کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مان ناکات

Tuesday, 05/04/2011, 12:00


به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌ی‌ میهره‌بان
هاوڵاتیانی سه‌ربه‌رزی كوردستان
بۆ ده‌رچون له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕێت، رۆژی‌ 3/3/2011 هه‌ر سێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزیسیۆن له‌ كوردستان پرۆژه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ چاكسازییان له‌ (22) خاڵدا راگه‌یاند ‌و ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌ت ‌و په‌رله‌مان ‌و هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداریان كرد. له‌ هه‌مان پرۆژه‌دا‌و له‌ خاڵی‌ كۆتاییدا ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگ به‌ده‌سه‌ڵات درابو كه‌ وه‌ڵامی‌ فه‌رمیی‌ ئۆپۆزسیۆن بداته‌وه‌‌و یاسا‌و ڕێسای‌ تایبه‌ت به‌ چاكسازی‌‌و ناوه‌ڕۆكی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌ربكات و، دو مانگیش بۆ جێ‌ به‌جێكردنی‌ ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ دیاریكرابوو.
ئێستاش دوای‌ تێپه‌ڕینی‌ زیاتر له‌ مانگێك ‌و واده‌ی‌ دیاریكراو، به‌داخه‌وه‌ حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای ئاڵۆزی‌‌و گرژیی‌ بارودۆخی‌ كوردستان، وه‌ڵامی‌ فه‌رمیی‌ ئۆپۆزسیۆنیان نه‌دایه‌وه‌‌و، هه‌نگاویان به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی‌ خاڵه‌كانی‌ پرۆژه‌كه‌ نه‌نا به‌ڵكو ئه‌م پرۆژه‌یه‌شیان وه‌ك هه‌مو پرۆژه‌كانی‌ تر پشتگوێ‌ خست.
ئێستاش دوای‌ ئه‌و واده‌یه‌ هه‌ر سێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن كۆبونه‌وه‌‌و جارێكی‌ تر به‌ به‌نده‌كانی‌ پرۆژه‌كه‌دا چونه‌وه‌‌و به‌ بێ‌ جیاوازیی‌ ڕاوبۆچون له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش و هه‌نگاوه‌كانی‌ داهاتو بۆ چاكسازی‌ پێكهاتن و، ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی‌ لای خواره‌وه‌:
1. پێویستیی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ‌و، دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالی‌ كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ "توافق" پێكبێت.
2. ئه‌ركی‌ بنه‌ره‌تیی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بریتی‌ بێت له‌:
ئه‌نحامدانی‌ چاكسازیی‌ بنچینه‌یی‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ وه‌ك له‌خاڵه‌كانی‌ (1 بۆ 20) ی‌ پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ ئۆپۆزسیۆندا هاتوه‌.
زه‌مینه‌سازكردن بۆ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ئازاد و پاك و بێگه‌رد له‌سایه‌ی‌ بێلایه‌نیی‌ حكومه‌ت و داموده‌زگا ره‌سمیه‌كان و رێگرتن له‌ هه‌مو شێوازێكی‌ ته‌زویر و ده‌ستێوه‌ردانی‌ نایاسایی‌ كه‌ ده‌رفه‌تی‌ یه‌كسان بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن بڕه‌خسێنێت.
3. لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌ر دیالۆگێكی‌ ئاینده‌دا له‌گه‌ڵ حزبه‌ حوكمڕانه‌كان سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی‌ له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوه‌ به‌هاوبه‌شی‌ و ئه‌جێندای‌ هاوبه‌ش به‌شداری‌ ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌م داوایانه‌ داوای‌ ئێمه‌یه‌ وه‌ك سێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا پێمان وایه‌ كه‌ داواكاری‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و شه‌قامی‌ ناڕازییه‌، به‌تایبه‌تیش هه‌مو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رای‌ ئازادیی‌ سلێمانی‌‌و شار‌و شارۆچكه‌كانی‌ تری‌ كوردستان زیاتر له‌ (45) رۆژه‌ بێ‌ پسانه‌وه‌ له‌پاڵ‌ داوا هه‌نوكوییه‌كانیاندا داوای‌ چاكسازی‌ سیاسی‌‌و قه‌ڵاچۆكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و دابین كردنی‌ عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و باشتركردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و فراوانكردنی‌ ماف‌و ئازادیه‌ گشتییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ‌و پاراستنی‌ كه‌رامه‌تی‌ هاوڵاتی‌ كوردستانی‌ ده‌كه‌ن.
هه‌رسێ لایه‌نیش دوپاتیانكرده‌وه‌ كه‌ به‌ده‌مه‌وه‌چونی‌ داواكانی‌ جه‌ماوه‌ر و شه‌قامی‌ ناڕازی‌ ئه‌ركی‌ حكومه‌تێكی‌ به‌رپرسیاره‌ و زه‌مینه‌ی‌ چاره‌سه‌ره‌كانیش سازتر ده‌كات.


كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان
یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان
 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە