کامپینێک دژی دروستکردنەوەی ماڵی عێراق و دژی کامپینی کوردە عێراقچییەکان
Friday, 30/12/2011, 12:00
ساڵی 1921 سێ ولایەتیی پێشووی دەوڵەتی عوسمانلی، کە بریتیی بوون لە ولایەتی موسڵ، بەغداد و بەسرە، (واتە کورد، عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە)، لە لایەن ئینگلیزەوە ئەم عێراقەی ئیستای لێدروست کرد، هەرچەندە پێشتر و لە دوای راگەیاندنی دەوڵەتی عێراقیش، بە خەبات و تێکۆشانی شێخ مەحمودی حەفید لە ناوچەی سلێمانی، هەوڵی دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی درا، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، لە ماوەیەکی کورتدا بە هۆی بەکارهێنای پەلامار و بۆردوومانکردنی سلێمانی لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، دەسەڵات لە شێخ مەحمود سەندرایەوە، بە دیلی بۆ هیندستانیان نارد و دواجار لە بەغدا، بە ئاوارەیی دوور خرایەوە تا ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد نەهێڵرا بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، هۆکاری ئەم سەرنەکەوتنەش زۆربوون لەوانە بوونی جاش و کەواسووری زۆر، کە هەروەکو ئەمرۆ بوونیان هەیە، هەروەها زۆرینەی منەوەر و سەرباز و خوێنەوارەکان لە نمونەی تۆفیق وەهبی و ئەمین زەکی بەگ و نووری سەعید و دەیان کەسی تر، ئەمانە هۆکار بوون بۆ دروستبوونی دەولەتی عێراق و تێکشکانی دەوڵەتی کوردی لە باشوور. ئەمڕۆ جارێکی تر لە سەر دەستی کۆمەڵێک سیاسیی، حیزب و ژمارەیەکی زۆر لە منەوەرەکانی کورد، ئەو مێژووە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە، بە بێ شەرمکردن باز بەسەر ئەو هەڵە گەورە و ئەزمونەی رابردوودا دەدەن، ئەوەی هەست بە لێپرسینەوەی مێژوویی و شەرم لە قەڵەمەکانیان بکەن، کە بە کوردی پێی دەنووسن و بە زاریان قسەی پێدەکەن، رووقایمانە چوونەتە پاڵ کۆمەڵێک شیوعی پیر و پەککەوتە، کە بە هەموو مێژووی ژیانیان کوردبوون لە لایان شەرم بووە و وەکو شیوعییەکی عێراقی و دوژمن بە خواستەکانی کورد، هەموو ژیانی سیاسیی خۆیان بۆ عێراقیکردنی کورد خەریک کردووە و لە هەوڵی تێکشکان و لە بیرچوونەوەی هەستی نەتەوەیی کورددا بوون، ئەم منەوەرانەش لەگەڵیاندا چوونەتە پاڵ پرۆژەیەک، پێمان دەڵێن کورد دەبێت لە دروستکردنی دەوڵەتیی خۆی نائومێد بێت، ئێمە هەموو عێراقین، دەبیت بەو واقیعە رازییبین، کە بەسەرماندا فەرزکراوە، لە هەمانکاتدا بە عەرەبی روو لە داگیرکەر و دوژمنی گەلەکەشمان دەکەن، وشیاردەکەنەوە، تا لە هەوڵی دروستکردنەوەی عێراقێکدا بن، ئەو عێراقەی جگە لە نەهامەتیی و کارەسات هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد نەبووە، عێراقێک کە چەند ناپاک و جاسوس و خائینێکی کورد بەڕێوەی دەبەن، ئەو ناپاکانەی لە رابردووشدا بە ناوی شۆڕشەوە بازرگانییان بە کێشەی کوردەوە کردووە.
لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە کورد دەرگای بۆ واڵا کرا، کە ئەوسا سیاسیی و نووسەر و رووناکبیرەکان ئەگەر لە خەمی کێشەی کورددا بوونیایە، دەیانتوانی سەرەتا کار بۆ هوشیارکردنەوە و بیرۆکەی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بکەن، هەروەها پاش رووخاندنی رژێمی بەعسیش بەهۆی ئەو سەروەت و سامانە سروشتیی و پیترۆلەی لە کوردستاندا هەیە، دەتوانرا کار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی سەربەخۆ بکرێت، پاڵپشتییەکی زۆری وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی بۆ خۆمان رابکێشین، بەڵام سەرانی کورد، چونکە پیاوی بێگانە بوون، روونکبیرەکانیش چونکە خۆپەرست و بودەڵە و بێکارامە بوون، مێژوویەکی ناشرینیان لە خۆبەدەستەوەدان بۆ دەسەلات و نوێژیینەوەی عێراق کرد، خۆیان خستە نێو هەناوی عێراقێکەوە، بێ ئەوەی بچنە بەرەی گەل و کاری جیدی لە سەر وشیارکرندوەی خەڵکی کوردستان بکەن، تا هەستی کوردستانیی و خواستی دەوڵەتیی کوردیی لە نێو کۆمەڵگای کوردییدا دروست بێت، بە پێچەوانەوە هەمیشە کاریان لەسەر تێکشکاند و بەکەمکردنی تاکی کورد کرد، تۆوی بێ ئومێدییان چاند. سەرانی کورد و حیزبەکانیش، مێژوویەکیان هەبوو، تەژی لە خەباتی کاولکردن، لە ماڵوێرانی و کورد بە کوشتندان، دروشمی زەقی کوردستان یان نەمان، ئەم هەموو ساختەکاریی و درۆیانەیان بە تەواویی لە دوای ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ خەڵکی کوردستان دەرکەوت. تا دوێنێ لەگەڵ شیوعییە کوردەکاندا هاوڕا و هاو خەبات کاریان بۆ عێراق و یەکپارچەیی وڵاتی ئەنفال و دروستکردنەوەی قەسابخانەی ئەو سیستەمەی ئیمپریالیزم دەکرد، وا ئەمڕۆ پەتای عێراقچێتی بە ئاشکرا نووسەر و بەناو رووناکبیرەکانیشی گرتۆتەوە، بێ ئەوەی شەرم لە مێژوو، لە قەلەم ، لە نووسینی خۆیان بکەن، شەرم لە بەرەو رووبوونەوە لەگەڵ نەوەکانی داهاتوودا بکەن، وا بە کامپینێک دابەزیون، هاتوون رێنمایی دوژمنان دەکەن بۆ دروستکردنەوەی وڵاتی خوێن، بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتی قڕکردن و ئەنفالی کورد، داوا دەکەن یەکبگرنەوە بۆ ئەوەی بەهێز بن، بۆ ئەوەی کوردیش زەلیل و کۆیلە بکەنەوە.
کوردستانپۆست بە پیویستی زانی بۆ بەرەو رووبوونەوەی ئەو کامپینەی، کە ١٢٥ عێراقچیی بەڕێیان کردووە، جگە لە سی چوارێکیان نەبێت عەرەبن، ئەوانی تر هەموو کوردن، ئێمەش لەبەرامبەرەوە بۆ مێژوو، بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ شەرمەزاری ئەوانەی بە قەڵەم و بە نووسین، بە دەنگ و بە بینین خۆیان کردۆتە دەمڕاستی میللەتێک، دەیانەوێت وەکو حیزبەکان، وەک سەرانی کورد، چارەنووسمان بەرەوە نادیار بەرن، بۆیە ئێمەش لە بەرامبەرەوە ئەم کامپینە بەڕێ دەکەین.
تێبینی: هەر کەسێک نایەوێت ناوی تەواوی خۆی بە ئاشکرا بنووسێت، پێویست ناکات بە ناوێکی ترەوە هاوبەشی بکات و ناوی خۆی تۆماربکات.
ناوی تهواو: (name)
کار و پیشه: (work)
وڵات: (country)
شار: (city/state)
سهرهتا ئهو بهڕێزانهی ناوی خۆیان تۆمار ئهکهن، تکایه ناوی سیانی خۆیان بنووسن، نهک نازناو، یان ناوێکی دروستکراو، بۆ ئهو مهبهستهش ناوهکه لهم لیستهدا یهکسهر دهرناکهوێت، تا له لایهن ئێمهوه کۆنتڕۆڵ دهکرێت، بۆیه داوا دهکهین تهنها جارێک ناوی خۆت تۆمار بکه و بینووسه، ههر کهسێک ئهمهی چهند باره کردهوه، به پێی ئایپی ئهدرێسی کۆمپیوتهرهکهی ئێمه ناوهکهی بلۆک دهکهین.
کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ ناوی خۆ تۆمارکردن
http://www.kurdistanpost.com/petition.asp
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست