بەیاننامە هێرشدەكرێتەسەر دوو ڕۆژنامەنوس
Sunday, 25/07/2010, 12:00
سلێمانی، 25ی تەموزی 2010- دوو رۆژنامەنوس لە كاتی رووماڵكردنی هەواڵدا لە شاری سلێمانی و شارۆچكەی دەربەندیخان هێرشیان دەكرێتەسەر و یەكێكیان بە سوكی بریندا دەبێت.
سالار جاف، پەیامنێری گۆڤاری شەقام، شەوی هەینی رابردوو لەكاتی رووماڵكردنی شەڕی نێوان ئەفسەرێكو چەند هاوڵاتییەك لە هاوینەهەواری سەرچناری شاری سلێمانی، لەلایەن ئەفسەركەوە هێرشی كرایەسەر. هەمان شەو، بە ئامادەبوونی رێكخەری سەنتەری میترۆ رۆژنامەنوسەكەو چەند هاوڵاتییەك، لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار، داوای یاساییان لەسەر ئەفسەرەكە تۆمار كرد.
شایەتحاڵێك بە سەنتەری میترۆی ووت كە لەكاتی رووداوەكەدا ئەفسەركە دەمانچەی دەرهێناو دەستی كرد بە تەقەو هاڕێیەكی ئەوی بە فیشەك بریندار كرد، "بەچاوی خۆم بینیم كە بە كلكە دەمانچە لە رۆژنامەنوسەكەی دا."
بەپرسانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار سەنتەری میترۆیان دڵنیاكردەوە كە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە تۆمتەتبارەكە گیراوەتەبەر و مافی رۆژنامەنوس و هاوڵاتییەكان لەرێی یاساوە وەردەگیرێتەوە.
لە رووداوێكی جیاوازدا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو 21ی تەموز، تیمێكی كەناڵی ئاسمانی تۆڕی هەواڵی كوری(KNN) لەكاتی روماڵكردنی هێرشێك بۆ سەر ماڵی تۆمەتبارێك لە قەزا دەربەندیخان، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرشیانكرایە سەرو رێگەیان پێنەدرا وێنە بگرن.
سابیر عەزیز، پەیامنێری كەناڵەكە، وتی كە لە كاتی وێنەگرتنی هێرشەكەدا لەگەڵ وێنەگر سالار ساڵح سلێمان، كۆمەڵێك لە "چەكدارە جل ڕەشەكان" هێرشیانكردەسەری داواینكرد ئەو شوێنە جێبهێڵن، "یەكێكیان پێی ووتم ئەگەر نەگەڕێتە دواوە یەك فیشەك ئەنێم بەناو چاوتەوە."
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەیەكی زۆر لەو سكاڵایانەی كە زۆرێك لە رۆژنامەنوسان هەیانبووە لەو هێزانەی كە ناسراون بە (جل ڕەشەكان)، ئەم هەڕەشەیە زەنگێكی مەترسیدارە. پێویستە بەرپرسانی ئەمنی شاری دەربەندیخان لێكۆڵینەوەی وورد لەبارەی هەڕەشەكردن لە هاوكارمان، سابیر عەزیز بكەن."
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان، رێكخراوێكی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنوسان و مافەكانیان. ئەم رێكخراوە، لە هەرێمی كوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەكان (JFO) دەكات كە نوسینگەی سەرەكی لە بەغدایە.
بۆ زانیاری زیاتر، پەیوەندی بكەن بە:
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەر: 07701940930
ئیمەیل:
[email protected],
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست