سێ نووسەری بیانی بەناوبانگ دەڵێن، پشتکردنی ئەمریکا لە یەپەگە کارێکی بێ مۆڕاڵە
Wednesday, 01/08/2018, 22:11
لە کاتێکدا راگەیاندنەکانی هەرێم... نووسەرە دەربار و هەلپەرستەکانی دەسەڵات... سیاسییە پیسخۆر و چڵێس و خۆپەرست و خۆفرۆشەکانی کورد سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ دەنگدانێکی دیکەی ساختە، بۆ هەڵبژاردنی کۆمەڵێک کەسی هیچ و پەرلەمانێکی پوچ، وایان لە خەڵک کردووە کە کەس لە خەمی خاک و چارەنووسی گەل و نەتەوەکەی خۆی نەبێت، تا نەزانن لە نزیکەوە چی دەگوزەرێت و چ پلانێک بۆ لەناوبردنی کورد لە ئارادایە. لەملاشەوە نووسەر و روناکبیرەکانی وڵاتانی تر لە بری ئێمە خەممان دەخۆن و بۆمان دەنووسن، دەیانەوێت ئاوڕێک لە کورد بدرێتەوە لایەنی کەم وەکو مرۆڤ بەشێک لە مافەکانی پێڕەوا ببینرێت، هەروەها لە بەرامبەریشەوە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، دەست لەناو دەستی دوژمن و داگیرکەران دەکات، لەگەڵ پلانەکانیاندا رێدەکات، تا ئەوەی بۆ کورد رەوایە، پێی نەدرێت.
ئەو نووسینەی خوارەوە کە سێ نووسەری بیانیی نووسیویانە، بەشێکە لە وتارێکی دوور و درێژ، ئێمە ئەو بەشەیمان هەڵبژاردووە کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە:
------------------------
ماکس هۆفمان، ئالان مەکۆڤسکی و مایکل وێرز، لە ٣١/٧/٢٠١٨ دا بە سێ قۆڵی شێکردنەوەیەکی سیاسیان بڵاوکردۆتەوە دەربارەی سیاسەتەکانی داهاتووی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە سوریا. لەم لێکۆڵینەوە پڕ بایەخەدا هەرسێ نووسەر بە سێ قۆڵی ئاماژەیان بە گرنگی یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ یەپەگە داوە و نووسیویانە،
پەیوەندیی سەربازیی نێوان ئەمریکا و هێزی سوریای دیموکرات، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەژموونی کوردەکانی سوریایە بە تایبەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگە، لە باکووری سوریا، دەبێت بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک فشار بمێننەوە.
ئەم پەیوەندییە بۆ ئەمریکا گرنگە، بەهۆی ئەوەی هێزی سوپای دیموکرات و یەپەگە، ڕێگرن لە گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکە، هەروەها بۆ بونیاتنانی ژێرخان و دابین کردنی خزمەتگوزاریە سەرەکییە ناوچەییەکان، کە لە ئانجامدا ئەم هەنگاوە یارمەتییدەر دەبێت لە کەم کردنەوەی کارەساتی وەک ئازار و مەینەتیی مرۆڤانە، هەروەها فەراهەم کردنی ئاسایشە لە شوێنێک کە لە سەر زەمین بە ناسەقامگیرتیرن، نائارامترین و نائاسایشترین ناوچە هەژمار دەکرێت.
دەبێت یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو هێزە (هێزی سوپای سوریای دیموکرات، بە تایبەتی یەپەگە) بەردەوام بێت بۆ بەرپەڕچدانەوەی مەترسیەکانی ئەو هێزانەی کە بەرەنگاری لە ئەسەد، ئیران و ئەو هێزانەش دەکەن کە وابەستەن بە ئیران، بەهێزبوونیان قۆناغێکی دیکەی بەرپاکردنی جەنگێکی دیکەی لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەمە دەبێتە هۆکاری ڕوودانی کارەساتی مرۆڤایەتیی و دەربەدەربوونی زیاتری خەڵک، هەروها بەهێزبوونی هێزی سوریای دیموکرات لە بەرژەوەندیی تورکیاشە، بەهۆی ئەوەی دابینکردنی ناوچەی ئارام یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ئیتر خەڵک کۆچ بۆ تورکیا نەکەن کە هەنوکە تورکیا لەژێر فشاری پەنابەران دایە و ٣.٥ میلیۆن سووری ڕوویان تێکردوە.
ئەمریکا ئەو ناوچانە دەبێت پارێزگاری لێ بکات، کە تا ئێستا هێزی وڵاتانی ئەسکەندەنافی پاراستویانە لە دەسەڵاتی ئەسەد. هەروها ئەمریکا دەبێت پشتیوانی لە هێزی سوپای دیموکراتی سوری بکات، بۆ دابین کردنی سیستەمیی سیاسیی دیمورکاتیی و ئۆتۆنۆمیی بۆ ئەو ناوچانەی کە پاش تەواو بوونی جەنگ گفتگۆ و ڕێککەوتنیان دەربارە دەکرێت . یەکەم هەنگاویش کە پێویستە ئەمریکا بیکات بەشداری پێکردنی نوێنەرانی کوردی سوریایە لە دانیشتنەکانی جنێف، هەروەها یارمەتی هێزی میلیشیا میانڕەوە عەرەبەکان و کەمە نەتەوەکانی دیکەش بدات. لەم بار و دۆخە ناهەموارەدا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، پێویستە لەسەر ئەو هاوپەیمانانەی کە ئەمریکا ڕێبەرایەتیان دەکات، یارمەتی ماددی کورد و کەمە نەتەوەکانی دیکە بدەن بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا حکومەتێکی ناوچەیی دابمەزرێنن.
پێویستە وڵات یکگروتوەکانی ئەمریکا یارمەتی و پارێزگاری لە هاوپەیمانەکانی بکات، کە متمانەی پێیانە، پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە، هەنگاو و کارێکی ئەخلاقی و مۆڕاڵ و ستراتیژییە. پەیڕەو کردنی سیاسەتی دیکەی وەک پشتتێکردن و بەجێهێشتنی ئەو هاوڕێیانە کە ئەمریکا لە ڕۆژە سەختەکاندا متمانەی پێداون و پشتیوانیان لە ئەمریکا کردوە، کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ناوبانگ و رەسیدی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە دنیا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست