کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مالیكی‌ بۆ نێچیرڤان بارزانی‌: نه‌وته‌كه‌تان هه‌ڵگرن بۆ دوای‌ سه‌ربه‌خۆی ‌‌و هه‌رزانفرۆشی‌ مه‌كه‌ن‌

Wednesday, 15/01/2014, 12:00


نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق به‌وه‌زیر‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ راگه‌یاندوه‌ "له‌كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا داوام له‌نێچیرڤان بارزانی‌ كرد نه‌وتی‌ هه‌رێم هه‌ڵگرن بۆ ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ وه‌رده‌گرن‌و ئێستا هه‌رزانفرۆشی‌ مه‌كه‌ن به‌توركیا، به‌ڵام ئه‌و هیچ وه‌ڵامێكی‌ نه‌بو".
رۆژنامەی ئاوێنە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە ‌كۆبونه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوی‌ نێوان مالیكی‌‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بڵاویکردوەتەوە کە‌‌ "نوری‌ مالكی‌ له‌میانه‌ی‌ قسه‌كانیدا وه‌ك نوكته‌ وتویه‌تی‌ قسه‌یه‌كی‌ خۆشتان بۆ بگێڕمه‌وه‌، كاتێك نێچیرڤان بارزانی‌ مانگی‌ رابردو سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كرد، پێموت: نه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رزانفرۆش مه‌كه‌ن‌و مه‌یده‌ن به‌توركیا، ئێوه‌ ده‌توانن هه‌ڵیبگرن بۆ ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ وه‌رده‌گرن".
نێچیرڤان بارزانی‌ مانگی‌ رابردو سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كردو له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك سه‌باره‌ت به‌پرسی‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ‌ نوری‌ مالیكی‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام دواتر به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی‌ بۆریه‌وه‌ نه‌وتی‌ ره‌وانه‌ی‌ توركیا كرد.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئەوەشی وتوە" مالیكی‌ به‌نێچیرڤان بارزانی‌ وتوه:‌ ئێوه‌ بۆ ئه‌و نه‌وته‌ بێ‌ حساب‌و كتاب ده‌فرۆشن؟ رێژه‌ی‌ (17%)ی هه‌رێمی‌ كوردستانتان ده‌وێت، مسۆگه‌ره‌و ده‌تانده‌ینێ‌، ئه‌گه‌ر بۆ شتی‌ ترو گیرفانی‌ خۆشتان ده‌یفرۆشن، ئه‌وا ئاماده‌ین ئه‌وه‌شتان بده‌ینێ‌".
سه‌رچاوه‌كه‌ وتویه‌تی‌ "مالیكی‌ وتویه‌تی‌ ئێمه‌ فشارمان له‌سه‌ره‌ بۆ ره‌وانه‌كردنی‌ بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تائێستا له‌گه‌ڵ هه‌رێم رێكنه‌كه‌وتوین له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت، ناچارین به‌بێ‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بینێرین".
لای خۆشییەوە حسێن شه‌هرستانی لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندو:‌ "كێشه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم نیه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ میكانیزمه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ ئه‌و پرسه‌ كێشه‌مان هه‌یه‌".
به‌ وته‌ی‌ به‌شداربویه‌كی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، شه‌هرستانی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت بزانن، بڕی‌ نه‌وتی‌ هه‌نارده‌ له‌رێی‌ (عه‌داد)ه‌كانه‌وه‌ چه‌نده‌ بێت، ئه‌و نه‌وته‌ش كه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت به‌ نرخی‌ جیهانی‌ و نرخی‌ رۆژ بفرۆشرێت و داهاته‌كه‌شی‌ بخرێته‌ سندوقی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، وتوشیه‌تی‌ "ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ جێبه‌جێ بكرێن كێشه‌مان نابێت و هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌شمان به‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ توركیا و به‌رپرس و نوێنه‌رانی‌ هه‌رێمیش وتوه‌ و رازیی‌ بون له‌سه‌ری‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ تائێستا هه‌یه‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ ده‌ڕوات بێ عه‌داد ده‌ڕوات و ئه‌و شاشه‌ كۆمپیوته‌ریانه‌ی‌ له‌سه‌ر خه‌زانه‌كانی‌ نه‌وتن كوژێنراونه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌زانرێت چه‌ند ده‌ڕوات و به‌چه‌ند ده‌فرۆشرێت".
هه‌روه‌ك مالیكیش جه‌ختی له‌سه‌ر قسه‌كانی شه‌هرستانی كردوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندوه‌: "لە بەندەری جیهانی توركیا ده‌ست به‌ ساخته‌كاری كراوه‌ له‌ بواری هه‌نارده‌كردنی نه‌وتدا و بۆرییەك له‌ دوری (70) مه‌تر له‌ودیوی عه‌داده‌كانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ و له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی چه‌ند عه‌مبارێك بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان جیاكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تێیبكرێت، به‌ڵام شاشەكان كوژاێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فەرمانبەرەكانی عێراق نەزانن چەند نەوت دەڕوات".

سەرچاوە:

سایتی سبەی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە