کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ کوردستان نێته‌وه‌ یه‌که‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ستی پێکرد

Saturday, 08/05/2010, 12:00


زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ له‌ سایتی کوردستان نێت ده‌نووسن و هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کوردستانپۆست و به‌ نووسه‌ره‌کانی ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ جنێوفرۆشن، هه‌موو ئه‌وانه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای پاراستنن و پێیان ده‌گوترێ که ‌به‌و شیوه‌یه‌ کوردستانپۆست له‌که‌دار و تاوانبار بکه‌ن.
سایتی کوردستان نێت، ئیستا ئه‌ویش قردێله‌یه‌کی ره‌شی له‌ ملکردووه‌، خه‌مباربوونی خۆی‌ بۆ تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمانی په‌یامنێری کوردستانپۆست ده‌رده‌بڕێت، له‌و سایته‌وه‌ بۆ یه‌که‌مین جار که‌سێکی سه‌ر به‌ پاراستن به‌ناوی (ئه‌ڤین عومه‌ر) داوا له‌ نووسه‌ره‌ جنێوفرۆشه‌که‌ی کوردستانپۆست ده‌کات،‌ تا ناو و وێنه‌ی خۆی ئاشکرابکات. ئه‌و ئه‌ڤین عومه‌ره‌ بۆخۆی ناوه‌که‌ی خواستراوه‌ و وێنه‌شی نییه‌، که‌چی ئه‌و ده‌یه‌وێت بزانێت نووسه‌ری (من عاشقی کچێکی بارزانییم) کێیه‌؟
ئه‌ڤین عوسمان له‌ سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌وه‌ی گومان له‌سه‌ر خۆی لابه‌رێت، هاتووه‌ که‌مێک ره‌خنه‌ی له‌ به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداران گرتووه‌، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌، ته‌نانه‌ت نووسه‌ره‌ ده‌رباره‌کانی ده‌سه‌ڵات،  سیخوڕێکی پاراستن و به‌رپرسه‌کانیش له‌ خۆیانی ده‌گرن. سه‌ره‌تا ئه‌و ئه‌ڤین عومه‌ره‌ وا ده‌ست پێده‌کات و ده‌ڵێ:
(ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رچی بته‌وێت له‌به‌رامبه‌ر به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگوترێت، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌ و سامانی ئه‌م وڵاته‌یان قۆرغ كردووه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریده‌هێنن، به‌ڵام ناوبردن و ده‌ستبردن بۆ كه‌س و كارو به‌تایبه‌ت كچ و ژنی به‌رپرسه‌كان كارێكه‌ ته‌نیا له‌ جنێو فرۆش و قه‌ڵم پرۆشه‌كان ده‌وه‌شێته‌وه‌.)

نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌، نووسه‌ر نییه‌، به‌ڵکو سیخووڕه‌، شاره‌زای ته‌کنیکی نووسین و کاری هونه‌ری ئه‌ده‌بیی و خه‌یاڵی هۆنینه‌وه‌ نییه ، له‌مه‌به‌ستیی نووسین و له‌ ناوه‌رۆکی نووسینه‌که‌ نه‌گه‌یشتووه‌‌، ئه‌و پێی وایه‌، سه‌رده‌شت عوسمان کچه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی دیوه‌ و به‌ راستیی عاشقی بووه‌، ده‌یه‌وێت بیخوازێت، بۆیه‌ ئه‌م پیاوه‌ی پاراستن، که‌ به‌ناوی (ئه‌ڤین عومه‌ر)ه‌وه‌ ده‌نووسیوێت:
(دڵنیام كه‌ سه‌رۆ زه‌رده‌شت له‌ ژیانی خۆیدا كچی مه‌سعوود بارزانی نه‌بینیووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت من عاشقی ئه‌وم، كاكی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ببێت به‌ ئاوه‌ڵزاوای نێچیرڤان بارزانی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر لێشی بپرسی گله‌یی له‌م ئازادییه‌ هه‌یه‌.)

ئه‌وه‌ی به‌ وردی له‌و چه‌ند دێڕ‌ی دوای ئه‌م نووسینه‌ وردبێته‌وه‌، ئیتر هه‌ست ده‌کات که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرکردنه‌که‌ لێره‌وه‌‌ ده‌ست پێده‌کات:

من پێموایه‌ رۆژێك دادێت ئه‌م ناوانه‌ بكه‌ونه‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵكی (واته‌ به‌ر ده‌ستی پاراستن) و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ریسوا ده‌بن (واته‌ ده‌یان کوژین)، به‌ڵام ده‌بێت كه‌مێك ئارام بگرین. (واته‌ با چاوه‌ڕی بکه‌ین تا وێنه‌ و ناوی خۆی ئاشکراده‌کات).

به‌مه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ئه‌م دێڕه‌ نووسینێکی ئاسایی نییه، تا نووسه‌ره‌که له‌ خۆڕا فڕێی دابێت‌، به‌ڵکو کۆدێکی موخابه‌راتییه‌، به‌ڵام ئه‌و کاته‌ سه‌رده‌شت عوسمان لێی تێنه‌گه‌یشتبوو، تا هات و له‌ نووسینی دووه‌مدا وێنه‌ی خۆی بڵاوکرده‌وه‌، ئیدی دوای ئه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، ته‌نانه‌ت سه‌رده‌شت عوسمان وه‌ک خۆی باسی ده‌کات، که‌ چۆته‌ لای به‌ڕیوه‌به‌ری پۆلیس وتوویه‌تی: (له‌وانه‌یه ‌ئه‌م ژماره‌ی مۆباییله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت) پاش تێپه‌ڕبوونی 4 مانگ هه‌ڕشه‌که‌ که‌وته‌ کارکردن و پاراستن سه‌رده‌شت عوسمانیان تیرۆرکرد.

ئێمه‌ له‌ کۆتاییدا داوا له‌ به‌رپرسی ئه‌و سایته‌ ده‌که‌ین که‌ (ئای پئ ئه‌درێس)ی  (ئه‌ڤین عومه‌ر) ئاشکرا بکات، چونکه ‌ئه‌و یه‌که‌م که‌س بووه‌‌، به‌ فه‌رمانی پاراستن هه‌ڕه‌شه‌ی کووشتنی له‌ سه‌رده‌شت عوسمان کردووه‌، ئه‌و که‌سه‌ یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی له‌لایه‌ن پاراستن‌ راسپێردراوه‌، تا ناوی‌ نووسه‌ری (من عاشقی کچێکی بارزانییم) بدۆزێته‌وه‌.
بۆ ئاسانکاری ئه‌گه‌ر کوردستان نێت نازانێت ئیپێکه‌ بدۆزێته‌وه‌، ده‌توانین پێی بڵێین، که‌ له‌ رێگای (outlook Express)  نامه‌ و نووسینه‌کانی ئه‌و که‌سه‌ بکاته‌وه‌، تا به‌ ئاسانی ئای پی ئه‌درێسه‌که‌ی ده‌ربکه‌وێت. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت داوای ئاسایی له‌سه‌ر تۆمار بکه‌ین. هه‌روه‌ها وشیاریش به‌ به‌رپرسی ئه‌و سایته‌ ده‌ده‌ین، که‌ ئه‌و نووسینه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌یدا لانه‌بات و بیهێڵێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی خواریشه‌وه‌ ده‌قی نووسینه‌که‌ی (ئه‌ڤین عومه‌ر)ه‌

---------------------------------------------------
وه‌ڵامێك بۆ نوسه‌ره‌ جنێوفرۆشه‌كه‌ی كوردستان پۆست ... ئه‌ڤین عومه‌ر
یەک شەممە, 20 کانونی یەکەم 2009 15:10

ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رچی بته‌وێت له‌به‌رامبه‌ر به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگوترێت، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌ و سامانی ئه‌م وڵاته‌یان قۆرغ كردووه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریده‌هێنن، به‌ڵام ناوبردن و ده‌ستبردن بۆ كه‌س و كارو به‌تایبه‌ت كچ و ژنی به‌رپرسه‌كان كارێكه‌ ته‌نیا له‌ جنێو فرۆش و قه‌ڵم پرۆشه‌كان ده‌وه‌شێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت له‌م رێگه‌یه‌وه‌ باسی بكه‌م نوسینێكی یه‌كێك له‌ نووسه‌ره‌كانی كوردستان پۆسته‌ به‌ناوی (من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم) ی به‌ناو سه‌رۆ زه‌رده‌شته‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌سه‌ر سایتی ناوبراو دابه‌زیبوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ر دوای چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م كوردستان پۆست دركی به‌مه‌ كرد كه‌ ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ چ جۆه‌ ده‌ستێكی له‌پشته‌، بۆیه‌ هه‌ر زوو له‌سه‌ر رووپه‌ری سایته‌كه‌یان لایانبرد. (سه‌رنجی کوردستانپۆست: ئه‌و نووسینه‌ لانه‌برابوو، به‌ڵام جێگۆرکێی پێکرابوو).

من نه‌سه‌رۆ زه‌رده‌شت ده‌ناسم و نه‌ ده‌شزانم ناوی خوازراوی كامه‌ به‌ناو نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند دێڕێكی یه‌كه‌می ئه‌م بابه‌ته‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م جۆره‌ رقه‌ له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و هی كامه‌ ئاراسته‌ و لایه‌نه‌،

به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌ك تۆز جوامێری و ئازایه‌تی له‌خۆی بدیایه‌ ئه‌وا كاكی نووسه‌ر ده‌یتوانی له‌ژێر ناوو وێنه‌ی خۆیه‌وه‌ قسه‌ بكات نه‌ك ئه‌م ده‌مامكه‌ ناشیرینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك پاڵوانانه‌ و به‌م شێوه‌ كۆمیدیایه‌ باس له‌ كچی سه‌رۆكی ئه‌م وڵاته‌ بكات ئه‌بێت جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌شی هه‌بێت رووه‌ ناسكه‌كه‌ی خۆی نیشانمان بدات.

دڵنیام كه‌ سه‌رۆ زه‌رده‌شت له‌ ژیانی خۆیدا كچی مه‌سعوود بارزانی نه‌بینیووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت مه‌ن عاشقی ئه‌وم، كاكی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ببێت به‌ ئاوه‌ڵزاوای نێچیرڤان بارزانی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر لێشی بپرسی گله‌یی له‌م ئازادییه‌ هه‌یه‌.

من پێموایه‌ رۆژێك دادێت ئه‌م ناوانه‌ بكه‌ونه‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵكی و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ریسوا ده‌بن، به‌ڵام ده‌بێت كه‌مێك ئارام بگرین.

لای من تا ئه‌ندازه‌یه‌ك روونه‌ كه‌ بۆچی ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ دروست ده‌بن، ئه‌م پیاوانه‌ زۆر زوو ده‌سته‌كه‌یان كه‌شف ده‌بێت و له‌ یارییه‌كه‌ پاشه‌ كشه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌مان ئه‌م سه‌رۆ زه‌رده‌شته‌ بوو كه‌ له‌سه‌ر رووپه‌ری سایته‌كان نامه‌ی بۆ نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌نووسی و ئێستاش ده‌ڵێت من سه‌ربه‌خۆم، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ هه‌ندێك سوودمه‌ند بن بۆ هه‌ندێك لایه‌ن بۆ پیاهه‌ڵگووتن و جنێودان به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان، به‌ڵام ڤایرۆسێكی كوشنده‌ی ناو نووسینن.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە