کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتیی و یه‌کێتیی دەسەلاتی جاش و ئەنفالچییە، نەک ده‌سه‌ڵاتی بنەمالەی قوربانی

Friday, 23/11/2012, 12:00


پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واله‌ی په‌رله‌مانی سوید، ده‌نگیان دا که‌ ئه‌نفال وه‌ک جینۆساید بناسرێ، هه‌روه‌ها له‌ 28ی ئه‌م مانگه‌شدا بڕیاره‌که‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌م ده‌نگدان و بڕیاره‌ش کۆمه‌ڵیک که‌سایه‌تیی کوردی بێلایه‌ن، رێکخراو و راگه‌یاندنی دیکه‌ی له‌ پشته‌، که‌ هیچیان له‌ دوور و نزیکه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌و حیزبه‌ سیاسییانه‌ی کورده‌وه‌  نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌مه‌ پارتیی و یه‌کێتیی نیگه‌ران کردووه‌، ئیستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان تا له‌ رێگای چه‌ند پیاوێکی خۆیانه‌وه‌ له‌ سوید، کار بکه‌نه‌ سه‌ر تێکدان و ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره‌، یان هیچ نه‌بێت ئه‌و بڕیاره‌ به‌ ده‌ستکه‌وتی خۆیان بناسێنن.  بەپێی هەواڵێک بە کوردستانپۆست گەیشتووە ، ئیستا پەیتا پەیتا بەرپرسانی سیاسی پارتی و یەکێتی ، بۆ خۆدەرخستن لەمیدیاکان هەول دەدەن بلیت و ڤیزەی سوید پەیدا بکەن بەتایبەتی بۆ 28ی ئەم مانگە، کە بریارە  دەنگدان لەسەر تاوانی ئەنفال بەفەرمی بەجینۆساید بناسێنری.
دوینی وەفدێکی لیژنەی پەرلەمانی کوردی بە پەلە خۆی گەیاندە پەرلەمانی سوید و زنجیرەیەک دیداریان لەگەل چەند پارتێکی ناو پەرلەمانی سوێدی کرد ، بەپێی راپۆرتی میدیاکانیان بە روونی دیاربوو هەولیان دەدا خۆیان بکەنە هاوبەشی ئه‌و دەستکەوتە نەتەوەییه‌، بەرادەیەک لەمیدیاکانی یەکێتی گرنگی زۆریان پێ دا و مالپەری پیوکەی مێدیا دووجار وه‌ک ده‌ستکه‌وتی خۆیان لە سەر یەک هه‌واڵه‌که‌یان بلاوکردۆتەوە



هاوکات کوردستانپۆست زانیاری ئەوەی پێگەیشتوە، کە چەندین پەرلەمانتار و وەزیر بەتایبەتی وەزیری شەهیدان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەهەولی خۆ ئامادەکردندان تا بەپەلە خۆیان بگەیەننە سوید و دەستخۆشی لەپەرلەمانتارەکانی سوید بکەن، کە دانیان بە ئەنفالدا ناوه‌ و وه‌ک جینۆساید ده‌ناسرێت، بێ ئەوەی یەک دێریش ئاماژە بەرۆلی ڕێکخراوی چاک که‌ تا دوو ساڵ به‌ر له‌ ئیستا کاریان له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ کرد، به‌تایبه‌تیی که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک قادر نادر، که‌ زۆربه‌ی کاره‌کان ئه‌و به‌جێی هێناوه‌، یان ناوی ئه‌و پەرلەمانتارە کوردانە بده‌ن له‌ نمونه‌ی جه‌بار ئه‌مین و ئامینه‌ کاکه‌ باوه‌، کە هاریکارییه‌کی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ کردووه‌، یان دیسان ئاوڕ لەو مێژووە ناشیرینەی خۆیان بدەنەوە و شه‌رم بیانگرێت، که‌ ئه‌وان هیچ رۆڵێکیان نه‌بووه‌، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ کاریان کردووه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ناساندنی ئه‌نفاڵ و رێگرییان کردووه‌،، وه‌کو ده‌زانین و بە بەرچاوی ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانە سەدان بەرپرسی ئەنفالچی ئەمرۆ باڵا دەستە لە دەسەلات و لەماوەی رابردووشدا ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانە بەتایبەتی بارزانی و تالەبانی وکۆسرەت رەسول ، دۆسیەی دادگایکردنی ئەو ٢٦٤ سەرۆک جاشەیان لە دادگای بالای تاوانەکانی عیراق داخست، هەروەک سالار قەرەوەیس سەرۆک جاش بەئاشکرا لەمیدیاکان سوپاسی ئەو سێ سەرۆکەی پارتی و یەکێتی کرد، کە دۆسیەکەیان بۆ داخستن، هاوکات دەیان گەورە جەلادی وەک نزار خەزرەجی، سولتان هاشم، تارق رەمەزان، وەفیق سامەرائی، قاسم ئاغای کۆیە، عەباسی بایز ئاغا و فەتاح بەگی جاف ... هتد، کۆی دەیان کەیسی تری جاش لەساڵی ٢٠٠١ وە لە ئەوروپا و کوردستان دەیان جار بۆتە بابەتی گەرماو گەرم، بێ ئەوەی یەکێک لەو پەرلەمانتار و وەزیرانە کەرامەتیان بجوڵێ و ئیدانەی دەسەلات بکەن و هەلوێست بەرامبەر ئەو ناپاکیە وەربگرن. ئه‌مه‌ لەکاتێکدا ئەو دەسەلاتە بەملیار دۆلاری لە بەردەستدایه‌، کەچی ئابلۆقەی مادی خستبوە سەر ئه‌وانه‌ی که‌ کار بۆ ناساندنی ئه‌نفال ده‌که‌ن، لەکاتێکدا سەدان مینبەری راگەیاندنی دەسەلات هەبوو کەچی بۆ یەک جاریش دەیان کار و چالاکی ئەوانیان بڵاو نەدەکردەوە، ئەوه‌ کوردستانپۆست و هەندێ مینبەری تری راگەیاندن بوون دەرگای کار و چالاکیەکانیان بۆ خستبونە سەر پشت، چەندین جار توانیان دۆسیەکە بگەیەنە پەرلەمانی سویدی تا لەکۆتاییدا سەرکەوتنیان به‌ ده‌ست هێنا، کەچی ئەمڕۆ هه‌ر ئه‌و ناپاکانه‌ ڕیزیان گرتوە تا خۆیان بگەیەنە پەرلەمانی سوید و لەمیدیاکان دیار ده‌کەون ! ئه‌مه‌ بۆ خۆی دزینێکێ تری بەروبومی ئه‌و که‌سه‌ دڵسۆزانه‌یه‌ که‌ به‌ جیدی کاریان کردووه‌، لێ ئه‌مان دەیانەوێ خەڵک چەواشە بکەن گوایە خۆیان لە خەمی ئەو دۆسیە دابوون !؟ ئایا لەکام ولات بووە گەلەکەت رووبەروی گەلکوژی ببێتەوە ، ئەو دەسەلاتەش دالدەیان بدات و پلەی بەرزی سیاسیان پێ بدات؟ یان بێشه‌رمانه‌ لەم لاشەوە خەلکانێک کارو چالاکیان بەشەونخونی خۆیان کردبێ ئەوان بێن و ئەو بەروبومەش  بۆخۆیان بدزن؟!
لێره‌دا کوردستانپۆست سەردانی ئەم بەرپرسانە بەهەل دەزانی، داوا دەکات کە بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال تۆلەی دالدەدانی سەدان سەرۆک جاش، ئەنفالچی لەم بەرپرسانە بکەنەوە، ئه‌ویش کاتێک کە دێنە سوێد، دەتوانن هێلکە و تەماتە بارانیان بکەن، چونکە ئەم دەسەڵاتە  دەسەلاتی جاش و ئەنفالچییە، نەک ده‌سه‌ڵاتی بنەماڵەی قوربانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە