کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دەسەڵات سزای دادوەرێک دەدات چونکە بڕیاری لە دژی موستەشارەکان دەرکردووە

Wednesday, 15/04/2015, 0:36


نامه‌ى دەست لە کارکێشانەوەی حاكم هاوژین، بەهۆی ئەوەی بڕیارێکی دەرکردووە سەبارەت بە ده‌ستگیركردنى مسته‌شارە بەعسییەکان، بەڵام دەسەڵات بۆ ئەو بڕیارە سزای حاکم هاوژینی داوە، ئەویش ناچار ئەم نامەیەی نووسیوە و دەستی لە کار کێشاوەتەوە:

هۆكارى ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌:
1 - ده‌ستوه‌ردانى سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى ناوچه‌ى كه‌ركوك/گه‌رمیان ، دادوه‌ر " أكرم " و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و سه‌رۆكه‌كه‌ى، له‌ كارى دادوه‌رى ، له‌ دۆسیه‌ى به‌ ناو ئه‌نفال دا، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى كه‌ پاش (4) سال له‌ گشتاندنى ده‌ست گیر كردنى تۆمه‌تبارانى دۆسیه‌ى ئه‌نفال ته‌نانه‌ت (1) تۆمه‌تبار ده‌ست گیر نه‌كراوه‌ ، من وه‌ك دادوه‌ر له‌ پار ساڵ (3) تۆمه‌تبارى ئه‌و دۆسیه‌یه‌م ده‌ستگیر و ڕاگیر كرد . به‌ڵام ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ به‌ ته‌له‌فون و ڕووبه‌ڕوو وه‌ چه‌ندین جار به‌ ناوى خۆیه‌وه‌ و جارێك به‌ ناوى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و خودى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن به‌ من ده‌ڵێت كێشه‌ى ئه‌نفال كۆتایی پێ بهێنه‌ وده‌ڵێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ت ده‌ست گیر كردووه‌. خودى ئه‌و سه‌رۆك دادگا وسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریش پێم ده‌ڵێن كیشه‌ت بۆ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى دروست كردووه‌، به‌ جولاندنى دۆسیه‌ى ئه‌نفال!
سه‌رۆك دادگاكه‌ به‌ من ده‌ڵێت له‌سه‌ر گرتنى ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ (ڕاپۆرت به‌ هه‌موو دنیا دراوه‌ له‌سه‌رمان) ... من ده‌پرسم ئه‌گه‌ر گرتنى تۆمه‌تبارى بكوژانى زیاد له‌ (182000) كه‌س ڕاپۆرتى لێبدرێت ئه‌مه‌ شانازییه‌ یان سه‌رشۆڕیی ؟!! ئایا ڕاپۆرت به‌ كێ دراوه‌ ؟! ته‌نها به‌ حزبی ده‌سه‌ڵات دراوه‌ كه‌ زۆر كاریان بۆ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ كرد وه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ دژایه‌تى من وه‌ك دادوه‌ر ... وه‌ك به‌ڵگه‌ى ده‌نگیی تۆمارم له‌ لایه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ .
سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و له‌ دیمانه‌یه‌ك له‌م چه‌ند رۆژه‌ى پێشوودا به‌ من ده‌ڵێت (ئێمه‌ش زۆر زه‌ختمان له‌سه‌ر بوو له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ئه‌نفال " واتا له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى تۆمه‌تباره‌كان") منیش وه‌ك دادوه‌ر هاوژین ده‌ڵێم (وه‌ڵامتان چی بوو بۆ ئه‌و زه‌ختانه‌ ؟ ئه‌وه‌ بوو منتان نه‌قڵ كرد بۆ سنورى توركیا " ئامێدى" ؟!)
ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ به‌ ناوى " أكرم " له‌ چه‌ندین په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونى دا فشارى خستنه‌ سه‌رم بۆ دۆسیه‌ى ئه‌نفال ، كه‌ پێم ده‌ڵێت معالجه‌ى بكه‌ واتا تۆمه‌تبارى ئه‌نفال !! ده‌پرسم معالجه‌ چی یه‌ ؟! منیش وتم ده‌یان جار به‌ پۆلیس و وه‌زاره‌تى ناوخۆم وتوه‌ كه‌ ڕه‌وانه‌ى بغداد بكرین بۆ دادگایی كردن . به‌ڵام ئه‌و سه‌رۆك دادگایه‌ و به‌ ناوى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى یه‌وه‌ به‌ من ده‌لێت معالجه‌ى بكه‌ وتم " كارى من ده‌ركردنى بڕیاره‌ و كارى پۆلیس جێبه‌جێكردنه‌ به‌ڵام نایان به‌ن بۆ به‌غداد" به‌ڵام ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ ده‌ڵێت (خۆت) معالجه‌ى بكه‌ ... من وه‌ك دادوه‌ر هاوژین ده‌پرسم " سه‌ره‌راى بونى بریارى دادگا " ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبارى ئه‌نفال نه‌بردرێن بۆ به‌غداد و ئه‌ویش " أكرم " بڵێت خۆت معالجه‌ى بكه‌ با ئه‌وه‌نده‌ له‌ توقیف دا نه‌بن ، ئایا ماناى ئه‌مه‌ جگه‌ له‌به‌ردانیان ده‌بێت چی بێت ؟! ئایا ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم و دادگاى گه‌رمیانى (ئه‌نفالستان) ده‌یه‌وێت تۆمه‌تبارى ئه‌نفال به‌ربده‌م !!! به‌ڵام من پێم وت وه‌ زیاد له‌ (5) جار و له‌ ته‌له‌فزیونیشدا وتم كه‌ من سورم له‌سه‌ر گرتنى تۆمه‌تبارى دۆسیه‌ى ئه‌نفال ، به‌ڵام له‌ مانگى (2014/12) ئه‌و سه‌رۆك دادگایه و زه‌ره‌ر ده‌كه‌یت سور بیت له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ ، منیش وتم ئاسایی یه‌ ، ئه‌وه‌ بوو له‌ مانگى ( 2/2015) منیان گواسته‌وه‌ بۆ سنورى توركیا (ئامێدى) بێ داواكارى خۆم، كه‌ له‌ مێژووى سته‌مى دادوه‌رى دا سته‌مى له‌و جۆره‌ به‌رامبه‌ر هیچ دادوه‌رێك نه‌كراوه‌ !!
شیاوى باسه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌گرتنى تۆمه‌تبارانى دۆسیه‌ى ئه‌نفال ، فه‌رمانى ده‌ستگیر كردنم بۆ به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشی گه‌رمیان ده‌ركرد ، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ زۆر توڕه‌ بوو وتى بۆ كارى له‌و جۆره‌ت كردووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایش ڕاست ده‌كات ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بڕیارى سیاسی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیر بكرێن، منیش ده‌ڵێم ئافه‌رین دادگا چاوه‌ڕێی حزب بێت تۆمه‌تبارى دۆسیه‌ى خیانه‌ت له‌ گه‌ڵێك بگرن . واتا دادگا فه‌رمان له‌ حزبه‌وه‌ وه‌ربگرێت نه‌ك له‌ یاساوه‌ . له‌م كاته‌دا دادوه‌ر " سه‌یوان " و خاتوو چیمه‌ن " ئه‌ندامى داواكارى گشتى دانیشتبوون له‌ مانگى (6) ى 2014 له‌ژوورى خۆمدا له‌ دادگاى كفرى .
2 – ده‌ستوه‌ردانى سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى ناوچه‌ى كه‌ركوك/گه‌رمیان ، دادوه‌ر " أكرم " له‌ كارى دادوه‌رى له‌ ڕێگاى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونى، له‌و دۆسیانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ حزبى یه‌كێتى و ئاسایشه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ له‌ دۆسیه‌ى راگیركردنى كه‌سێك كه‌ پله‌ى حزبی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ (4) تۆمه‌تبارى تر، كه‌ به‌ (5) چه‌كه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر ماڵی سكاڵاكار و (2) چه‌كیان به‌ ئه‌و كه‌سه‌ حزبی یه‌ بوو " به‌ گوێره‌ى به‌ڵگه‌ى دۆسیه‌كه‌" ، وه‌ هیچ یه‌كێك له‌ چه‌كه‌كان نه‌خرایه‌ به‌رده‌ست دادگا و ده‌ستى به‌سه‌ردا نه‌گیرا، ئه‌و سه‌رۆكى دادگایه‌ به‌ من ده‌ڵێت ماده‌كه‌ كه‌فاله‌ت ده‌یگرێته‌وه‌ به‌ریان بده‌ و ده‌ڵێت قسه‌ زۆر له‌سه‌رت ده‌كرێت. ده‌پرسم ئایا ئه‌گه‌ر " مبرز جرمى چه‌كه‌كه‌ " ده‌ست نه‌كه‌وێت و له‌ تاوانێكى هه‌ڕه‌شه‌دا و (5) چه‌ك هه‌بێت ئایا ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ حزبایه‌تى نه‌بێت بۆ ته‌له‌فون بۆ من ده‌كات ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌؟! ده‌ڵێت به‌ریان بده‌ .
شیاوى باسه‌ ئه‌و مفه‌وه‌زه‌ى كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ حزبییه‌ى ده‌ست گیر كرد به‌پێی فه‌رمانى دادگا، پاش چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن پۆلیسی گه‌رمیانه‌وه‌ گواستیانه‌وه‌ بۆ شوێنێكى دوور !
3 - ده‌ستوه‌ردانى سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى ناوچه‌ى كه‌ركوك/گه‌رمیان ، دادوه‌ر " أكرم " له‌ كارى دادوه‌رى له‌ ڕێگاى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونى، له‌و دۆسیانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ حزبى یه‌كێتى و ئاسایشه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ له‌ دۆسیه‌ى به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌رى پێشوترى ناحیه‌ى كۆكس به‌ڕێز " عادل "، كه‌ ئاسایشى كۆكس " (به‌ بێ بڕیارى دادگا) به‌ڵكو به‌فه‌رمانى بنكه‌كه‌یان و فه‌رمانى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی گه‌رمیان "، (2) كارمه‌ندیان و (2) كه‌سی مه‌ده‌نیشیان برده‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى " له‌شه‌ودا" سوكایه‌تیان به‌ به‌ڕێزى كرد به‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى و ته‌قه‌ كردن له‌ ناو حه‌وشه‌كه‌ى دا و وه‌رگرتن و بردنى چه‌كى پاسه‌وانه‌كه‌ى " پاشان گه‌ڕاندنه‌وه‌ى چه‌كه‌كه‌ به‌ ئاره‌زوى خۆیان و بی بریارى دادگا له‌ سه‌رجه‌م تاوانه‌كه‌یاندا " ، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ دۆسیه‌ى سكاڵاكار " عادل " نوسراون و به‌ زیاده‌وه‌ ، ئه‌وه‌ بوو دادگاكه‌مان ڕێوشوێنى خۆى گرته‌به‌ر ، به‌و پێیه‌ى ئاسایش به‌ بی فه‌رمانى دادگا چووبوونه‌ سه‌ر مالی سكاڵاكار ، و ته‌نانه‌ت دواتریش دادگایان ئاگادار نه‌كرده‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دادگا ئه‌و كاره‌ى به‌ تاوان له‌ كاتى كارى وه‌زیفی و ئه‌ركدا " أپنا‌و الواجب و الوڤیفه‌ " ئه‌ژمار نه‌كرد چونكه‌ ئه‌رك و وه‌زیفه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ گوێره‌ى ئسوڵى خۆى بكرێت نه‌ك هه‌ر كه‌س به‌ گوێره‌ى یاسا بۆى هه‌بێت چه‌ك هه‌ڵبگرێت هه‌ستێت به‌ شكاندنى شكۆى خه‌ڵكانى تر، له‌ ئه‌نجامدا فه‌رمانى ده‌ستگیركردن بۆ (4) كه‌سه‌كه‌ ده‌ركرا، به‌ پشكنینى ماڵه‌كانیشیانه‌وه‌، وه‌ له‌ كاتى هه‌وڵى گرتنى یه‌كێك له‌ مه‌ده‌نیه‌كان ئاسایشى كۆكس چه‌كیان له‌ پۆلیس ڕاكێشا و ووتیان به‌ فه‌رمانى به‌ڕیوه‌به‌رى ئاسایشی گه‌رمیان ناتوانن ئه‌م مه‌ده‌نییه‌ بگرن ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا پۆلیسی كۆكس فه‌رمانى دادگایان پێبووه‌ بۆ گرتنى ئه‌و تۆمه‌تباره‌ مه‌ده‌نى یه‌ .
به‌ڵام ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ به‌ من ده‌ڵێت بۆچى رێوشوێنت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاسایش و مه‌ده‌نیانه‌ گرتووه‌ ، وه‌ ده‌ڵێت ئاسایش چۆته‌ سه‌ر ماڵى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌یه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حزبی (سوشیالسته‌)و ه‌ له‌ په‌یوه‌ندى یه‌ ته‌له‌فونى یه‌كه‌دا ده‌ڵێت "مدیر ناحیه‌یه‌كى بێ ئه‌خلاق ده‌چێت ئیشى قۆر ئه‌كات" واتا مه‌به‌ستى كارى به‌دڕه‌وشتى یه‌ چونكه‌ ئه‌و سه‌رۆك دادگایه‌ له‌ ئاسایش ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ى زانیوه‌ و ئاسایشیش وتى كارمه‌ندانمات چونه‌ته‌ سه‌ر كه‌لاوه‌یه‌ك كه‌ كارى به‌د ڕه‌وشتى تیا كراوه‌!! . وه‌ ده‌لێت مه‌ده‌نیه‌كان (70) رۆژه‌ راگیركراون .
منیش وه‌ك دادوه‌ر " هاوژین " ده‌پرسم ئایا چۆن ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ زانى " ئافره‌تى له‌و جۆره‌ لاى مدیر ناحیه‌ هه‌بووه‌ یاخود نا ؟ ئه‌مه‌ ئاسایش پێی وتوه‌ چونكه‌ له‌ نوسراوى ئاسایشدا هاتووه‌ كه‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر شوێنێك كارى به‌دڕه‌وشتى تیا كراوه‌ .
ده‌پرسم ئه‌گه‌ر ئه‌و مدیر ناحیه‌یه‌ سه‌ر به‌ حزبی سوشیالست بێت یاخود نا ئایا چ په‌یوه‌ندى به‌ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنى یاساییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ من ده‌زانم په‌یوه‌ندى یه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ گوێره‌ى قسه‌ى ئه‌و مدیر ناحیه‌یه‌ له‌ لاى خۆم ئه‌و تاوانه‌ سیاسی یه‌ و له‌ دژى هه‌ندێك جموجوڵى سوشیالیست بووه‌ له‌ كۆكس له‌ كاتى چه‌نگى دژ به‌ " داعش " . وه‌ ئایا سه‌رۆك دادگایه‌ك ده‌كرێت به‌ بێ به‌ڵگه‌ و دۆسیه‌یه‌یك و له‌سه‌ر قسه‌ى ئاسایشى براده‌رى بڵێت " مدیر ناحیه‌یه‌كى بێ ئه‌خلاق و كارى قۆرى كردووه‌ .!؟ ئایا ووشه‌ى له‌و جۆره‌ له‌ دادوه‌رێكه‌وه‌ ده‌وترێت كه‌ ده‌بێت نمونه‌ى بالاى ڕه‌وشت بێت بۆ دادوه‌رانى ترى وه‌ك من بۆ نمونه‌ ؟!
ئه‌و "سه‌رۆك " دادگایه‌ به‌ من ده‌ڵێت ئاسایش " ته‌نانه‌ت" له‌ كاتى وه‌زیفه‌ تاوان بكات یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى كاتى وه‌زیفی تاوان ئه‌نجامبدات، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ ڕێگاى مه‌رجه‌عیه‌وه‌ ده‌ست گیر بكرێت. منیش وه‌ك دادوه‌ر " هاوژین " ده‌پرسم ئه‌گه‌ر كه‌سێك كارمه‌ندى ئاسایش بێت و له‌سه‌ر قه‌رزارى یان له‌سه‌ر منداڵه‌كه‌ى یان هه‌ر هۆیه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى كارى وه‌زیفی تاوانێك بكات، ئایا به‌ چ یاسایه‌ك ئاسایش ده‌بێت مه‌رجه‌عى ڕازى بێت ئه‌وكات بگیرێت ؟ ئایا یاسایه‌ك له‌و جۆره‌ هه‌یه‌ ؟! نه‌خێر ، هیچ ده‌قێك نییه‌ بلًێت ئاسایش له‌ ده‌ره‌وه‌ى كارى وه‌زیفیش تاوان بكات ده‌بێت ته‌نها له‌ ڕێگاى مه‌رجه‌وه‌ بگیردرێت ، بێگومان مه‌گه‌ر ده‌قی حزبی ئه‌وه‌ فه‌رز بكات له‌گه‌ڵ ده‌قی ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ !
سه‌روو ئه‌مانه‌ش هیچ كه‌سێك (70) رۆژ راگیر نه‌كراوه‌ له‌ دادگاى كفرى !
4 - ده‌ستوه‌ردانى سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى ناوچه‌ى كه‌ركوك/گه‌رمیان ، دادوه‌ر " أكرم " له‌ كارى دادوه‌رى له‌ ڕێگاى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونى، له‌و دۆسیانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ حزبى یه‌كێتى و ئاسایشه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ له‌ دۆسیه‌ى پۆلیسی دارستان و بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ ناوى " جلال " .
پوخته‌ى دۆسیه‌كه‌ : به‌نده‌ وه‌ك دادوه‌ر هه‌ستام به‌ ڕێگه‌ گرتن له‌ ده‌ست وه‌ردانى حزبی له‌ كارى دادگا (ئه‌مه‌ش به‌ هۆى ده‌ركردنى فه‌رمانى ده‌ستگیر كردن بۆ یه‌كێك له‌ بریكارانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى پۆلیسى دارستانى كفرى ، كه‌ به‌ بێ پاساو دوو كه‌سیان شارده‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حزبێكى ده‌سه‌ڵات بوون " دوو كه‌سه‌كه‌ به‌ گوێره‌ى په‌ڕاوه‌ى لێكۆلینه‌وه‌ فه‌رمانى گرتنیان هه‌بوو به‌ پێى ماده‌ى ( 405 / 31 ) سزاكان " به‌ هۆی چه‌ك ڕاكێشان دژى دوو كه‌سی ئۆپۆزسیۆنى " گۆڕان " ئه‌وكاته‌ به‌ مه‌به‌ستى كوشتنیان ) .
دیاره‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ دادوه‌رى چه‌سپاندنى داد بێت ئه‌وه‌ من وه‌ك دادوه‌ر به‌ ئه‌و كاره‌ هه‌ستاوم ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و دوو تومه‌تباره‌ى داواكراو بوون به‌ پێی ماده‌ى ( 405 / 31 ) ى سزاكان چه‌ندین جار جه‌ختم كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرتنیان و پشكنین له‌ ماله‌كانیان بۆ چه‌ند جاریك ئه‌نجام درا بۆ گرتنیان ، ئه‌مانه‌ سوودیان نه‌بوو ، دواتر ئاگادار بووین كه‌ ئه‌و دوو تومه‌تباره‌ پولیسن " نه‌ك ئه‌فسه‌ر " و تاوانه‌كانیان له‌ كاتى وه‌زیفه‌دا ئه‌نجام نه‌دابوو ، بۆیه‌ داوامان كرد به‌ نوسراو و به‌ ته‌له‌فون " له‌ ریگاى پۆلیسی كفرییه‌وه‌ " كه‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ ته‌سلیم بكرێن له‌لایه‌ن پۆلیسی دارستانى كفرى ، به‌لام وتیان " به‌ نوسراو " سه‌روو خۆمان ئاگادار كردۆته‌وه‌ ، نوسیمان بۆیان كه‌ موافه‌قه‌تى مه‌رجه‌عى ناوێت ... بیان نێرن ، به‌ڵام هه‌ر نه‌یان نارد ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ و به‌پێی ئه‌وه‌ى به‌ پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتى دادگا به‌سه‌ر حكومه‌تیشه‌وه‌ هه‌یه‌ و پشكنین بۆ هه‌موو جێگایه‌كى حكومیش ئه‌نجام ده‌درێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیچ ڕێگایه‌ك له‌به‌رده‌مماندا نه‌ما ، و له‌ رێگاى بنكه‌ى پۆلیسى كفرییه‌وه‌ ده‌رچووین به‌ رێكوپێكى داواى راده‌ست كردنى تۆمه‌تبارانم كرد به‌ڵام وتیان بریكارى وه‌زیر ئه‌لێت ده‌ریان بكه‌ن و ته‌قه‌ بكه‌ن . ئه‌وه‌ بوو ده‌رچووین و هیچ كیشه‌یه‌ك رووی نه‌دا ، وه‌ تۆمه‌تباره‌كانیش ڕاده‌ستمان نه‌كرا .
ته‌نها بۆ به‌ڕێز ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ئه‌م ڕوون كردنه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ بیده‌م ( ئایا جوانه‌ تۆمه‌تبارێك كه‌ له‌سه‌ر حزبایه‌تى شه‌رى كردووه‌ و دادگا نه‌یگرێت و له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا بوترێت حزب ده‌ستى دادگاى گرتووه‌ ؟ ته‌نها بۆ به‌ڕیزیان ڕوون ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هۆی ده‌رچونى من وه‌ك دادوه‌ر له‌ دادگا و رۆشتنم بۆ لاى پۆلیسی دارستان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌مزانى پولیسی كفرى چه‌كداره‌ و پۆلیسی دارستان چه‌كداره‌ و هه‌ردوو لایه‌نى پۆلیس به‌ لایانه‌وه‌ قورسه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كترى كارێك ئه‌نجام بده‌ن ته‌نانه‌ت به‌ بریارى دادگاش بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ من ده‌رچووم هه‌تا پۆلیسی دارستان حساب بكات كه‌ دادگا هاتووه‌ و به‌ ئاسایی وه‌ریبگرن كه‌ بنكه‌ى پۆلیسی كفرى چۆته‌ سه‌ریان و مه‌سه‌له‌كه‌ كێشه‌ى لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌ ، ئایا ئه‌مه‌ خراپ بووه‌ من كردوومه‌ ؟ ته‌نها ( 3 ) رێگا هه‌بوو :
یه‌كه‌میان دوو تۆمه‌تبار " له‌سه‌ر كێشه‌ى حزبی " بسورێنه‌وه‌ به‌ كفرى دا و دادگا بایه‌خى نه‌مێنێت .
دووه‌میان به‌ هه‌ر ڕێگایه‌ك بێت پۆلیسى محلى كفرى " به‌ بێ دادوه‌ر " بڕۆشتایه‌ته‌ سه‌ر پولیسی دارستانى كفرى و ئه‌و دوو پۆلیسه‌ بگرێت له‌ ناو پۆلیسی دارستان " ئه‌مه‌ش ده‌كرا ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى لێ بكه‌وێته‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نى پۆلیسدا" كه‌ چه‌كدارن !
سێهه‌میان من وه‌ك دادوه‌ر بڕۆم بۆ ئه‌وه‌ى له‌ لایه‌ك تۆمه‌تباره‌كان بگرین و له‌ لایه‌ك كێشه‌یه‌ك دروست نه‌بێت له‌ نێوان دوو لایه‌نى چه‌كدار كه‌ پۆلیسن .
ئایا رۆشتنه‌كه‌م باش بووه‌ یان رێگاكانى تر ؟! ئه‌و وه‌لامه‌ بۆ یه‌ڕێز ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و خه‌ڵكانى ڕاستپه‌روه‌ر جێ ده‌هێڵم كه‌ شیاوى سزام یان له‌سه‌ر ئه‌رك و ماندوو بوون و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى خۆم ئه‌و كاره‌م كردووه‌ پیویسته‌ ڕێز له‌ كاره‌كه‌م بگرن ؟! جێی سه‌رنجه‌ هه‌مان پۆلیسی دارستان له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كى دیكه‌ ( كێشه‌ى " دزى كردن " ) به‌ یه‌ك نوسراو چه‌ند پۆلیسێكیان " كه‌ تومه‌تبار بوون " ڕا ده‌ست كرد كه‌ داوامان كردبوو و نه‌یان وت موافه‌قه‌تى مه‌رجه‌ع ، بۆچی ؟ چونكه‌ كێشه‌ى دزى یه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ حزبه‌وه‌ نه‌بوو .
سه‌روو ئه‌مانه‌ش به‌ پێی " قانون أصول المحاكمات الجزائیه‌ " دادوه‌ر ده‌سه‌لاتى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى تایبه‌تمه‌ندى شوینى خۆی . ئه‌وه‌ى من كردوومه‌ له‌ ناوچه‌ى ده‌سه‌لاتى خۆم بووه‌ ، ئایا دادوه‌رێك بۆ مه‌به‌ستێكى پیرۆز له‌ دادگاكه‌ى بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ پێی ده‌قێكى یاسایی ، پیویسته‌ سزا بدرێت ؟! كه‌ كاره‌كه‌ بۆ پشكنین بووه‌ له‌ پۆلیسی دارستانى كفرى .
5 - پاش ئه‌وه‌ى چه‌ند باره‌گایه‌كى حزبی كه‌ به‌ ته‌قه‌ى " خۆشی " خه‌ڵكى كفرییان بێزار كردبوو و ڕێگاى گشتیان گرتبوو و ڕێگایان ته‌نانه‌ت له‌ بنكه‌ى پۆلیس گرت له‌ شه‌ودا كه‌ بچێته‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ رێگاكان(جاده‌)، " بۆ مه‌به‌ستى كارى دۆسیه‌یه‌ك " من وه‌ك دادوه‌ر ئاگادارى باره‌گاكانم كرده‌وه‌ به‌ فه‌رمى و رێوشوێنم گرته‌به‌ر به‌ پێی ماده‌ى ( 317 الأصولیه‌ ) .شیاوى باسه‌ له‌ كاتژمێر یه‌كى شه‌ودا ویستم بچمه‌ كفرى له‌ كاتێكدا له‌ سلیمانى بووم له‌ كاتى پشودا بووم ، به‌ڵام پۆلیس ئاگادارى كردمه‌وه‌ كه‌ كیشه‌كه‌ هێور بۆته‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ شه‌ودا نه‌چووم بۆ كفرى. له‌ ڕاستى دا خه‌مى من ته‌نها پاراستنى گیانى خه‌ڵكى كفرى بوو كه‌ چه‌ندین جار به‌ ته‌قه‌ى خۆشی خه‌ڵك كوژراون " له‌ كوردستاندا " كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌زانراوه‌ كێ ته‌قه‌ى كردووه‌ ...... وه‌ له‌ئه‌نجامدا ڕێوشوێنى یاساییم گرته‌به‌ر دژ به‌ به‌رپرسی باره‌گاكان . له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش ، ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ به‌ من ده‌ڵێت كارى قایمقامه‌ نه‌ك تۆ ، وه‌ ئه‌مه‌ى كرده‌ هۆیه‌ك بۆ سزادانم، پاش ئه‌وه‌ى چه‌ندین جار سه‌رزه‌نشتى كردم له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ى له‌سه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى خۆم كردم نه‌ك پشت به‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى یان ئه‌و سه‌رۆك دادگایه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌زانم چۆن كار ده‌كه‌ن ! ئایا كام قایمقامه‌ كارى كردوه‌ بۆ به‌ فعلی نه‌هێشتنى ته‌قه‌ى خۆشی؟! به‌لام من ته‌قه‌ى خۆشیم له‌ كفرى نه‌هێشت وه‌ك دادوه‌ر ، ئایا به‌ڕێز ئه‌نجومه‌نى " دادوه‌رى " ئه‌م كاره‌ى من خراپه‌ ؟!
ده‌پرسم ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌ى ماده‌ى ( 317 الاصولیه‌ ) كارێك بكه‌م و به‌بێ لایه‌نگرى جگه‌ بۆ دادپه‌روه‌رى ، پێویسته‌ سزا بدرێم!!
6 - هه‌مان بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆی سه‌ره‌وه‌ دۆسیه‌ى له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ به‌پێى ماده‌ى ( 326 ) ى سزاكان ، به‌لام له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هیچ لێدوان یان ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌ك نه‌كرا " وه‌ك ئاشكرایه‌ له‌ بریارێكدا " بۆ حكومه‌ت یان به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێم یان په‌رله‌مان ، له‌ باره‌ى ته‌داخول كردنى ده‌سه‌لاتى جێبه‌جێ كردن له‌ كارى دادگا " كه‌ ده‌وترێت ده‌سه‌لاتیكى سه‌ربه‌خۆیه‌ " ، له‌مه‌ش سه‌یر تر سزاى دادوه‌ره‌كه‌ درا كه‌ منم .
ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بریتى یه‌ له‌وه‌ى ( ئه‌فسه‌رێك فه‌رمانى ده‌ستگیر كردنى بۆ ده‌رچوو ) وه‌زیرى ناوخۆ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستگیر كردنى ده‌ربڕى و دادگا فه‌رمانى ده‌ستگیر كردنى دا به‌ پولیسی كفرى ، به‌ڵام ئه‌و بریكاره‌ به‌ به‌رقیه‌یه‌ك به‌ پۆلیسی كفرى وت نابێت بیگرن ، واتا بڕیارى وه‌زیرى ناوخۆى خۆی و فه‌رمانى دادگاى شكاند ( له‌ كاتێكدا خۆى ته‌مه‌تبار بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ) .
ماده‌ى ( 326 ) له‌م باره‌دا ده‌ستوه‌ردانى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بوو له‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ، وه‌ من فه‌رمانى ده‌ستگیر كردنم ده‌ركرد به‌ ئسوڵى بۆ ئه‌و بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌ ، به‌ڵام ده‌سته‌ى فراوانى دادگاى پێداچونه‌وه‌ى هه‌رێم به‌ ( 7 ) دادوه‌ر و به‌ ( اتفاق ) وتیان: ئه‌م كاره‌ى بریكار " جلال " كردویه‌تى ترسناك نى یه‌ و نابێت فه‌رمانى ده‌ست گیر كردنى بۆ ده‌ربچێت ، به‌ڵكو له‌ ناو بڕیاره‌كه‌یاندا سزاى منیان دا وه‌ك دادوه‌ر ، هیچ رێوشوێنێكى تریان نه‌گرت دژ به‌و بریكاره‌ به‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان یان حكومه‌ت یان سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ ڕێگه‌ گرتن له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌كارى دادوه‌رى. چونكه‌ كه‌سیك له‌ دادگاوه‌ فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ ده‌ربچێت نابێت هیچ كه‌سێك ڕاى بگرێت ( ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و بریكاره‌ له‌ هه‌مان دۆسیه‌ تۆمه‌تباره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌دا)".
ده‌پرسم ئایا ئه‌گه‌ر وه‌ستاندنى بڕیارى دادگا و كه‌له‌بچه‌ كردنى بڕیاره‌كانى له‌لایه‌ن بریكارى وه‌زیرێكه‌وه‌ ترسناك نه‌بێت ، ئیتر چى ترسناكه‌ له‌به‌ر چاوى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ ؟!!! له‌ كوێیه‌ سه‌ربه‌خۆیی دادگا !!
7– ئه‌و " سه‌رۆك " دادگایه‌ و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى سزام ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ T.V قسه‌م كردووه‌ :
جێی باسه‌ ئه‌گه‌ر گله‌ى له‌سه‌ر من ئه‌وه‌ بێت له‌ ( T.V ) م قسه‌ كردووه‌ ، ئه‌وه‌ هیچ ده‌قێك نى یه‌ له‌سه‌ر قسه‌ نه‌كردن كه‌ بلێت دادوه‌ر نابیت به‌و جۆره‌ قسه‌ بكات یان هۆشداریم بداتی به‌ دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا له‌ مانگى ( 5 ) ى 2014 ئه‌وه‌ روویداوه‌ !! و تاوانه‌كه‌ بینراو بوو و من به‌پێی ده‌سه‌لاتى دادوه‌ریی خۆم ده‌رچوو بووم واتا ده‌ق هه‌یه‌ له‌سه‌ر چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى دادوه‌ر . وه‌ به‌ گوێره‌ى ده‌ستور و یاساى كارى رۆژنامه‌وانى و یاساى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌ق نى یه‌ له‌سه‌ر قسه‌ نه‌كردنى دادوه‌ر له‌ T.V ، وه‌ مافێك به‌ ده‌ستور درابێت یاخود یاسا ، ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ڕێنمایی ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى یاخود حكومه‌تیش ناتوانێت بیوه‌ستێنێت . وه‌ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ یه‌ك جار قسه‌ كردن ڕوویدا له‌ لایه‌ن منه‌وه‌ !! دادوه‌ره‌كانى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى – وه‌ك هه‌موو دونیا – رۆژانه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌ى بڕیاردان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و كێشه‌ش نى یه‌ لاى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى من ده‌ست بردن بوو بۆ دۆسیه‌ حزبی و بڤه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ توڕه‌ بوون .
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ده‌ستدانى بێلایه‌نى بێت له‌ لایه‌ن منه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نگیرى یان بێزارییه‌كى شه‌خسى له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌ لاى من هه‌بوایه‌ له‌و كاته‌وه‌ من ته‌نها یه‌ك سكاڵام تۆمار نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین تاوان كه‌ به‌رامبه‌ر خۆشم ئه‌نجامدرا به‌ هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ ، له‌وانه‌ باسكردنم له‌لایه‌ن كه‌ناڵێكى حزبی یه‌كێتى ( گه‌لی كوردستان ) و به‌شی دارستانى كفرى و به‌یوه‌به‌رایه‌تى پولیسی دارستانى گه‌رمیان و ئه‌و بریكارى وه‌زیره‌ ..... ئه‌گه‌ر بوترێت گومان ده‌كرێت له‌سه‌ر عه‌داله‌تى من كه‌ له‌ T.V قسه‌م كردووه‌ ، خۆ ده‌بوو له‌و كاته‌وه‌ سكالایه‌ك تۆمار بكه‌م له‌سه‌ر كه‌سێك له‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ كه‌ ( 9 ) مانگى به‌سه‌ردا چووه‌ .
8 – له‌ ئه‌نجامدا من هیچ یه‌كێك له‌و فشارانه‌م قه‌بوڵ نه‌كرد و سه‌رجه‌م ئه‌و قسه‌ بێدادانه‌ى سه‌رۆكى دادگاى گه‌رمیان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ویستى ، هه‌موویان ڕه‌تكرده‌وه‌ و ئه‌و كاره‌ى حه‌ق و داد ویستى ئه‌نجاممدا ، به‌ڵام له‌ كۆتایی دا له‌ ( 19 / 2 / 2015 ) فه‌رمانى گواستنه‌وه‌ى راژه‌ی منیاندا بۆ ئامێدی له‌ كفرى یه‌وه‌ ، بێگومان وه‌ك سزا ، به‌ڵام:
یه‌كه‌م / سزاى گواستنه‌وه‌ له‌ یاسادا نى یه‌ بۆ هیچ فه‌رمانبه‌رێك .
دووه‌م / ئه‌گه‌ر له‌به‌ر پێویستى بێت ئه‌وه‌ له‌ هه‌مان بڕیار و ڕۆژدا ( 25 ) دادوه‌رى نوێ دامه‌زراوه‌ ، به‌گوێره‌ى یاسا ده‌بێت دادوه‌ر بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێویستى دابمه‌زرێت ، كه‌واته‌ بۆچی له‌ ئه‌و ( 25 ) دادوه‌ره‌ نوێیه‌ كه‌سێك له‌ ئامێدی دانه‌مه‌زرا ؟!!
سێهه‌م / ئایا هیچ خاڵێكى خراپ و نه‌رێنیی شه‌خشی وه‌ك مه‌سه‌له‌ى ئافره‌ت و به‌رتیل و سلوكى ناشرین و ..... له‌سه‌ر من هه‌یه‌ ؟!! نه‌خێر هیچ شتێك نى یه‌ .... چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ له‌ مێژه‌ حزب و دادگا حزبیه‌كه‌ى گه‌رمیان له‌ دژى من ده‌یان كرد .
كه‌واته‌ هۆی گواستنه‌وه‌ى ڕاژه‌كه‌م ئه‌و دۆسیانه‌یه‌ كه‌ جوڵاندوومه‌ و " سه‌رۆك " ى دادگاى گه‌رمیان له‌ دوا قسه‌ى دا پێی وتم زه‌ره‌ر ده‌كه‌یت له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ ، كه‌ ئاوا سوریت له‌سه‌رى !! ئه‌مه‌ش له‌ دوا دیمانه‌م له‌گه‌ڵى له‌ مانگى ( 12 / 2014 ) به‌ شاهدى دادوه‌ر ( سه‌یوان ) .
9 – یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ بوو به‌ هۆى سزادانم ، ئه‌وه‌ بوو پاش ئاگادار كردنم به‌وه‌ى تۆمه‌تبارێكى دۆسیه‌ى ( 17ى شوبات و رۆژانى دوایی ) له‌سنورى گه‌رمیان ، له‌و كاته‌دا له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانى سه‌ر به‌ سه‌قه‌ڵاى سه‌ر به‌كفرى نیشته‌جێ یه‌ ، ڕاسته‌وخۆ ڕێوشوێنم گرته‌به‌ر به‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ى پۆلیسی سه‌رقه‌ڵا و به‌وه‌ى ڕێگه‌ ناده‌م ئه‌و تۆمه‌تباره‌ كه‌ فه‌رمانى گرتنى هه‌یه‌ بسوڕێته‌وه‌ به‌ ئازادیی ، به‌لام پۆلیس وتى راسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌یه‌ له‌ سنوره‌كه‌مان به‌ڵام فه‌رمانى گرتنى نه‌هاتووه‌ بۆ ئێمه‌ .... منیش رێوشوێنم نه‌گرته‌به‌ر له‌به‌ر نه‌بوونى فه‌رمانى گرتن یان سكالایه‌ك له‌ كفرى ...... له‌ كۆتاییدا ئه‌مه‌ش ڕقى نادۆستانى داد و حه‌قی توندتر كرد له‌سه‌رم وه‌ك دادوه‌ر، بوو به‌ هۆیه‌كى دیكه‌ بۆ سزادانم !!!
10 – ئه‌و " سه‌رۆك " دادگاى گه‌رمیانه‌ به‌ من ده‌ڵێت ، تۆ شتت له‌سه‌ر چۆته‌ شوێنى خۆى و ڕاپۆرتت له‌سه‌ر دراوه‌، ئایا منیش ده‌پرسم شوێنى من جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى كوێی تر هه‌یه‌ ؟! دیاره‌ حزبه‌كه‌ى خۆى مه‌به‌سته‌ كه‌ باڵا ده‌سته‌ له‌و ناوچه‌یه‌ .
11 – ئه‌و سه‌رۆك دادگایه‌ ده‌ڵێت بڕیارێك بده‌ بۆت جی به‌ جێ بكرێت ، بۆنمونه‌ بڕیار له‌سه‌ر جلالى شێخ كریم و ئه‌فسه‌رى دارستان و سه‌رۆك شاره‌وانى و قایمقام و ئاسایش، ده‌ده‌یت بۆت جێبه‌جێ ناكرێت . كه‌واته‌ منیش وه‌ك دادوه‌ر هاوژین ده‌ڵێم دادگاى كوردستان دیاره‌ بۆ كه‌سی بێ ده‌سه‌ڵات و فه‌قیره‌ ، دادوه‌ریى كردن بۆ فه‌قیره‌كان - به‌ ته‌نها - ، تاوانێكى گه‌وره‌یه‌، من بۆم ناكرێت .
12 - به‌ پێی یاسا و ڕینماییه‌كان دادوه‌ر ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ى دكتۆراى هه‌بێت، ئه‌وه‌ ( 50% )ى موچه‌ى بنه‌ڕه‌تى بۆ خه‌رج ده‌كرێت، سه‌رجه‌م ئه‌و دادوه‌رانه‌ى ( له‌گه‌ل من دامه‌زراون و شیاوى ئه‌م ده‌ڕماڵه‌یه‌ن ) له‌ رۆژی ده‌ست به‌كاربوونیانه‌وه‌ له‌ مانگى ( 1 / 2014 ) ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ خه‌رج كراوه‌ بۆیان ، ته‌نانه‌ت به‌ بێ ئه‌وه‌ى داواكاریش بنوسن بۆ خه‌رج كردنى ...
به‌لام من كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و دادوه‌رانه‌ دامه‌زراوم له‌ مانگى ( 1 / 2014 ) ه‌وه‌ ده‌ستبه‌كار بووم ، هه‌تا به‌روارى نوسینى ئه‌م ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌یه‌ ته‌نها یه‌ك دینار خه‌رج نه‌كراوه‌ بۆم .
سه‌ره‌تا به‌ نوسراو له‌ مانگى ( 3 / 2014 ) داوام كرد بۆم خه‌رج بكرێت ، و هه‌واڵیم نه‌پرسی ( چونكه‌ به‌ هیچ جۆرێك پاره‌ له‌لام گرنگ نى یه‌ له‌ كارى دادوه‌رى ) ئه‌وه‌ له‌ مانگى ( 9 / 2014 ) ته‌له‌فونێكم كرد بۆ دادگاى گه‌رمیان ، وه‌ له‌ وه‌لامدا وتیان داواكارییه‌كه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ره‌فز كراوه‌ . ئه‌وه‌بوو له‌ هه‌مان مانگ داواكارى دووه‌مم نوسی ، به‌لام له‌ ( 23 / 12 / 2014 ) ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى بریارى دا به‌وه‌ى ده‌رماڵه‌كه‌م بۆ خه‌رج بكرێت به‌ڵام له‌ رۆژی ( 23 / 12 / 2014 ) ه‌وه‌ ئه‌ژمار بكرێَت ، منیش دووباره‌ بێ دادى دادگاى گه‌رمیان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌مه‌شدا ده‌خه‌مه‌ ڕوو له‌به‌رامبه‌رمدا :
یه‌كه‌م: له‌ دادگاكانى تردا ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌دا له‌ ناو دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌دا خه‌رج كراوه‌ و بریارى تاكى( قرار فردی ) نه‌ویستووه‌ و نایه‌وێت ، به‌ڵام بۆ من ، سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى گه‌رمیان وتى ده‌بێت فه‌رمان له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رییه‌وه‌ ده‌ربچێت !! بێ گومان ده‌یویست ئازارم بدات ( به‌ ڕاى خۆی !! )
دووه‌م: رێنمایی خه‌رج كردنى ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ له‌ پێش دامه‌زراندنى منه‌وه‌ ده‌رچووه‌، واتا له‌ رۆژی ده‌ست له‌كار بوونى من بوونى هه‌بووه‌ و ده‌بوایه‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ رۆژی ده‌ست به‌كار بوونمه‌وه‌ خه‌رجی بكردایه‌ ، به‌ڵام له‌ ( 23 / 12 / 2014 ) خه‌رجیان كرد . كه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى دادپه‌روه‌رى و یاسایه‌ و سته‌مه‌ له‌ دادوه‌رێك كراوه‌ .
سێیه‌م: ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى، تیایاندا هه‌یه‌ ، له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌لچونه‌وه‌یه‌ له‌ سلێمانى و دهۆك و هه‌ولێر ، و دادوه‌ره‌كانى لاى خۆیان له‌ رۆژی ده‌ست به‌كار بوونه‌وه‌ بۆیان خه‌رج كردوون ، ئایا له‌ كاتى بریاردانیان له‌سه‌ر ده‌رماله‌كه‌ى من ، نه‌یان ده‌زانى ساڵێكه‌ بۆ دادوه‌ره‌كانى خۆیان خه‌رجیان كردووه‌ ؟!!! ئایا ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌م جۆره‌ ته‌رازووى حه‌ق هه‌ڵده‌گرێت ؟!!
چواره‌م: دواى ئه‌و بریاره‌ نا داده‌ ، هه‌ستام به‌ تانه‌دان لێی به‌ شیوه‌ى یاسایی ( التڤلم ) ، له‌ به‌روارى (1 / 2 / 2015 ) ، پاش ئاگادار كردنه‌وه‌م به‌ فه‌رمى به‌ بریاره‌كه‌ ، به‌ڵام پاش چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ هه‌تا ئێستا وه‌ڵامى نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و پاش پرسیار كردنم " ته‌نانه‌ت له‌ دوا كۆبونه‌وه‌شدا " ده‌ڵێن دوا خراوه‌ ...!!!
پێنجه‌م: له‌ هه‌مووى سه‌یر تر پاش سه‌ردان كردنم له‌ رۆژی ( 8 / 4 / 2015 ) بۆ وه‌رگرتنى مووچه‌ى مانگى ( 1 / 2015 ) پێیان وتم كه‌ هێشتا ده‌رماڵه‌كه‌م بۆ نه‌به‌ستراوه‌ له‌لایه‌ن دادگاى گه‌رمیان ( دادوه‌ر أكرم ) ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى له‌ ( 23 / 12 / 2014 )ه‌وه‌ بریارى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌یه‌ بۆم خه‌رج بكرێت . بۆچی ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ( دادوه‌ر أكرم ) توره‌یه‌ لێم !!!
ئایا ده‌كرێت دادوه‌ر توڕه‌ بێت و به‌ حه‌ز و ئاره‌زوو كار بكات ؟!! وه‌ك چۆن له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 
( 2014 ) دادوه‌ر أكرم له‌ په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونى تۆمار كراودا له‌ لام ، پێم ده‌ڵێت ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى توڕه‌یه‌ لێت ( واتا له‌ من ) ..... سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌ توڕه‌یه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى ( 2014 ) ه‌وه‌ ده‌یه‌وێت سزام بدات ، به‌ڵام خۆڵ ده‌خه‌نه‌ چاوى خه‌ڵكه‌وه‌ و ده‌ڵێن له‌ ( 19 / 2 / 2015 ) بۆ پیداویستى نه‌قلمان كردویت بۆ ئامێدى . ئایا ده‌بێت ئه‌نجومه‌نێكى له‌و جۆره‌ توڕه‌ بێت و بڕیار بدات ؟!!
11 – هه‌ر بۆیه‌ پاش ئه‌وه‌ى كه‌ به‌و فه‌رمانى گواستنه‌وه‌یه‌م زانى ، شه‌رمم كرد له‌ دادگاى گه‌رمیان ده‌وام بكه‌م "سه‌رۆك"ى له‌و جۆره‌ى تێدا بێت ، وتم ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى نا دادى له‌ من بوێت له‌به‌ر بێ ده‌سه‌ڵاتیان له‌به‌رامبه‌ر حزب و ئاسایش و بریكارى وه‌زیرى ناوخۆیه‌ك و له‌ دۆسیه‌ى ئه‌نفالدا و دۆسیه‌ى مدیر ناحیه‌یه‌ك كه‌ حورمه‌تى كه‌سیی و ئازادیی شكێنرا . ئه‌وه‌ بگاته‌ ڕاده‌یه‌ك سزاى خۆشم بده‌م ، ئه‌وه‌ بریارى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌م دا ، له‌و رۆژه‌وه‌ چه‌ند رۆژێك موڵه‌تى خۆمم وه‌رگرت و چه‌ند رۆژێكیش كه‌ حه‌قی مۆله‌تم هه‌بوو موله‌تم پێنه‌درا و كرا به‌ غائب بوون..... پاش ته‌داخول كردنى ئه‌ندام په‌رله‌مان و چه‌ند كه‌سێك وتیان ده‌ست له‌كار مه‌كێشه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ بوو سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ چه‌ند رۆژى پێشوو دیمانه‌ى كرد له‌گه‌ڵم وتى ده‌ست به‌كار به‌ له‌ ئامێدى و پاش چه‌ند رۆژێك داواى گواستنه‌وه‌ى راژه‌كه‌ت بكه‌ ... خۆم بۆت چاك ده‌كه‌م ... منیش رازى بووم ... به‌ڵام به‌و جۆره‌م كرد ... دواتر داواكاریم نارد ( بۆ گواستنه‌وه‌ى راژه‌كه‌م بۆ سلێمانى ) و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌ بیانوى زۆرى كاره‌وه‌ ، داواكارى گواستنه‌وه‌ى راژه‌كه‌مى دواخست بۆ كاتێكى نادیار ... بۆیه‌ دیاره‌ ده‌ویسترێت به‌ ته‌واوى سزام بده‌ن ئه‌گه‌رنا داواكارى من دراسه‌ى ناوێت و ڕوونه‌ و هه‌موو ئه‌نجومه‌ن ده‌یزانێت . له‌ كاتێكدا سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌ منى وت چه‌ند رۆژ دواى ده‌ست به‌كار بوون داواى نه‌قل بكه‌ خۆم بۆت چاك ده‌كه‌م و نه‌یوت هه‌فته‌یه‌كیش . به‌لام له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ دواى نزیكه‌ى هه‌فته‌یه‌ك كرا و " به‌ بیانوى ئه‌جنداى كارى كۆبونه‌وه‌كه‌ " وتبووى دواى بخه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو !! ئایا ده‌كرێت سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نێك وه‌عدى خۆى نه‌باته‌ سه‌ر !!!
ئایا ئه‌گه‌ر له‌به‌ر پێداویستى، من نه‌قل كرا بم بۆ ئامێدى ، ئیتر چۆن له‌ چه‌ند رۆژێكدا سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن ده‌ڵیًَت ده‌تگێڕمه‌وه‌ بۆ سلێمانى ؟!!! ئایا ئه‌گه‌ر بڕیارى گواستنه‌وه‌ى ڕاژه‌ى من به‌ گوێره‌ى یاسا و دادپه‌روه‌رى بووه‌ ، بۆچی ده‌كرێت ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى پاش ( ته‌نها چه‌ند رۆژێك له‌ جێبه‌جێ كردنى به‌ ده‌ست به‌كار بوونم ) سه‌رۆكه‌كه‌ى بڵێت له‌ ئامێدى ده‌ت گێڕمه‌وه‌ ؟!!!
وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌م جۆره‌ كار بكات و بیه‌وێت ئه‌و سوێنده‌ بشكێنم كه‌ خواردوومه‌ ، وه‌ له‌ دۆسیه‌ى مافى ئه‌نفال كراوى شاخێك له‌ لاشه‌، ده‌ست وه‌ردانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ كارى دادگا ...... و ئاسایش كه‌ به‌ بێ فه‌رمانى دادگا كاریان كردووه‌ له‌ كفرى و به‌ بریارى سیاسی بجولینه‌وه‌ و دادگا دارى ده‌ستیان بێت بۆ كاریك خۆیان بیانه‌وێت و كارێك حزب ڕێگه‌ نه‌دات گوێ بۆ دادگا نه‌گرن ، وه‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ جیاتى هه‌موو ئه‌مانه‌ى سه‌ره‌وه‌ له‌ جیاتى پیشگیرى كردنم هه‌ستێت به‌ سزادانم ، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى گه‌نجترین دادوه‌رم له‌ عێڕاقدا كه‌ به‌ ته‌مه‌نى ( 31 ) ساڵى دامه‌زراوم به‌ دادوه‌ر به‌ بڕوانامه‌ى دكتۆراوه‌ و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام هه‌تا كاژێر ( 3 – 4 ) ى عه‌سر ده‌وامم كردووه‌ و ماندوبونم نه‌ناسیوه‌ و سه‌رجه‌م په‌راوى بنكه‌كانم بردۆته‌وه‌ ماله‌وه‌ كارم تیا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌یه‌ك ژێر ده‌ست نه‌كه‌وێت وه‌ هه‌ندێك كات هه‌تا ( 5 )ى ئیواره‌ كارم كردووه‌ له‌ ناو دادگاى كفرى دا . هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى نه‌یبینێت و له‌به‌ر خاترى خاتران سزام بدات به‌و هه‌موو جۆره‌ى سه‌ره‌وه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ كار كردن له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ – هه‌تا ئه‌و كاته‌ى به‌و جۆره‌ كار بكات – به‌ عه‌یبه‌ ده‌زانم و داواى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ ده‌كه‌م و سه‌ربه‌رز و سه‌لامه‌ت ده‌ربچم باشتره‌ له‌وه‌ى حه‌قی خه‌لكى سته‌ملێكراوم نه‌توانم بگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ى .... خۆتان وته‌نى ( دادگا هه‌ر بۆ كه‌سی بێده‌سه‌لات و فه‌قیره‌ ) .

وینه‌یه‌ك بۆ:
ڕاگه‌یاندنه‌ به‌ڕێزه‌كان: له‌ كاتێكى نزیكدا به‌ڵگه‌ى تۆمارى ده‌نگى سه‌لمێنه‌ر له‌سه‌ر قسه‌كانى سه‌ره‌وه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستان. 

دادوه‌ر
د. هاوژین حامد حسین
له‌ دادگاى به‌رایی ئامێدى
٨ - ٤ - ٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە