ئەم زانیاریانەی دیکەش دەخەینە سەر تیرۆرکردنەکەی سەردەشت عوسمان
Wednesday, 09/05/2012, 12:00
ئەو ئێوارەیەی، کەسوکاری سەردەشت عوسمان ئاگادارکرایەوە، کە تەرمی کوڕەکەیان لە نزیک مەڵبەندی یەکێتیی لە موسڵ فڕێدراوە، بەیانییەکەی ٦/ ٥ / ٢٠١٠ کەسوکارەکەی چوون و هێنایەوە، دوای کاتژمێر ٩ی بەیانیی، مستەفای حەسەنە گەورە، پەیوەندیی پێوەکردم وتی: دەمەوێت هەندێک زانیاری لە سەر سەردەشت عوسمان باسبکەم، چونکە پەیامنێری خۆمان بووە، یەکێک بوو لەوانەی کە پێشتر بۆم باسکردبوویت و ناوم نەهێنابوو، تەنها پەیوەندیی بە خۆمەوە هەبوو، (تێبینی: کوردستانپۆست، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ەوە، پاش کۆمەڵێک کێشە و وازهێنان و گەڕانەوەی چەند نووسەرێک بۆ لای دەسەڵات، شێوازی کارکردن و تاکتیکی خۆی گۆڕی، لەوانە شیوازی پەیوەندییکردن بوو بە نووسەر و پەیامنیرەکانی کوردستان، تا زانیارییەکان لای تاکە کەسێک کۆنەبێتەوە، هەر کەسە بەشێک لە زانیارییەکان لای پاریزراو بێت و ئەوانی دیکە بەوە نەزانن، ئەمە ئاسایی بوو، کە من لەو پەیوەندییەی نێوان سەردەشت و مستەفا ئاگادار نەبم).
ئەو رۆژە هەواڵێکمان بۆ هات، گوایە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان دەستی کۆسرەت رەسوڵی تێدایە، ئەوان بردوویانەتە موسڵ، لای بارەگای یەکێتی فڕێیان داوە، هەواڵەکە بڵاوکرایەوە، هێشتا بەدواداچوونمان لەسەر نەکردبوو، لە کوردستانەوە ئاگادار کراینەوە، وتیان ئەو هەواڵە راست نییە، رووداوەکە لەوە گەورەترە، کە کۆسرەت رەسوڵ لە پشت تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانەوە بێت! پەیوەندییەکەی مستەفای حەسەنە گەورەش، کە روونیکردەوە، وتی: تەماشای ئەو نووسینەی بکە بە ناونیشانی: (من عاشقی کچەکەی بارزانیم) هەروەها بچۆرە ناو ماڵپەڕی کوردستان نێت، ئەو نووسینەش بخوێنەرەوە، کە کەسێک داوای لیدەکات ناوی خۆی ئاشکرا بکات، جگە لەوە تەماشای فڵانە نووسین و هەواڵیش بکە، ئەمانە هەموویان هی سەردەشت عوسمانن، کە بە ناوی سەرۆ و بە ناوی خوازراوی دیکەوە بڵاوکراونەتەوە.
پاش ئەوەی بەو نووسین و هەواڵانەدا چوومەوە، ئەرشیفێکی تایبەتمان بۆ کردەوە، نووسینەکانیمان خستە نێو ئەرشیفەکەی خۆی، ئەم کارە نزیکەی کاتژمیرێکی پێچوو، ئیتر لەوە دڵنیابووین، سەردەشت عوسمان لەلایەن پاراستن و بنەماڵەی مەڵا مستەفاوە تیرۆرکراوە، تا ئەو کاتە هیچ راگەیاندن و شوێنێک نەیدەزانی هۆکاری تیرۆرکردنی سەردەشت چۆن و بۆچیی و کێ بووە؟! ئێمەش بە بەڵگەوە هەموومان خستە روو ئاشکرامان کرد، راشمانگەیاند کە پاراستن لەسەر ئەو نووسینە سەردەشتی تیرۆرکردووە.
بۆ ئەوەی ئەم رووداوە گەورەتر بکەین و عەرەب و ئەوروپییەکانیش لەوە ئاگادار بکەینەوە، کاک ئاریان بابان نووسینەکەی بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕا، نووسەرێکی دیکەش بە ناوی (ع) وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی، هەموو ئەمانە لە ماوەیەکی کورتدا و بە پەلە ئامادەکران بۆ سایت و تەلەفیزیۆن و راگەیاندنە ئەوروپی و عەرەبییەکان نێردران، جگە لەوە نامەی تایبەتمان بۆ کۆشکی سپی، پەرلەمانی ئەوروپی، وەزارەتی دەرەوەی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و عەرەبی بەڕێکرد، هەندێک رێکخراوی مەدەنی و شوێنی دیکەشمان ئاگادار کردەوە، بەو شێوەیە لە ماوەی یەک دوو رۆژدا رووداوەکە دەنگی دایەوە، کە هەرگیز دەزگای پاراستن و پارتی چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد بەو شێوەیە تیرۆرکردنی سەردەشت گەورە ببێت، بە ددانپێدانانی کادێرێکی پارتی وتی ئەوەی لە ٣١ی ئابدا بۆمان چووە سەر، لەمەدا نشوستیمان هێنا.
هەر ئەو رۆژەش ٦ / ٥ / ٢٠١٠ لە پاڵتاڵکیشدا ئارام ئەحمەد (ژووری ئۆپۆزیسیۆن) لەگەڵ هاوکارەکانی خۆیدا بەشێک لەو ئەرکەیان خستە ئەستۆی خۆیان گوێگر و میوانەکانی ناو پالتۆڵکیان لەو رووداوە ئاگادار کردەوە، بەردەوام هەرچی هەواڵ هەبوو یەکسەر دەیانخوێندەوە و ئەمانیش توانیان رۆڵێکی باش ببینن لە گەورەکردنی تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە و ناساندنی بە رەوەندی کوردیی، جگە لەوە نووسین و هەواڵەکانی کوردستانپۆست بە بەردەوامی لە ژوورەکەدا دەخوێندرایەوە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی زۆربەی کوردەکانی ناو پاڵتاڵک بوونە پاڵپشت و هەڵوێست و تورەبوونی خۆیان لە دژی پارتیی و سەرۆکی ئەو حیزبە دەردەبڕی.
رۆژێک دوای ئەم رووداوە، برادەرێکی هاریکارمان توانی پاسوردی سەردەشت عوسمان بدۆزێتەوە. سەردەشت ناوی (بەختیار عەلی)ی کردبوو بە پاسوەردی ئیمەیلی خۆی.
پاش خویندنەوەی هەندێک لە ئیمەیلەکان، توانیمان بە بەڵگەوە، سەرە داوی تاوانەکە بدۆزینەوە و خۆمان ئامادە بکەین، تا بە رێگای یاسایی داوا لە سەر پارتیی و لە سەر ماڵپەڕی کوردستان نێت تۆمار بکەین، بۆ ئەو مەبەستە هەموو بەڵگەکان، کە بریتی بوون لە (چەند نامەیەکی سەردەشت لە ناو ئیمەیلەکە دەرمان هێنابوو، فلیمی تۆمارکراو لە ناو سی دی، چەند هەواڵێکی ئەو کارەساتە) کۆپی بکەین، چووینە هۆڵەندا، ئەوانەمان دایە دەست پۆلیسی هۆڵەندی، بەداخەوە پاش گەڕانەوەمان بە چەند هەفتەیەک، ئاگادارکراینەوە، کە داواکەی کوردستانپۆست وەرناگیرێت، دەبێت کەسێک و خزمێکی سەردەشت ئەو داوایە تۆمار بکات، هەروەها لە شوێنێکی دیکەشەوە ئاگادارکراینەوە، کە کەسایەتییەکی نێو قونسوڵخانەی هۆڵەندە لە هەولێر، رێگربووە لەوەی نەهێڵێت پۆلیسی هۆڵەندی کار لەسەر داواکەی ئێمە بکات (ناتوانین وردەکاری زیاتر لەسەر ئەمە بنووسین ...).
ئەم چەند دێڕەی لە سەرەوە، روونکردەنەوەیەکە بۆ مێژوو بە پێویستمزانی بینووسمەوە، تا سوپاسی ئەو بەڕیزانەی ناوم هێناون بکەم، لەگەڵ کاک نەژادی حاجی برایم و هەموو نووسەرەکانی دیکەی کوردستانپۆست، کە لەو ماوەیەدا بە نووسین و پەیوەندییکردن رۆڵیان لەسەر گەورەکردن و ناساندنی کەیسی سەردەست عوسمان هەبوو، دیسان سوپاسی رێکخراو، مێدیا، تەلەفیزیۆن و ئەو نووسەرانەی دەرەوەی کوردستانپۆستیش دەکەین، ئەوانیش قسە و هەڵویستی خۆیان بەرامبەر بەو کارەی دەزگای پاراستن دەربڕی، هەرچەندە کەسیان (جگە لە رۆژنامەی ئاوێنە) تا ئەمڕۆ ناوی کوردستانپۆستیان نەهیناوە، سەردەشتیان لە دەرەوەی کوردستانپۆست ناساند و قسەیان لەسەر کردووە، تەنانەت نووسینەکانی سەردەشتیشیان لە کوردستانپۆستەوە وەرگرتووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە یەکەم سەرچاوە بدەن.
تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان دوایین تاوانی دەزگای پاراستن نییە، ئەمڕۆ پێنج مانگ بەسەر تاوانێکی تریشدا تێدەپەڕیت، کەس نایزانیوە و باسیشی لێوە نەکردووە. وا پێنج مانگ تێدەپەڕێت، کە نووسەرێکی دیکەی کوردستانپۆست بەناوی (حەمید دۆسکی) دیار نەماوە و فڕێندراوە، ئەم نووسەرە بە زمانی عەرەبی دەینووسی، پێنج مانگە بێ سەر و شوینە، کەس هەواڵی نازانێت، داوامان لێکرا هەواڵەکە بڵاونەکەینەوە، بەدواداچوونی لەسەر بکەین، تا ئیستا زانیاری تەواویشمان دەست نەکەوتووە، لێ ئەمڕۆ سەرچاوەیەک ئاگاداری کردینەوە، کە دەزگای پاراستن (حەمید دۆسکی) تیرۆر کردووە، بۆیە داوا دەکەین هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەم نووسەرە هەیە پەیوەندییمان پێوە بکات.
کەمال جەمال موختار
کوردستانپۆست
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست