نەوزاد هادی لە فەرهەنگی خیانەتدا دەوڵەمەندن و لە پارەشدا لات
Tuesday, 06/03/2018, 15:29
هەولێر، لە ڕۆژانی نەهامەتی، ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عیراق، هەمیشە پشت و پەنای شۆڕشەکانی کورد بووە، لە رێگەی رزگاری بە سەدان شەهیدی داوە. دەشتی هەولێر، کەندێناوە و شاخی قەرەچوخ و بازارگە و قەراج، شاخەکانی سەڕی ڕەش، کۆڕەک و هەندرێن و زۆزک و سەفین، ناوچەکانی خۆشناوەتی و باڵەکایەتی، شاهێدی ئەو ڕاستییەن.
هەولێر، تەنیا شارێکە، کە پارتی و ماڵی بارزانی، بە زەبری فشاری سوپای عیراقی، مووشەک و زریپۆش داگیریان کرد، دواتریش تاڵەبانیی و دارودەستەکەی سازشیان لە سەر ئەو شارە کرد و ، بەرامبەر بە پۆستی "سەڕۆک کۆماری عیراق"، بۆ بنەماڵەی بارزانییان جێهێشت.
بە درێژایی بیست وحەوت ساڵ، شاری هەولێر، لە لایەن سەرانی ینک و پدک، ئەتک کراوە. لەو ڕۆژەوە دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە لە هەولێر نیشتەجێبوون، لە نەهامەتی و بێحورمەتی و ماڵوێرانی نەبێت،بۆ هەولێرییەکان هیچی دیکەیان بەرهەم نەبووە. پارتە، بەشداربووەکان حکومەتی پەرتەوازە بوو، کاتێک کە لە هەولێر ویستویانە پێگە دروست بکەن، ئەو کەسایەتییانەیان هێناوەتە پێشێ، کە زانیویانە خاوەن کەساییەتی لاوازن و دەبن بە جەماعەتی ئەشهەدو بیلا، نمونە گەلێک زۆرن، یەکێک لەوانە "نەوزاد هادی" پارێزگاری هەولێرە.
نەوزاد هادی، کاری قەسابیی بوو، واتە گۆشتفڕۆشی جاران و دزی ئێستا، کاتێک کە داعش، هێرشیان کردە سەر شاڕۆچکەی مەخمور و دواتر هێرشی بەرپەرچدانەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان ئەنجام درا، دوای تەواو بوونی هەموو شتێک، ئینجا نەوزاد هادی چوو بۆ مەخمور، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، بۆ کەناڵی ڕووداو قسە دەکات و قوڕگی پڕ گریان دەکات، نۆتەی دەنگی وەکو ئەکتەرێک دوو دەنگ دەکات، گوایە گەلێک دڵسۆزە و ڕووداوەکە گەلێک کاری لە هەست و نەستی کردوە.
نەوزاد ڕوکنی بەرێز....
هەموو هەولێر دەزانن کە تۆ کۆنە بەعسی بوویت و لە ئیتیحاد تەڵەبە کارت دەکرد، لە زەمانێکدا کە هەڵبژاردەی وەک شاخ و پێشمەرگایەتی هەبوو، ئەی بۆ ئەو کات ڕۆژێک، قوڕگت پڕ لە گریان نەبوو، بۆ ئەنفالەکان و هەڵەبجە و جینۆساید کردنی بارزانییەکان!؟
لە باشوور، خۆنواندن، درۆ و دزیی بووە بە کلتوورێک ، پەیڕەو کردنی لە لایەن، لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی پارتەکان و حکومەتی هەرێمەوە، لای خەڵک وەک سیاسەت، لێزانین و بلیمەتی چاولێدەکرێت!
لێپرسراوانی، بەرژەوەندیی پەرستی نێو پارتەکان، لە میدیاکاندا لێدوانی زۆر دەدەن، گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی، کە ئەوەندە دڕۆ دەکەن، ئاگایان لە خۆیان نییە کاتێک هەر خۆیان لێدوان دژ بە لێدوانەکانی خۆیان دەدەنەوە و دڕۆیەکانیان سپی دەکەن.
لەوەتەی سیاسەتی پاشەکەوتی موچە، لە لایەن حکومەتی هەرێم، بە خەڵک ناسێندراوە، سەر زمان و بنی زمانی لێپرسراوەکان لە میدیاکاندا، ئەوەیە کە، "پورە نییە" و حکومەتی ناوەند بودجە نانێرێت! وێرای ئەو درۆیە شاخدارە، لەو لاوە گۆشت فڕۆشەکەی هەولێر، "نەوزاد هادی"، لە گرتیەکی ڤیدیۆییدا، کە تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە، لە وەڵامی گەنجێکی توڕەدا،
دەپرسێت "بۆ پارە بۆ عارەبان خەرج دەکەن، لە کاتێکدا خەڵکی هەولێر داماون بە دەست هەژاریی و نەدارییەوە؟". نەوزاد هادی لە وەڵامدا دەبێژێت،"ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەندین لە فەرهەنگدا، ئاساییە یارمەتی خەڵک بدەین"! ئەو مەبەستی لەوە دەوڵەمەندییە نییە، بەڵکو پاساوهێنانەوەیە بۆ خیانەت و جێکردنەوەی ئەو داعش و کۆنەبەعسی و دوژمنانەی کورد، کە بە ئاسایی فەرهەنگی دەیەوێت وامان پێ بڵێت کە ئەمە فەهەنگە نەک خیانەت و کردنەوەی دەرگا بۆ دوژمنانی کورد!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست