روونكردنەوەیەك لە كۆمپانیاى گەنجۆوە، بۆ ئەو راپۆرتەى لە درۆی شاخدار زیاتر هیچ نییە
Friday, 11/06/2010, 12:00
لە رێكەوتى 9/6/2010 لە ماڵپەڕی "كوردستان پۆست" بابەتێك لەژێر ناوى "نەخۆشخانەى كۆمارى هەولێر و مۆڵگەیەك لە گەندەڵی" بڵاوكراوەتەوە، هەر خوێنەرێكى وریا لە سەرەتاوە ئەو بابەتە ببینێت دەزانێ لە درۆی شاخدار زیاتر هیچ نییە، لەبەرئەوەى ئەو راپۆرتە بەناوى خوازراو نووسراوە.
بەر لەهەر شتێك سەیرە كەسێك بەخۆی بڵێ رۆژنامەنووس و لە راپۆرتەكەیدا بڵێ وەكو رۆژنامەنووسێك ئەوكارەم كرد، كەچی كەس نەزانێ ئەو كێیەو چ كارەیە؟
ئێمە وەكو كۆمپانیاى "گەنجۆ" 13 ساڵە ئەوە كار و پیشەى سەرەكى خۆمانە، گومان لەوەدانییە ئەگەر كەموكوڕی و گەندەڵی وا گەورەمان هەبا، ئەوا وەزارەتى تەندروستى كەسی وریاى لێیەو هەر لە سەرەتاوە ئەو كارەیان بە ئێمە نەدەسپارد، وەلێ لەبەر دڵسۆزى كاركردنمان بە بەردەوامى ئەو كارە بە ئێمە سپێردراوە، ئێمەش وەك كۆمپانیا وێڕاى كارى خۆمان وەكو ئەركێكى نیشتمانى لەو كاركردنەمان روانیوە، راستە پارەى خۆمان وەرگرتووە، بەڵام بە ئەمانەتەوە كارمان كردووە.
ئەگەر بێینە سەر ناوەرۆكى راپۆرتە درۆینەكەى كوردستان پۆست، ئەوا سەراپاى راپۆرتەكە درۆی شاخدارە، لەبەرئەوەى وەكو نەریتێكى ساڵانە سەراپاى ئەو 12 ساڵەى رابردوو لە 1/1ى هەموو ساڵێك گرێبەستەكەمان لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى- فەرمانگەى تەندروستى هەولێر نوێدەكردەوە، كەچی ئەمساڵ لەسەرخواستى لایەنى پەیوەندیدار 2 مانگ ئەو گرێبەستە دواخرا، كەچی دواتر ئەو كارە بەئێمە سپێدرایەوە، لە راپۆرتەكە درۆینەكەدا بە تەنها باس لە نەخۆشخانەى كۆمارى كراوە، هەر ئەوە بێ ئاگایی ئەو بەناو رۆژنامەنووسە دەردەخا، چونكە گرێبەستەكەى ئێمە یەك گرێبەستەو بۆ چوار نەخۆشخانەیە "نەخۆشخانەى كۆمارى، فریاكەوتن، لەدایكبوون، پاراستنى تەندروستى".
ئەو بڕە خەیاڵیەى ئەوانیش باسی دەكەن كە بەخەونى ئەوان "61" ملیۆن دینارە بە تەنها بۆ نەخۆشخانەى هەولێری فێركارى- كۆمارى، بەهەموو شێوەیەك دوورە لەراستى، ئەگەر ئەو بەناو رۆژنامەنووسە زۆر وریاو زیرەكە دەتوانێ بچێتە بەشی هاتوو- دەرچوو "ێادرە- واردە"ى فەرمانگەى تەندروستى هەولێر و لەوێ سەیری نووسراوى فەرمى ژمارە "21 لە رێكەوتى 2/3/2010 بكات، ئەوكات بۆی دەردەكەوێ ئەو بڕە تەنها "18300000" دینارە بۆ گشت نەخۆشخانەكان، بەڵام نەزانى و دوورى ئەو بەناو رۆژنامەنووسە لە كارەكەى خۆی دەریدەخا كە ئەو تەنها بە میزاجى شەخسی و ئیعازى ئەم و ئەو ئەوكارەى كردووە، هەرگیز بیری لە گەندەڵی و دژایەتیكردنى نەكردۆتەوە.
لایەنێكى دیكەى راپۆرتە درۆینەكە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە ئەوان دەڵێن لەنەخۆشخانەى كۆمارى پێویستە 17 كۆستەر- پاس هەبێ، كەچی ئەو كۆمپانیایە 4 ئۆتۆمبێلی گەورەو 3 كۆستەر بەكاردێنن، لەوەشدا ئەو برایە بەهەڵەدا چووەو چونكە بەر لەهەموو شتێك بەپێی گرێبەست ئەمساڵ هیچ پاسێكى گەورە بۆ گواستنەوەى فەرمانبەران بەكارنایەت، هەروەها سەرجەمى ئەو كۆستەرانەى فەرمانبەرانى هەر چوار نەخۆشخانە دەگوازنەوە بریتین لە "29" كۆستەر، تەنها بۆ نەخۆشخانەى كۆمارى- هەولێری فێركارى 15 كۆستەرە، كە ئەو كۆستەرانە لەسەر خواست و پێویستى بەڕێوەبەرایەتى نەخۆشخانە دابەش كراون و كاریان پێدەكرێ.
لەلایەكى دیكەوە لەو راپۆرتەدا جگە لە زانیارییە درۆیەكان باس لەوە دەكرێ لێدوانى "ح" ناوێك كە سەرپەرشتى كۆمپانیا وەرگیراوە، بۆ زانیاریتان ئەو "ح" ناوە "حەسیب حەسەن"ەو بەهیچ شێوەیەك كەسی نەدیوەو بە تەلەفۆنیش كەس باسی ئەو مەسەلەیەى لەگەڵ نەكردووە، ئەی چۆن لێدوانى وا دادەنرێ، لە كاتێكدا بەپێی یاساى رۆژنامەگەریش ئەوكارە دوورە لەهەموو ئیتیكێكى راگەیاندن.
بەر لەكۆتایی وەڵامە بەڵگەدارەكەمان دەپرسین ئەگەر برادەرانى ماڵپەڕی كوردستان پۆست و ئەو بەناو رۆژنامەنووسە لە خەمى هەژارانن و باس لەوە دەكەن ئەوان دژی گەندەڵین و دۆستى فەقیر و هەژارانن، بۆچی ئەو راپرسیە درۆینەى كە دەڵێن لە نەخۆشخانەى كۆمارى كراوە ئاماژەى بۆ دەكەن، مادام ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەندە تاقەتى هەیەو چۆتە بەردەم نەخۆشخانەى كۆمارى و تاقیبی هاتن و نەهاتنى كۆستەرەكانى كردووە، بۆچی سەرێكیشی لە نەخۆشخانەى رزگارى نەدەدا، كە ئێستا بەشی زۆری كارمەندەكانى ئەو نەخۆشخانەیە بەدەست ئەوەوە دەناڵێنن كە كۆستەریان بۆ نەگیراوە و هەریەكە مانگانە 20 هەزار لە حكومەت وەردەگرن بۆ هاتووچۆ، كەچی هەر ئەوان لەگەڵ كۆمپانیاكەى ئێمە رێككەوتوون و مانگانە دووبەرابەرى ئەو پارەیەمان دەدەنێ، كە ئەو دیاردەیە وابێ راست و رەوان بۆمان دەردەكەوێ ئەو بابەتە دەستێكى لەپشتەو دەشزانین كێن ئەوانەى كار بۆ ئەوە دەكەن، بەڵام راپۆرتى رۆژانەمان و كاركردنە پاكەكەمان وەڵامى هەموو ئەو قسە درۆینانە دەداتەوە.
كۆتایی راپۆرتەكەمان بۆ بەرچاوڕوونى خوێنەران و كەسانى خاوەن ویژدان هاوپێچكردنى دەقی گرێبەستەكەو ناوى ئەو 15 شوفێرەو جۆری ئۆتۆمبێل و ژمارەى تابلۆ و شوێنى كاركردنى كۆستەرەكانیان بڵاودەكەینەوە، بۆیەش ناوى ئەو 15 شوفێرە بڵاودەكەینەوە، چونكە راپۆرتە درۆینەكە دەڵێ 4 سەیارەى گەورەو 3 پاسن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست