کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌زانن بۆچی یه‌کێتیی، ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ گرت؟

Wednesday, 12/10/2011, 12:00


له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌، نه‌ک کۆنه‌ موسته‌شار و جاش.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێکی مه‌رده‌، نه‌ک نامه‌ردێکی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانێکی ساده‌ و ئاسایی ده‌ژیی، نه‌ک ده‌ستپانکه‌ره‌وه‌ و ماستاوچیی.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانێکی کوله‌مه‌رگیی ده‌ژی، نه‌ک سێ چوار مووچه‌ و خاوه‌نی ڤیللا و سه‌یاره‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاسه‌وانی میلله‌ته‌که‌ی و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، نه‌ک ده‌رگاوان و حیمایه‌ی به‌رپرسێکی شه‌رواڵپیس.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی سه‌رده‌شتی وه‌رگرتووه‌، نه‌ک خه‌ڵاتی بله‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌دالیا و وێنه‌ی سه‌رده‌شتی له‌ ملدایه‌، نه‌ک وێنه‌ی سه‌ره‌ خائینه‌کانی کورد.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆته‌ سیمبۆڵی به‌رخوردان بۆ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌، نه‌ک سیمبۆڵی خیانه‌تکارانه‌ی چه‌کداره‌کانی لقی چوار.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر نییه‌، تا رۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کان کامپینی بۆ بکه‌ن و کێشه‌که‌ی گه‌وره‌ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس بووایه‌، ده‌مێک بوو رۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کان به‌ ده‌نگییه‌وه‌ دەچوون، به‌ ده‌یان وتاریان له‌سه‌ر ده‌نووسی.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌رامه‌ت و عیزه‌تی نه‌فسی له‌ هه‌موو به‌رپرس و سه‌رکرده‌کانی کورد به‌رزتره‌.

که‌سێک ئه‌و هه‌موو جوانییه‌ی تێدابێت، چۆن ناشرینه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌هێڵن، دانیشێت و ته‌شقه‌ڵه‌ی پێنه‌که‌ن، ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌ بۆیه‌ گیراوه‌، چونکه‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ک خۆیان و له‌ خۆیان ناشرینتری بکه‌ن.

پارتیی و یه‌کێتیی بیانه‌وێت هه‌ر که‌سێک ناشرین و بێ ئه‌رزش و بێنرخ بکه‌ن، بیانووی پیده‌گرن و پێی ده‌ڵێن: وه‌ره‌ ببه‌ به‌ پارتیی، یان به‌ یه‌کێتیی، ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌، رازیی نییه‌ ببێت به‌ هیچیان، بۆیه‌ بیانووی پیده‌گرن و ده‌ڵێن گوایه‌ ده‌ستی له‌ کوشتنی پۆلیسه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌بووه‌، که‌ له‌ راستییدا له‌و کاته‌دا برینداربووه‌ و له‌ خه‌سته‌خانه‌ که‌وتووه‌.

ده‌سه‌ڵاتیی یه‌کێتیی پێی ده‌ڵێت، تۆ خه‌ڵکت هانداوه‌، تا تووندوتیژبن به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازابوویت، قه‌یناکه‌ وه‌ره‌ ببه‌ به‌ یه‌کێتیی هه‌رچی تۆمه‌ته‌ له‌سه‌رت ده‌سڕینه‌وه‌، مووچه‌یه‌کی باشت ئه‌ده‌ینێ، ده‌تکه‌ینه‌ به‌رپرس، چیت بوێت بۆت ده‌که‌ین، ته‌نها وه‌ره‌ ببه‌ به‌ یه‌کێتیی. ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌ش چونکه‌ له‌و که‌سانه‌یه‌ به‌ته‌نگ ئابڕوو و که‌رامه‌تیی خۆیه‌وه‌یه‌تی، پێی خۆشتره‌ له‌ زیندانیی تووند بکه‌ن، نه‌ک به‌ یه‌کێتیی بوون سووکی بکه‌ن،  وه‌کو هه‌موو ئه‌و یه‌کێتییانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ سووکن.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش کۆمه‌ڵێک که‌سی پارێزگارن و له‌ گرده‌که‌ دانیشتوون، ده‌زانن ئه‌م که‌سه‌ یه‌کێک بووه‌ له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌کانی خۆیان، تا ماوه‌یه‌ک کاری بۆ بزووتنه‌وه‌که‌یان کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رێککه‌وتنه‌ ناستراتیژییه‌که‌ی نێوان نه‌وشیروان و بارزانی تێک نه‌چێت، ریسه‌که‌یان نه‌بێته‌وه‌ به‌ خووری، ئه‌مانیش بێده‌نگن،  له‌ ته‌له‌فیزیۆن و سایت و راگه‌یاندنه‌کانی خۆیانه‌وه‌، متقیان له‌ خۆیان بڕیوه‌. ئه‌گه‌ر گۆڕان نه‌توانێت پشتگیری له‌ هه‌ڵسوڕاوانی خۆی بکات، ده‌بێت به‌ گومانێکی زۆره‌وه‌ ئه‌مانیش بخرێنه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

ئه‌م که‌سه‌ی، که‌ ناوی (ئیبراهیم کاکه‌ ئه‌حه‌) کێیه‌؟
ئیبراهیم کاکە ئەحە ...  قارەمانی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی شاری هەڵەبجە بوو. ناسح عه‌بدولره‌حیم ده‌ڵێت: له‌و کاته‌دا، گه‌نجه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌وڵی خۆ ئاماده‌کردندا بوون، تا خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌کو سلێمانی بجوڵێن، بێنه‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام به‌ ده‌رکه‌وتن و هاتنی برایم کاکه‌ ئه‌حه‌، گوڕێکی تر و چەقینی ترسی خەلکەکەی شکاند، چونکە کۆنە پێشمەرگە و کەسایەتییەکی پاک و بوێرە، بەرپرسانی یەکێتی سلێ لێ دەکەنەوە:

1 -  بەرپرسی کۆنە پێشمەرگەکانی گۆرانە لە هەڵەبجە، بەلام گۆرانێکی کوێرانە نه‌بوو، وه‌ک ئه‌و کۆنه‌ جه‌لالیانه‌ که‌ ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ گۆڕان، بە ڕەش ده‌ڵێن سپیی و بەسپیش دەڵێن ره‌ش. دوای چوونی نه‌وشیروان بۆ پرسی حه‌مایل و سه‌ردانی دوو جامانه‌ سووره‌که‌ش بۆ گرده‌که‌، ئیتر ساردی به‌رامبه‌ر به‌ گۆڕان رووی له‌ ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌ش کرد.

2 -  لە گەرمەی خۆپیشاندانەکاندا، هێزێکی چه‌کداری یه‌کێتی به‌ره‌و هەلەبجە هاتبوو، تا پەرت و کشه‌ بە خۆپیشاندەره‌کان بکات، که‌ به‌رایم کاکه‌ حاجییان بینی بوو، شەرمیان لێی کردبوو، ئاخر ئه‌وانه‌ی، که‌ خۆیان نه‌فرۆشتووه‌ به‌ پاره‌ و ده‌سه‌ڵات، سام و شه‌وکه‌ت و که‌سایه‌تییه‌کی جوانیشیان هه‌یه‌.

3 - دوای ئه‌و رووداوه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئیتر یەکێتی هێزێکی تر دەنێرێته‌ سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌. ئەو هیزە بە بەرنامە و پلان دوو ئەفسەر ده‌نێرنه‌ لای ئیبراهیم کاکه‌ ئه‌حه‌ دەلێن: تۆ ئیبراهیمی؟ ئەویش له‌ وه‌ڵامدا دەڵێت بەڵێ، ئه‌وانیش ته‌وقەی لەگەڵدا دەکەن، ئه‌مه‌ په‌رله‌یه‌ک ده‌بێت بۆ پیاوکوژه‌کانی تر، تا ده‌ستنیشانی بکه‌ن، لەیەکەم تەقەکردندا گوللەیان ئاراستە کردبوو، به‌ر سەری  که‌وت، شەهید نەبوو، لێ به‌ بێئاگا و بوراوه‌یی، گه‌یاندیانه‌ خه‌سته‌خانه‌.

4 -  ئەو کاتەی کە بریندار بووە (گوللە لەسەری دراوە)  ئه‌و ئاگای لەخۆی نەبووە، کاتێک خه‌ڵکه‌که‌، ئه‌مه‌ ده‌بیستنه‌وه‌، زیاتر خوێن له‌ ده‌ماریاندا قووڵپ ده‌دات، تووند و تیژیی لێده‌که‌وێته‌وه‌، ئه‌مڕۆ  ئیبراهیم کاکه‌ ئه‌حه‌ گیراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، که‌ یه‌کێتیی پێێ ده‌ڵێت: تۆ تاوانبار و خه‌تاباریی، چونکه‌ ئێمه‌ ویستمان بتکوژین، بۆیه‌ خه‌ڵکه‌که‌ راپه‌ڕیی و تووندوتیژی به‌کار هێنا!

5-  ئیبراهیم کاکه‌ ئه‌حه‌ چەندین جار لە ئاستی هەرە باڵای یەکێتی، هه‌تا بەناوی جەلال تالەبانیشه‌وه‌ چوونەتە لای، تا بگەڕێتەوە ناو ریزه‌کانی یەکێتی، چی دەوێت ده‌یده‌نێ، به‌ڵام ئەو رەفزی کردووه‌، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکیشدایه‌، که‌ باری ئابووری خراپه‌، چەندین جار پۆلیس بەدوایدا ناردووە، تا وه‌کو شایه‌تحاڵێک بچیتە دادگا له‌ کاتیی چوونییدا یەکسەر پۆلیس دەیگرێت، پێی ده‌ڵێن: تۆ بڕیاری توندوتیژیت داوە بەپێی مادەی 405 ده‌بێت زیندانیی بکرێیت، ئیستا ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌ گواستراوەتە بۆ سلێمانیی دادوەر بەو تۆمەتە گاڵتەجاڕییە سزای داوە، گوایه‌ کاتێک تەقەت لێکراوه‌،  داوات له‌ خه‌ڵکی کردووە دەست لەو هێزە نەپارێزێ.

گرتنی ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی سه‌ریشه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو داواکاریی پارتیشه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێن: ئەگەر هیوا ئەحمەد و عەقید ئاسۆ تاوانبارن لە کوشتنی خەڵکدا ئەوا گۆرانیش له‌و تاوانه‌دا بەشدارە بەهۆی فتوادانی ئیبراهیم کاکە ئەحە، ئه‌مه‌ش ئه‌و رێککه‌وتنه‌ ناستراتیژییه‌یه‌، که‌ له‌ نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا و مه‌سعود بارزانییدا به‌ هیمای ده‌موچاو، به‌ خه‌نده‌ی سه‌ر لێو، مۆریان له‌سه‌ر کردووه‌، بۆیه‌ ئیستا ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌کان ده‌بێت سزا بدرێن، تا هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا و عه‌قید ئاسۆ وه‌سڵی تاوانه‌کانیان ده‌ربکه‌ن.

تێبینی: کوردستانپۆست داوا له‌ هاریکار و په‌یامنێرمان ده‌که‌ین له‌ ئه‌مریکا که‌ ناوه‌رۆکی ئه‌و نووسینه‌ بکاته‌ ئینگلیزیی و بۆ لایه‌ن و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی بنێرێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە