سەنتەری میترۆ داوای لێكۆلێنەوە لە دیارنەمانی رۆژنامەنووسێك دەكات
Thursday, 17/12/2009, 12:00
سلێمانی، 17ی كانوونی یەكەم، 2009: سەنتەری میترۆ بۆ ڕاوێژو داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان داوا لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەكات كە دەستبەجێ هەرچی لە توانایانداهەیە ئەنجامی بدەن بۆ دیاریكردنی چارەنووسی سەرنووسەری رۆژنامەی روماڵ كە ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە بێسەروشوێنە.
ئەرسەلان مەحمود، سەرنووسەری رۆژنامەی روماڵ، بە ووتەی كەسوكارو چەند هاوڕێیەكی، رۆژی 5ی كانوونی یەكەم بەرەوە هاوینەهەواری سەڵاحەدین سەفەری كردوەو هەتا ئێستا چارەنووسی دیارنییە.
لەم بارەیەوە سەنتەری میترۆ بۆ ڕاوێژو داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان رایگەیاند، "سەلامەتی هەر تاكێكی هەرێمی كودستان لە ئەستۆی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. داوا لە بەرپرسان ئەكەین كە دەستبەجێ چارەنووسی رۆژنامەنووس ئەرسەلان مەحمود ئاشكرابكەن و ئەوانەی كە لە پشت بێسەروشوێنكردنیەوە رووبەڕووی یاساببنەوە."
قادر حەمەجان، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایسش لە سلێمانی و حەیدەر حاجی تانی، بەرێوەبەری ئاسایشی رانیە، بە سەنتەری میترۆیان راگەیاند كە لێكۆڵینەوەیان لە دیارنەمانی ئەرسەلان مەحمود دەستپێكردووە.
بە وتەی مقداد مەحمود، برای ئەرسەلان، و هاوڕێیەكی تری نزیكی، سەرنووسەری رۆژنامەى روماڵ رۆژێك پێش دیارنەمانی ئاگاداری كردوون كە رۆژی 5ی كانوونی یەكەم سەردانی هاوینەهەواری سەڵاحەدین دەكات بۆ ئەنجامدانی هەندێ كار.
ئەرسەلان جگە لە كاری رۆژنامەنووسیی ئەندامی رێكخراوە جەماوەرییەكانی لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە شاری رانیە .رۆژنامەی روماڵ دووهەفتە جارێ لە شاری رانیە چاپو بڵاودەكرێتە. یەكەمین ژمارەی رۆژنامەكە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەرچووە.
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بكەن یە(07701523300)لە سەنتەری میترۆ بۆ ڕاوێژو داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان، تەلەفۆن:
پێناسەی سەنتەری میترۆ: (سەنتەری میترۆ بۆ ڕاوێژو داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنوسان،سەنتەرێكی خێرخوازی مرۆڤدۆستی قازانج نەویستە، لە گەڵ رۆژنامەنوسانو بۆ ڕۆژنامەنوسان كاردەكات لە پێناو بەهێزكردنی توانای رۆژنامەنوسانو داكۆكیكردن لە مافەكانیان لە هەرێمی كوردستان
سەنتەری میترۆ بۆ ڕاوێژو داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست