کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ شاراوه‌کانی مێژوو

Monday, 29/11/2010, 12:00


خوێنه‌ری به‌ڕێز
ئه‌م نامه‌یه‌ی ئیستا ده‌یخه‌مه‌ به‌ر ده‌ستتان، نامه‌یه‌کی مه‌سعود بارزانییه‌‌، که‌ ئه‌و کاته‌ به‌رپرسی ده‌زگای پاراستن بوو، ئه‌و نامه‌یه‌ له‌ ساڵی 1973دا بۆ عه‌لی عه‌بدوڵڵای نووسیوه‌. عه‌لی عه‌بدوڵڵا ئه‌و کاته‌ پارێزگاری سلێمانی بووه‌، نامه‌که‌ش به‌ خوودی موسته‌فا چاوه‌ڕه‌شدا بۆی ده‌نێرێت، تا عه‌لی عه‌بدوڵڵا به‌ره‌و رووی به‌رپرسی ده‌زگای پاراستنی سلێمانی (محه‌مه‌د ره‌حیم)ی بکاته‌وه‌، نامه‌که‌ بۆ خۆی ته‌زکییه‌ کردنی مسته‌فا چاوه‌ڕه‌شه‌ به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌زگای پاراستن له‌ سلێمانی کار بکات و ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ست نیشان بکات، که کلکی‌ به‌عسن‌، من ده‌قی ئه‌و نامه‌ ئه‌سڵییه‌‌م له‌ لایه‌، که‌ به‌ قه‌ڵه‌می سه‌وز نووسراوه‌.

ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌رۆکی نامه‌که‌ ورد بینه‌وه‌، ئه‌م سه‌رنجانه‌ی خواره‌وه‌مان لا دروست ده‌بێت:
1) مسته‌فا چاوه‌ڕه‌ش یه‌کێک بوو له‌ ئه‌ندامانی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی حیزبی شیوعی.
2) مسته‌فا چاوه‌ڕه‌ش پێش ساڵی 1973 وازی له‌ حیزبی شیوعی هێناوه‌.
3) ئه‌و زانیارییانه‌ی که‌ هه‌یه‌تی له‌ سه‌ر ئه‌وانه‌یه‌ که‌ بوونه‌ته‌ به‌عسی، نه‌ک له‌سه‌ر حیزبی شیوعی. ئه‌و زانیارییانه‌ ته‌نها له‌ناو داموده‌زگاکانی به‌عسدا هاتوونه‌ته‌ ده‌رێ، نه‌ک له‌ناو ڕێکخراوه‌کانی حیزبی شیوعیی. من له‌ کاتی خۆیدا ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که‌ له‌به‌ر ده‌ستمایه‌ هه‌مووی ده‌خه‌مه‌ روو، به‌تایبه‌تیی چالاکییه‌کانی مسته‌فا چاوڕه‌ش له‌ناو ده‌زگای پاراستن.
4) له‌ نامه‌که‌دا وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت، مسته‌فا چاوڕه‌ش ئاماده‌یی خۆی پێشان داوه‌، که‌ کار له‌گه‌ڵ پاراستندا بکات و له‌ خه‌تی شۆڕش و پارتیی لانه‌دات.

پاش ئه‌وه‌ی مسته‌فا چاوڕه‌ش نامه‌که‌ به‌ شوێنی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت، یه‌کسه‌ر ده‌یخه‌نه‌ نێو مه‌فره‌زه‌ی هه‌تاو، که‌ سه‌ر به‌ پاراستن له‌ سلێمانی ده‌بێت بۆ تیرۆرکردنی نه‌یارانی پارتیی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئه‌م ناوه‌کانی به‌ پاراستن داوه‌. مسته‌فا چاوڕه‌ش له‌و ماوه‌ کورته‌دا هاوبه‌شی چه‌ندین چالاکی مه‌فارزه‌کانی پاراستنی کردووه‌ له‌ نێو شاردا و به‌ قسه‌ی خۆیان چه‌ندین که‌سیان به‌ دادگای گه‌ل گه‌یاندووه‌.

مسته‌فا چاوڕه‌ش ده‌بێت به‌ لێپرسراو (یان جێگر)ی مه‌فره‌زه‌ی هه‌تاو، که‌ به‌ ته‌واویی ئه‌وه‌م له‌ یاد نه‌ماوه‌، مه‌فره‌زه‌که‌ش له‌م که‌سانه‌ی خواره‌وه‌ پێکهاتبوو‌:
1. به‌کر مه‌جید رۆسته‌م ناسراو به‌ (مه‌لا بایز)
2. بێستون مه‌لا عومه‌ر
3. عومه‌ر مه‌جید رۆسته‌م
4. سه‌روه‌ر فه‌تاح ناسراو به‌ (سه‌روه‌ری سه‌مه‌ن)
5. ابراهیم سه‌عید ناسراو به‌ (بله‌ی سه‌عه‌ که‌ڕ)
6. عوسمان مه‌جید رۆسته‌م
7. خوله‌ی جگه‌ر
8. فه‌رهادی عه‌لی عه‌جه‌م
9. ئامۆزا عوسمان
10. چه‌ندین که‌سی دیکه‌.

داوای لێبوردن ده‌که‌م، که‌ له‌به‌ر حاڵه‌تیی ئه‌منیی و دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌ناو هێنان و دوژمنکاریی له‌وه‌ زیاتر ناتوانم زانیاری له‌سه‌ر  کاره‌کانی ئه‌م مه‌فره‌زه‌یه‌ بده‌م، هه‌روه‌ها نامه‌وێت له‌وه‌ زیاتریش له‌ مه‌به‌ستی نامه‌که‌ دوور بکه‌ومه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ماوه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێش چه‌ند مانگێک به‌ر له‌ ئاشبه‌تاڵه‌که‌‌ مسته‌فا چاوڕه‌ش به‌ خۆی و مه‌فره‌زه‌که‌یه‌وه‌ (مه‌فره‌زه‌ی هه‌تاو) به‌شداریی دوا شه‌ڕیان کردووه‌. دوای ئه‌وه‌ به‌ره‌و ئێران رۆیشتوون.
له‌ به‌شێکی تردا. نامه‌یه‌کی دیکه‌ی مسته‌فا چاوڕه‌شتان بۆ بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ چۆن که‌سوکاره‌که‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌کات‌.

‌*******************نامه‌که‌*******************

هه‌ڤاڵی به‌ڕێز کاک علی عبدلله‌
پێشکه‌شه‌
سڵاوێکی گه‌رم
ئومێد ئه‌که‌م سه‌رکه‌وتوبن.
هه‌ڵگری نووسراو مسته‌فا چاوه‌ڕه‌ش یه‌کێک بوو له‌ ئه‌ندامانی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی حیزبی شیوعی و ئیستا وازی هیناوه‌ به‌ره‌غبه‌تی خۆی و کوڕێکی زیره‌ک و تێگه‌یشتوو بوو له‌ ناو ئه‌وان و هاتۆته‌ لامان استعدادی خۆی پیشان ئه‌دات که‌ ئیش بکات به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌که‌مان و له‌ خه‌تی شۆڕش و پارتیمان لا نه‌دات و سودی زۆر ئه‌بێ به‌ رای ئێمه‌ و خۆی، خه‌ڵکی سلێمانییه‌. تکایه‌ ئێوه‌ش بیبینن و ته‌نزیمی عیلاقه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن به‌هۆی کاک محمد ره‌حیم بۆ مستقبل و مجالیشی بده‌نێ ئیش بکات بۆ فه‌زحی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی بونه‌ته‌ کلکی به‌عس و کوردیان فرۆشتووه‌ و ئومێد ئه‌که‌م احترامی بگرن و سودی لێ وه‌ربگرن.

ئیتر سوپاس
براتان
مه‌سعود بارزانی
18 / 9 / 73

بۆ بینینی ده‌قی نامه‌که‌ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌ووه‌ بکه‌:

https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/mustefa_Chawresh

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە