کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاشكرا كردنی به‌شێک له‌ سه‌رمایه‌ و گەندەڵیەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ و كوڕەكانی

Sunday, 07/06/2009, 12:00


تایبەت :
پاش ئه‌وه‌ی له‌ مانگی 2 2009 ی ئه‌مساڵ، کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ چووه‌ پاڵ ئه‌و چوار ئه‌ندامه‌ی یه‌کێتیی (حاجى مەحمود، مستەفاى سەید قادر، عومەرى سەید عەلى و جەلال جەوهەر) پێکڕا هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ تاڵه‌بانی کرد، ئه‌گه‌ر داخوازییه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کرێ، به‌ ته‌واویی وازهێنانی خۆیان له‌ ڕیزه‌کانیی یه‌کێتیی ڕاده‌گه‌یه‌نن. زۆر که‌س پێی وابوو هۆکاری ئه‌وه‌ی کۆسره‌ت چۆته‌ پاڵ ئه‌و چوار که‌سه‌، ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ تاڵه‌بانی په‌شیمان بۆته‌وه‌ کوڕه‌که‌ی وه‌ک ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی دابنێت، لێ  ئه‌مه‌ ته‌نها هۆکارێک نه‌بوو، به‌ڵکو ده‌زگای زانیاریی له‌ سه‌رگه‌رمی ئه‌و کێشه‌یه‌دا لیستێکی دوور و درێژی له‌ سه‌ر کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ئاماده‌کردبوو، به‌ ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ کرد، ئه‌گه‌ر بێتو کۆسره‌ت دانه‌ساکێ ئه‌وه‌ له‌پاڵ نهێنی گرتن و به‌ردانی له‌ هه‌یئه‌ی که‌رکوک ، پاره‌و سامان و گه‌نده‌ڵییه‌کانی تری، ئاشکرا ده‌کات، بۆیه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا کۆسره‌ت پاشه‌کشه‌ی کرد و له‌ ڕیزی ئه‌و چوار که‌سه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ چه‌ند ملیۆن دۆلارێک که‌ تاڵه‌بانی پێی دا، وازی له‌ هه‌موو شتێکی تر هێنا و هاته‌ ئه‌ملاوه‌.
له‌خواره‌وه‌ کوردستانپۆست به‌شی یه‌که‌می ئه‌و لیسته‌ی که‌ ده‌زگای زانیاریی به‌ هاوکاریی لایه‌نێکی سه‌ر به‌ پاراستن ئاماده‌یان کردبوو، بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، تێیدا به‌شێکی که‌م له‌و سامان و گه‌نده‌ڵییانه‌ی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ خراوه‌ته‌ ڕوو، ئێمه‌ له‌ کاتیی پێویستدا به‌شه‌کانی دیکه‌یتان بۆ بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، لێ ئه‌مڕۆ له‌ به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک به‌شه‌کانی دیکه‌ی دوا ده‌خه‌ین.‌


*************************************************
كۆسرەت ڕەسوڵ لەگرتنی تەها یاسین ڕمەزاندا 13 ملیۆن یۆریۆی دەست بەسەرا گرت، دەربازی كوڕی لەدروست كردنی 400 خانوی شەهیدان دا بۆ هەر خانوویەك نزیكەی 24 هەزار دۆلاریان خواردووەو سەدان ملیۆن دینار پارەش لەوەزارەتی بەرگری عێراقی بەنایاسایی وەردەگرن بەناوی ئەو 2 فەوجەی لەمالیكی وەریان گرتووە، لەشوقەكانی زەكەریاش 4 ملیۆن دۆلاریان قازانج سەندووە، لەو لیوایەشی هەیانە بۆ هەر سەربازێك بڕی 822 هەزار دینار وەردەگرن بەڵام 450 هەزاریان دەدەنێ، ئەو 300 ملیۆن دینارەشیان خواردووە كەبۆ تەجهیزاتی شوێنی فەوجەكان وەریان گرتووە وەك چۆن گرێبەستی نەوتییان هەیەو خاوەنی شەراكەتی دانەغازو نەوتی تەقتەق و دروست كردنی كارەبای هەولێر و چەمچەماڵن.
عەبدوڵڵا ڕەسوڵ كە ناسراوە بە "كۆسرەت ڕەسوڵ" ساڵی 1952 لە گوندیی شیواشۆكی سەربەقەزای كۆیسنجاق لەدایك بووە، ساڵی 1977 ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو خاوەنی 6 كوڕو كچێكە، بەڵام 3 لە كوڕەكانی بەناوی "پێشڕەو، ئاراس، ڕێباز" گیانیان لەدەستداوە، لەساڵی 1993 تاكو 1196 سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە، تاكو ساڵی 2001 سەرۆكی حكومەتی سلێمانی بووەو لە 21.6.2006 بۆتە جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێكەوتن لەگەڵ پارتی دیموكرات.
سەرچاوەیەكی نزیك لەخانەوادەی كۆسرەت ڕەسوڵ وتی "بەدەستی ڕێبازی كوڕی كاك كۆسرەت، دوو كوڕەكەی تری بەناوی "پێشڕەوو ئاراس" كوژران و هەردوكیان گیانیان لەدەستدا پاش ئەوەی بەهەڵە فیشەك لەدەستی دەرچوو بوو."
هەر ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی "ڕێبازی كوڕیشی بەوەرگەڕانی ئۆتۆمبیل لەنزیك شارۆچكەی دوكان گیانی لەدەستدا."
كۆسرەت ڕەسوڵ بەناوی ئەو سێ كوڕەیەوە "پێشڕەو، ئاراس، ڕێباز" نەخۆشخانەیەكی لەشاری هەولێر كردەوە بەناوی "PAR" كە كورت كراوەی پیتی سەرەتای ناوی 3 كوڕەكەیەتی.
سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو یەكێتی نیشتمانی لەوبارەوە وتی "بۆ ئەم نەخۆشخانە كۆسرەت ڕەسوڵ پارەی لەنێچیرەڤان بارزانی و یەكێتی نیشتمانی و مالیكی وەرگرتووەو بەناوی كوڕەكانی نەخۆشخانەكەی كردۆتەوە."
هەر ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی " كۆسرەت ڕەسوڵ پارە لەو كەسە سەرمایەدارانە وەردەگرێ كەناویان هەیە، ئەمەش لەڕێگەی كوڕەكانی و سكرتێرەكەیەوە ئەو كارە دەكەن و مانگانە بڕێك پارەیان لێ وەرگرتوون، یەكێك لەو پرۆژانەش كەپارەیان وەرگرتووە بەناویەوە كردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە، ئەوەشی پارەیان لێ سەندووە ئاسۆی حاجی محەمەد بامۆكی یە."


به‌همه‌نی قوبادیی، کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، زه‌که‌ریا عه‌بدوڵڵا

بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند "كۆسرەت ڕەسوڵ گەورە بەرپرسی نێو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتمانی، لەگەڵ "موعتەسەم ئەكرەم حەسەن" بریكاری وەزیری نەوتەوە چەندین گرێبەستی نەوتیی ئەنجام داوە بۆ فرۆشتنی "نەوتی ڕەش و كبریت و قیر" جگە لەوەش شەراكەتی كۆمپانیای "دانە غاز و نەوتی تەقتەق" ی وەرگرتووەو كوڕەكانی ئەم ئیشانەی بۆ بەڕێوە دەبەن بەشێوەیەكی نایاسایی."
جگە لەوەی كۆسرەت ڕەسوڵ لەم دواییەدا سەدان ملیۆن دۆلار پارەی لەمالیكی وەرگرتووە "عامر عەبدولحوسەین نەجار" بەڕێوەبەری كارگێڕی لە وەزارەتی بەرگری ئەو زانیاریانەی دركاند كە "كۆسرەت ڕەسوڵ 2 فەوجی سەربازی لەلایەن مالیكی یەوە بۆ كراوەتەوە."
ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی بەرگی ئەوەشی دركاند كەموچەی سەربازو پلەدارەكانی ئەو دوو فەجە كەژمارەیان یەكی 700 سەرباز دەبێت لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە پارەیان دەدرێتێ و هیچ مەسرەفێكیان لەسەر كەسی تر نیە."
دەربارەی موچەو نەسریە و شوێنی ئەو 2 فەوجە "عامر عەبدولحوسەین" وتی "بۆ هەر سەربازێكی ئاسایی بڕی 822 هەزار دینار وەدەگرێ و نەسریەی ئەو فەوجانەش یەكی 180 ملیۆن دینارە، جگە لەوە بۆ تەجهیز كردنی شوێنی فەوجەكانیش زیاتر لە 300 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە."
دەربارەی ئەم 2 فەوجە تازەیە كەمالیكی لەكوردستان تەنها بۆ مەسعود بارزانی كردۆتەوە، كۆسرەت ڕەسوڵیش بەوتەی ئەندامێكی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە كەناوی ئاشكرا نەكرد وتی "ناوبراو وازی نەهێنا لەمالیكی تاكو ئەو كارەی پێكردو وەك كاری ئەنجومەنەكانی ئیسناد دێتە پێش چاوو، جگە لەوەی بڕی 300 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە بۆ تەجهیز كردنی شوێنی فەوجەكە بەڵام لەنێو فەرماندەییدا لەسلێمانی چونەتە شوێنی ئامادەكراوی لیوای "16"ی سلێمانی كەئێستە ئەو لیوایە گوازراوەتەوە بۆ دووز."

دەربارەی موچەی سەربازەكانیش ئەو بەرپرسەی فەرماندەیی وتی "ئەو پارەیەی لەعێراقەوە دابین كراوە بۆ هەر سەربازێكی ئاسایی بێ پلەوپایە بریتیە لە 822 هەزار، پلەدارەكانیش زۆر زیاتریان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە بۆ هەر سەربازێكی ئاسایی لەلایەن شاڵاوی كوڕی كاك كۆسرەتەوە نیوەی ئەو موچەیان دەدرێتێ كە تەنها 450 هەزار دینارەو زیادەكەی بۆخۆیان هەڵدەگرن."
ئەمە لە كاتێكدایە كە كۆسرەت ڕەسوڵ پێشتر فەوجێكی هەبوو، ئەو 2 فەوجەشی بۆ كرایەوە بوون بە لیوا، هەر فەوجێكیش نزیكەی 736 كەسە.
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی وتیشی"ئەو موچانە كەده‌درێ بەبێ لیست و حسابات دەدرێ، بەكۆمەڵ پارەكە دەدەنە شاڵاوی كۆسرەت ڕەسوڵ ئەویش بەوجۆرە موچەی لێ دەدات كەنیوەی موچەكانیانەو زۆرینەش پێیان نادرێ چونكە دەوام ناكەن و كەسی تریش تەعین ناكەن، مانگی یەكەمی دروست كردنی فەوجەكانیش موچەی ئەو مانگەیان لەحكومەتی عێراقی وەرگرت بەڵام بەسەربازەكانیان وتبوو ئێمە سەرەتاین ئەم مانگە پارەمان بۆ نەهاتووە، لەكاتێكدا پارەكە خورابوو لەلایەن كوڕی كۆسرەت ڕەسوڵەوە."
لەلایەكی ترەوە كۆسرەت ڕەسوڵ لەماوەی ڕابردودا ئەوەی بڵاو كردەوە كە 400 خانوو بۆ كەسو كاری شەهیدان لەسەر رێگای مەخمور بۆ كەسوكاری شەهیدان دەكاتەوە، سەرچاوەیەكی بەرپرس لەشاری هەولێر دەربارەی ئەو خانوانە وتی "پرۆژەی دروست كردنی خانوو بۆ خانەوادەی شەهیدان لەلایەن مالیكی یەوە بڕی 45000 دۆلار بۆ هەر خانویەك وەرگیراوە لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵەوە، لەكاتێكدا دەربازی كوڕی بۆ دروست كردنی ئەو خانوانە لەگەڵ كۆمپانیایەتی بیانی دا گرێبەستی كردووە هەر خانویەكیان بە 21000 دۆلار بۆ دروست بكات، واتە لەهەر خانویەكی شەهیدان نزیكەی 24000 دۆلاریان بۆخۆیان هەڵگرتۆتەوە."
بەپێی زانیاریەكانی دەست كەوتوون بۆ هەمان پرۆژەی دروست كردنی 400 خانوو بۆ واریسی شەهیدان، كۆسرەت ڕەسوڵ پارەی لەنێچیرڤان بارزانی و یەكێتی نیشتمانیش وەرگرتووە.
جگە لەوە كۆسرەت ڕەسوڵ لەگرتنی تەها یاسین ڕەمەزان دا پارەیەكی زۆری چنگ كەوت كەبڕی 13 ملیۆن یۆرۆ بووە.
یەكێك لەپاسەوانەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ كەنەیتوانی ناوی ئاشكرا بكات وتی "سەربازی موعارەزەو بەكرە ڕەش" كەلەگرتنی تەها یاسین ڕەمەزاندا بەشدار بوون، لەكاتی گرتنەكەی دا تەها یاسین بڕی 15 ملیۆن یۆریۆی پێ بوو، سەربازو بەكر لێیان سەندبوو تەسلیمی كاك كۆسرەتیان كرد، ئەویش لای خۆیەوە دوو شوقەی لە پاك سیتی بۆ سەرباز موعارەزە پێ كڕی و خانویەكیشی بۆ بەكرە ڕەش لەجێگەیەكی تر كڕی."
سەرچاوەیەك لەسەركردایەتی یەكێتی كەئامادە نەبوو ناوی ئاشكرا بكەین هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوەو وتی "بەڵێ لەگرتنی تەها یاسین ڕەمەزان دا ئەو دوو پاسەوانەی كاك كۆسرەت بڕی 15 ملیۆن یۆریۆیان بەتەها یاسین ڕەمەزان گرتبوو دابویان بە كاك كۆسرەت، بەڵام كاك كۆسرەت تەنها 2 ملیۆن یۆریۆی دا بەیەكێتی و 13 ملیۆن یۆریۆكەی بۆ خۆی هەڵگرت."
جگە لەوە كۆسرەت ڕەسوڵ زەویەكانی نزیك دوڕیانی سەرچناری بەناوی هونەرمەندی گۆرانیبێژ "زەكەریا" وە وەرگرت بەڵام خۆی لەگەڵیدا شەریك بوو، سەرچاوەیەك لەیەكێتی نیشتمانی كەبەهۆی بارودۆخی نائاسایی ناو یەكێتیەوە ناوی بڵاونەكردەوە وتی "زەكەریا بۆخۆی خاوەنی ئەو پارەیە نەبوو كەشوقەی لەو جۆرە دروست بكات بەناوی پرۆژەی شوقەكانی پاك سیتی، جگەلەوەی كەشایەنی پێدانی ئەو هەموو زەویەش نەبوو بەڵام لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵەوە زەویەكەی پێ دراوە بەئامانجی ئەوەی ببێتە شەریك لەگەڵی."
سەرچاوەیەك لەشوقەكانی زەكەریاوە وتی "لەم ماوەی پێشودا دەربازی كوڕی كۆسرەت ڕەسوڵ بەبڕی "4" ملیۆن دۆلار لە پرۆژەی پاك سیتی دەرچوو، ئەو بڕە پارەیەشی لەزەكەریای وەرگرت."
بەدەر لەوانە كۆسرەت ڕەسوڵ خاوەنی چەندین بەنزینخانەیە، كەسێكی نزیك ناوبراو كە ناوێری ناوی بڵاوبێتەوە وتی "بەنزینخانەی بینایی" و گشت بەنزینخانەكانی كۆیە، كەلەلایەن "عەلی شوكور"ەوە سەرپەرشتی دەكرێ هی كۆسرەت ڕەسوڵ و كوڕەكانیەتی."
بەدور لەمانە، كۆسرەت ڕەسوڵ و كوڕەكانی لە چەندین پرۆژەی تردا شەریكن و سەهمیان هەیە، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان كۆسرەت ڕەسوڵ لەگەڵ گەورە سەرمایەداری هەولێر "ئەحمەد ئیسماعیل" كەپرۆژەی كارەبای هەولێرو چەمچەماڵ ئەنجام دەدات شەریكە، هەروەها لەگەڵ "ئازادی حاجی یەحیا" خاوەنی شەراكەت و چەندین پرۆژەی سەرمایەدارییە."



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە