ئەردوغان، هێڕش دەکەین بۆ قەندیل و شەنگاڵ!
Tuesday, 12/06/2018, 1:52
ڕۆیتەرس، میدل ئیست، ساوتفرۆنت ١٢/٦/٢٠١٨ دەنووسن
لە ١١/٦/٢٠١٨دا ئەردوغان لە وتەیەکیدا دووپاتی کردەوە کە ئەوان هێڕشە سەربازییەکانیان بۆ سەر قەندیل و شەنگاڵ ئەنجام دەدەن. چاودێرانی سیاسی و ئەوانەی گرنگی دەدەن بە ڕووداوە و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێیان وایە کە ئەردوغان بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان ،بابەتی هەڕەشەی بۆ سەر کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و بە مەبەستی بەدەست هێنانی دەنگی زیاتر و بردنەوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤/٦/٢٠١٨ی تورکیا.
*********************************
ئەم جۆرە هەواڵانە کە لە میدیا جیهانییەکان بڵاو دەکرێنەوە، ئاماژە بەوە دەدەن کە نووسەران و چاودێرانی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی دنیا، بۆچوونیان دەربارەی هەڕەشەکانی ئەردوغان و "هێڕش کردنە سەر کورد و پەکەکە" ، بە ئامرازێک هەژمار دەکەن، کە سەڕۆکی پارتە تورکییەکان و ئەردوغان بۆ کۆ کردنەوەی دەنگ لە نێو نەتەوەیی تورک و بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان بەکاری دەهێنن.
ئەم جۆرە بۆچوونە، لە ئەنجامی خوێندنەوەی ووردی ڕووداوەکانە بەبێ لایەنی و دەریدەخەن کە ڕێژەیەکی گەلێک زۆر لە نێو نەتەوەیی تورک لە تورکیا دژ بە جوڵانەوەی سیاسی و سەربەخۆی میللەتی کوردن، لە کاتێکدا هەموو گەلانی تورکیا و ئازادییخوازانی دنیا، لەو ڕاستییە گەیشتوون کە جگە لەوەی بەبێ خواستی میللەتی کورد بەشێک لە وڵاتەکەی لکێنراوە بە تورکیا، کورد نەتەوەیەکە ٢٠ ملیۆنە و تەنیا داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات لە تورکیا.
ئەم جۆرە لێکدانەوە سیاسیانە لە لایەن چاودێرانی سیاسی جیهانەوە، ئاوێنەیەکە کە هەندێک ڕاستیی دەردەخەن و ئەوە دەگەیەنن، کە میللەتی تورک بە شێوەیەکی گشتی تا ئێستاش بە ڕۆحی نەتەوە پەرستی و خۆسەپاندن پەروەردە دەکرێن، ڕق و کینە لە نێو مێشکیاندا ڕۆژانە لە لایەن سەرکردەیەکی وەک ئەردوغان و هاوشێوەکانی دا دەچەسپێندرێن.
لەم جۆرە ژینگەیەدا و بەمجۆرە پەروەردە کردنە، مەحاڵە چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێت کە ئەو وڵاتە بەم نزیکانە ببێت بە خاوەن سەڕۆک و پەرلەمانێکی عادلانە کە ددان بە مافی ڕەوای میللەتانی ژێردەست بهێنێت، لەم تێڕوانینەوە، سیستمی دیموکراتی لە وڵاتێکی وەک تورکیا مەحاڵە بکرێت بە ئامراز و سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی. بڕوا بوون بە دیموکراتیەت، پێش هەموو شتێک کولتوور تێگەیشتنە و بڕوا بوونە بە یەکسانی ماف لە نێو کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوە و هەڵگری بیروباوەریی عیلمانیی و ئاینی جیاواز. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە هیوا گرێدان بە دەنگدان، هەڵبژاردن و دامودەزگای وەک "پەرلەمان"ی تورکیا و سەڕۆکەکانی و وڵاتانی هاوشێوەی ئەوان، لە خۆهەڵخەڵەتاندن بەولاوە هیچی دیکەی لێشین نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست