د. ئومێد شان بە ٢٤ ملیۆن ئێرۆی فاروقی مەلا مستەفادا دەکات و رادەکات بۆ کەنەدا
Monday, 25/11/2013, 12:00
پەیامنێری کوردستانپۆست/ سلێمانی
بۆ تێکشکاندنی کۆمەڵگا و کوشتنی گیانی بەرەنگاربوونەوە، بۆ فەسادکردنی رۆح و جەستە و کڕینی ویژدان.
دەسەڵاتیی سیاسیی، بازرگان دەکات بە سیاسیی، سیاسییش دەکات بە بازرگان، ئیرادەی هونەرمەند و ئەدیب و رووناکبیرانیش لاواز دەکات، تا خۆیان بەو بازرگان و سیاسییانە بفرۆشن.
ئەمڕۆ سیاسیی، بازرگان، هونەرمەند و روناکبیرە کوردەکان بۆ فەسادکردنی تاک بەتاکی کۆمەڵگای کوردیی لەیەک سەنگەردا دژ بە هاوڵاتییان کار دەکەن.
لەم راپۆرتە هەواڵەی خوارەوەدا باس لە فاروقی مەلا مستەفا سەفوەت دەکەین. ئەو کۆنە کۆمۆنیست و تازە دەوڵەمەند و بازرگانەی، کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کەوتۆتە مژینی خوێنی جەستەی کورد، بە رێگای ناشەرعی پارەیەکی زۆری کۆکردۆتەوە، سەرەتا لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٤، چەکی شۆڕشی کۆکردەوە و تەسلیم بە رژێمی بەعسی کرد، بە زانیاریی و پەیوەندییە گومانلێکراوەکانی زانیاریی بە حکومەت و موخابەرات دا بەو هۆیەوە پارەیەکی زۆری دەستکەوت، لە ساڵانی دوای راپەڕین و بە هۆی دۆستایەتیی لەگەڵ جەلال تالەبانییشدا چەند پرۆژەیەکی بچوکی وەک کارگەی مریشک بەخیوکردنی دروست کرد، مریشکەمانی سەردەبڕیی و پارچە سەهۆڵی دەکردە ناولەشیانەوە، تا سەنگیان قورس بێت، بە پارەیەکی زۆرتر دەیفرۆشتنەوە، بەمە متامانەی لای تالەبانی و یەکێتییەکان زیاتردروست کرد، بۆیە کۆمەڵێک پرۆژەی گەورەی یەکێتیی وەک تەلەفون و دروستکردنی ئوتێل و بینای گەورە و دووکان و خانووبەرەی خستە بەردەمی، وا ئەمڕۆ بوو بەم پیاوەی کە خۆی نایشارێتەوە و دەڵێت خاوەنی نزیکەی سێ ملیار دۆلاری ئەمەریکییم.
فاروقی مەلا مستەفا یەکێکە لەو بازرگانە بێ ویژدانانەی تا سەرئێسقان تاوانی ناشەرعیی و نامرۆڤانەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کردووە، شەرمی خیانەتی شکاوە، بۆیە کاتێک کەسێکی وەک د. ئومێد مەدحەت دەهێنێتەوە بۆ کوردستان و بە فەرمانی تالەبانی کۆمەڵێک ئیمتیازات و پرۆژەی پزیشکی پێدەسپێردرێت، ئەمانە هیچی کەمتر نابێت لەو خیانەتەی کە بارزانی و تالەبانی بەرامبەر بە گەلی خۆیان دەیکەن.
لە نووسینێکدا دلێر سەلیم کە نووسەرێکی کوردستانپۆستە لەسەر د. ئومێد وا دەنووسێت:
(دانیشتوانی سلێمانی باش له بیریانه که جه‌لال کۆیی به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی کارگه‌ی شه‌کری سلێمانی و پارێزه‌ر عومه‌ر محێدین شه‌ریف و ئه‌م د.ئومێده سه‌رده‌سته‌ی به‌عسیه کورده‌کان بوون و چۆن په‌یوه‌ندیه‌کیان هه‌بووه‌و چه‌ند خۆیان به به‌عسه‌وه باداوه، هه‌ر زوو جه‌لال و عومه‌ر به سزای خۆیان گه‌یشتن و کوژران، د.ئومید مایه‌وه، له بری ئه‌وه‌ی بکوژرێت که‌سێکی دی به هه‌ڵه کوژرا. دکتۆر ئومێدی خائینیش وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچوو و دوایی به‌ره‌و به‌غدا هه‌ڵهاتو ماوه‌یه‌ک کردیانه ڕاوێژکار و دواییش بوو به ئه‌ندامی په‌رله‌مانه کارتۆنییه‌که‌ی به‌عس له به‌غدا و ساڵانێکی زۆریش تا که‌وتنی سه‌دام وه‌زیری ته‌ندروستی بوو، ئینجا چووه ئوردن و له‌وێ نیشته‌جێ بوو، له نێوان سلێمانی و عه‌مان و له‌نده‌ندا دایم له سه‌فه‌ردا بوو.....).
دیسان ئەو نووسەرە دەڵێت:
(پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌ی جه‌نابی تاڵه‌بانی بۆ وا باوه‌شی بۆ کردۆته‌وه و له سلێمانی کردویه‌تیه به‌ڕێوه‌به‌ر و که‌سی یه‌که‌می ئه‌و خه‌سته‌خانه‌یه‌ی که فاروقی مه‌لا مسته‌فا سه‌رپه‌رشتی دروستکردنی ده‌کات؟ جارێ ته‌واو نه‌بوه، فاروقی مه‌لا له‌گه‌ڵ د.ئومێد ڕێکه‌وتوه، که هه‌موو کارێک له‌و خه‌سته‌خانه‌یه‌دا له ده‌ستی د.ئومێد دابێت، که‌س نه‌ما له‌و هه‌موو کورده پسپۆڕ و به ئه‌زموون و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی ناوه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ته‌نها ئه‌م خائینه نه‌بێت؟)
هەواڵەکەی کوردستانپۆست
سەرچاوەیەک لە کەسێکی نزیکی د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، برای فاروقی مەلا مستەفا، ئەم زانیارییەی بۆ پەیامنێری کوردستانپۆست ئاشکرا کرد:
لەبەرامبەر کڕینی کارگەیەکی دروستکردنی سەرنج لە ئیسپانیا، لە رێگای زاوایەکی د. ئومێد مەدحەد موبارەک، کە عەرەبە و بە فاروقی وتووە، زاواکەم دەتوانێت ئەو کەرەستانە بۆ خەستەخانەکە بکڕێت، کە بڕی 35 ملیۆن ئێرۆی تێدەچێت.
فاروقی مەلا مستەفاش ئەو بڕە پارەیە بۆ زاواکەی د. ئومێد رەوانە دەکات.
د. ئومید مەدحەت موبارەکیش لە بری ئەوەی کەرەستەکان لە ئیسپانیا بکڕێت، دەچێت بە پارەیەکی زۆر کەمتر لە هیندستان خراپترین و بێکەڵکترین کەرەستەی پێدەکڕێت، پێش ناردنەوە، ناوی کومپانیا و شوێن و مارکەی کەرەستەکان دەگۆڕێت و رەوانەی سلێمانی دەکاتەوە، گوایە ئەمە لە ئیسپانیاوە نێردراوەتەوە. دوایی فێڵەکەی د. ئومێد بۆ فاروق دەردەکەوێت، کە چی کردووە، بۆیە فاروق مەلا مستەفا سەیر دەکات ئەمانە ئەو کەسەرەستە پزیشکییە باشانە نیین کە لە ئیسپانیاشەوە کڕدرابێت، بۆ ئەو مەبەستە خەڵک دەنێرێتە هیندستان و لە ئیسپانیاش بەدواداچوونی بۆ دەکات، هەموو فێڵەکانی د. ئومێدی ئاشکرا دەبن, کە ئەوەی لە هیندستان کڕیوێتی تەنها نزیکەی (11) ملیۆن ئێرۆی پێدراوە. واتە بۆ خۆشی شانی کردووە بە (24) ملیۆن ئێرۆدا.
بەڵام د. ئومێد پێشتر پلانی خۆی کردووە، دەزانێت هەر رۆژێک دێت دەستەکەی دەکەوێتە روو، بۆیە یەکسەر سلێمانی بەجێ دەهێڵێت و دەچیتە لەندەن، لەوێوە بەرەو وڵاتی کەنەدا تێدەقێنێت. ئیستا د. ئومێد لە کەنەدا نشینەجێ بووە و پارەیەکی زۆری لە فاروق دەزیوە و پاڵی لێداوەتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەی ئاشکراکرد، کە ئیستا فاروقی مەلا مستەفا لە دادگای سلێمانی داوای لەسەر د. مەدحەت تۆمار کردووە، بە قسەی د. عیزەدین 24 ملیۆن ئێرۆ، کە دەکاتە(32.500.200) دۆلار (سی و دوو ملیۆن و پێنسەد هەزار دۆلار) د. ئومێد لە فاروقی برای دزیوە، بڕێک لەو پارەیەی داوە بە زاوا عەرەبەکەی لە ئیسپانیا، بۆ خۆشی ئەویتری لەگەڵ خۆیدا بردووە بۆ کەنەدا.
چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی پێدێت، ئەوەی کۆتایی نایەت ئەو خەستەخانەیەی فاروق و د. ئومێدە لە سلێمانی، کە لەو ناوەدا بە کەرەستەی بێ کەڵک و خراپەوە کەوتووە. فاروقی مەلا مستەفاش وەک مارانگاز دێت و دەچێت نازانێت چۆن پارەکەی لە د. ئۆمێد دەست بکەوێتەوە.
لەسەر د. ئومید مەدحەت موبارەک ئەم نووسینەی دلیر سەلیم بە دوور و درێژی بخوێنەرەوە:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=89c45cffلەسەر فاروقی مەلا مستەفا دیسان ئەو چەند زنجیرە نووسینەی دلیر سەلیم بخوێنەرەوە:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ee2bbf98http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=f0fd885ahttp://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=75b8d9fe
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست