[نامەیەك لە كۆلێژى پەروەردەى كەلارەوە
Wednesday, 28/07/2010, 12:00
[نامەیەك لە كۆلێژى پەروەردەى كەلارەوە]
بۆ//
بەڕێز سەرۆك كۆمارى عێراق
بەڕێز سەرۆكى هەرێمى كوردستان
بەڕێز سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان
بەڕێز سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان
بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
بەڕێزان لە لیژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵاى پەرلەمانى كوردستان
بەڕێزان لە ئیدارەى گەرمیان
هەموو لایەك دەزانن گەرمیان ناوچەیەكى بەرفراوان لە هەرێمى كوردستان پێك دەهێنێت وخەڵكەكەى هەمیشە ئامادەى قوربانیدان بوون بۆ پاراستنی خاكى كوردستان و ئەزموونەكەی. بەجۆرێك كە خاوەنى زۆرترین قوربانیین بە دەست ڕژێمە جۆربەجۆرەكانەوە. لەبەرئەوەی خۆتان شایەتى هەموو ئەو ڕاستیەن بۆیە بە پێویستى نازانین زیاتر باسى گەرمیان و قوربانیدانەكانی گەرمیانتان بۆ بكەین. ئەوەى ئێمە مەبەستمانە ڕووبەڕوى ئێوەى بەڕێزى بكەینەوە و داوای جێبەجێكردنی بكەین ،دانانى كەسانى ئیداریی شیاوە بۆ دامودەزگاكانی ناوچەكە، چونكە تەنها دانانى كەسانى شیاو و لێهاتوو دەتوانن خزمەتگوزارى لە ئاست قوربانیەكانی ناوچەكە پێشكەش بكەن نەوەك كەسانێك لەسەر بنەماى خزم خزمێنە و ئەم باڵ و ئەو بالأ دابنرێن. هەڵسەنگاندنى هەموو دامودەزگاكانی ناوچەكە و خستنەڕووی كەموكوڕیەكانی بەراورد بە قوربانیەكانی گەرمیان نە لە توانای ئێمەدایە و نە مەبەستی سەرەكی نامەكەی ئێمەیە، بۆیە تەنها ئاماژە بە كۆلێژی پەروەردەی كەلار و بە تایبەتیش شەخسی ڕاگری كۆڵێژ دەكەین .بە نموونە دانانى هەیكەلى ئیدارى زانكۆى گەرمیان . كردنەوەى زانكۆیەك لەناوچەكەدا جێگاى خوشحاڵیە بۆ هەموو ناوچەى گەرمیان بەڵام دانانى كەسانى شیاو لە بەڕێوەبردنی ئەو زانكۆیەدا گرنگترە لە بڕیارى كردنەوەى زانكۆیەكی لەو شێوەیە .ئێمەى گەرمیانى وا حەوت ساڵە خاوەنى كۆلێژى پەروەردەین لە كەلار و تائێستاش ژمارەیەكی زۆر خوێنكار خوێندنیان تێدا تەواوكردووە . ئێوە وەرن و بپرسن و بزانن تا چەن بەڕێوەبردنی ئەم كولێژە دروست بووە , هەستن بە ڕاپرسیەك لەناو فەرمانبەران و مامۆستایانى كۆلێژدا بپرسن ئایا تا چەند ڕازین لەسەر ئەداكردنی ڕاگری كۆڵێژ و هەڵسوكەوتى ئەو كەسە چ بەرامبەر بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی كۆلێژەكە بێت یان بەرامبەر خوێندكاران , ڕاپرسیەك بكەن لە ناو سەرجەم چین و توێژەكانى ناوچەكە لەسەر ئەداو كەسێتى ڕاگرى كۆلێژ .بۆیە لێرەدا زیاتر تیشك دەخەینە سەر ڕاگرى كۆلێژ چونكە بەرپرسیارى یەكەمە لە كۆلێژەكەدا. بە جۆرێك باس لەم ڕاگرە دەكرێت كە شایستەی ئەوە نییە لەو پۆستەدا بێت ، (سەددام) ئاسا فرمانەكانى جێبەجێ دەكات ئەوەى بیستوومانە چەند جارێك ئیهانە و سوكایەتى و قسەى ناشیاوى بە فەرمانبەران و مامۆستایان كردووە ئەو كاتەى كە گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەیت هەست دەكەى زۆر بێتاقەت و بێزارن . هەمیشە لە كارەكانیدا ئارەزووى (قۆرخكردنى دەسەڵات, دكتاتۆریەت, بە هیچ نەزانینى توانا و ماندوبونى خەڵكی , بەجاسوس كردنى فەرمانبەر و مامۆستایان بەسەر یەكەوە, ئیستغلال كردن ,بێ ڕێزى و بێ ئەدەیى نواندن , برینداركردنى هەستى بەرامبەر, بچووكردنەوەى كەسێتى (دەكات . ئێستا فەرمانبەر و مامۆستایانى ئەم كۆلێژە دوو بەشن ئەوانەى كە بەرژەوەندیی شەخسیان هەیە وە ئەوانەى كە بەرژەوەندى شەخسیان واى لێنەكەردوون ملكەچى هەموو شتێك بن هەرچەن لەم بەشەیان ئەوەى پەنهایەكى دەست بكەوێت دەست بەجێ داواى گواستنوە دەكات بۆ ناپرسن ئەو چەند دكتۆرو مامۆستا بە توانایانەى كە لەم كولێژە بوون و دواى گواستیانەوە بۆ شوێنێكى تر هۆكەى چى بوو. هەموو تەێەروف كردنێك بە پارە و حسابات تەنها لە نێوان ڕاگر و ژمێریارێكى كۆلێژە كە ئەو ژمێریارە دبلۆمى هەیە و لە هەمانكاتدا خوێندكارى زانكۆیە هەرچەندە دوو كەسى ترى ژمێریار هەن لە كۆلێژەكە یەكێكیان هەڵگرى بەكالۆریۆسە لە شوێنێكى دوور لە پسپۆڕى خۆی دانراوە. كاتێك گفتوگۆى لەگەڵ دەكەى خۆى زۆر پێ پرۆفیشناڵە لە(سیاسەت, كۆمەڵایەتى, دەرونزانى, وەرزشى, ئەندازیارى, ئەدەبى, گشت زانستەكان) لەگەڵ ئەوەی كەس ناتوانێت نكۆڵى لەسەر دوو شتى بكات كە ئەوانیش(داوێن پاكى و پسپۆڕى لە بوارەكەى خۆیدا) ، كە دەبوو ڕاگری كۆلێژ سودی لەم دوو لایەنە وەربگرتایە بۆ بەرەوپێشبردن و ڕێنمایكردنی فەرمانبەر و مامۆستایانی كۆلێژەكەی لە پێناو پەرەپێدانی ئاستی زانستی خوێندكارەكانی، نەك بۆ شكاندنەوەی بەرامبەرەكانی .كەسێكى تا بڵى ى میزاجیە (نەخۆشە) بارى دەروونى نا جێگیرە بە جۆرێك ئەگەر بە نیاز بیت سەردانى بكەیت لە پێش دا پێویستە لە بارى دەروونى بپرسیت ، دوای ئەوەش ئەگەر هەر داواكەیت هەبێت و پێشكەشى بكەیت هەرچەند داواكەتیش یاسایى بێت ئەگەر بە دڵى نەبێت ئەوە پەسەندى ناكات بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بیەوێت شتێك بكات ئەگەر نایاساییش بێت ئەوە بۆ خۆى بە یاساى دەكات (بڕیارەكانى ئەو لەسەروی یاساوەیە) . وەرن بپرسن و بزانن كێن ئەو كەسانەى كە نزیكن لێیەوە و پرسیاری كەسێتی ئەو كەسانە بكەن كە ئایا چ جۆرە كەسانێكن لە ڕووی زانستی و ئەخلاقییەوە و ئاستی خۆشەویستیان لە ناو خوێندكاران و خەڵكى دا چەندە و ئەوانەشى بە ئاگرى ئەو دەسووتێن كامانەن و ئاستیان چۆنە ؟. ئێوەى ئەندامانى پەرلەمان لە لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە كاتی سەردانەكەتان و دواى دانیشتنتان لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانى كۆلێژ چیتان بیست و بەلّێنی چیتان داو كوا بەڵێنەكانتان ؟ ،بەڕێز دكتۆر (سەروەر) كوا موژدەكانى (ڕۆژنامەى هاووڵاتى)ت.
حەقى خۆتانە بە خوێندنەوەى ئەم نامەیە بڵێن هەموو ئەم شتانە بۆ بەرژەوندى خۆیان نووسیویانە یان بڵێن ئەم كەسانە كیشەی شەخسیان هەیە و دەیانەوێت بەم شێوەیە تۆڵەی لێبكەنەوە یان بڵێن ئەگەر كەم و كوڕیشی هەیە ئەوا بەم شێوەیە نییە كە نووسیوتانە , بۆدەركەوتنى ڕاستیەكان داوا لە بەڕێزتان دەكەین هەستن بە دروستكردنی لیژنەیەك بۆ ئەم مەبەستە یان باشتر وایە خۆتان لە نزیكەوە وەرن و بە چاوی خۆتان ڕاستیەكان ببین یان سەرنجی ڕاپۆرتى ئەندامانى پەرلەمان لە لێژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا بدەن كە لە كاتى سەردانەكەیان نوسیبوویان . ئەگەر پێش تر بە بیانووى سەرقاڵى یان نەبوونی زانیاری لەسەر ئەدای كاربەدەستەكانی ناوچەكە چاوتان لەسەر كەموكوڕیەكانی ناوچەكە داخستبێت ئەوا لە دواى بڵاوكردنەوەى ئەم نامەیە ئیتر بەرپرسیارى هەموو كەموكورتیەكان ئێوەن بەرامبەر بە خەڵكى بەش مەینەتى ناوچەكە . بۆیە داواكارین لە بەڕێزتان لە پێناو باشتركردنی ئاستی زانستی خوێندكارانی كۆلێژەكە ، لە پێناو ساڕێژكردنی كەمێك لە برینەكانی قوربانیانی گەرمیان ، لە پێناو ڕازیكردنی خەڵكی لە ئەدای حكومەتی هەرێمی كوردستان ، لە پێناو قەرەبووكردنەوەی ئەو كەمتەرخەمییەی كە پێشتر بەرامبەر خەڵكی ناوچەكە كراوە ،بفەرموون بە چاوخشاندنەوەیەك بەبڕیارەكانتاندا لە ناوچەكەدا و دانانی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو و لابردنی كەسانی نەشیاو و كەمتەرخەم لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی گەرمیاندا . لە كۆتای نامەكەدا دەپرسین : بۆ دەبێت هەمیشە و وەكو ڕژێمەكانی پێشوو گەرمیان و گەرمیانییەكان پشكی سەرەكیان بەربكەوێت لە قوربانیدان و نەهامەتی و دەربەدەری ؟ بۆ دەبێت ئەمجارەیان لە سایەى حكومەتى خۆماڵى دیسان زوڵم لێكراوو چەوساوەبین ؟ بۆ دەبێت لەگەڵ بوونی ئەو هەموو كەسە شارەزایە كە توانای بەڕێوەبردنی نەك كۆلێژێك بەڵكو زانكۆیەكی هاوشێوەی زانكۆكانی تری كوردستان هەبێت كەچی بەڕێوەبردنی دەزگایەكی مەعریفی لەوشێوەیە بسپێرین بە كەسانێك كە شایستەی ئەو كارە نەبن؟چونكە بەڕێوەبردنی دەزگایەكی لەو شێوەیە نەك تەنها پێویستی بە توانایەكی زۆری زانستی هەیە لە بەڕێوەبردندا بەڵكو پێویستی بە ڕۆحیەتێكی هاوكاری و یارمەتیدانی یەكتری هەیە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە هەموو لایەك بتوانن كارەكانیان بە باشی بەڕێوە ببەن . بۆیە لە كۆتایدا تەنها ئەو داوایەتان لێدەكەین كە پێویستیمان بە وەفادارى و دڵسۆزیتانە بەرامبەر قوربانیان و خەڵكى ناوچەكە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست