كۆمیتەى رێكخستنى ى ن ك پشتگیرى لە بە عەرەبكردنى شارۆچكەى جەلەولا دەكات
Wednesday, 17/11/2010, 12:00
پهیامنیری کوردستانپۆست:شەوى دوەمى جەژنى قوربان،تەلەفزیۆنى گەلى كوردستانى سەر بە ى ن ك لە هەواڵەكانیدا ریپۆتاجێكى لە سەر بارى ئاسایش و گوزەرانى شارى كەلار نیشاندا،هەواڵەكە پرۆپاگەندەى بۆ شارى كەلار دەكرد كە چۆن بۆتە شوێنى حەوانەوەى كوردەكانى ناوچەكانى خوارو،لەو راپۆرتەدا كەس بۆى ئاشكرا نەبوو ئەو كوردانە كە روویان لە كەلار كردووە لە كوێوە هاتوون.
ئەمرۆ دۆستێكم لە شارۆچكەى جەلەولا وە بە تەلەفۆن جەژنە پیرۆزەى لێكردم،لە دواى جەژنە پیرۆزە بە دەرفەتم زانى هەواڵى جەلەولاى لێ بپرسم و بزانم دیاردەى بە عەرەبكردنى ئەو شارۆچكەیە بە كوێ گەیشت،دۆستەكەم لە وەڵامدا وتى بارى ئاسایشى شارۆچكەكە جێگیرە،بەڵام رۆژ لە دواى رۆژ ژمارەى كورد لەو شارۆچكەیە كەم دەبێتەوە و ژمارەى عەرەب زیاد دەبێت،كوردەكان بەرەو خانەقین و كەلار كۆچ دەكەن،بەرپرسانى ئیدارى كەلا رو خانەقین ئاسانكاری بۆ ئەو كوردانە دەكەن كە جەلەولا بە جێدەهێڵن و لەوێ نیشتەجێیان دەكەن،لە هەمان كاتدا رۆژ لە دواى رۆژ عەرەبەكانى دیالە و شارەبان دێنە جەلەولا و نیشتەجێ دەبن،كۆمیتەى رێكخستنى ى ن ك لەو شارۆچكەیە ئاسنكارى بۆ كۆچكردن و نیشتەجێبوونى ئەو عەرەبانە دەكات،كاتێك كوردەكانى جەلەولا پرسیار لە بەرپرسانى كۆمیتە دەكەن بۆچى پشتگیرى ئەو عەرەبانە دەكەن بێنە شارۆچكەكە و نیشتەجێ ببن،برادەرانى كۆمیتە وا وەڵامى خەڵك دەدەنەوە: دەڵێن ئەم عەرەبانە سونى مەزهەبن لە لایەن عەرەبە شیعەكانەوە دەچەوسێنەوە،بۆیە ناچارن ناوچەكانى خۆیان بە جێبهێڵن،وە بە خەڵك دەڵێن كاتى خۆى پێش رووخانى رژێمى سەدام ئەم عەرەبانە دۆستى ئێمە بوون و هاوكاریان كردووین بۆیە ئەبێ ئێمەش ئێستا هاوكاریان بكەین.
بەڵێ خوێنەرى خۆشەویست،ئەمە سیاسەتى ى ن ك لە ناوچە جێناكۆكەكاندا،كوردەكانى توزخورماتو و جەلەولا دەنێریتە خانەقین و كەلار و سلێمانى،عەرەبەكانى باقووبە و شارەبان و ناوچەكانى تر دەگوازێتەوە بۆ توزخورماتو و جەلەولا و نیشتەجێیان دەكات،ئتر خۆتان حاكم بن
17-11-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست