‌ڵوێستی خۆمانم بۆ نوسیوی، بیرمه که له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات گه‌ڕامه‌وه دیسان نامه‌مان بۆ یه‌کتری نووسی.ئه‌وێ ڕۆژێش فێڵ و چاوشارکێمان نه‌کرد.
سیاسه‌تی ئه‌وی ڕۆژێ چۆن بوو وام بۆ نوسین ! دیاره خۆشت ده‌تزانی ئه‌وی ڕۆژێ نه‌ده‌کرا دڵی برایانی کۆمه‌ڵه بڕه‌نجێنم، بۆیه به‌قسه‌ی ئه‌وانم له‌گه‌ڵ کردیت.ئه‌م جاره پرسم به‌کاکه نه‌وه کردوو ڕه‌ئی مولازم عومهریشم وه‌رگرت، دیاره تاقمه‌که‌ی سالار نه‌مابوون،
که مه‌لا به‌ختیاریش له‌سه‌رکردایه‌تی نه‌مابوو، وه ئه‌گه‌ر هه‌ردووکیان (کاکه نه‌وه و م. عومه‌ر) زۆر زۆریان پێخۆش نه‌با، پێ باش نه‌با، بالاوه په‌سه‌ند نه‌با نامه‌م بۆ نه‌ده‌نوسی، بهوجۆرا ده‌ستی برایه‌تیم بۆ درێژ نه‌ده‌کردی.کاکه حه‌مه من ده‌زانم تۆ منت خۆشویستوه‌و ڕێزت گرتووم، منیش ههروابوومه، به‌ڵام قه‌ت ڕه‌ئی خۆم نه‌سه‌پاندووه بهسهرڕهئی برایان دا، بهڵکوبهقسهم کردوون، بۆیه حه‌قه دڵنیا بیت که‌ئێمه به‌ڕاستمانه و به‌دڵ و گیان هاتوینه‌ته پێش.
مایه‌وه چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ، وه‌ک موتمانه‌و (سیقه) به‌یه‌ک کردن، وه‌ک باشزانین و سیقه به‌یه‌کتری کردن، وه‌ک نواڕینه یه‌کتر وه‌ک براو هاوپه‌یمان، بهڕهجاوکردنی ده‌ستکه‌وته‌کانی هه‌موو لایه‌ک.
بۆموتمانهو باوه‌ڕ پێویستمان.
1.به‌کارکردن هه‌یه 2.بهزهمانهت و دۆست هه‌یه 3.به‌چاو پێکه‌وتن و یه‌کتردیتن هه‌یه هه‌روه‌ها پێویسته باوه‌ڕیشمان به‌یه‌کتر هه‌بێت (من تۆم گه‌ره‌که) وه‌زعی تۆ، ئێمه چاوه‌ڕێ ی ده‌که‌ین پێم خۆشه له‌ودیو، ئینجا له‌ناو حسک، پایه‌داربیت و پایه‌به‌رز بیت وقسه‌ت بڕوات.ئه‌مه بۆ ئێمه‌ش باشه گه‌ر بکرێت و ڕێکه‌وتنی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ هه‌موو حسک بێت، ئهوازۆرباشه.گه‌ر ئه‌مه نه‌کرا له‌پێشه‌وه له‌گه‌ڵ خۆت و هه‌ڤاڵانی لای خۆت، ئینجا ئه‌وانی تریش، دیاره‌ئێمه یهکبوونهوهمان پێ له‌هه‌موو شتێک باشتره، به‌لام بۆ هه‌موو هاوکاریه‌کیش ئاماده‌ین.
(وه‌زعی ئێمه) به‌داخه‌وه، سه‌باره‌ت به‌دوری و پڕوپاگه‌نده‌ی ناحه‌زان، وه‌زعی ئێمه له‌لای ئێوه روون و ئاشکرا نی یه.
کاکه حه‌مه.وه‌زعی ی.ن.ک ئیمڕۆ له هه‌موو ڕۆژێک زۆر باشتره، له‌ڕووی ڕێخستنی شاره‌کان و لادێکانه‌وه له ڕووی ژماره‌و چۆنایهتیانهوه ئێمه له‌هه‌موو کاتێک وزهمانێک زۆر زۆرتر‌و چاکترین له ڕووی (هـ.پ.ک) ئێمه له ڕووی ژماره و چه‌ک و چۆنایهتێ وه که‌ڕووی یه‌کێتی ڕیزه‌کانی ونه‌مانی (مراکیز قیوا) عهشایهرێت، هتد) له‌هه‌موو کات زۆر باشتر و باشتره.ڕاسته سه‌دان پێشمه‌رگه ته‌سلیم بوونه‌وه (به چه‌ک و بێ چه‌ک) سه‌دانیش دانیشتوون، به‌ڵام سه‌دانیش هاتوونه‌ته ڕیز و بگره زیاتر دووسه‌دیش به‌چه‌که‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه.بنواڕه ژماره‌ی چالاکی، ژماره‌ی کوژراوی دوژمن، ژماره‌ی ئه‌سیری دوژمن، ژماره‌ی چهکو ده‌سکه‌وت، ژماره‌ی ره‌بیه‌ی گیراو، بزانه شۆڕشه‌که‌مان چه‌ند گه‌شه‌ی کردوه؟ کاکه حه‌مه باوه‌ڕ بکه (هـ. پ. ک) ئێمه به‌هه‌زاران هه‌زاره! جگه له به‌رگری میللیش، چه‌کی سوکیش زۆرباش بوه و چه‌ندیش هه‌بێ هه‌ر بێ ئه‌وه‌ش پێشمه‌رگه هه‌یه‌و ده‌بێت.له ڕووی ماڵیشه‌وه، وایه که‌م ساڵه (1985) هه‌موو مانگێک یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌ی خێزاندار (50) دینار و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ڵت (25) دینار وه‌رده‌گرێت
جگه له یارمه‌تی تر، به‌شی دووساڵی تر ئیحتیاتمان هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک فلسمان
له‌ده‌ره‌وه وه‌رگرتبێت، وه‌زعی جه‌ماوه‌ریشمان زۆرباشه، خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌ی خۆشده‌وێت که له‌ساحه‌که‌دا بجه‌نگێت و فیداری بکات و قوربانی بدات.
شوکور (ی.ن.ک) و (هـ. پ. ک) هه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن.جگه له مانه‌وه‌شمان له‌ناوخه‌ڵکدا.
له‌ڕووی په‌یوه‌ندی دهرهوهشماندا، بۆ یه‌که‌مین جار دوای ئاشبه‌تاڵ، شۆڕشی کوردستان
له‌گه‌ڵ ووڵاتانی سۆشیالیستی و زۆربه‌ی حیزبه سۆشیالیست و شیوعیه‌کان وهێزه شۆڕشگێڕیه‌کان، ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییه ده‌بێت، له‌گه‌ڵ لیبیاش به‌ینمان باشبۆتهوه، له‌گه‌ڵ سوریاش نێوانمان خراپ نی یه، ئه‌وا خۆشت ده‌بینی جمهوری ئیسلامی ده‌یه‌وێت نێوانمان خۆش چاک بێت ئێمه‌ش وا ئاماده‌ین، داوامان له ئێوه ئه‌مه‌یه.
1.ئه‌م نامه‌یه‌م بگه‌یه‌نیت بهئایهتولا مونته‌زه‌ری به‌ڕێز.
2.به‌براده‌رانی لای خۆتان بڵێیت ئه‌وان کاک (وریا) یان دیوه که ئێمه ئاماده‌ین وه‌فدێک بنێرین بۆلایان بۆ باسکردنی هه‌موو شتێک.
تۆش وه‌ک براو دۆست حه‌قه خۆت و کاک محه‌مه‌د شاکه‌لی نزیک ببنه‌وه تاکو ئێمه‌ش کاک فه‌ره‌یدوون (یان برایه‌کی تری کۆمه‌ڵه) له‌گه‌ڵ کاک شێخ دارا و کاک شه‌وکه‌ت بنێرین بۆ لای (کوڕه‌داوێ) تاکو یه‌کتر ببینن ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیشت هات ئه‌وا خۆت سه‌رێکم لێیه، یان محه‌مه‌د شاکه‌لی بێته لامان بۆ سه‌ردان و گفتووگۆ.
سالار، جه‌عفه‌ر، مه‌لا به‌ختیار، خۆت باش ئه‌مانه ده‌ناسی؟ وه‌زن و قیمه‌تی ڕاسته‌قینه‌یان باش ده‌زانی؟ له‌ده‌وری گێره‌شێوێن و خراپه‌کانیان شاره‌زای؟ ده‌وریان له‌شه‌ڕی براکوژیدا له‌تێکدانی ی.ن.ک و شۆڕشدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بۆتان بنووسم ئه‌مه‌یه.
1.ئه‌وانه که‌خۆیان زۆر پێ زل بوو، خۆشیان زۆر فیشاڵچی و خۆهه‌ڵکێشن، خۆیان زۆر به‌گه‌وره دانابوو! ئێمه‌ش زۆرکه‌سمان ناردبووه ناویان له (هـ.پ.ک) هه‌رچی دواندبویان و به ئێمه‌ی گوتبوو، پێمان گووتبوون له گه‌ڵی بڕۆن، ته‌نانه‌ت مه‌لا به‌ختیار، کاک ڕۆسته‌م و کاک وه‌هاب و کاک حامیدی به‌هی خۆیان ده‌زانی لای سه‌یر بوو که له‌گه‌ڵ کاک شه‌وکه‌ت چوبوون بۆ گرتنی !
2.ئه‌وانه هه‌ندێک کادری ترسنۆک و بهزیویان له‌گه‌ل بوو، هه‌ندێک کۆنه سه‌رتیپی پاشه‌ڵ پیس وه‌ک (فه‌ره‌یدوون، که په‌یوه‌ندی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیستخبارات، وا نامه‌ت بۆ ده‌نێرین.جه‌مالی خواکه‌ره‌م له‌سه‌ر دزی و ساخته‌چێتی براکه‌ی وه به‌کارهێنانی شۆڕش بۆ ڕاووڕووت، لامان بردبوو، وه (جه‌لالی حه‌مه‌ی محه) ناردم به‌دوایدا له سه‌ر منداڵبازی بۆیه ترسا و هه‌ڵهات.
به‌کورتی ئێمهدامان نابوو 300 که‌س بن به‌ڵام 100که‌س ده‌رنه‌چوون، له‌ناو شاریش تاقمێک منداڵی (متهتهڕیف) که شه‌یدای ووشه‌ی شیوعێت و کۆمه‌نیزم و مارکزیزم و لێنینیزمن. بێ ئه‌وه‌ی تێ‌یان بگه‌ن، به‌ڵام هه‌موویان به سالار و مه‌لابه‌ختیاره‌وه، ده‌یانه‌وێت حیزبێکی کۆمۆنیستی عێراقی تازه دابمه‌زرێنن، چونکه (حشع) یان پێ تهحرریفی یه (ڕیڤیژینیسته) .
به‌ڵام ئه‌و تاقمه ساخته‌چی، که‌ڵه‌کچی، له هه‌ریه‌که ئه‌وه ده‌که‌ن که‌خۆیان پێ له‌پێش ده‌به‌ن، لای (حشع) ده‌ڵێن دۆستی ئێوه‌ین دواڕۆژ دێننه‌وه ناوتان، لای کۆمه‌ڵه ده‌ڵێن باوه‌ڕمان بهمارکزیزمی ئینقلابی یه و هه‌رچی ئێوه ده‌یڵێن پشتیوانی لێ ده‌که‌ین حشع ته‌حریفی یه و ڕووس ئیستعماره، لای ئێران ده‌ڵێن (پرچمی ئینقلابی) لای هه‌ندێ دۆستی حوکمه‌تی عێراقی ده‌ڵێن ئێمه عێراقین، بۆ ئاگاداریت مه‌لا به‌ختیار خاوه‌نی نهزهریهک بوو ده‌یووت (
ده‌بێ هه‌تا دوای گفتووگۆ ئیدامه پێ بده‌ین، تا دواچۆڕی گفتووگۆ) بۆیه ناوی نهزهرێکهی لای ئێمه (
نه‌زه‌رییه‌ی دواچۆڕبوو) .
3.که‌وا به‌سوک و سانایی مه‌لابه‌ختیار و خولهکهشکۆڵ و پشکۆ گیران و ڕیزی لایه‌نگیرانی چه‌ک کران، پتر ڕسوا بوون و حه‌جمی حه‌قیقه‌تیان ده‌رکه‌وت، که دهرزیهکمان بهباڵۆنه پڤدراوهکایاندا کرد فش بوونه‌وه و هاتنه‌وه سه‌ر حه‌جمی خۆیان به‌ڵام هێشتا ماویانه، (که‌متر و بچوکتر و سوکتریش ده‌بن) جارێ سه‌ره‌تای گڵۆڵهبوهکهیانه هه‌تا ده‌گه‌نه ناو چاڵی نه‌مان وه‌ختێکی ده‌وێت.باوه‌ڕ بکه له کۆمه‌ڵه‌دا 5% که‌سیان له‌گه‌ڵ نی یه، باوه‌ڕ بکه له‌ناو (هـ.پ.ک) 5% که‌سیان له‌گه‌ڵ نی یه.
(باوه‌ڕ بکه زۆر سوک و ڕیسواشن له‌ناو خه‌ڵک) دا به‌لام خۆت سالاری فیشاڵچی و تڕ زل ده‌ناسی؟ خۆت مه‌لا به‌ختیاری له خۆ بایی و فولێکراو ده‌ناسی؟
لای ئێرانیش ده‌بێ درۆی زل و فیشاڵی گه‌وره و بوختانی شاخدار بکات، بۆگه‌رم کردنی بازاڕه‌که‌یان، به‌کورتی تاقمێکی گێره‌شێوێنی سه‌رلێشێواوی بچوکن، فیکریشیان نوێ نی یه ! له دانانی (حشع) نوێ نییه به‌ڵام بیرێکی چه‌وتی و بێ دواڕۆژی پوچه‌ڵه، ته‌سلیم بوونه‌وه‌ش یه‌کجار زۆر نه‌بوو، له مه‌ڵبه‌ندی 3 نه‌بێت له شوێنه‌کانی تر ته‌نها بژار کردن و پوخت کردن بوو، زۆریش له‌جیاتی ئه‌وان هاتنه‌وه ڕیز، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌هه‌ل و مه‌رجی ئێمه و ئیستادا، دڵنیاشم له‌وه‌ی که نووسیوته که ره‌ئی تۆ له سه‌ر سالار و ئه‌مسالی سالار (هه‌روه‌ک ڕووداوه‌کانی، نشکۆلان وبێوژن) وایه.
ئینجا دێمه سه‌ر وورده مه‌سه‌له‌کان.
1.چه‌ک کراوه‌کان ئاگادار ده‌که‌ین که بێنه‌وه لای خۆت (بڕوا بکه ئیستا ئێمه لای تۆ به‌لای شۆڕش و هاوپه‌یمانی خۆمان ده‌زانین) چه‌ند پڕ و قه‌ره‌باڵغ بیت پێمان خۆشه.
2.نازانم مه‌سه‌له‌ی شه‌هیدکردنی (مامهرهشهی که‌چه) چی یه؟ باوه‌ڕ بکه ئاگام لێ ی نیه.
3.ئاماده‌ین به‌ته‌واوه‌تی ڕێکه‌وتنه‌که‌مان له‌گه‌ڵ خۆت جێ به‌جێ بکه‌ین.
4.وه‌فدێک ده‌نێرین بۆ (کوڕه‌داوێ) کاک فه‌ره‌یدوون یان هاوڕێ یه‌کی تری کۆمه‌ڵه
شێخ دارا و، کاک شه‌وکه‌ت بۆ ناوچه‌ی کهناوێ و کوره‌داوێ، تاکو تۆش له‌گه‌ڵ کاک شێخ محه‌مه‌دی شاکالی ته‌شریف بهێنن، منیش وام له یاخسه‌مه‌ر له بناری شاخه‌که‌م له (کانی موراد) گه‌ر پێتان خۆش بوو بفه‌رموون یان بیهێڵنه‌وه بۆ جاری تر.
وه‌ک دۆستێکیش ده‌ڵێم گه‌ر لای ئێران و لای حیزبه‌کان پێتان خراپ بوو ئه‌وه مه‌یه‌ن بۆ لام، من باوه‌ڕم به تۆ هه‌یه، گه‌ر بۆشت خراپ نه‌بوو؟ پێتان خۆش بوو، خراپ نه‌بوو، ئه‌وا به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاوان.به‌ڵام تکایه حسابی ئه‌وه بکه‌ن هاتنه‌که‌ت زه‌ره‌تان لێ نه‌دات له‌دیوی ئێران‌دا چونکه ئه‌مه بۆ ئێمه‌ش خراپه.
براگیان کاکه حامه !
بۆ ئه‌وه‌ی یامه‌تی شۆڕش و ی.ن.ک بده‌ن ئه‌وا زۆر مه‌منونین چونکه خۆشت ڕۆڵه‌ی شۆڕش و له‌پێشمه‌رگه‌کانی یه‌که‌میت، پیاوێکی جوامێریش دیاره هه‌ر ده‌بێ وابێت.
ئینجا داواکانی من ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن.
1.نامه‌که‌م بنێره بۆ جه‌نابی ئایه‌توڵا مونته‌زری.
2.ئه‌و (بهستانهم) بنێره بۆ کاک حازم و کاک عه‌لی شه‌نگاری.
3.نامه‌که‌ی دایکی پاڤێڵم بۆ بخه‌ره پۆسته‌وه، بۆ دایکێتی بۆ له‌نده‌ن، سوپاست ده‌که‌م.
منیش له‌گه‌ڵ کاک شه‌وکه‌تدا.
1.بێسیمێکی باشت بۆ ده‌نێرم، له‌گه‌ڵ جفره‌ی تایبه‌تی خۆشت (مجهفیره) په‌یدا بکه تاکو پێکه‌وه قسه بکه‌ین.
2.ڤیدیۆیه‌کت بۆ ده‌نێرم، ههربهیانی ڕاده‌سپێرم بۆتان بکڕن.
3.کامێرایه‌ک ده‌نێرم بۆ کاک شێروان به‌شکه دڵی لێم چاک بێته‌وه. تکایه زۆر سڵاوی لێ بکه و هه‌وڵ بده ئاشتی که‌یته‌وه له‌گه‌ڵم.
4.هه‌رچی تۆ پێویستت پێ بێ به من بکرێ بۆت ده‌که‌م.
براله، بۆ ناردنی کاک عه‌لی حه‌وێزیش زۆر مه‌منون ده‌بم، بۆناردنی هه‌ندێ که‌سی تریش بۆ ده‌ره‌وه، دیسان تکایه‌کی برایانه‌م هه‌یه، پاشان ناوه‌کانیان ده‌نێرم بۆتان
زۆریشم پێ خۆشه باره‌گاکانتان بێته (بێژووێ) ئێمه‌ش له سه‌فره و زه‌روون هه‌ین،
په‌یوه‌ندی ئاسان ده‌بێت.دڵنیابه من به‌قسه‌ی (پشکۆ، سالار، مه‌لابه‌ختیار، شێخ عه‌لی)
باوه‌ڕم نه‌کردبوو، ڕۆژه‌که‌ت له‌بیره چیم پێ ووتن له‌سه‌ر تۆ ؟ به‌ڵام خۆت ده‌تزانی وه‌زعمان چۆن بوو؟ به‌شی زۆر و که‌م چۆن بوو؟
سالار، جه‌عفه‌ر.مه‌لابه‌ختیار، ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌بوون
من نرخی تۆم، قه‌دری تۆم هه‌ر زانیوه، هه‌ر بۆیه‌ش واخۆم خه‌ریک ده‌که‌م به برایهتیتهوه، به‌دڵ و به په‌رۆشه‌وه ئیستاش نه‌چوه بچێت، ئه‌وه‌ی ماوه زۆرتره له‌وه‌ی ڕابردوو.
له‌دوایدا جارێکی تر سڵاوی برایه‌تیم هه‌یه کاک شێخ محه‌مه‌دی شاکه‌لی و کاک شێروان و کاک عه‌بدولخالقی دۆستی دێرین، سڵاوم هه‌یه بۆ هه‌موو برایانی لای ئێوه و هه‌ر بژی بۆ
برای دڵسۆزتان
مام جه‌لال
1985.02.12
ئاگاداری
واههندێک بڵاوکراوه‌م بۆ ناردیت، دوو داستانیش بۆ کاک محه‌مه‌د شاکه‌لی
*********************************************************
کوردستانپۆست:
بۆ بینینی وێنه‌ی ئه‌و نامه‌یه کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه بکه:
http://www.kurdistanpost.nu/biz/
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست