کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ که‌رکوک و سلێمانی، پاراستنی پارتی له‌ هه‌وڵی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر راگه‌یاندنه‌کاندایه‌

Wednesday, 22/12/2010, 12:00


تایبه‌ت به‌ کوردستانپۆست
له‌ساڵی 2010 پاراستنی پارتی شوێنده‌ستی خۆی به‌سه‌ر میدیا ئازاده‌کانه‌وه‌ جێهێشت له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ گشتی و که‌رکوک و سلێمانی به‌ تایبه‌تی. له‌م ڕووه‌وه‌ له‌ ڕێگای کادێره‌کانی لق و ناوچه‌کانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ڕوبه‌ڕویی زۆر نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی بێلایه‌ن بووه‌ته‌وه‌ و ئیهانه‌یان کردوون و به‌مه‌به‌ستی چاوترساندن لێدان و هه‌ڕه‌شه‌یان به‌کارهێناوه‌ و خانه‌واده‌کانیان ئاگادار کردوونه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ر کاردانه‌وه‌یه‌ک. هه‌ر له‌م ڕوه‌وه‌ پاراستن سودی له‌ چه‌ند کادرێکی بینیوه‌ که‌ جگه‌ له‌ کاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی خۆیان له‌ ناو پاراستندا، کاری ڕۆژنامه‌نووسی به‌مه‌به‌ستی سیخوڕی کردن به‌سه‌ر گۆڤار و رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆکان و رۆژنامه‌ نوسه‌ سه‌ربه‌خۆکان، پێکردوون، که‌ ناو و پله‌ی رێکخستن و کار و موچه‌و ته‌واوی پڕۆفایلی ئه‌و به‌ناو ڕۆژنامه‌ نووسانه‌ به‌ وێنه‌وه‌ لای کوردستان پۆست هه‌یه.
پارتی و پاراستن له‌م ساڵه‌دا له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا له‌ هه‌ولێر و دهۆک به‌ئاشکرا ئه‌و چاپه‌مه‌نیانه‌یان کۆده‌کرده‌وه‌ و ده‌یان سوتاندن، که‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی پاراستن مانشێتیان داده‌نا، هه‌ر له‌م دواییه‌شدا له‌ ڕێگه‌ی دادگا و دادوه‌ره‌ ده‌رباره‌کانه‌وه، حوکمی زیندانی و گرتن و سزادان و سه‌رانه‌ لێسه‌ندنیان بۆ چاپه‌مه‌نیه‌ ئازاد و ڕه‌خنه‌ گره‌کان و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ئازاده‌کان ده‌رکرد و بۆ چاوترساندنی ته‌واوی ده‌نگه‌ ڕه‌خنه‌گره‌کانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، له‌ مانگی 5 ی 2010 دا ڕۆژنامه‌نووس و په‌یامنێری کوردستانپۆست (سه‌رده‌شت عوسمان) یان به‌ ئاشکرا و له‌به‌رده‌م کۆلێژه‌که‌یدا فڕاند و پاشان تیرۆریان کرد، ته‌رمه‌که‌یان له‌ موسڵ فڕێدا و پاشان له‌ به‌ر ناره‌زاییه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کیان له‌ کادێره‌کانی پاراستن بۆ پێکهێنا و دوای دروستکردنی سیناڕیۆیه‌ک (سه‌رده‌شت عوسمان)ی ڕۆژنامه‌نووسیان وه‌ک کادری گروپه‌ تیرۆریستیه‌کان گوناهبار کرد، به‌مه‌ش پیشانی سه‌رجه‌م قه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌کانیان دا که‌ تیرۆر کردنیان ئاسانتره‌ له‌ هه‌ر ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌کی دیموکراسیانه.
پاراستنی پارتی ئێستا له‌ڕێگه‌ی کادیره‌کانیه‌وه‌ ستافی ڕۆژنامه‌نووسی دروست ده‌کات و به‌ناو هه‌موو جێگه‌کاندا بڵاوی کردوونه‌ته‌وه‌ تا له‌ ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵێک چاپه‌مه‌نییه‌وه‌ سیخوڕی به‌سه‌ر چاپه‌مه‌نییه‌ ئازاده‌کان و نووسه‌ره‌کانیانه‌وه‌ بکه‌ن و بتوانن خه‌ڵکێکی نوێ بقۆزنه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌که‌ی بارزانی و له‌ ڕێگه‌ی پاره‌ و ئیمتیازاته‌وه‌ کۆمه‌ڵێک گه‌نج له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان رابگرن و دوریان بخه‌نه‌وه‌ له‌ راستییه‌کان.

کوردستانپۆست بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیه ته‌نها نمونه‌یه‌ک نمایش ئه‌کات که‌ پاراستنی لقی 4 له‌ سلێمانی ڕۆڵی تیادا ده‌بینێت، ئه‌ویش گۆڤاری رێچکه‌یه.
ئه‌م گۆڤاره‌ راسته‌وخۆ ستافه‌که‌ی له‌ ژێر فه‌رمانه‌کانی پاراستندا کارده‌که‌ن.
خاوه‌ن ئیمتیازاکه‌ی که‌ ناوی (یادگار سعید)ه، پێشتر کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی پارتی بووه‌ و تا پۆلی 4 ی سه‌ره‌تایی خوێندووه‌ و هه‌ڵسوراوی به‌رده‌ستی (نوری حه‌مه‌ عه‌لی)یه ، ‌ که‌ به‌رپڕسی لقی چه‌مچه‌ماڵ بوو ئێستا ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتییه‌ و له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا جاش بووه‌ و له‌ دوایی ڕاپه‌ڕینه‌که‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ ریزه‌کانی یه‌کێتی وه‌رنه‌گیراوه‌ لای پارتی جێگه‌ی خۆی کردۆته‌وه‌ .
سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی که‌ ناوی (سه‌لاح سید محه‌مه‌د) ه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ پاراستنه‌ و راپۆرتنووسێکی باشه‌ و چه‌ندین راپۆرتی له‌سه‌ر نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانی سلێمانی و ده‌ورو به‌ری بۆ پاراستن ناردووه‌ و هه‌ندێک له‌ راپۆرته‌کان ورده‌کاریه‌کانیمان لایه‌ که‌ له‌به‌ر گیانی نووسه‌ره‌کان لێیان نادوێین. ئه‌م سه‌رنووسه‌ره‌ ده‌رباره‌ به‌ وته‌ی خۆی په‌یمانگای خوێندووه‌ و هاوڕێکانیشی باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ نه‌یتوانیوه‌ پۆلی 3 ی ناوه‌ندی ته‌واو بکات.
یادگار سعید هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌لاح سید، مانگانه‌ موچه‌ی بێ ده‌وام له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر وه‌رده‌گرن و کاری سه‌ره‌کیشیان ئاماده‌کردنی راپۆرته‌ بۆ پاراستن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌وام له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ناکه‌ن.
ته‌نانه‌ت کاتێک ئۆفیسی گۆڤاری رێچکه‌یان کرده‌وه‌ له‌ بازاڕی ڕه‌شه‌ مۆڵ ی شاری سلێمانی، هه‌ڵبژاردنی شوێنی ئۆفیسه‌که‌یان له‌سه‌ر داخوازی پاراستن بوو بۆ چاودێری کردنی 2 گۆڤاری سه‌ربه‌خۆ.
ئه‌م گۆڤاره‌ی ناویان ناوه‌ (ڕێچکه‌) ته‌مه‌نێکی که‌می هه‌یه‌ و جگه‌ له‌ خزمه‌ت کردن به‌ پارتی و نووسینی مانشێتی گه‌وره‌ له‌سه‌ر به‌رگی گۆڤاره‌که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی، هیچ سودێکی تر به‌ خوێنه‌ر و کتێبخانه‌ی کوردی ناگه‌یه‌نێت، له‌هه‌مانکاتدا مانگانه‌ 5 ملیۆن دینار بودجه‌یان هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا چاپه‌مه‌نییه‌ سه‌ربه‌خۆکان به‌ بێ بوجه‌ی وه‌زاره‌ته‌که‌ی حکومه‌تی پارتی کارده‌که‌ن و ئه‌م بوجه‌یه‌یان ناده‌نێ، و له‌ زاری سه‌لاح سه‌یدیشه‌وه‌ وتراوه‌ که‌ گۆڤاره‌که‌یان ته‌نها 1 ملیۆن و 100 هه‌زار دیناری تێده‌چێت.
ئه‌م گۆڤاره‌ به‌سیمایدا دیا‌ره‌ که‌ خه‌ریکی دروست کردنی ناکۆکی راگه‌یاندنه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ لایه‌ن پاراستنی لقی 4 ئاراسته‌ کراوه‌ .
له‌ فه‌یسبووکی گۆڤاره‌که‌یه‌ندا چه‌ندین فیلمی سێکسی و وته‌ی ناشرین بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆی نه‌ خوێنده‌واریی و عه‌وامیانه‌وه‌ به‌ وته‌ی خۆیان ئێستا فه‌یسبووکه‌که‌یان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا نه‌ماوه‌.
ئه‌مه‌ ته‌نها نمونه‌یه‌که‌ له‌و ده‌یان ستافه‌ی پاراستن که‌ به‌ناوی گۆڤار و بڵاوکراوه‌ و ڕێکخراوی لاوان و دامه‌زراوه‌ی هه‌مه‌ شێوه‌وه‌ به‌ناو چاپه‌مه‌نیه‌ ئازاده‌کاندا بڵاوی کردونه‌ته‌وه‌ له‌ ناوچه‌کانی هه‌رێم به‌ گشتی و که‌رکوک و سلێمانی به‌تایبه‌تی تا بتوانێت ئاسانتر تیرۆری نووسه‌رو ڕه‌خنه‌گر و نه‌یار و ڕۆژنامه‌نووسه‌ سه‌ربه‌خۆکان بکات.
ئه‌مه‌ نیشانه‌ی په‌له‌قاژه‌ی کۆتایی پارتیه‌ که‌ له‌ قه‌ڵه‌مه‌کانمان ده‌ترسێت و بۆ جه‌نگ دژی ئازادیی ڕاده‌ر بڕین و ڕه‌خنه‌کانمان، پاره‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و تیرۆر و دادگاکانی خۆیی و دادوه‌ره‌کانی ده‌ربار و پاراستن و زیندان و بێکاریی و هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکی ئاماده‌ کردووه‌ و له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ له‌ هه‌وڵی کوشتنی قه‌ڵه‌مه‌ بوێره‌کاندایه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە