پیاوەکانی نما و چیای نەوشیروان مستەفا لە سەباح عەلی قارەمان دەدەن
Saturday, 24/03/2018, 13:07
ئەمڕۆ رۆژی شەممە ریکەوتی 24-03-2018 چەند کەسێک، پەلاماری سەباح عەلی قارەمانی نووسەر و رۆژنامەنووسیان دا، هەر وەک سەباح عەلی قارەمان لە پەیجەکەی خۆی ئەم هەوالەی بڵاوکردۆتەوە، گوایە ئەو کەسانە سەرکەوتی کوبەی کۆنەبەرپرسی ئاسایشی سلێمانی و تازە گۆڕانخواز لەگەڵ دوو سێ کەس لە پیاوەکانی بوون. پاش ئەوەی بە شەق و زللە تێی دەکەون، هەڕەشەی کوشتنیشی لێدەکەن، پێی دەڵێن لەبەر ئەوە لێت دەدەین چونکە رەخنەت لە کوڕەکانی کاک نەوشیروان گرتووە.
کوردستانپۆست هەوڵیدا راستەوخۆ لەگەڵ سەباح عەلی قارەمان قسە بکات، بەڵام پەیوەندییەکە سەری نەگرت، ئەمیش بەهۆی ئەوەی کە باری تەندروستیی و دەرونی سەباح تەواو نەبوو، هەروەک لە شێوازی نووسینەوەی هەواڵەکەدا خۆی نووسیوێتی، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییمان بە گردەکەی (نماو و چیا)وە کرد، بە شێوەیەکی دیکە زانیارییمان لەسەر ئەم هەواڵە وەرگرت.
سەرچاوەکە دەڵێت: سەباح عەلی قارەمان لە فەیسبوک رەخنەی لە کوڕەکانی نەوشیروان گرتووە و وای پێناسەکردوون، کە ئەمانیش وەکو کوڕی بەرپرسەکان کەوتوونەتە بازرگانی کردن، بەهۆی ئەو گردەوە کە نەوشیروان مستەفا موڵکدارێتی خستوویەتە سەر کوڕەکانی، وا ئیستا خەریکی کوتلە و کوتلەکاریین دەیانەوێت دەستبەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و کەناڵی راگەیاندنەکاندا بگرن، لەبەر ئەمە نما و چیا داوا لە سەرکەوتی کوبە دەکەن، کە سەباحیان بۆ تەمبێخواردوو بکات، بۆیە سەرکەوت و پیاوە شەلاتییەکانی هەر لە گردەکە دەچنە سەری و بە شەق و زللە تێی بەردەبن، دوای ئەمە پەیوەندیی بە نما و چیاوە دەکەن، کەوا بە دڵی ئەوان لە سەباحیان داوە.
ئەوەی جێگای باسە، سەباح عەلی قارەمان کاتی خۆی بە هۆی نەشتەرگەریی سەرنەکەوتووی دکتۆرێکی ناشییەوە لە کوردستان، جومگە و ئەندامەکانی لەشی پەکی دەکەوێت، دەبێتە هۆی ئەوەی وەکو نیمچە پەککەوتە و کەمئەندامی لێبێت، دوو ساڵ لەمەوپێش دەچێتە ئەڵمانیا و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، هێشتا بە تەواویی چاک نەبۆتەوە لەگەڵیدا دەشەلێت و لەگەڵ رۆیشتنیدا ئازاری هەیە، وەکو کەسێکی نۆرماڵ ناتوانیت بچوڵێت و هەڵسوکەوت بکات.
لەسەردەمی هەلبژاردنەکاندا نەوشیروان مستەفا داوای لێکرد کە بیکات بە کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەم رازی نەبوو، هەروەها لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە موچە و خانەنشینی بۆ بڕایەوە، دیسان ئەوەشی رەت کردەوە، کوڕەکانی نەوشیروان و زۆر لایەنی دیکە ویستویانە کەویی و بێدەنگی بکەن، بەڵام تا ئیستا تەسلیمی هیچ لایەنێک نەبووە، بەو موچە کەمەی کە وەریدەگرێت، ژن و دایک و باوکی بە کولەمەرگی بەڕێوە دەبات و پێ دەژین، وەکو خۆی دەڵێت، ئەم ژیانەی کە بەو هەژارییە هەیەتی سەربەرزییە وەک لەوەی دەست بۆ ئەم حیزب و ئەو بەرپرس بگریتەوە، گرنگ پارە و دەوڵەمەندیی نییە، بەڵکو کەرامەتە کە کەسێک بیەوێت خۆتی پێدروست بکات و دەمی رەخنەی دانەخات لەبەرامبەر ناهەقیی.
یەکێک لەو کەسانەی کە لە سەباحیان داوە، ناوی یاد رەفیقە، ئەم کەسە وەکو سەرچاوەکە وتی پیاوی هەموو کەسێکە، رۆژێک پیاوی سمەی بۆقە، رۆژی دوایی دەبێتە پیاوی سەرکەوتی کوبە، وا ئەمرۆش بۆتە پیاوی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، بە هەموویان خاوەنی ئەم کابرایەن و بە ئارەزویی خۆیان هەڵیدەسوڕێنن، ئەم کابرایەش خاوەنی خۆی نییە. وا نما و چیاش لەم سەرسەریانە دەسەڵات بۆ خۆیان دروست دەکەن.
ئەو ڤیدیۆیەی خوارەوە شایەتحاڵیکی گۆڕانە، کە چۆنێتی رووداوەکە دەگێڕێتەوە، کورد دەڵێت دز بدوێنە شەرع و شەرحی خۆی دەکات، بزانە چۆن رووداوەکە دەیگێڕێتەوە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست