پەلاماری تورکیا بۆ سەر عەفرین و کاریگەریی بۆ سەر ناوچەکە و دەولەتە ژلهێزەکان
Thursday, 08/03/2018, 14:14
سی.ئێن.ئێن ٧/٣/٢٠١٨ دەنووسێت
١٧٠٠ شەڕەڤانی کورد، بەرەکانی شەڕی داعشیان بەجێهێشتووە چوون بۆ عەفرین بە مەبەستی بەشداری کردن و ڕووبەرووبوونەی تورکیا. قسەکەری فەرمیی سوپای سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، "ئەوان نەیانویستوە شوێن و بەرەکانی خۆیان بگۆڕن، بەڵام لە سەرەتای هێڕشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، گوتومانە کە تورکیا، لە هەوڵی زیندوو کردنەوەی داعشە، ئەمە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی دەبێت لەسەر هێڕشە سەربازیەکان و هەڵمەتەکانی کە دژ بە داعش ئەنجام دەدرێت. موستەفا بالی، ئەوەشی گوت " ئێمە هێزێکی هێڕش بەربووین بۆ سەر داعش، بەڵام هەنوکە بووین بە هێزێکی بەرپەرچدانەوە و زۆربەی هێزە هاوپەیمانەکان جوڵە دەکەن بەرەو عەفرین.
--------------------------------------------
شایەنی باسە، لە مانگ ونیوێک زیاترە، سوپای تورکیا، هەموو توانایەکی سەربازیی و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی بەکارهێناوە، دژ بە کورد لە شاری عەفرین، بەڵام بەگوێرەی ئەو هێڕشە زەبەلاحەی سوپای تورکیا، کەچی تا ئێستا ئەو سوپایە نەیتوانیوە پێشڕەوەیەکی بەرچاو ئەنجام بدات.
بێهێزبوونی بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش، لە بەرژەوەندیی تورکیایە. بە سەدان ڕاپۆڕت و دۆکیومێنت لەبەردەستدا هەن، کە دەیسەلمێنن، بەهەزاران کەس لە لایەنگرانی داعش، لە ڕوسیا، چین، ئەمریکا و ئەوروپا بە فڕۆکەخانەکانی تورکیا چوون بۆ سوریا. ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە پاسپۆرت هەبووە، تورکیا لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگریەکانی میت، پاسپۆڕتی تورکییان بۆ ئامادە کردون، کار ئاسانیان بۆ کردون لە تورکیاوە و ڕەوانەی نێو سوریایان کردون.
داعش، هێزێکی توندڕەوی ئیسلامیی سونە مەزهەبە، لە زەمینەیەکی ئامادە بووی گەلێک لە وڵاتانی دنیا دروست بوون، وەک لە وڵاتە عەرەبیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دەگات بە ڕوسیا، چین و ئەفریقا. ئەو هێزە لە لایەن زلهێزەکانی دنیاوە بەکارهاتووە بۆ دژایەتی کردنی یەکتر.
ململانێ و جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، زەمینەیەکی لەباری دروست کردوە بۆ زیاتر گەشە کردنی ئەو هێزە توندڕەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و کردنی ئەو وڵاتانە بە گۆڕەپانی جەنگ.
هێزی توندڕەوی داعش، چەندێک مەترسی دروست بکات لەسەر میللەتی کورد، دە ئەوەندە مەترسی بۆ ناوەخۆی ڕوسیا، ئەوروپا، چین و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا، تا دەگات بە دروست بوونی ئاژاوە و پشێوی لە نێو خودی ئەمریکا.
شەڕی داعش و قڕکردنیان، بە پلەی یەکەم، لە بەرژەوەندیی ڕوسیایە، ئەمریکا ئەو ڕاستییە لە هەموو لایەک باشتر دەزانێت، ژیرانەش وەک کارتێکی فشار بەکاریان دەهێنێت دژ بە ڕوسیا.
سەرکەوتنی ئەو هێزە توندڕەوە (داعش)، و بەهێزبوونی تورکیای هەمیشە دوژمن لەگەڵ روسەکان لە میژوودا، لە بەرژەوەندیی مۆسکۆ نییە و بگرە مەترسی مەزنیشی لەسەر دروست دەکات. لە دەرئەنجامی ئەوەدا، ڕوسیا بەخۆشی بێت، یان بە ناخۆش، ئەگەریی ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت، کە دەبێت ملکەچی ئەوە بێت، سەنگەر بگۆڕێت و هەندێک مەرجیش قبوڵ بکات هەتا ئەگەر بە دڵیشی نەبێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست