کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


لە ژێر فشاری ئەمەریکا، مەحمود سەنگاوی بۆ دادگا کێشکرا، نەشگیراوە لە ماڵی د. برایم ناوێک پاڵی لێداوەتەوە

Tuesday, 07/01/2014, 12:00


دواى تيرۆركردنى كاوه‌ گه‌رميانى كوردستانپۆست له‌ رێگاى سه‌رچاوه‌ تايبه‌تییە باوه‌ڕپێكراوه‌كانى خۆيه‌وه‌ ناوى دوو کەس له‌و تاوانبارانەی ئاشکراکرد، کە هەڵسابوون بە تيرۆركردنى كاوه‌ گه‌رميانى. له‌ دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه‌ى كوردستانپۆست چوار كه‌س به‌ تۆمه‌تى تيرۆركردنى كاوه‌ گه‌رميانى ده‌سگيركران، يه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ كه‌ كوردستانپۆست ناوى هێنابوو ده‌سگيركرا، دواتر ئێمە چه‌ند هه‌واڵێكى ديكه‌مان له‌ سه‌رچاوه‌كانه‌وه‌ پێگه‌يشت، به‌ڵام به‌باشمان ‌زانى له‌و كاته‌دا ئه‌و زانياريانه‌ بڵاونه‌كه‌ينه‌وه‌. له‌ هه‌واڵێكدا هاتبوو ئه‌و كه‌سانه‌ى كاوه‌ گه‌رميانيان تيرۆركردوه،‌ بە خاڵی پشکنینی کەلاردا تێپەڕیبوون و پاسەوانەکان وەستانبوویان، دوایی تەلەفونیان بۆ‌ سه‌رووى خۆيان کردبوو، ئایا رێگایان بدەن، یان بیانگرین؟! ئەوانیش له‌ وه‌ڵامدا وتووبوویان‌ رێگيان بده‌ن با دەربچن، هه‌روه‌ها یەکێک لە سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كان باسى له‌وه‌شكردبوو كه‌ به‌ كاميرا وێنه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ و كه‌سه‌كان گيراون و دراوە بە ئاسايش، ئه‌و كاتيش ئاسايش خۆی ئه‌و هه‌واڵه‌يان پشتڕاستكرده‌وه‌.
پاش ده‌ستگيركردنى ئه‌و چوار كه‌سه‌ ده‌زگا راگه‌ياندنه‌كانى يه‌كێتى بڵاويانكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و چوار كه‌سه‌ دانيان ناوه‌ به‌ تاوانه‌كانياندا، كه‌چى له‌ ناكاو دوو كه‌سی تریان به‌ تۆمه‌تى تيرۆركردنى كاوه‌ گه‌رميانى بڵاوكردەوە، گوايه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ كاوه‌ گه‌رميانيان تيرۆركردووه‌ و دانيان ناوه‌ به‌ تاوانه‌كانياندا، دواى چه‌ند رۆژێكيتر راگه‌ياندنه‌كان ئه‌وه‌يان بلاوكرده‌وه‌، گوايه‌ ته‌نها يه‌ك كه‌س ئه‌و تاوانه‌ى ئه‌نجامداوه‌ و ددانى به‌ تاوانه‌كه‌يدا ناوه‌ و وتوێتى خۆم به‌ ته‌نها كاوه‌ گه‌رميانيم تيرۆركردووه‌! دواتر ئێمه‌ وه‌ك كوردستانپۆست هه‌واڵێكمان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ددانى ناوه‌ به‌ تاوانه‌كه‌يدا، تەنها سيناريۆ بوو بۆ خۆیان ئاماده‌یان کردبوو، له‌ سيناريۆكه‌دا هاتووه‌ گوايه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاوه‌ی گه‌رميانى كوشتووه‌ كاتى خۆى حيزبى شيوعى دووبارى ئه‌وه‌ى كوشتووه‌ و له‌ تۆڵە‌ى ئه‌وه‌دا بەم کارە هەڵساوە.
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌و هه‌موو هه‌واڵانه‌دا بخشێنينه‌وه‌ له‌ كاتى تيرۆركردنى كاوه‌ گه‌رميانيه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ئاسايشى يه‌كێتى، هەمووی بە مەبەستی شاردنەوەی تاوانبارەکانە.
سه‌رچاوه‌يه‌ك له‌ ئاسايشى گشتى به‌ كوردستانپۆستى راگه‌ياند: دواى ئه‌وه‌ى يه‌كێتى بۆيان ده‌ركه‌وت كه‌ پياوه‌كانى مه‌حمود سه‌نگاوى و ده‌زگاى دژه‌تيرۆر لەو تاوانەوە تێوه‌ گلاون، بۆيه‌ لە هەوڵی ئەوەدا بوون سيناريۆيكی تر دروست بکەن، كه‌ خۆيان و يه‌كێتى و ده‌زگاى دژه‌تيرۆرى لێده‌رباز بكه‌ن، بۆيه‌ هه‌ستان ئه‌و خزمه‌ نزيكه‌ى مه‌حمود سه‌نگاويان هێنا و به‌ بێ ئه‌وه‌ى زله‌يه‌كى لێبدرێت هه‌موو تاوانه‌كه‌ى خسته‌ سەر ئه‌ستۆى خۆى! له‌و لاشه‌وه‌ چوون چه‌ندين شاهيدى درۆيان هێنا بۆ ده‌ربازكردنى حه‌يده‌ر كه‌ پله‌دارێكى ده‌زگاى دژه‌تيرۆره‌ گوايه‌ ئه‌و شه‌وه‌ له‌ سلێمانى بووه‌ له‌ يانه‌يه‌ك و ڤيدوێكى ئاماده‌كراويان وه‌ك به‌ڵگه‌ بۆ هێنا، گوايه‌ له‌ يانه‌كه‌دا بووه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ وتى دروستكردنى وێنه‌ى ڤيديۆيى بۆ ده‌بازركردنى ئه‌و تاوانياره‌ شتێكى زۆر ئاسانه‌، چونكه‌ ئه‌توانرێت هه‌رچ کاتێک و هەر شه‌وێكیان بوێت، لە کامیراکە دەربخەن و رۆژ و کاتژمێیشی بخەنە سەر، بڵێت ئه‌مه‌ فڵان شه‌وى رووداوه‌كه‌يه‌، هه‌روه‌ها خه‌ڵكانێك كه‌ ئه‌م جۆره‌ كرده‌وه‌ تيرۆريستيانه‌ بكه‌ن زۆر به‌ ئاسانيش ئه‌توانن ده‌يان شه‌هێد بهێنن و به‌درۆ قورعانيان بۆ بخوات و له‌ حوكمى ياسا ده‌ربازيان بكه‌ن.
بۆچى حه‌يدهر عه‌بدولرحمان و هاوڕيكانى ئازادكران؟
سه‌رچاوه‌كه‌ى ئاسايشى گشتى وتى: پاش ئه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ ئه‌و چوار تاوانباره‌ له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌نووسيدا هه‌ڕه‌شه‌يان له‌ يه‌كێتى كرد، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئەو چوار كه‌سه‌ شتێكيان به‌سه‌ر بهێنرێت ئه‌وه‌ ئاسايش لێى به‌رپرسه‌، دياره‌ مه‌به‌ست له‌و هه‌ڕه‌شه‌يه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌گه‌ر بێت ئازاديان نه‌كه‌ن ئه‌وه‌ چه‌ندين زانيارى ديكه‌ له‌ سه‌ر كاره‌ تيرۆريستيه‌كانى به‌رپرسانى يه‌كێتى ئاشكرا ده‌كه‌ن، به‌پرسانى يه‌كێتى و ده‌زگاى دژه‌ تيرۆر باش له‌م مه‌سجه‌ گه‌يشتن، هه‌ر بۆيه‌ بڕيارياندا سيناريۆيه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ خۆده‌ربازكردن ئه‌و ئازادكردنی تاوانبارەکان. چونكه‌ هيچ رێگياكيان له‌به‌رده‌مدا نه‌مايه‌وه‌ بۆ ئه‌وى بتوانن ئه‌و تاوانبارانه‌ بخنكێنن و بڵێن خۆيان خۆيان كوشتووه‌، چونكه‌ به‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى له‌ كوردستانپۆست ئه‌و سيناريۆيه‌ پوچه‌ڵكرايه‌وه‌.
سەرچاوه‌كه‌ى ئاسايشى گشتى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد. لايه‌نێكى ترى ئازاكردنى حه‌يده‌ر و هاوڕێكانى بۆ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌م تاوانه‌ به‌ سه‌ر ده‌زگاى دژه‌تيرۆردا ساخ نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت به‌سه‌ر ده‌زگا دژه‌تيرۆردا ساخبێته‌وه‌ ئه‌مريكيه‌كان كه‌ ئاگادارى كه‌يسى كاوه‌ گه‌رميانين ئه‌و هێزه‌ وه‌ك هێزێكى تيرۆريستى ئه‌ناسێنێت و بۆ لەوەو دوا یارمەتیی ئەو دەزگایە نادەن.
سەرچاوه‌كه‌ رونيكرده‌وه‌ و گوتى لايه‌نێكترى ئازادكردنى حه‌يده‌ر و هاوڕێكانى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و چوار كه‌سه‌ ئازاد نه‌كرانايه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م دادوه‌ردا دانيان ده‌نا به‌ چه‌ندين تاوانى تردا، كه‌ بۆ مه‌حمود سه‌نگاوى و دژه‌تيرۆر سەرەنجامی باشی نەدەبوو، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش کە مه‌حمود سه‌نگاوى بێترس بێت بچێتە بەردەم دادگا و دڵى لاى ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ تاوانباره‌ سه‌ركێكان له‌ پێش دادگا دان به‌وه‌دا ئه‌نێن، كه‌ كێ له‌ پشتى تيرۆكردن كاوه‌ گه‌رميانيه‌وه‌ بووە. هه‌ر بۆيه‌ دوابه‌دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و چوار كه‌سه‌ ئازادكران مه‌حمود سه‌نگاويش خۆى راده‌ستى دادگا كرد.
سه‌رچاوه‌كه‌مان جه‌ختي له‌ سەر ئەوە كرده‌وه‌ كه‌ مه‌حمود سه‌نگاوى به‌ بێ تاوان ئازاد ئه‌كرێت، چونكه‌ بکوژەکان ئازادكراون.
كوردستانپۆست له‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى پرسى تا چه‌ند ئه‌م كێشه‌يه‌ بۆ كۆتله‌ و كوتله‌ كاريه‌كانى يه‌كێتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
سه‌رچاوه‌كە له‌ وه‌ڵامدا گوتى دوور و نزيك ئه‌و بابه‌ته‌ى كاوه‌ گه‌رميانى په‌يوه‌ندى به‌ كوتله‌ و كوتله‌كارى ناو يه‌كێتيه‌وه‌ نیيه‌، ئه‌وه‌ش راست نيیه‌ گوايه‌ مه‌حمود سه‌نگاوى له‌ كوتله‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌حە و كوتله‌ى هێرۆى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د بۆ شكاندنى تاوانبارى ده‌كه‌ن. چونكه‌ مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌وه‌نده‌ مه‌له‌فى خراپ و كارى تيرۆريستى هه‌يه‌ له‌ژێر ده‌ستى ماڵى تاڵه‌بانى هيچ پێويست ناكات بچن دۆسییەکی ئاوای بۆ دروست بكه‌ن، مه‌حمود سه‌نگاويش چه‌ندين مه‌له‌فی قێزه‌ونى ماڵى تاڵه‌بانى له‌ ژێر ده‌ستدايه‌ كه‌ خۆى به‌شێك له‌و كاره‌ قێزونانه‌ى بۆ ئه‌نجامداون، بۆيه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستيه‌وه‌ و بۆ چه‌واشكردنى راى گشتييه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كرد، کە راده‌ستكردنى مه‌حمود سه‌نگاوى بۆ دادگا سيناريۆيه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى يه‌كێتى خۆى له‌ تيرۆركردنى كاوه‌ گه‌رميانى پاكبكاته‌وه‌ و له‌و لاشه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكى بفرۆشنه‌وه‌، گوايه‌ ياسا له‌ كوردستاندا سه‌روه‌ر و ئه‌وان پارێزه‌رى ياسان! هەروەها وتیشی ئه‌گه‌ر ياسا له‌ كوردستان سه‌روه‌ر بوايه‌، دەبوو کاتی خۆی مه‌حمود سه‌نگاوى له‌سه‌ر ئەو كاره‌ به‌دڕوشتییه‌ى خوێندنگاى جه‌مال تاهيرى سلێمانى زيندانى بكرايه‌. هۆكارێكی ترى راده‌ستكردنى مه‌حمود سه‌نگاوى لەسەر فشارى ئه‌مريكيه‌كان بوو، كه‌ پێشتر كاوه‌ گه‌رميانى ده‌نگى هه‌ڕه‌شه‌كانى مه‌حمود سه‌نگاويى پێ دابوون، ئه‌مريكا تيرۆركردنى كاوه‌ گه‌رميان وه‌ك تيرۆركردنى هاوڵاتيه‌كى خۆى و ده‌ستدرێژيكردنه‌ سه‌ر ئه‌مريكا ده‌زانێت، چونكه‌ پێشتر كاوه‌ گه‌رميانى هاناى بۆ كۆنسڵخانه‌ى ئه‌مريكا بردبوو و بينينى نوێنه‌رى كۆنسڵخانى ئه‌مريكاش وه‌ك جۆره‌ حه‌سانه‌يه‌ك بوو بۆ كاوه‌ گه‌رميانى.
پەیامنیری کوردستانپۆست لە سلێمانی بەدواداچوونی لەسەر چوونی مەحمود سەنگاوی کرد بۆ دادگای کەلار، کە راگەیاندەکان بڵاویان کردەوە، گوایە دوێنێ ٦ / ١ / ٢٠١٤ خۆی تەسلیم کردووە و ئەوانیش پاش لێکۆڵینەوە بڕیاری گرتنیان داوە، بەڵام لە راستییدا ئەمە وا نییە، بەڵکو مەحمود سەنگاوی بە ژمارەیەکی زۆری سەیارە و چەکدارەوە چووە و دەستبەسەریش نەکراوە، بەڵکو رێگایان داوە چۆتە ماڵی کەسێک بە ناوی دکتۆر ئیبراهیم، نزیکەی پانزە کەسیش لە فوورەوە بە چەکەوە پاریزگاری دەکەن و ژمارەیەکی زۆریش لە فەوجەکەی خۆی بە چەکەوە پاسەوانی لێدەکەن. سه‌رچاوه‌كه‌ وتى به‌ عه‌قڵى كێدا ئه‌چێت ئاسايشى شارێك خۆيان لوتى كاوه‌ گه‌رميانيان شكاندبێت، ئێستا لێكۆڵێنه‌وه‌ بۆ تيرۆركردنه‌كه‌ى‌ دەكه‌ن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە